بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
دروستکردن و دانانی چەند بەردێکە لەسەر یەک بەشێوەی قەڵا، لە هەورامان پێیدەڵێن (قەڵاتێ) و زیاتر لە دەوروبەری گوندی (بەڵخە)دا باوە. بۆ چارەسەکردنی ئەو کەسانەیه، کە لە کاتی ڕۆشتندا خۆیان دەپێکنەوە و قاچیان پیسدەکەن. ئەم قەڵاتێیە لەسەر ڕێگە دادەنرێت و بە ڕێکەوت کەسێکی تر شەق لە قەڵاکە دەدات و دەیڕوخێنێت. باوەڕوایە ئەو کەسەی قەڵاتیکەی بۆ نراوەتەوه، خۆ پێکانەکەی لەسەر لادەچێت و دەچێت بۆ ئەو کەسەی، کە قاچی بەر قەڵا بەردەکە کـەوتووە و ڕووخـاندویـەتی. دەشـێ لە جیـاتی قـەڵایـەک، چـەند قەڵاتێک دابنرێن.
نەریتێکی ئاینیی پیرشالیارییە. هەندێک پێیانوایە دەگەڕێتەوە بۆ لەدایکبوونی پیرشالیار و مزگێنی لە دایکبوونی ئەوە. هەندێکیش بە لەدایکبوونی کوڕی پیرشالیاری دەزانن. هاوکاتی نەریتی (کۆتە کۆتە)ی منداڵانە، لە گوندی (سەروپیری) منداڵان بە بەردەرگا و پەنجەرەی ماڵاندا دەگەڕێن و نزایەک لە شێوەی هاوار دەکەن: قەڵاڕۆچنێ، بە کوڕ و کناچە شادی بیدێ. بە کوڕ و کچ شادبن. خاوەن ماڵان وەکو بەرات ئەو منداڵانە بێبەشناکەن. مێوژ، گوێز، توو، یان پرەیان پێدەبەخشن. هەورامییەکان باوەڕیانوایە بێبەشکردنی منداڵانی قەڵاڕۆچنێ، دەبێتە هۆی کەمیی ڕزق و بەشدانیان دەبێتە هۆی خێر و بەرەکەت و ڕەزامەندیی پیران. لەم نەریتە کوڕ و کچ بەشدارن و ترس و تۆقانی تێدانییە، لە کۆندا لە زۆربەی لادێکانی هەوراماندا بە ناوی جیاجیاوە کراوە. لە ئێستادا تەنیا لە گوندی سەروپیری دەکرێت.
نەریتێکی ئاینیی پیرشالیارییە. لە دوای نەریتی (قەڵاڕۆچنێ) بەڕێوەدەچێت. لە نەریتەکانی زەماوەندی پیرە و بە سەربڕینی کاوڕەکان بەناوبانگە. لە تایبەتمەندییەکانی: ئاژەڵەکان دەدرێنە دەست گزیرەکان و لە جاڕەلۆی تایبەتی پیرشالیاردا تاڕۆژی قوربانی دەلەوەڕرێن، یەکەم سەر، کە دەکرێتە قوربانی، دەبێت لەلایەن کەسێکی بنەماڵەی (هاڵیشا-پاشایا)وە سەرببڕرێت. بەو باوەڕەی یەکەم کەس لە زەماوەندی پیر و شابارە خاتوندا، کەسیکی ئەو خێڵە یەکەم حەیوانی سەربڕیوە. لە گەڵ سەربڕینەکەدا دەنگی یاپیر بە دەوری ماڵی پیرشالیاردا بەرزدەبێتەوە و لاکەکان دەدرێنە زیرگەوانی ماڵی پیر و بە یاریدەی دەستوپێوەندەکانی، گۆشتەکە بەپشک دەکرێت و بەشدەکرێت. هەر تایفەیەک لەیەکەم جەژندا چ جۆرە گۆشتێکی پێدرابێت، هەر ئەو جۆرەی پێدراوە. لەبەرامبەر ئەو بەشە گۆشتەی، کە دەبرێت، خەڵک (ترشەهەنار، بڕوێش، لەتکە، گەنم، پارە) دەدەنەوە. ئەمەش وەک مامەڵە و نرخ نییە، نەریتە و ئاڵوگۆڕەکە بە باوەڕی پیرۆزیی لێکدەدەنەوە. لە ئێستادا بەهۆی ئاپۆرە و گەشتیار و زۆبوونی میوانەوە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ژمارەی حەیوان و خەرجی زیادیکردووە، کە تێکڕای خەرجی بەڕێوەچوون و پێشکەشکردنی حەیوانەکان هیممەت و بەخشینی خەڵکە.
ناردنی بەشە خۆراکی ماڵێکە بۆ ماڵە دراوسێکەی، بە تایبەتی لە خواردنە دانسقە و خۆشەکاندا، لە هەڵەبجە و هەوراماندا بایەخی پێدراوە و تائێستاش پەیڕەودەکرێت، دەبێتە نەریتی چەند دراوسێ و بەردەوام کاسە، قاپێک لە نێویاندا دێت و دەچێت، لە ناردنی خواردن بۆ یەکتری، گەر خواردنەکە زۆر بێت و لە دراوسێیەک زیاتر دەگرێتەوە. زۆرجار دراوسێی دووەم، کە قاپەکەی بۆ چووە، نەیهێشتووە قاپەکە بە خاڵی بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکە. نەریتەکە چووەتە ناو پەند و ئیدیەمی کوردییەوە.
کەپر و ساباتی هەوارگەکانی ئەو خەڵکانەن، کە لە گوندەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، بە تایبەت ناحیەی بەمۆ و شوێنە گەرمەکاندا بوون. هەموو ساڵێک لە سەرەتای وەرزی هاوین بۆ خۆڕزگارکردن لە گەرمای هاوین دروستیانکردووە و کۆچییان بۆ کردووە. هەتا وەرزی پایز لەو کەپرانەدا ماونەتەوە و لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی باراندا، کۆچیانکردووەتەوە بۆ ناو ئاواییەکان. لە هەورامان کۆچ بۆ ناو باخەکان بووە و هەندێک جاریش بۆ هەوارەکان.
کارێکی نەریتی و سوننەتی نێو موسڵمانانی ناوچەکەیە. باوەڕ وەهایه، کە خوێنی پیس و کۆبووەوە لە جەستە دەردەکات. ئێش و ئازاری شان و مل و قاچ و قول ناهێڵێت. دوو جۆری هەیە: تەڕ و وشک. تەڕەکەی بەهۆی موس یان بڕەرێکەوە دەبێت، کە پێستی کەسەکەی بە زۆری لە نێوان شان و مل و پشتی پێ شەقارشەقار دەکرێت و مژەری بۆ کۆکردنەوەی خوێنە پیسەکە پێوە دەنرێت. لە کۆندا کەسانێک لە باوان یان لە خۆیانەوە فێری کارەکە بوون، بەڵام لە ئێستادا عیادەی پزیشکی تایبەت لە هەڵەبجە و شارۆچکەکانی بۆ ئەم مەبەستە کراونەتەوە و لەژێر چاودێریی لایەنی تەندروستیدا دەکرێت.
نەریتێکی ئاینیی پیرشالیارییە. دووەم هەنگاوی نەریتییە لە زەماوندی پیرشالیاردا. لەگەڵ تاریک داگەڕانی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، کوڕوکاڵ بە هەڵبەستنی دەمامک و ڕەنگکردنی دەموچاویان لە پشت دەرگای ماڵانەوە خۆ دادەگرن و دەڵێن: کۆتە کۆتە. لەگەڵ کردنەوەی دەرگادا بە کەسەکەدا هەڵدەبەزن و دەیترسێنن بە تایبەت ئافرەتان، پاشان ڕاودەنرێن و دەگەڕێنرێنەوە بە وەرگرتنی کیسەیەک ڕازیدەکرێن. بە باوەڕی هەورامییەکان ڕیشە و بنەوانێکی نییە و بۆ گاڵتە و تامبەخشین خراوەتە نێو ڕەسمەکەوە.
باوێکی ماتەمگێڕی و شیوەنی کۆنی کوردییە، کە تەدارەکێکی دینیی و درامی هەیە. کارێکی پێکەوەیی و هونەرییە لە نەریتەکانی پرسەیە بۆ هەندێک کەسی بەناوبانگ. دوای مردنی کەسێکی گەورە و سەردار، دەگێڕدرێت. کات و شوێن و کەسایەتی و کەلوپەل و میوزیک، لە پێویستییەکانی کۆتەڵگێڕانن. ئەم شێوازە ماتەم و نواندنە پێویستی بە گروپێکی ڕاهاتوو شارەزای جموجوڵەکان هەیە. دەکرێت هەڵەبەستی تایبەتی (چەمەری) لەگەڵ نمایش و جوڵەی کەسەکاندا بوترێت. زوڕناژەن و دەهۆڵ کوت و گۆرانیبێژی شارەزا بە ئاوازی لاوانەوە و شین، بەشداردەبێت. کەلوپەلی تایبەتی مردووەکە لە جلوبەرگ و پۆشاک و ئەسپ و خەنجەر و تەسبیح و هتد، لە کۆتەڵگێراندا دادەنرێنەوە. هەندێک جار کۆتەڵگێران بۆ ماوەیەکی زۆر وەک عەزاداری و پرسە درێژەی دەبێت. لە هەڵەبجە و هەوراماندا کۆتەڵگێڕان بۆ (ئەحمەدموختاری شاعیر و کەریم سان) گێڕراوە.
نەریت و کردەکەی شوانە. بریتییە لە هێنانەوەی (ڕان) لە لایەن شوانەوە لە کەژ و شوێنی لەوەڕگاوە، بۆ شوێنیکی نزیک لە ئاوایی. بە مەبەستی دۆشینیان لە لایەن بێری و خاوەنەکانیانەوە. بەهاران دووجار و هاوین و پاییزان جارێک. ئەم کردەیە بەپەڵەدان کۆتاییدێت.
شایی و ئاهەنگ و موژدەدان و بەشکردنەوەی شیرینییە، بە زۆری لە کاتی لە دایکبوونی منداڵی نێرینەدا کراوە. لە هەورامان گوێز لەبری شیرینی بەسەر ئامادەبووندا دەبەخشرێتەوە یان دەنێررێت بۆ ماڵان. زیاتر لە بۆنەکانی (گەڕانەوەی کاروان، هاتنەوەی حاجیان، چاکبوونەوەی نەخۆش، بوون بە گەورەیی و ئەنجام بەدەستهێنانێکی گەورە، لە دایکبوونی منداڵ دوای چەند ساڵ لەدایکبوونی برای کچان... هد) ڕێکدەخرێت. لە هەوراماندا (وەزەبان)یشی پێدەوترێت.
مەراسیم و ڕەسمێکی ئایینیی یارسانەکانە. بۆ هەرکەسێکی یارسانی زۆر پێویستە هەر خێزانێکی یارسانی، کە منداڵیان دەبێت، پێویستە سەرسپوردەی بۆ بەجێبهێنن هەتا منداڵەکەیان بێتە ڕیزی یارسانەوە. پەیوەندی_بەستنی نێوان کەسێکی یارسان و دوو پێشەوای دینییە. ئەو شتانەی بۆ سەرسپاردن پێویستن: (گرتنی پیر و دەلیل، لەو بنەماڵەی، کە باوکی منداڵەکە سەرسپوردەیان بووە، یەک دانە گوێزی ساخ، قوماشێکی سپی درێژی و پانی یەک مەتر کەمتر نەبێت، نیاز (بڕێک نەبات) کەڵەشێرێکی باڵق، بڕێک پارە، سکەی محەمەدی، لای پیرەکان هەیە، چەقۆیەک بۆ بڕینی سەری گوێزەکە، دەفتەر بۆ خوێندنی دوعا. وەک هێمایەک بۆ دەفتەری پیر موسا، کولیچە (کولێرەی ڕەمزبار) دوای سەرسپاردن ژن و ژنخوازی لە نێوان سەر سپێرەکەو پیر و دەلیلەکەدا نامێنێت.
لە بیروباوەڕی موسڵماناندا، شەوێکی پیرۆزە. قورئانی تێدا هاتووەتەخوارەوە و قورسایی و سەنگینییەکەی لە هەزار مانگ زیاترە. چەندین فەرمودەشی لە بارەیەوە هەیە. ئەو شەوە دەکەوێتە دە شەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزان. زانایان بەگشتی بۆ شەوە تاکەکانی ٢١، ٢٣، ٢٥، ٢٧، ٢٩ دەچن. لەو شەوانەدا موسوڵمانان لە مزگەوت دەمێننەوە و قورئان دەخوێنن و شەونوێژ دەکەن و خوداپەرستی ئەنجامدەدەن. لە هەڵەبجە و ناوچەکانیدا، لەو دە ڕۆژەدا خێر دەکەن و خواردن و شیرینی دەبەخشنەوە.
بۆنە و ڕێوڕەسمێکی ئایینی و کۆمەڵایەتییە. یارسانیانی گوندەکانی هاوار و هەوارەکۆن و دەرەتوێ لە مانگی گوڵاندا بەرهەمی شیرەمەنی و مەڕ و ماڵاتیان بردووەتە بەر زەوی وەلی و لەبن دارێک بەرهەمەکەیان بەخشیوە بەو ماڵانەی ماڵاتیان نەبووە. سەرچاوەی بۆنەکە بۆ ڕۆژی شەهیدبوونی (میر ئەسکەندەری خامۆشی) لە (گوندی دەرەشیش) بە دەستێکی نادیار دەگەڕێتەوە. لەکاتی گەڕانەوەی تەرمەکە بۆ گوندی هاوار و ئەو شوێنەی، کە ئێستا بەناوی مەزارگەی (میر ئەسکەندەر) ناسراوە. بەڵام یادکردنەوەکە بۆ پرسەگێران نییە، بەڵکو بۆ فێربوونی وانەی (ڕەدا - بەخشینە). لە خۆشی هاتنی بەهار و دەربازبوون لەزستان، شیری ڕۆژێک کۆدەکەنەوە، دەیکەن بە ماست، لە شوێنێک کۆدەبنەوە پێیدەڵێن (قەڵاتێ). بۆ نانی نیوەڕۆ بەشداربوانی پرسەکە لە تەختاییەکی گوندەکە بەناوی (قەڵاتێ) کۆبونەتەوە و هەرکەسە و لە ماڵی خۆی قاپێک ماست یان بەرهەمی شیرەمەنی بردووە و خەڵک نان و ماستی خواردووە. وەک نەریتێکی تایبەت بە گوندەکانی (هاوار و هاوارەکۆن و دەرەتوێ) دەناسرێت نەک بۆنەیەکی ئایینیی کاکەیی. ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی ئاشتەوایی لێهاتووە. سپێتیی ماست کراوەتە بەهانەیەک بۆ پاککردنەوەی دڵ و دەروون و ئاشتبونەوەی ئەوانەی، کە لەیەکتر زویربوون. پاش تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکە هەرچیش ماوەتەوە دابەشکراوە بەسەر ئەو ماڵانەی کە مەڕوماڵاتیان نەبووە. ئەم یادە لە ٢٠ی ٤ی ساڵانە یاددەکرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی فراوانتر و کۆمەڵێک خواردنی کوردەواری پێشکەش بە ئامادەبووان دەکرێت، لە زۆر شوێنەوە میوان بانگهێشت دەکرێن، کە دەکرێت کاکەیش نەبن. هەموو ئەمانە بەشێوەیەکی خۆبەخشانە ئەنجامدەدرێن. هەندێکجار چالاکیی تازەی تێدا ئەنجامدەدرێت، وەک ژەنینی ئامێری تەمبوور.
نەریتێکی مانگی ڕەمەزانی نێو کوردەوارییە. لە ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور باوبووە. بریتیییە لە چوونی فەقێ یان موستەعید بۆ ناو ئەو هۆبە و هەوار و گوندانەی، کە مزگەوتیان نەبووە، یان مزگەوتیان بێ مەلا بووە. بە زۆری لە مانگی ڕەمەزاندا پەیڕەوکراوە. لە بەرانبەر نوێژ و تەراویح و نوێژی جەژندا، فەقێ سەرفیترە و زەکاتی پێدەدەن و جاری وا هەیە فەقێ، گفت بەو شوێنە دەدات، کە دوای مۆڵەت ببێنە مەلایان. بەو مامۆستایانە وتراوە مەلای ڕەمەزانی.
ساڵیادی ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەرە و کەوتووەتە ڕۆژی ١٢ـی ڕەبیعولئەوەلی مانگی کۆچی. موسوڵمانانی ناوچەکە و پارێزگای هەڵەبجەش وەک زۆربەی شوێنەکانی تر، لە ڕۆژی ١٢ و تێکڕای مانگەکەدا ئاهەنگ دەگێڕن و شیعر قورئان دەخوێنن و زیکری سۆفی و حاڵی دەروێشان پێشکەشدەکەن.
بریتییە لە گەیاندنی هەواڵی خۆش و شاد لە لایەن کەسێکەوە بە ئەوانی تر و لە کاتی گەیاندنی هەواڵەکەدا، هەواڵدەر دەڵیت: مزگێنیم بدەرێ. ئەم نەریتە زیاتر لە کاتی گەیاندنی هەواڵی منداڵ بوون و گەڕانەوەی کەسی دوور و تەواوکردنی خوێندن و چاکبوونەوەی نەخۆش و ...هتدا بووە. مژدەدەر بۆ وەرگرتنی مزگێنییەکەی، لە گەیاندنی هەواڵەکەدا، هەل لەدەستنادات. ڕیشەیەکی کۆنی هەیە و لە ئایینەکاندا مژدەدەر و مزگێنی باسکراوە و چووەتە ناو ئەدەبی کوردییەوە.
نەریتیکی فۆلکلۆری منداڵانەی زۆربەی گوندەکانی هەورامانە. بریتییە لە خەواندنی مریشک. لە ئەنجامی پەیوەندیگرتنی منداڵان بە گیانلەبەرە ماڵییەکانەوە. زیاتر لە بەهار و هاویناندا دەکرێت. سەروملی مریشکەکە بە شیوازێک لار دەکرێتەوە و دەخرێتە بن باڵێکی مریشکەکە و تف دەکرێتە سەر باڵی و بە هێمنی دەست دەهێنرێت بەپشتیدا و جارجار بە ڕاست و چەپدا دەخرێت و دەوترێت (ئیلا چاڵ و ئۆ لا چاڵ، کەرگەکێ بووسە، چەقەڵ ئاما، ئەملا چاڵ و ئەولا چاڵ مریشکەکە بنوو چەقەڵ هات). بەم شێوەیە مریشکەکە شل دەبێت و دەخەوێت.
نەریتیکی ئایینی ئیسلامە. موسڵمانانی ناوچەکە بڕوایانپێیەتی و لە کاتی کەم_ئاوی و وشکەساڵیدا، نوێژ بە مەبەستی بارینی باران دەکەن. پێغەمبەری ئێسلام و هاوەڵانی چەند جارێک ئەنجامیانداوە. بە شێوازی نوێژی جەژنە و دوو ڕکاتە و بە کۆمەڵ دەکرێت. قامەت و بانگی نییە. باش وایە لە دەرەوە و لە دەشتدا بکرێت، هەموو موسڵمانان بە منداڵ و ئافرەتەوە دەربچن بۆ نوێژەکە، نزا بۆ ڕەحمەت بکرێت. جلەکان هەڵبەگەڕێنرێتەوە. پیاوچاکێکی پارێزکار و دڵپاک ببێتە ئیمام.
سەرە و نۆرەی ئاودانی باخە. لە هەوراماندا پێیدەوترێت نۆباو. وەک نەریتێکی کۆمەڵایەتی دامەزراوە و بەرێکوپێکترین شێوە بەڕێوەدەچێت. دابەشکردنی ئاو لە هەوراماندا یان بە پێی سەعات بووە، یان بەپێی جوڵە و تیشکی خۆر. لەکاتی ئاودان و نۆباودا، میراو بۆ دابەشکردنەکە و سەرپەرشتی جۆگەکان دادەنرێت.
نەریتێکی ئاینیی یارسانەکانە. بە واتای زاراوەیی (نیەت، قەست، ئارەزوو، مەبەست) دێت. لای یارسانەکان داب و دەستورێکی دیینیە بۆ (سفرەی گشتـی) و یەکێک لە ڕێنوێنی و دابینکراوەکانی (جەم)ە. نیاز پێکهاتووە لە (یەک شاخە نەبات، قەند، مێوژ...) خوێندنی یەکەم دوعایە، کە لە یەکەم جەمدا بە فەرمانی سوڵتان لەلایەن سەید محەممەدی گەورە سوارەوە.