بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
لە ئەنجامی ململانێ و خراپیی بارودۆخی سیاسی و گۆڕانکاری و شۆڕشەکانی کوردەوە، چەند جارێک لە لایەن میرییەوە هەوڵی کێشانەوەی دەزگاکان دراوە و بەو هۆیەوە قوتابخانە لە تەوێڵە داخراوە و چەندین کەس لەخوێندن بێبەشکراون. لەگەڵ کشانەوەدا شۆڕش بۆشاییەکەی بە دانانەوەی قوتابخانە پڕکردووەتەوە. ساڵی ١٩٦٢ ماوەیەک داخراوە، ١٩٦٣ بۆ ١٩٦٤ تەواوی ساڵەکە داخراوە، لەم ساڵەدا شۆڕش یەکەم قوتابخانەی خۆی کردووەتەوە. ١٩٦٥ بۆ ١٩٦٦ داخراوەتەوە و ١٩٦٧ کراوەتەوە. ١٩٧٤ بۆ ١٩٧٥ داخراوەتەوە و مامۆستا و قوتابیەکی زۆر هاتوونەتە نێو شۆڕشەوە و تاقیکردنەوە لە مانگی ئەیلولدا لەناو باخەکان ئەنجامدراوە. هیچ کام لەو ساڵانەی، کە شۆڕش قوتابخانەی بەڕێوەبردووە، بە ساڵی دەرچوون ئەژمار نەکراوە.
کوشتنی محەمەد غەیبی کوڕی بابەئوەیسی مورشیدو مودەریسی مزگەوتی خورماڵ و دانیاڵی کوڕیەتی لە ساڵی ١٥٣٨دا بە دەستی عوسمانیەکان لە ئەنجامی شەڕی نێوان مەئمونبەگی بیگەبەگی حاکمی شارەزوور و دەڵەتی عوسمانیدا. ئەو شەڕە دە ساڵی خایاندووە و مەئمون بەگ بە دیلی ڕەوانەی ئەستەنبوڵ دەکرێت. دوای مردنی بابە ئوەیس مورشد و مودەریسی مزگەوتی گەورەی خورماڵ لە ساڵی ١٥٠١دا، محەممەد غەیبی کوڕی جێگەی دەگرێتەوە و گوڵعەنبەر دەبێتە ناوەندێکی زانستی و لە هەموولایەکەوە قوتابی ڕوویتێدەکات.
کوشتنی بە ئەنقەستی دوو هاوڵاتی تەوێڵەیە بە ناوی(موختار عزیز کریم، یاسین محەمەد وەهاب) لە لایەن سەربازانی عێراقەوە، لە شەوی٣١ی٨ی١٩٧٨ڕێکەوتی٢٧ی ڕەمەزان، تەقینەوەیەک لەناو بازاڕی تەوێڵە دەکرێت و سەربازەکان سێ لاو لە چاخانەکە دەهێننە دەرەوە و دەسڕێژییان لێدەکەن، ئەو دوانە شەهید دەبن و سێیەمیان بەناوی بەختیار عبدالعزیز علی دەرباز دەبێت. ڕوداوەکە جەژنی ڕەمەزان لە تەواوی خەڵکی تەوێڵە تێکدەدات و ماتەمی گشتی ڕادەگەیەنرێت و ئەو ساڵە کەس جەژن ناکات.
دوای یاخیبوونی چەند مانگییەکەی ئەحمەد بەگ لە گەڵ ژمارەیەک لە چەکدارەکانی، ئێوارەی ٥ی٢ی ١٩٣٥ بۆ سەردانی ماڵ و منداڵەکەی دەگەڕێتەوە هەڵەبجە، کەسوکاری پێیدەڵێن: وا باشە دوور بکەوێتەوە، ئەو شەوە لە ئاشی مەحمود یاروەیس دەمێنیتەوە. ٦ی ٢ی ١٩٣٥ لەکاتێکدا بەسواری کەڵەک لە سیروان دەپەڕێتەوە، لە لایەن بنکەی پۆلیسی سنور لای گوندی مۆردین تەقەی لێدەکرێت و بە هۆی سەختی برینەکەیەوە دەمرێت. دوای سێ ڕۆژ پیرەمێرد هەواڵەکە لە ژیاندا بڵاودەکاتەوە. چەندین بۆچوون لەسەر کوشتنەکەی باسدەکرێن.
بریتییە لە کۆبوونەوەی زاناو شێخ و سان و وەکێل و بەگزادە و پیاوماقوڵ و جەماوەری هەورامان و مەریوان و جوانڕۆ بۆ پشتیوانی و پشتگیریی کۆماری مەهاباد و وەڵامدانەوەی نوێنەری پێشەوا قازی محەممەد. کۆبوونەوەکە لە تەمووزی ١٩٤٦ لە هاوینە هەواری ئاوێسەر ئەنجامدراوە و سێ شەو و ڕۆژی خایاندووە. خەیمە و کەپر و چادر هەڵدراوە و خەڵکی تەوێڵە و بیارە و دزاوەر و کەیمنە و دەوروبەریان بەشداربوون. لەو ناودارانەی بەشداربوون: (حەمەئەمین سان، هەسەن سان، عەبدولڵاخان، محەمەسان، قادر بەگی تەوێڵە و ... هتد). کۆبونەوەکە ئەنجامی باشی هەبووە و بروسکەی پیرۆزبای و پشتیوانی بۆ کۆماری کوردستانی لێداوە. کۆبونەوەکە بە ئاهەنگ و گۆڕانی تەواوکراوە و ئاوێسەر بووەتە مەکۆی پشتیوانی بۆ حکومەتەکەی کۆماری کوردستان.
لە بەهاری ١٩٦١، پارتی دیموکرات هەردوو گوندی تەپی سەفای سەروو و تەپی سەفای خوارووی لە سنوری ناحیەی خورماڵی هەڵبژاردووە بۆئەوەی لە دیوەخانەکانی عەشیرەتی یاروەیس کۆبوونەوەیەکی فراوان بکات. مام جەلال بە نوێنەرایەتیی مەلا مستەفا و ٧٦٣ کەس لە سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە دیارەکانی سنوری (هەڵەبجە، هەورامان، شارەزوور، قەرەداغ، شارباژێڕ، گەرمیان، پێنجوین، قەڵادزێ، بازیان، و دوکان..). ئامادەبوون. بابەتی بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی عەبدولکەریم قاسم دژ بە کورد گفتوگۆی لەسەر کراوە و داواکراوە کورد واز لە ناکۆکیی خێڵەکی بهێنن و خۆیان بۆ هەر ئەگەرێگی نەخوازراو ئامادەبکەن.
کۆبوونەوەیەکی نهێنی ١١ ئەندامی تەوێڵەیی حیزبی هیوایە لەگەڵ لێپرسراوێکی حیزبەکە بەناوی خەیروڵڵا عەبدولعەزیز لە ساڵی ١٩٤٣ لە تەوێڵە، بە ئامانجی چەکدارکردنی ئەندامان و لەیەک کاتی دیاریکراودا تەقە لە مەرکەزەکانی حکومەت بکرێت، ئەمەیش وەک پشتگیرییەک بۆ شۆڕشی دووەمی بارزان. بۆ ئەو مەبەستە کویخا ڕۆستەم و حەمەکەرەمی حاجی ئۆلوەهاب لە ئەڵقەکە ڕاسپێرراون، لە یەک شەودا تەقە لە هەردوو مەرکەزی سۆسەکان و تەوێڵە کراوە. لێپرسراوی ئەڵقەی حیزبەکە باباحاجی بووە. بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن، بە سێ گروپ کاری ڕێکخستنی لەگەڵ ئەندامان ئەنجامداوە. سێجار وەک ئەڵقە پێکەوە کۆبوونەتەوە، ئەندامان (حەمە عەلی کۆزاد، ئەبوبەکر حەسەن، کوێخا ڕۆستەم کریم، محەممەد حاجی حەمەڕەحیم، عەبدوڵا حسێن، محەممەد سان ئەحمەد، حەمەی حاجیلە، حەمەکەرەم حاجی ئۆلوەهاب، حاجی حەمەڕەشید سۆسەکانی، کوێخا حەمەسەلیم تەوێڵەیی). لە قۆناغەکانی دواتردا ژمارەیەکی کەمیان درێژەیان بە خەباتی سیاسی داوە. هەندێک سەرچاوە ژمارەی ئەندامانی حزبەکە لە تەوێڵە بە ٣٣ ئەندام لە قەڵەمدەدەن.
داستان (مەلحەمە)یەکی شیعریی میللی هەورامییە، شاعیری میللیی تەوێڵە وەستا (مستەفای ئەلە) لە شێوەی تەنز و شۆخیدا هۆنیویەتییەوە. خۆی ڕوداوەکانی دروستکردووە. باس لە ڕووداوی قڕە و هەرای دانیشتوانی گەڕەکی (کۆرەوڵ) لە شارەدێی تەوێڵە دەکات. پاڵەوان و کەسانی نێو داستانە شیعرییەکە خەڵکی ناسراون و خزمی یەکن. بەسەر زمانی خەڵکی تەوێڵەوەیە و کۆڕی شەوانەی چەند نەوەیەکی بەڕێکردووە. نوسخەیەکی تەواوی لەبەردەستدا نییە و جیاوازی لە لەبەرکردنی شیعرەکەدا هەیە.
بە بیانوی بوونی هێزی پێشمەرگە لە خورماڵ، ڕۆژی ١١ی ٤ی ١٩٦٤ ڕژێمی عێراق ھێرشی زەمینی کردووەتە سەر شارۆچکەکە. پاش پشکنین و سوتاندن و بەتاڵانبردنی ژمارەیەکی زۆر لە ماڵ و سامانی خەڵکەکەی، ژمارەیەک گەنجیان جیاکردووەتەوە و بە تۆمەتی پێشمەرگەبوونیان لە خۆرئاوای شارۆچکەکە لە نزیک بازگەی ئاسایشی ئێستای خورماڵ، بریندار و شەهیدیان کردوون.
گەڕانەوەی دەزگاکانی حکومەتی عێراقە بۆ ناو تەوێڵە لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولەوە. لە سەرەتای مانگی نیسانی ١٩٧٥ دوای گەڕانەوەی سوپای عێراق و ئەمن بۆ تەوێڵە و سەردانیکردنی کاربەدەستانی عیڕاقی وەک تارق عەزیز، سەعدوون حەمادی و پارێزگاری سلێمانی، بەرەبەرە دەزگاکانی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانە و بەدالە و شارەوانی و کارەبا و پۆلیسخانە و گومرگ و کەتیبەیەکی سەربازی، گەڕاونەتەوە بۆ تەوێڵە. جەژنی حەوتی نیسان یادی حزبی بەعس لە تەوێڵە دەگێڕن و وێنەی ئەحمەد حەسەن بەکر و سەددام دابەشدەکەن. دوا بەدوای ئەمانەش سوڕانەوەی فڕۆکەی ئێرانی و عێراقی لەسەر سنور دەستیان بە جووڵەکردووە، ئەمەیش بە مەبەستی گرتنەبری ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی سنوریی لە بڕیارنامەی جەزائیردا، بە گەڕانەوەی سوپا و دامودەزگاکان، فشاری بەعسی بوون بۆ هاوڵاتیان زیادیکردووە.
ڕوودادوێکی مێژوویی ناوچەی هەورامانە. بە (گەڕانەوەی شێخ عوسمانی سیراجەدینی دووەم) ناسراوه، کە لە خانەقای دووڕوەوە بۆ بیارە گەڕاوەتەوە. لە دوای شۆڕشی ١٩٥٨ی عێراق چووەتە ئێران و لە خانەقای دووڕووە جێگیر بووە، چوونی شێخ بۆ ئێران لە ڕۆژنامەکاندا بە بایەخەوە سەیرکراوە. دوای تێکچوونی ئێران و ڕووخانی شا، شێخ لە ساڵی ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە بیارە و گەلێک کەسایەتیی حکومی و ئایینی و کۆمەڵایەتی بۆ خێرهاتنەوەی ئامادەبوون. دیارترینیان وەفدی عێراقە بە سەرۆکایەتی (د. ئەحمەد عەبدولستار جواری)ی وەزیری ئەوقاف و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و ژمارەیەکی زۆر بەرپرسی تری عێراق. لە بەردەم ماڵی شێخ ڕەئوفی کوڕی وەزیری ئەوقاف بە خێرهاتنەوە لە شێخ دەکەن و شێخ خالیدی موفتی وتەی بەخێرهاتنی میوانەکانی پێشکەشکردووە و شێخ دوای ساڵێک بەرەو بەغداد کۆچیکردووە.
گرانی و قاتوقڕیی نێوان ساڵانی ١٩١٤ بۆ ١٩١٨ و دواساڵەکانی دەسەڵاتی عوسمانییە، کە بەهۆی جەنگەوە لە قەڵەمڕەوەکەیاندا ڕوویداوە. هاوکات بەهۆی وشکەشاڵی و بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشییەوە، بارودۆخەکە ئەوەندی تر خراپ بووە و قوربانی لێ کەوتووەتەوە. سەرتاپای کوردستان و ناوچەکانی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامانیشی گرتووەتەوە و کاریگەری خراپی بەجێهێشتووە.
دوای ڕوخانی عوسمانی و دروستکردنی دەوڵەتی عێراق لەلایەن ئینگلیزەکانەوە، تاوگۆزییەکان و شەمێرانەییەکانی باشور لە ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور، نەچوونە ژێر ڕکێف و باج و سەرانەیان نەداوە و لایەنگری شۆڕشی شێخ مەحموود بوون، بۆیە بەریتانیا هێرشیکردووەتە سەریان و شەڕ ڕوویداوە و تفەنگچییەکی تاوگۆزی فڕۆکەیەکی خستووەتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەی کەوتووەتە دەست حەمەی سان ئەحمەدی سەرۆکی عەشیرەتی شەمێرانی. بۆیە کاپیتان لیز داوایکردووه، کە نەیکوژن و ڕادەستی ئینگلیزەکانی بکەنەوە، بەڵام داواکەی ڕەتدەکەنەوە. پاش بارودۆخەکە کەمێک ئاسایی بووەتەوە دوو پیاوی شەمێرانی بە نوێنەرایەتی دەچنە هەڵەبجە بۆ لای بەریتانییەکان، بەڵام دەستگیردەکرێن و داوای هاتنی سەرۆکی عەشیرەتەکەیان دەکەن. لە پەرچەکرداردا جەنگاوەرە کوردەکان چواردەوری سەرا دەگرن و پاش کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری هەردوو بەندکراوەکە ئازاد دەکەن.
ڕووداوێکی سروشتییە. لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٣٦ لە ئەنجامی بارانبارینێکی زۆر و بەردەوام، کۆڵان و چەمەکان لە ئەندازەی خۆیان زیاتر پڕ دەبن و چەمی زاوەر و ئاوێسەر بە خوڕ بەرەو ناو تەوێڵە دێن و مەترسیی لەسەر ژیان دروستدەکەن. هاوڵاتیان شێخی حسامەدین لە مزگەوت دوور دەخەنەوە. لە پایزی هەمان ساڵیش لافاو هاتووە، بەڵام زیانەکانی لافاوی بەهار زیاتربوون. لەوانە زیانی گیانی ئەڵاوەیس لە گەڕیات دەخنکێت و باخ و باخاتی نزیک چەمەکان دەبات و زۆرێک لە دیواری خانوە نزیکەکانی چەم دەڕوخێن. کانی و حەوزەکانی هانەی دلین، بە قوڕ و لیتە پڕدەکاتەوە، هەندێک لە خانوبەرەی ناوبازاڕ، تەواوی قوتابخانەی تەوێڵەی، بە بیناو کەلوپەل و تۆمارەکانەوە بردووە. ئاشە گەورەکەی شێخی ڕاماڵیوە، قەیسەری و خان و حەمامەکەی قادر بەگی بردووە. نزیکەی ٢٠ دووکانی قەیسەریی شێخی ڕوخاندووە. لە دەفتەری یاداشتەکانی قادربەگدا باسکراوە. پێویستە بوترێت لەو ساڵەدا لە زۆربەی شوێنی ناوچەکە لافاو هاتووە.
ساڵی ١٩٧٢ بەهۆی بارانبارینی زۆر و هاتنی لافاو و گەڕانەوەی ئاو لە دەریاچەی (سیروان)ـەوە، لە سنوری گوندی (قاجر)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)، بەشێک لە گوندەکە ژێرئاو کەوتووە و ١٣ ماڵ زیانیان پێگەیشتووە، که ئەوکات گوندەکە لە ٢٠ ماڵ پێکهاتووە. دانیشتوانەکەشی بۆ ماوەی دوو مانگ ئاوارەی گوندەکانی (گردی شەریفی حاجی مستەفا و مەسەکانی مەلا عەلی، گوڵەخانە و تەپەڕێزینە) بوون.
هاتنی ئاوی چەمی تەکیەیە لە پشت گەڕەکی تەکیە لە شارۆچکەی بیارە لە چەند ساڵێکی جیاجیادا، بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە دانیشتوانەکەی. ساڵی ١٩٣٦ ئاو هاتووەتە گەڕەکەکەوه، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٣ بە جۆرێکی زیاتر ئاو هاتووە و پڕۆژەی ئاوی تێکداوە و زیانی لە ماڵیات داوە و چەند سەر حەیوانی بردووە و قوربانی گیانیشی لێکەوتووەتەوە، لەوانە بەیزا بارام خێزانی میرزا عەلی چایچی.
لە زستانی ١٩٤٩ لە سنوری گوندى (هانەیدن)ى سەر بە ناحیەی (بیارە)، لافاوێک دروستبووە و بووەتە هۆى ڕووخاندنى چەند خانویەک و زیانى بە باخ و گەوڕى گوندەکە گەیاندووە. مەلا محەممەد حەمەمیرزا هەورامانى، کە مەلاى مزگەوتى گوندەکە بووە و خانوەکەی خۆی ئاوی تێچووه و کتێبخانەکەی تیاچووە، لە هۆنراوەیەکیدا بۆ ئەو مەبەستە وتوویەتی: کەوتەن وەسەر ئاو (ئیتفاڵان) یەکسەر یانەخاپور بى بەد جە بەد بەتەر نەئەسبابما مەن نەکتێبخانە بەگیانت قەسەم بیاوە نۆ یانە.
مەبەست لە گرتنی مەخفەرەکانی پۆلیسە لە (تەوێڵە و سۆسەکان و بیارە). لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلول و چەک هەڵگرتن و بوونە پێشمەرگەی (تاهر حەبیب، جەلال وەیسی، عەبدولکەریم بەگە، کوێخا ڕۆستەم، ڕەحمان ئەڵاوەیس، نەسرەدین عەبدوڵا، عەبەکەی وەهاب، نووری غەفاربەگ، ئیدریسی حاجی عەبدوڵا، سابری کاکەلە، شەفیعی ئەڵڵاک، حەمە یوسفی مارف و... هتد) لە ڕێگەی کۆمەڵێکک کەسەوە، داوا لە مەئمووری مەرکەز دەکرێت، کە بێ تەقە خۆیان بدەن بەدەستەوە، دوای ئەوەی ڕەتیدەکەنەوە، پێشمەرگەکان بڕیاری گرتنی مەخفەرەکانی پۆلیس لە هەورامان دەدەن. یەکەمجار مەخفەری پۆلیسی تەوێڵە لە١٣ی ٩ یان ٧ی ١٠ی ١٩٦٢ دەگیرێت، کە ٢٤ تفەنگ و یەک ڕەشاش و دەمانچەیەک و دووربین و جیهازی پەیوەندی و چەندین فیشەک)، دەکەونە دەست پێشمەرگە. گیراوەکان هەندێکیان دەبنە پێشمەرگە و ئەوانی تریش ئازاددەکرێن. پاش گرتنی مەخفەری تەوێڵە و زۆربوونی پێشمەرگە، مەخفەری سۆسەکانیش دەگیرێت. پاشان بڕیاری گرتنی مەخفەری بیارە دەدرێت. مەخفەری بیارە لەڕێگەی پەیوەندییەوە، بە ١٩ پۆلیس و بەڕێوەبەرەکەیانەوە تەسلیم دەبن. ١٩ تفەنگ و یەک ڕەشاش و جیهازێک و ژمارەیەکی زۆر لە فیشەکیان دەستدەکەوێت.
ڕۆژێکی خۆشی و شادومانیی خەڵکی هەڵەبجە بووە. بەبۆنەی قەراری کۆمەڵی گەلان لە بەرژەوندی گەلی کورد. ڕۆژی هەینی ١٨ی ١٢ی ١٩٢٥ بە فەرمانی قایمقام بۆ فەرمانگەکانی حکومەت، تەدارەکی ئاهەنگگێڕان ڕێکخراوە و حەوشەی سەرا فەرشکراوە. کاپیتان مور، جەمیل بەگی قومانداری عەسکەری و کاربەدەستان و گەورەپیاوان بەشداربوون. بروسکەی مەندوبی سامی خوێنراوەتەوە. وتاری شادی و پێزانین لە لایەن قوتابیەکی هەڵەبجەییەوە پێشکەشکراوە.
شەڕی نێوان لەشکری هەورامان و جاف و سنجابی و ئەردەڵانی و لوڕییە لەگەڵ لەشکری دەوڵەتی ئێرانی. لە ساڵی ١٩١١ لە باخی شای نزیک شاری ساوەی ئێستا ڕوویداوە. لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان ئەحمەد شای قاجاری و ئەبوفەتح میرزای موزەفەرەدین شای قاجار، سالار دەولەی لەسەرکارلادراو، پەیوەندی بە جافرسانی هەورامان و وەکێڵی جوانڕۆوە دەکات و نازناوی سالار دەبەخشێتە ئەفراسیاو بەگی ڕۆسەم سان و مستەفا بەگی جافرسان، هەتا لەڕێی سەرۆک هۆزەکانەوە دەسەڵاتی لەدەستچووی، بەدەستبهێنێتەوە. ئەم دەرفەتە دەبێتە هۆی ڕزگارکردن و ئازادکردنی هەورامان لە لایەن جافر سان و بە لەشکرەوە دەچێتە ناو شاری کرماشانەوە و لەوێش لەشکرێکی ٢٥٠٠٠ کەسی بۆ یارمەتی سالاردەولە بەرەو تاران بەڕێدەکەون. لە ئەنجامی شەڕەکەدا سالار دەولە و هاوپەیمانەکانی دەشکێن. لە هەورامییەکان ٨٠ تفەنگچی دەکوژرێن و کەریم بەگی جافرسان و حەمەمین بەگی بەڵخەیی بەدیلدەگیرێن و عەزیز بەگ و محەمەد بەگی برازایشی شوێنبزر دەبن.