بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
لە بۆنە کۆمەڵایەتی و ئایینی و نەتەوەییەکانی وەک سەیران و ژنهێنان و لە دایکبوون و زەماوەند و ئازادیی لە دیلی و سەرکەوتنی شەڕ و تەواوکردنی خوێندن و ئیجازەدانی فەقێ و زەماوەندی پیرشالیار و کۆبوونەوەکانی نێو تەکیە و خانەقا و زکری دەروێشان و نەورۆز و ئایار و...هتددا دەکرێت. لەگەڵ شمشاڵ و دەهۆڵ و تەپڵ و زوڕنا و دەنگی گۆرانیبێژاندا ڕێکخراوە. گیانی شادی و پێکەوەیی و ڕەوینەی خەم و ئاشتی و دڵپاکی دەخاتە نێو تاکەکانی کۆمەڵەوە. ژن و پیاو بەجیاو ڕەشبەڵەکیش بە تێکەڵی هەردوو ڕەگەز بەڕێوەدەچێت، لە هەڵەبجە و هەوراماندا جۆرەکانی: چەپی و سێپیی و فەتاح پاشایی و گەڕیان و گێڵای و دێرەکانێ و عرفانی و حاڵ و شێخانی لە مێژودا باوبوون، لە ئێستاشدا مەریوانی و سەقزی و چەند جۆرێکی تری بوونەتە باو. بە هۆی جیاوازی جوڵە و پێکهاتە و ژمارە و ڕابەرەکانییەوە، نزیکەی پەنجا جۆری هەیە و گروپ و فێرگەی تایبەتی بۆ دروستکراوە و بۆ پارێزگاریکردنی وەک نەریت و سیما و ناسنامەیی نەتەوەیی. بە ڕیز و بازنە و جوڵە لە هەمان شوێندا بەڕێوەدەچێت و بەسەرکردە و ڕابەری جوڵەکان دەوترێت (سەرچۆپی)، کە دەسماڵ و دەسڕی پێیە و جوڵە و ئاماژەی هونەری پێدەکات و بە کۆتا کەسیش وتراوە (گاوانی)، کە پێگەی بەرز و نزمیان هەبووە، گاوان قوفڵی ڕیزی هەڵپەڕکێکە بووە و پارێزگاری لە ڕیز کردووە، کە بێگانەی تێکەڵنەکرێت و لە هەوراماندا ژن نەخراوەتە گاوانییەوە. لە فۆلکلۆردا گەلێکی بەسەردا وتراوەو چووەتە ناو شیعری نوسراوی شاعیرانیشەوە. گەلێک کەس بەو هونەرە لە ناوچەکەدا ناوبراون و جوانیی جوڵەیان سەرنجی دەوروبەری بردووە. لە بۆنەکاندا شاباش و دیاری دابەشکراوە و خەڵکی چووەتە ڕیزەوە، بۆیە وتراوە شاباشی خۆت بەو قنج هەڵپەرە.
هەڵگرتن و لەمل یان لە دەستکردنی موروویەکی مەحکەمی ڕەشە، لەناو ژنانی هەڵەبجە و هەوراماندا باوبووە، بەهای مورووەکە لە مورووەکانی تر گرانترە. بە بیانوی خۆپارستن لەو ژنە ئەفسانەییە نەزۆکەی، کە لە تۆرەمەی جنۆکەیە. دەچێتە گیانی زەیسان و منداڵی تازە لەدایکبوو، دەیگرێت و دەیگوشێت و شینومۆری دەکاتەوە و هەوڵی خنکاندنی دەدات، بۆ ڕزگاربوون لەو بەڵایە مورووی شەوە هەڵدەگرن و و لە ملیدەکەن یان بەداری بێشکە و ژێرسەری منداڵ و دایکەکەی دادەنێن و حەوت شەو حەوت ڕۆژ باسی منداڵ دەکەن و هەندێک شتی وەک (سیر، پیاز، سوژن و دەرزی و..هتد) بە چواردەوری منداڵدا دادەنێن.
هەڵگرتن و لە دەستکردنی موروویەکی زەردباوە، کە بە مورووی کارەبا ناسراوە. نزیک بکرێتەوە لە پەل و پوش و کاغەز ڕایدەکێشێت. لە جەوی و کەتیرەی هەندێک دار دروستدەبێت. ڕەنگی سور و زەردی هەیە. لە باوەڕی ناوچەکەدا بۆ سەلامەتی و دورکەوتنەوە لەهێزی نادیاری شەڕانی، بایەخی پێدراوە و لەبەرئەوە کراوە بە بەروبێشکە و دار و کۆڵەکەی ماڵانەوە. کەسێک ئاوساویی یان تەنگەنەفەسی هەبێت، یان دڵی تەنگ و شێواو بوو، موری کارەبا بۆی باشە. هەروەها دەکرێتە دەستی ئەو کەسانەی تووشی زەردوویی دەبن و ژنی سکپڕیش بۆ سەلامەتیی سکەکەی بایەخی پێداوە. شاعیرانی گەورەش باسی ئەم باوەڕ و نەریتەیان کردووە.
جەژنێکی تایبەتە بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و موسڵمانانەوە. سێ ڕۆژە. یەکەم جەژنە و لە یەکی شەوالی هەموو ساڵێکدا دوای گرتنی مانگێک لە ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان موسڵمانان جەژن دەکەن. هەرچەندە عەرەفە پەیوەندی بە ڕەمەزانەوە نییە. بەڵام موسڵمانان بە کۆتا ڕۆژی مانگی ڕەمەزان و ڕۆژی پێش جەژنەکە هەر دەڵێن عەرەفە. لە ئادابەکانی تەکبیرکردن و خۆشۆردن و بۆن لە خۆدان و لەبەرکردنی جلی جوان، خواردن پێش نوێژ و دەرچوون بۆ نوێژکردن بەپێ و ڕێگا گۆڕینی هاتنەوە. بە ئەڵاهوئەکبەر لە شەوەکەیدا مژدە دەدرێت و بە تەکبیر لە بەیانیدا و ئەنجامدانی دوو ڕەکات نوێژی جەژنەکە و پێشکەشکردنی وتاری جەژن لە بەیانیەکەیدا ڕادەگەیەنرێت. نوێژەکەی لە ساڵی دووەمی کۆچیدا دانراوە. کاتەکەی بەرزبوونەوەی خۆر ئەوەندەی دوو مەتر هەتا لادانی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان، لە تایبەتمەندی و وێسگەکانی مانگەکە، کە جەژنەکەی بە ناوەوە کراوە، هاتنە خوارەوەی قورئان، شەوی قەدر، شەڕی بەدر و دانی سەرفترە و خێر و خێرات. چەندین فەرموودەی لە بارەوە هەیە و بە پیرۆز باسکراوە. موسڵمانان دیدەنی یەکتری دەکەن و داوای گەردنئازادی و ئاشتەوایی لە یەکدی دەکەن و شادی و خۆشی دەردەبڕن. خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان لە دوای موسڵمانبوونیانەوە تائێستا پابەندن پێیەوە و خواردنی تایبەتی ناوچەیی ئامادەدەکەن، کە بە گشتی برنج لە گەل شلەی فاسۆلیا یان قەیسی دەبێت و شیرینی دەگێڕن. منداڵانیش بە جەژنانە دڵخۆش دەکەن. لە تایبەتییە فەرهەنگییەکانی ناوچەی هەڵەبجە و هەورامان، بەشداریکردنی یارسانییەکانی هاوار و هەوارەکۆن و دەرەتوێیە لە ڕۆژانی جەژندا لەگەڵ موسڵماناندا.
جەژنێکی ئایینی و ئوستورەیی دێرینە، بە زەماوەندی پیریش ناسراوە بە تایبەتمەندی و کۆمەڵێک ڕێسا و نەریتی خۆیەوە، کە تەواوی قۆناغەکانی بەڕێوەچوونی نەریتەکە دووهەفتە دەخایەنێت. لە ناوەڕاستی زستانی هەرساڵێک و دوولایی مانگی ڕێبەنداندا، کە سی و پێنج ڕۆژ زستان دەمێنێت، لە شاری هەورامانی تەخت، کە مەزارو ماڵ و خەڵوەتگەی پیرشالیاری لێیە، بەڕێوەدەچێت. بووەتە شوناسێکی جڤاتی هەورامان و لە ئاستێکی بەرفراون و ئوستوورەیی و باوەڕەوە بۆ بەدەستهێنانی پیرۆزی و ڕەزامەندیی هێزی نادیار، خەڵکی بەشداری تێدادەکەن. تەواوی کەشوهەوای ڕەسمەکە بە پیرۆز گیراوە (کاتی پیرۆز، شوێنی پیرۆز، کەسایەتیی پیرۆز). لە نەریتەکانی (خەبەر، کۆتەکۆتە، قەڵاڕۆچنێ، قوربانی، چاشتەتشێ، شایی و هەڵپەڕکێ، جەمی سەرمەزاری پیر، جەم ناڵی پیر، تربێ) سەرەڕای بە خرۆشخستنی خەڵکی، چەندین هێما و خاڵی گوزارشتی تێدایە، کە دەشێت ببنە بنەمایەک بۆ ئوستورەی کوردی. ڕەسمەکانی بە شێوازی تایبەت و نەگۆڕ ساڵانە دووبارە دەکرێنەوە و پێشوازیانلێدەکرێت. لە نەزری هەرکەسێکدا، کە بڕیاری قوربانی دراوە، سەرێک یان چەندسەر ئاژەڵ دەکرێتە قوربانی. مۆسیقای بوومی و گۆرانی لە کاتەکانی شەونشینی و تربێ و جەمی سەر مەزار و کۆمسادا، لەدرێژەی بەڕێوەچوونی جەژنەکەدا دەوترێنەوە. (گێتەمەژگە و ماست، چاشتەتشێ) لە خواردنە نەریتییەکانی جەژنەکەن. زۆربەی ئەرکە قورسەکان و هەڵسوڕانی نەریتەکە لە لایەن پیاوانەوە بەڕێوەدەچن و ژن بەشدارییەکی کەمی جەژنەکەی پێسپێرراوە. ئەویش خاوێنکردنەوەی ماڵی پیر و دروستکردنی کولێرە بەکاکڵە و خواردەمەنییە. ئەوەش ڕیشەیەکی ئایینی میتراییە.
جەژنێکی جولەکەیە. لەوەرزی پاییزدایە، کۆتایی مانگی نۆ یان سەرەتایی مانگی دە. جولەکەکانی هەڵەبجە لە حەوشەکەیاندا یان لەسەر سەکۆ و بەرماڵیاندا بە گەڵا و شتی ڕەنگاوڕەنگ، کەپر و ساباتێکی ڕازاوەیان دروستکردووە. مێزێکی نزمی پڕ میوە و سەوزەیان ئامادەکردووە و خواردنەوەکانیان لەسەر داناوە و بە دەوریدا لەسەر دۆشەک و ڕاخەر دانیشتوون. گۆرانییان وتووەتەوە. سرودە ئایینییەکانیان بە عیبری و گۆرانییەکانی تریان بە کوردی و ئاوازەکانی دەوروبەری هەڵەبجە وتووەتەوە. لەکاتی بەڕێوەچوونی ڕەسمی ئەم جەژنەدا، باران باریوە و کەپرۆکەکەی تێکداون. گەر بارانیش نەباریبێت، کەپرەکەیان لا نەبردووە هەتا بارانی ساڵ باریووە. ڕەنگە خۆشیی ئەو جەژنە وەک نەریتێکی ئایینی بۆ بارینی باران بێت.
جەژنێکە تایبەت بە یارسانەکان، کە دوای سی ڕۆژ ڕۆژووگرتن لە چلەی زستاندا دەکرێت و بە جەژنی یارانی (قەول تاس) ناسراوە. قەول: بەمانای (وتە)یە و (تاس) بە مانای (ئاسمان) دێت.
لەجەژنە پیرۆزەکانی ئایینی ئیسلامە و موسڵمانان وەک جەژنی ڕەمەزان بایەخی پێدەدەن. لە ١٠ی زیلحجەی هەموو ساڵێکی کۆچیدا دوای وەستانی حاجیان لە عەرەفە دەستپێدەکات و چوار ڕۆژ بەردەوامی هەیە. بە ڕۆژی وەستانی حاجیان لە کێوی عەرەفە لە نۆی مانگەکەدا دەوترێت عەرەفە. جەژنەکە لە یادکردنەوەی بەسەرهاتی خەوی حەزرەتی ئیبراهیم و فەرمان_پێکردنی بەسەربڕینی ئیسماعیلی کوڕییەوە سەرچاوەدەگرێت. کە دەبێت ببرێتە قوربانیگا و نیەتی قوربانی لێبهێنرێت. پاش سەرکەوتنی ئیبراهیم لە تاقیکردنەوەکەدا، خودای گەورە قوربانیدانی کوڕەکەی، بە ناردنی شەکێک بۆ دەگۆڕێت. بۆیە مسوڵمانان لەو یادکردنەوەدا ئاژەڵ سەردەبڕن و جەژنەکە بە قوربان ناوبراوە. هەندێک جیاوازیی نەریتی لە نێوان مەزهەبەکاندا سەبارەت بە ڕێوشوێن و ئادابی جەژنەکە و وردەکارییەکانی هەیە، بە تایبەت لە تەکبیرکردندا. لەم جەژنەشدا تەکبیرکردن و خۆشۆردن و دوو ڕەکات نوێژکردن، کە لەساڵی یەکەمی کۆچییەوە دانراوە، بە پێی توانا، قوربانیکردن هەیە و نۆ ڕۆژەی پێش جەژنیش بە نۆمینەی حاجیان ناسراوە، کە موسڵمانان وەک سوننەت، تێیدا بەڕۆژوو دەبن. موسڵمانانی هەڵەبجە و هەورامان بە گەرمییەوە جەژن و سەردانیدەکەن و گۆشتی قوربانی دەبەخشنەوە. لە تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی جەژنەکە لە ناوچەکەدا: بەشداریی گەرمی کاکەییەکانە لەگەڵ موسڵمانان لە پیرۆزباییکردن و شیرینی بەخشینەوە و ئاشتەوایی و گەردنئازادیدا.
جەژنێکی کۆنی جیهانیی زۆرێک لە گەلانە، گەلی کورد بە جەژنی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، شاعیران و هونەرمەندان، گەلێک شیعر و سرودیان بۆ وتووە. سەرەتایەکی دیاریکراو بۆ جەژنەکە نییە. ڕەهەندی ئایینی و نەتەوەیی و سروشتی و ئەفسانەیی هەیە. سەرەتای ساڵنامەی کۆچی هەتاوییە و ساڵنامەی کوردیش بە نەورۆز ساڵی نوێی دەستپێدەکات. دیارترین سیمای کردنەوەی ئاهەنگە لەو ئێوارەیەی، کە سبەی دەبێتە یەکەم ڕۆژی نەورۆز. لە ساڵی زایینیدا ڕێکەوتی ٢١ی ٣ی هەموو ساڵێک دەکات. لە هەڵەبجە و هەورامان لە کۆنەوە لە شوێنە بەرزەکاندا ئاگر کراوەتەوە و سەربانی ماڵەکانی هەورامان بە خۆڵەمێشی بە نەوت شێلراو، ئاگرەکە هەڵکراوە و وەک ملوانکەی گڕین دەرکەوتووە و کەسێک بە ناوی بابا نەورۆز خۆی نواندووە. خەڵکی خۆیان ڕازاندووەتەوە و ئاهەنگیان گێڕاوە. چەند ساڵێکە بە فەرمی و بە دروستکردنی مەشخەڵ و بەشداری جەماوەر لە لەلایەن کاربەدەستان و ناوەندە ڕۆشنبیریەکانەوە، شوێنێک بۆ یادەکە دیاریدەکرێت و ئاگری نەورۆز هەڵدەکرێت. وەک بەردەم عەبابەیلێ، چاوگ، عەنەب، هاوار، تەپەسەوز، بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی هەڵەبجە، خورماڵ..هتد.
کەسێکی نەفرەت لێکراوە دژایەتی بابا ناوسی کردووە لە گوندی سەرگەتی هەورامان و هەتا ڕۆژی دوایی (کرد و کەرەم) مردنی بۆ نییە. چەند دەروێشێکی یاری، خەودەبینن و پێیاندەوترێت بڕۆن و لە گوندانە تەپڵ لێدەن و زیکری خودا بکەن، لە هەر گوندێک دەنگی تەپڵتان بەرزبوویەوە، لەو گوندە ئەو کەسە دەدۆزنەوە، کە زاتی خودای تێدا جێگیرە. لە گوندی سەرگەت لە هەورامان دەنگی تەپڵ بەرز دەبێتەوە و باباناوس دەناسنەوە. کەسەکە دەبێت بە بەرازێکی سپی و مریدانی دەبن بە سەگ و دوایاندەکەون هەتا گوندی بێزەل. لەوێ مریدەکان دەبنەوە بە مرۆڤ، بەڵام کەسەکە بە بەرازی هەتا ڕۆژی دوایی دەمێنێتەوە. لەسەرچاوەکاندا کەسەکە بە ناوی (خوگە چەرمە) هاتووە.
بێدەنگ ڕێکردنی ئاوی سيروانە لە شوێنێکی گوندی شێخان لە لایەن سوڵتان سەهاکەوە. سوڵتان لەگەڵ سێ لە یارانی دەچێتە پردێوەری نزیک گوندی شێخان، دەستدەکەن بە خانو دروستکردن، لەلایەن (پیر مکایەڵی دەودانی)یەوە ڕێگریان لێدەکرێت. سوڵتان بۆ وتوێژ، پیر بانگدەکاتە نزیک ڕوباری سیروان. سیروان لەو شوێنەدا خوڕ و خرۆشاو دەبێت و گوێیان لە قسەی یەک نابێت. سوڵتان (هەی) لە سیروان دەکات، یان دارێک لە سیروان دەدات و بێدەنگی دەکات.
دەوترێت، کە ڕووداوەکە لە گوندی سەرکەنی پێنج کیلۆمەتری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە ڕوویداوە. گوندێکی ئاوەدان بووە. دانیشتوانەکەی دەکەونە بەر نزای کیژێکەوە، کە لە لایەن گەنجێکیانەوە دەستدرێژی کراوەتەسەر. بە هۆی پشیلەیەکی ڕەشەوە سەرجەم دانیشتوانەکەی بەر نەفرەتی خوا دەکەون و لە ناودەچن. پشیلەکە ڕۆژانە سەر دەکات بە ماڵێکدا و دەمیاوێنێت، دەمودەس ئەندامانی ئەو ماڵە دەمرن. گێرانەوەیەکی تر دەيبەسێت بە ڕوداوی شوکردنی کیژێکی ئێرانیەوە بەلاوێکی ئەم گوندە. کیژە برایەکی بچووکی لێ بەجێدەمێنێت، گەورە دەبێت و دێتە وڵاتی مێردی خوشکەکەی و دەیدۆزێتەوە و شەوانە دەچێتە ماڵی خوشکەکەی. خەڵک بوختانی بۆ دەکەن و دەڵێن دۆستی ژنەیە نەک برا. مێردەکەی شەو دەیکوژێت، خوشکەکە دوای کوشتنی براکەی دوعای لەناوچوونی خەڵکەکە دەکات. پشیلەڕەش پەیدا دەبێت و خەڵک دەزانن هۆکارەکە پشیلەڕەشەیە. دوای دەکەون بیکوژن، پشە دەچێتە کونێکەوە، هەتا ئێستاش بەو چەمە دەوترێت چەمی پشیلە ڕەش. بە دەرکەوتنی خێزانێک دەمرن و خۆی وندەکات هەتا تەرمی ئەوان دفن بکرێت، دەرکەوتووەتەوە و بەو جۆرە تاقیان لێدەبڕێت. تەنیا کوڕی پیرەژنێک ڕزگاری دەبێت.
ناوی هەندێک شوێن پەیوەندی بە ئەندێشەی یارسانی و هەندێک بۆنە و ڕوداویی مێژوویی و ڕووداوەکانییەوە هەیە و بەڕاستی لێیان دەڕوانن. لەوانە ناوی چەند گوندێکی نزیک لەیەکی شارەزوور، کە پەیوەندیان بە چیرۆکی خوازبێنیی دایراک خاتوونەوە هەیە بۆ شێخ عیسای بەرزنجی. لەوانە: (شەکرالی: دەروێشەکانی یاری دەچنە ئەو شوێنە و ئەو مەڕ و شەکانە دەهێنن، کە باوکی دایراک داوایکردوون. شوێنەکە ناو دەنرێت شەکرالی. تەپە کوڕوو- تەپە کوڕە: لە گردەکەیەوە ئەو (کوڕو - جوانوو)انە دێنەدەر، کە داواکراون. شوێنەکە ناو دەنرێت تەپەکوڕە. لە چەند شوێن قوماش و زێڕیان هێناوە. ئێستا بە گوندی قوماش و تەپەزێڕینە ناویان دێت، خڕی خەزێنە، گەنج و گەوهەر پێشکەشدەکات، مەڕ پەلەوەران، سێبەر دەکات..هتد.
چەند یارییەکی فۆلکلۆریی کوردەوارین. لە سنوری هەڵەبجە و هەورامان و شارەزووردا کراون: ١- پاشا و وەزیر : جۆرە یارییەکی فۆلکلۆرییە. بەشقارتە دەکرێت. لە نێوان ٦ بۆ ١٠ کەسدا. بە هەڵدانی شقارتە بۆ نێوەندی یاریەکە، ئەگەر لەسە شانی بەرز وەستا، کەسەکە دەبێتە پاشا، یان سوڵتان. لەسەر لاکان وەستا، دەبێتە وەزیر. لەسەر دیوی ئەستێرە یان وێنەکە وەستا، دەبێتە موختار. لەسەر ڕووە سادەکە وەستا، کەسەکە دەبێتە دز. ئیتر لە پاشاوە فەرمانی سزادانی دز، دەردەکرێت. هەندێکجار ڕێکەوتنی پێشوەختە لەسەر شێوازی هەڵدان و سزاکان دەکرێت. ٢- کێل و بەرد: قەلەماڕانی: کێلەماڕانی: لە نێوان دوو گروپدا ئەنجامدەدرێت. هەریەکە و چەند قەڵایەکی بچووک لە بەرد، لە شێوەی کەللەشەکرێکدا و بە دوورییەکی جیاواز لە یەکتری و لەسەر یەک هێڵی ڕاست هەڵدەچنن و یاریزانانی گرووپەکەی تر لەڕێگەی بەردی دەسکەلاوە، هەوڵی خستنی قەڵاکانی گروپەکەی تر دەدەن. هەرکامیان زووتر قەڵای ئەوی تری خستبێت و ژمارەی بەردەخراوەکانی زیاتر بووە، براوە دەبێت و سواری پشتی ئەندامانی گروپەکەی تر دەبێت و بۆ شوێنێکی دیاریکراو دەیانگوازێتەوە. ٣- گوندەڵانی: شەڕەتۆپەڵ: یارییەکە بە کۆبوونەوەی گەنجان دەبێت و بە تۆپەڵ لێدان لەیەکتری گەرم دەبێت، هەندێک جار بە عەشوایی و هەندێک جاریش وەک گروپ و تیپ دەکرێت، لە نێو هاوماڵانی گەرەکێک لەگەڵ گەڕەکێکی تردا. هەندێکجار لەبەر توندیی تۆپەڵەکە و هێزی لێدانەکە، ڕێککەوتووە، کە مەترسی لێبکەوێتەوە. لە ئێستاشدا لە وەرزی زستان و بارینی بەفردا بێجگە لە خەڵکی ناوچەکە، گەشتیارانیش بۆ ئەم یارییە ڕوو لە ناوچەکە دەکەن. ٤- هەلەق و مەلەق: دارێکی درێژی ساف و بێگرێ و تەڵاش بەشێوەیەکی ئاسۆیی لەسەر بنکەیەکی جێگیر لە سەر بەردی گەورە یان دارێکی بەستونی داچەقاو بە شێوەیەکی تراز و یەکسان ڕاگیردەکەن. دوو منداڵ هەریەکەیان لەسەرێکەوە دەچنە سەر جەمسەری دارەکە و یەکتری بەرزو نزم دەکەنەوە، لە هەورامان لە کاتی یارییەکەدا دەڵێن: هەلەق مەلەق، داری دووە لەق، کیسەی کەمەر، یا پێغەمبەر. ٥- دێرەکانێ: لەناو باخەکاندا دەکرێت و بۆ چێژ و شکاندنی ترسە. هەڵخستنی گوریسێکی ئەستوورە بە قەدی ئەو دارانەوە، کە لقی گونجاویان هەیە و بنەکەیان دەرفەتی جوڵاندن و خۆهەڵدانی جۆلانەکەی هەیە. دوو جۆرە: جۆرێکیان گوریسەکە بە دوو لۆ دێتەوەوە لە خوارەوە گرێدەدرێت و کەسێک دادەنیشێت و کەسێکی تر پاڵی پێوەدەنێت. جۆرێکی تریان گوریسەکە بە چوار لۆ دێننەوە خوار و تەختەیەکی پێوە دەبەستن و کەسێک لە ناوەڕاستی تەختەکە دادەنیشێت و دوو کەس لە جەمسەرەکانیەوە بە پێوە دەوەستن و خۆیان یان کەسی تر جۆلانەکە دەجوڵێنن. زۆربەی باخ و تەڵانەکانی هەورامان ئەم جۆلانە هەڵدەخەن و منداڵ و گەنجیش یارییەکە دەکەن. ٦- خلیسکێنە، خزکڵێ: یارییەکی زستانەیە و لەسەر بەفر دەکرێت، دوای بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچەکانی هەوراماندا، شوێنێکی هەوراز و لێژ، کە مەودایەکی زۆری هەبێت و لە شوێنەکانی تر ساردتر بێت و بەفرەکە باشتر بەستبێتی، هەڵدەبژێررێت. دوای چاککردنی سنوری خلیسکێنەکە و کوتانەوە و باشکردنی ڕێگەی یارییەکە، منداڵان و گەنجان بەجیا و یەک بەدوای یەکدا خۆیان خشدەکەنەوە. لە هەر لادییەکی هەوراماندا چەند شوینێکی تایبەت و دیاریکراو هەیە و چەند جۆرێکی هەیە: بەپێوە، کە زیاتر ئەوانە دەیکەن، کە ئەزموونیان لە یارییەکەدا زۆرە، بە چیچکانەوە و لە سەر هەردوو قاچ، بە دانیشتن، کە پارچە نایلۆن یان پلاستیک، دەخەنە ژێریان، هەندێکجاریش بە قەتارە دەکرێت، چەند نەفەرێک پێکەوە یەک لە دوای یەک بە دەستیان خۆیان بە یەکترەوە دەبەستن. لە ڕێگەکان و شاخ و سەیرانگا زستانییەکاندا دەکرێت. هەندێک جار لەکاتی هاتوچۆی ئاساییدا شوێنە سەخت و بەستووەکان بەم شێوازی یارییە دەبڕرێن. ٧- واخانی: لەو یارییانەیە لە کاتی دانیشتندا دەکرێت. کەرەستەی یارییەکە گوێزە. لە نێوان دوو تیم و دەستەدا، نۆ گوێز دەهێنرێت و یەکیان وەک دەسکە کەلا و هەشتەکەی تر دەپژێنرێن بە جۆرێک مەودا لە نێوانیاندا هەبێت، بە شیوازی هەڵمەقۆ گوێزە پژاوەکان دەکرێن بە کونی دروستکراوی دەستەکەی تردا و پاشان لە ڕێگەی گوێزە کەلاکەوە هەڵدەدرێن و دەگیرێنەوە، هەندێک جاریش وەک هەڵماتێن دوو دوو گۆڵیان لێدروستدەکرێت. ٨- خلۆرتانی: مزراحێن: لە هەورامان، تەختەکەی لەداری بناوەچ دروستدەکەن و بزماری ناڵی پێڵاو لە نووکە تیژەکەی دەدەن و پەتێکی بە دەوریدا دەپێچن و بە هەڵدانیکی مەتری زیاتر هەڵیدەدەن. لەبەرئەوەی سەرێکی پەتەکە بە دەستی یاریزانەوەیە، خلۆرتەکە سوڕدەخوات و بەردەوامی وەردەگرێت، کام خلۆرتە زیاتر سوڕاو درەنگتر وەستایەوە، خاوەنەکەی براوەی یارییەکەیە. کێبڕکێکە هەندێک جار سەردەکێشێت بۆ پیاکێشانی خلۆرتەکان و دەرهێنانی چزوەکە، یان شکاندنی خلۆرتەکە. ٩- موشانی: بیلبیلانی: بە گروپ و دەستە دەکرێت. نانەوەی مووشە (نیشانە)یە و پێکانیەتی لە ڕێگەی تیلکرنی هەڵماتەوە. لەناو گەورەکاندا موشەکان دەکرێت پارەی ئاسن بێت، قەڵەم و لاستیک و سەرەسۆدە و قاپاخە فیشەک لای منداڵان، یارییەکە لە دووکەسیەوە هەتا هەشت کەس دەکرێت. سەرەتا بۆ دەستپێکردن نیشانەیەک دادەنێن و هەمویان هەڵماتەکە بۆ لای نیشانەکە هەڵدەدەن، نزیکترین لە نیشانەکە دەبێتە بەگ و ئەوانی تریش بە گوێرەی دووریی هەڵماتەکەیان لە نیشانەی دیاریکراو بە دوای بەگدا پاش بەگ و تل قڕە یاریدەکەن. چەند کەسێکیان دەکرێت ببنە هاوبەش و یەکتری نەکوژن، دەشکرێت هەرکەسە و بۆ خۆی یاریبکات. لە هەوراماندا بە زۆری لەڕێگە و سارایی باخەکان و گەلێک جاریش لە سەربانەکان کراوە. لەبەرئەوەی زیادەڕەوی تێدا دەکرا و وەک خوی لێ هاتووە، قوتابخانە و پەروەردە لە نێو قوتابیاندا دژایەتی یاریەکەی دەکرد. لە ڕێگەی ئەم یارییەوە گەلێک کەس بە دەست ڕاست و نیشانەشکێن ناسراون. ١٠- هەنۆرێ مەنۆرێ: لەناو ماڵاندا دەکرێت و زیاتر لە وەرزی زستان و پاییزدا بۆ خۆشی و کات_بەسەربردن لە ناو خزم و خێزاندا دەکرێت. کەسێک داو دەبێت و دێتە ناوەڕاست و مەیدانی یاریەکە دادەنیشێت و لەبەردەم کەسێکدا، کە یارییەکە و ئاماژەی لێدان دەکات، چاوی دەبەسترێت. ئەندامانی تر بە دەوریدا کۆڕدەبەستن و چاوەڕێی ئاماژەی بەڕێوەبەرەکە دەکەن. لە کاتی یارییەکەدا، بەڕێوەبەرەکە لەگەڵ وتنی شیعرە فۆلکلۆری: هەنۆرێ، مەنۆرێ، زیان وەبانی کۆرێ، نەتەقە، نەڕەقە، فڵان گیاندار بدۆ یاگێ هەقە. ئاماژە بە کەسێک دەکات، کە بکێشێت بەسەری چاو بەستراوەکەدا. گەر چاو بەستراوەکە زانی کێ بووە، چاوی دەکرێتەوە و ئەوی تر داو دەبێت، بەم جۆرە یارییەکە بەردەوامدەبێت. ١١- بازبردن: کۆمەڵێک یاریی فۆلکلۆرین، چەند جۆرێکیان هەیە، لەوانە: یەک باز، سێ باز، بازبازێن. بە کۆمەڵ دەکرێت و زیاتر وەک وەرزشێک دەردەکەون. شوێنی یارییەکە دەبێت خۆڵی نەرم بێت و ڕەق و بەردیاوی نەبێت. کۆمەڵێک بۆ یارییەکە کۆدەبنەوە. خەتێک بۆ سەرەتای بازبردنەکە دیاریدەکەن و یاریزانەکە لە بازبردندا دەبێت لەسەر ئەو خەتەوە بازەکە ببات. کێ زیاتری برد، ئەوە براوەی یارییەکەیە. هەندێک جار، لە خەتە دیاریکراوەکەوە بە دووریی چەند مەترێک چاڵێک هەڵدەکەنن، هەر بازدەرێک توانی هەتا چاڵەکە باز بەرێت، ئەوە براوەیە، بە گوێرەی تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی خەتەکە، قۆناغ قۆناغ لە چاڵەکە دوردەخەنەوە، بۆ دیاریکردنی یەکەمی یارییەکە. زۆرجار لەم یارییەدا یاریزان توشی شکاوی و ئازار دەبێتەوە. ١٢- چاڵچاڵێن: لە دەرودەشتدا دەکرێت و زیاتر لە بەهاردا کاتێک زەوی کەمێک تەڕە. بە دوو کەس دەکرێت، دەشێت دوای ئەوەی یەکیان دەدۆڕێت، کەسی تر بچێتە جێگەی. شێوازی یارییەکە: چەند چاڵێک بە ڕیز و بەرانبەر یەک بە ئەندازەی کەوچکێکی قوڵی شلە هەڵدەکەنن، بە خواستی خۆیان ١٠-١٦ چاڵ. هەر چاڵێک چوار بەردی بە ئەندازەی دەنکە پاقلەیەک تێدەخەن. یاریەکە بە هەڵگرتنی چواربەردی هەرچاڵێکیان، کە یاریزانەکە مەیلبکات، دەستپێدەکات و چواربەردەکە بەسەر چاڵەکانی تردا دابەشدەکات، چوارەم بەرد گەشتە کام چاڵ، هەموو بەردەکانی ئەو چاڵە هەڵدەگرێت و لەسەر دابەشکردن بەردەوامدەبێت، هەتا چاڵەکان خاڵی دەبن و وەک سەرەتا بەردەکان لە چاڵەکاندا دەبنەوە بە چوار و ئەو چاڵە خاڵی دەکرێت. براوە ئەو کەسەیە بەسەر بەردی بەرانبەردا دەدات و زوو چاڵەکان دەردەکات. ١٣- چەڵەمەشکێنە: لە نێوان دووکەسدا دەکرێت. بەزۆری لەکاتی داوەت و خوانی مریشکدا دێتەگۆڕێ. چەڵەمە، ئێسکە دوو لقەکەی سنگی مریشکەکەیە. ئەو دوو کەسەی گرەوەکە دەکەن، یەکی لایەکی ئەو ئێسکە دەشکێننەوە. دوای ئەوە هەرچی درا بەدەستەوە، وەرگر دەبێت بڵێ (لەبیرمە). ئەگەر بیری نەبوو، دۆڕاوە و دەبێت مەرجی براوەکە بهێنێتەجێ، کە زۆر جار لەسەر خوان ڕێکخستنەوە و میوانداری دەکرێت. لەکاتی گرەوکردنەکەدا فۆلکلۆری (لەبیرم بێ، لەبیرت چێ، بیرت بە قولە ڕەشا چێ) دەوترێت. ١٤- چێشتەقولێ: یارییەکی منداڵانەی کوردەوارییە. نواندن و تەمسیلی تێدایە. لە هەڵەبجە و هەوراماندا بڵاوە. زیاتر کچانەیە. دەکرێت کوڕیش بەشداربێت. کچان بە لاساییکردنەوەی دایکانیان خەریکی کاروباری چێشتلێنان و ماڵداری دەبن. زۆرتر لە دەرودەشت دەکرێت. چەند کچۆڵەیەک کۆدەبنەوە و لە گەورەکان پێداویستیی چێشتەکە وەردەگرن. یان بە ڕاوێژ و ڕێککەوتن، هەریەکە و لە ماڵی خۆیان شتێک دەهێنێت و لە شێوەی سەیرانکردندا دەستدەکەن بەلێنانی. ١٥- زەقنیرە: یارییەکە گەورە لەگەڵ منداڵدا دوای قۆناغی پێگرتن و زمانپژان دەیکات. کەسێک لە ئەندامانی خێزان بە دانیشتنەوە هەردوو دەستی منداڵەکە دەگرێت و دەڵێت: زەقنیرە، من و فڵان (ناوی منداڵەکە دەڵێت) پەنیرە. ناوی دەوروبەریش بە شتی تر هەڵدەدات. ئەم یارییە یارمەتی جوڵە و زمان_بەربونی منداڵ دەدات. ١٦- قولەقانێ و هەترەشەلێ: یارییەکی زستانەی خەڵکی هەورامانە. یارییەکە بەو جۆرەیه، کە سەرەتا دوو کەس دەستپێدەکەن، هەریەکە و قاچێکیان بەرزدەکەنەوە و بە دەستێکیان قاچەکەیان چەپ و ڕاست دەگرن، قاچی ڕاست بەرزکرایەوە بە دەستی چەپ دەگیرێت و بە پێچەوانەوە. بە دەستە نەگیراوەکەیان دەکەونە چنگەڕنی و پەلاماردانی یەکتری، هەرکەس دەست و قاچەگیراوەکەی بەردا و کەوتە زەوی، بە دۆڕاو دەژمێررێت، پاشان کەسی تر و براوەکان بەریەکدەکەون. ١٧- حێزەران: یارییەکی بەهارییە و لە یارییەکانی بازبردن و بازدانە و بە کۆمەڵ و زیاتر لە دەرودەشتدا دەکرێت. بە ٥ -١٠ کەس دەکرێت. بەڕێکەوتن یان فیکلانکۆ، کەسێک دادەدات و بە پێوە دەچمێتەوە و ئەوانی تر بازی بەسەردا دەدەن و بە شێوەیەک دەست لە سەر پشتی دادەنێن و بازەکە دەبەنە ئەولا تری، لەکوێ بازبەر لە زەویدا، کابرای داو بوو، دەگوازێتەوە ئەوێ، بەمجۆرە یەک لە دوای یەک باز دەدن و لە کاتی بازدا بە گۆتەکان هەندێک جار قنگ دەکێشن بە پشتی کابرای چەماوەدا، هەرکەسێک توانای بازدان و یەکە و گۆتەکانی نەبێت، بە کەوتوو ئەژمار دەکرێت و دادەدات. ١٨- کۆتەکۆتە: یارییەکی دێرینی هەورامان و زیاتر لە گوندی گوڵپ و دەوروبەریدا باوە. لە شەوانی بەهار و هاویندا کراوە. حەوت کەس یان زیاتر کۆدەبنەوە و لە شێوەی زنجیر بە شوێن یەکدا ڕیز دەبەستن و دەست دەخەنە سەرشانی یەکتری، بە دەوری کەسێکدا (بە حساب خەریکی ئیشوکارە) دەخولێنەوە و لێی دەپرسن: کۆتە کۆتە چی دەکەی؟ ئەویش ناوی کارێک دەبات و ئەمان دەڵێن: وی وی، بەو جۆرە چەند جارێک پرسیاری کار و فرمانی لێدەکەن و ئەویش هەرجارەو کارێک ناو دەبات. هەتا بێزاری دەکەن و نەفرینی لێ دەکەن، ئەویش پەلاماریاندەدات و کەسێکیان دەگرێت و دەیکوتێت و دەیخاتە شوێنی خۆی و یاریەکە بەردەوامدەبێت. ١٩- وشتر چەمچە: زیاتر یارییەکی دێرینەی هەورامانە. بۆ شەو بەڕێکردن، شەوانی پاییز کراوە. بۆ ترساندن و شۆخی کراوە. شێوازی یاریەکە بەوجۆرەیە: کەسێک خۆی دەکات بە حوشتر و بە کەوچکی دارین دوو گوێ بۆ خۆی دروستدەکات و پشتی بە جل و لبادی شڕ وەک حوشتر قۆقز دەکات. لە کاتێکدا کەسێک، یان میوانێک دیتە ژوورەوە بۆ ناو کۆڕ، وشتر چەمچە بەو قیافەوە دەچێتە پێشوازی، کابراش ڕادەچڵکێت و دەترسێت بەو دیمەنە. ٢٠- هەزبە بێ ساحیبێ و هەزبە ساحیبدارێ: زیاتر لە ناوچەی هەورامان و بەتایبەتیتر لە گوندی گوڵپدا باوە. بە دوو گرووپ یاریەکە بەڕێوەدەچێت، دوای ڕێکەوتن بۆ داو بوون گروپێکیان دادەدەن و بە شێوازی بازنەیەک خۆیان کووڕ دەکەن و یاریزانانی گروپەکەی تر، هەڵدەبەزنە کۆڵیان و دادەبەزنەوە، لە دابەزیندا لەقە لەوە دەدات، کە چووەتە کۆڵی، ئەویش گەر فرسەتی هەبێت وەردەچەرخێتەوە و لەقەی خۆی دەوەشێنێت، ئەگەر بەری یاریزانی سەر کۆڵەکە کەوت، یارییەکە دەگۆڕێت و ئەو داو دەبێت و ئەمان دەپەڕنە سەر کۆڵیان. ٢١- فیکەبەکون: منداڵان دەبنە دوو گرووپ و هەر گروپێکیان بە ناوێکەوە ناو دەنرێن، زیاتر بە ناوی شوێنەکانی گوندەوە ناونراون، بۆ نمونە گروپی، زاخێ و گروپی کتەشەل. بازنەیەک لە دوورەوە وەک سنور بۆ یارییەکە دیاریدەکرا. منداڵێک لە گروپی یەکەم دێتە پێشەوە و پشت لە منداڵانی گروپی دووەم دەکات. منداڵێکی گروپی دووەم دێتە پێشەوە لە پاڵ منداڵی گروپی یەکەم، کە داو بووە، دەوەستێت و منداڵانی گروپی دووەم تێکەڵدەبن و یەکیان دێتە لای منداڵەکە، کە هاتووەتە پێش. منداڵی گروپی دوو بە منداڵە داکراوەکەی یەک دەڵێت: ئەومنداڵەی گروپی دووەم کە هاتە پێش، کێ بوو؟ گەر بیزانیایە کێیە، ئەندامانی گروپی منداڵی یەک شوێن ئەندامەکەی گروپی دووەم دەکەوتن، هەتا پێگەشتن بە بازنە و سنوری دیاریکراوی یاریەکە بۆ ڕزگاربوون، گەر بگیرایە، دەبوو ئەندامانی گروپەکەی منداڵانی گروپی یەکەمیان بگرتایەتە کۆڵ لە سنوری داوبوونی یاریەکەوە بۆ بازنەکە بیانگواستنایەوە. ٢٢- سلەگەرمێ: منداڵان لە ناو ئاو کۆدەبنەوە، بەردێکی سافی یەک کیلۆیی دەردەهێنن و ئاگرێکی بۆ دەکەنەوە و بەردەکە دەخەنە ناوی، هەتا گەرم دەبێت، پاشان هەموویان چاو دادەخەن و منداڵێکیان بەردەکە فڕێدەدات، دواتر منداڵان بە شوێن بەردەکە دەگەڕێن، هەرکەسێک بەردەکە بە گەرمی بدۆزێتەوە، دەبێتە پاشا و سزای ئەوانی تر دەدات. ئەم یارییە لە گوندەکانی تردا نابینرێت و نازانرێت تایبەتمەندیی یاریەکە لەو شوێنە بۆ چی دەگەڕێتەوە و چ ڕیشەیەکی هەیە! ٢٣- خەتی ناوشەقێن: منداڵان کۆدەبنەوە و بازنەیەک دەکێشن، کەسێک دەچێتە ناو بازنەکە و منداڵانی دەرەوەی بازنەکە فرسەتی لێدەگرن و دەیشلەژێنن، هەتا لێیبدەن، ئەگەر کەسی بازنەکە شەقی لە هەر منداڵێکی دەرەوەی بازنەکە بدایە، ئەوە دەچووە جێگەکەی و ئەم لە بازنەکەدا داو دەبووە، بەو جۆرە یاریەکە بەردەوامدەبوو. ٢٤- گورزێن:دەستەیەک کوڕی گەنج کۆدەبنەوە لە هەشت کەس کەمتر نەبن. دەبن بە دوو دەستەو تەڕووشک بۆ یارییەکە دەکەن. لە زەوییەکی تەخت یان سەربانی ماڵان. پشتێنەکانیان دەهێنن و قەدی دەکەنەوە و بە ئەندازەی دوو گەز و سەرەکەی دەکەن بە گورز. خەتێک دەکێشن و دەستەیەک دەچنە ناوی و دەستەکەی تر گورزەکان بە دەوری ئەوانەی ناوەوە دەسوڕێنن و دەستدەکەن بە لێدانیان و ئەوانیش بەرگریدەکەن و پەلاماریاندەدەن، نابێت لە خەتەکە دەربچن. شاقاوێک دەگرنە ئەوانەی دەرەوە، ئەگەر بەریکەوت، جێگەکەیان دەگۆڕن و یارییەکە بەردەوامدەبێت. جۆرێکی تری گورزێن ئەوەیە: دەستەیەک لە ناوەوەیە و یەک کەس لە دەرەوەیە. ٢٥-پاشا پاشا- میر میرانێ: یارییەکی کۆنی کوردەوارییە و لە ناوچەی هەڵەبجەش باوبووە. زیاتر دەستەی خوێندەواری ئەو سەردەمە لە دەشتودەر یان ماڵان سازیانکردووە. کەسێک وەک پاشا دیاریدەکەن و تەپاڵە و تەرس و ناڵ و ئێسک بە جلەکانییەوە دەکەن و دەبێتە پاشا. لە دەستیەوە دوو زەلامی لەندەهوڕ بەسەر و شکڵی سەیرەوە وەستاون. لە دیوانەکەیدا قازی بە سەر و سەکوتی تیسکنی درێژ بە خوری بۆی دروستکراوە و دوو زەلامی ناشیرین بە ڕەشیی مەنجەڵ خۆیان ناشیرین کردووە و وەک گزیر هەن. دەرگاوانەکانی، سمێڵ قیتی زرتە زەلامن و چاویان سوور کردووە. ئیتر نۆرەی ڕاکێشانی تاوانبارانی جۆراوجۆر و حوکمی پاشایە. هەر حوکمێک، کە دەیکات، ڕەوایە. یارییەکە شێوازێکی درامی و نواندنی هەیە و بەگوێرەی ڕێککەوتن، چەندین جۆر تاوانبار ڕادەکێشرێنە دیوان و چەند کاتێکی خۆشی پێبەسەردەبەن.
ناوی تەواوی باقی کەیخەسرەو فەتاحە، لە ساڵی ١٩١٣ لە گوندی هاوار لە دایکبووە، لە وەرگرتنی زانیاری چیرۆکی پێشیناندا، کەسێکی بەهرەدار بووە. سەرەڕای ئەوەی خوێندەواری نەبووە، بەڵام لە کۆڕ و کۆبونەوە و شەونشینییەکاندا بەشداربووە و هەموانی بە چیرۆک و بەسەر هاتەکانی ئەوکاتەی کوردستان و ناوچەکە کەمەندکێش کردووە. بەهۆی ناوبانگەکەیەوە بۆ دیوانی شێخ و بەگەکانی هەورامان میوانداریکراوە. شێخ سمایلی تەلار لە کەلار هۆگری چیرۆک و حەقایەتەکانی مام باقی هاواری بووە، کاتێک میوانی هاتووە، پیاوێکی بە تایبەت ناردوە بە دوایدا. حەکایەتی ڕۆستەم و زۆراب و شیرین و فەرهاد و چیرۆکەکانی هەزار و یەک شەوە و جۆرەها چیرۆکی پەندئامێزی زانیوە. لە ساڵی ١٩٩١ لە کاتی کۆڕەوەکەدا کۆچیدواییکردوە.
تەوێڵەیی کاغەزی سپی دەخوێننەوە، وتەیەکی باوی نێو هەورامانە، چەند سەرگوزەشتەیەکی مێژوویی پێوە بەستراوە، یەکەم لە بەسەرهاتی نامەیەکی نهێنی و سپی لە مەحمودخانی دزڵییەوە بۆ قادربەگی جافرسان کەوتووەتەوە، پاش گەشتنی نامەکە، قادر بەگ هەوأڵ دەدات بە مەلا ئەحمەدی قازی یان میرزا ئەولقادری تەوێڵەیی، کە بێن و بخوێننەوە، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: نەخۆشم و ناتوانم بێم، بەڵام خۆت بە تەنها ئاگرێک بکەرەوە و کاغەزەکە بدە بە ڕووی ئاگرەکەدا و خەتەکە دەردەکەوێت، ئەوە بە ئاوی پیاز نوسراوە و نهێنییە. پاشان میرزا دێتە لای و دەڵێت قوربان نەخۆش نەبووم، ویستم ئەو نهێنییە هەر خۆت بیزانیت، قادر بەگ دەڵێت دروستبوو، بەڕاستی تەوێڵەیی کاغەزی سپی دەخوێننەوە. دووەم چەند هەورامییەکی دیل و زیندان لە سەردەمی ناسرەدین شادا، یەکێکیان تەوێڵەیی دەبێت، قسەدەکەن چۆن هەواڵی دیلییان بە کەسوکاریان بگەیەنن؟! تەوێڵەییەکە بە ئاوی پیاز نامەیەکی سپی دەنوسێت، هاوڕیکانی دەڵێن خۆ هیچی لێ نەنوسراوە، ئەویش دەڵیت تەوێڵەیی کاغەزی سپی دەخوێننەوە، لەم سەرگوزشتانەوە ئیتر دەبێتە پەند. حاجی ئەولوەهاب و حاجییە خڕە، بە شەریکی کاسپی کاکڵەگوێز دەکەن بۆ بەغداد، حاجی ئەولوەهاب دەڵێت ئەگەر پارەی باشی کرد، خەبەرت بۆ دەنێرمەوە هی تر بکڕە. کاکڵە پار دەکات و کاغەزێکی سپی دەنێرێتەوە و لەو کاتەدا دەگاتە دەستی حاجی محەمەد، حاجی عەبولەی هۆمەر ئاگای لێدەبێت و نامە سپیەکە دەبینێت و تێدەگات، پێش حاجییە خڕە کاکڵەیەکی زۆر دەکڕێت و دەیباتە بەغداد و دەیفرۆشێت، حاجی ئەولوەهاب دەڵێت من بۆیە هیچم نەنوسی دەمزانی تەوێڵەیی کاغەزی سپی دەخوێننەوە.
ئاوی پلوور، ئاوێکی هەمیشەیی بەردەوام و سازگار و خۆشە. لە پاڵ دەستە ڕاستی مزگەوتی گەورەی تەوێڵەدایە و لە ناو بازاڕدایە، چایخانەکان و سێبەری سورەچنارەکەی سەری جوانتری کردووە. تەوێڵەییەکان شەیدای خۆشەویستی و خواردنەوەی ئەو ئاوەن و زۆر وابەستەبوون پێوەی. ڕیککەوتووە و چەندینجار لە سەفەر و کارواندا بیریانکردووە و گەڕاونەتەوە. دەڵێن حەمەکەرەمە خاڵە چووە بۆ کاروان و لە نیوەی ڕێگەدا بەو هۆکارە گەڕاوەتەوە و چووتە سەر کانییەکە و دوای ئاوخواردنەوە، دیارە لە گەڕانەوەکەی پەشیمان بووە و نەفرەت لە کانییەکە دەکات و دەڵێت چیمان پێدەکەیت ناتوانین لێت دوورکەوینەوە!
فۆلکلۆری سەرزاری خەڵکە و پەیوەندیی بە کوشتنی نادرشای قاجارەوە هەیە، کە بەفیتی برازایەکی و یارمەتی هەندێک ئەمیری تر لە خەیمەکەیدا لە خەتم ئاباد ساڵی ١٧٨٤ کوژراوە. نادرشا دوای گرتنی موسڵ و بەغداد و هێرشکردنەوەی عوسمانییەکان، دێتە شارەزوور و بە هەوراماندا گەڕاوەتەوە و لە خارگێلان لادەدات، لە داخی شکانیدا ستەمێکی زۆر لە ڕێگەی گەڕانەوەیدا دەکات. بۆچونی زۆر هەن، کە ژنێکی تەوێڵەیی هێنابێت و بنەماڵەیەک لە تەوێڵە بەناوی نادری دەوڵەتیار بچنەوە سەر نادرشا. چەند کەسی وەک (وەستا مەحمودی مستەفا، شێخ سەفائەدین، سادق غەنی، مامۆستا حەمەڕەشدی نادر) باسیانکردووە، کە نادری دەوڵتیاری تەوێڵە هاوناوی نادر شایە. بەڵام چیرۆکی بوونی دەستی تەوێڵەیی لە کوشتنەکەیدا نازانرێت. ناوی ناسر شا بەسەر چەند پەند و ڕازێکی تەوێڵەوە هەیە و لە زیندانەکانیدا تەوێڵەیی بوونیان هەبووە.
دەربڕین و گوزارشتێکی سەرزاری خەڵکی ناوچەکەیه، کە بەهۆی کوشندەیی ئەم گیانلەبەرە و بەربڵاوییەکەیەوە بەتایبەت لە شارەزوور و دەوروبەری خورماڵ، بڵاوبووە. بەجۆرێک دەوترێت (توانای کوشتنی فیل و وشتری هەبووە). دەگێڕنەوە پاشای ساسانی (ئەنۆشیروان) کاتێک گەمارۆی شاری (نسێبین)ی داوە لە هەرێمی جزیرە و شارەکەی بۆ نەگیراوە، ڕاوێژیان بۆ کردووە لە شارەزوورەوە دووپشک ببات و لە دەورووبەری شارەکە بەرەڵایبکات، لە پاش ئەمە خەڵکەکە بەهۆی زۆری پێوەدانەوە توانای شەڕیان نەماوە و خۆیان ڕادەستکردووە. (أبو دلف الخزرجي)، کە لە (٣٤٠-٣٤١ک/ ٩٥١-٩٥٢ز)دا هاتووەتە خورماڵ و دەورووبەری، دەڵێت: دووپشکی شارەزوور کوشندەترن لە دووپشکەکانی نسێبین.
ئەو کەسە شارەزا و زمانشیرینانەن، کە پێش هاتنی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و هۆیەکانی تری ڕاگەیاندن، لە کۆڕ و دیوەخانی ناوداران و ماڵاندا کۆڕیان بە گێڕانەوەی داستان و حکايەت دانيشتنەکەیان گەرمکردووە. لەوانه: (عەبەدرێژ "باوکی مراد، ، حەمەینە خاڵۆد، خاڵەی مارفە، ئایشێ خێزانی میرزا ئەولقادر، قاتمە خێزانی سۆفی حەسەن، بەگیج ئەولحامید، خورشید حاجی حەمەمین، فاتمە حەبیب، حاجیحەسەاڵحی حاجی سادق، حاجی عەلی حاجی سادق، خواجە حسێن، حاجی عەلی عەباس، حاجی ڕەحمان ڕوحەڵڵا، کوێخا حەمەسەلیم حەمەرەزا، مەلا ئیسماعیل مەلا عەبدوڵا، عەباس فەتاح ڕۆستەم، حاجی محەممەدی حاجی سادق، دەروێش لەتیف وەستا محەممەد، وەستا بەشیر).