بەرازە سپییەکەی بێزەل

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


لاپەڕەی 570

ئەفسانە

‌ کەسێکی نەفرەت لێکراوە دژایەتی بابا ناوسی کردووە لە گوندی سەرگەتی هەورامان و هەتا ڕۆژی دوایی (کرد و کەرەم) مردنی بۆ نییە. چەند دەروێشێکی یاری، خەودەبینن و پێیاندەوترێت بڕۆن و لە گوندانە تەپڵ لێدەن و زیکری خودا بکەن، لە هەر گوندێک دەنگی تەپڵتان بەرزبوویەوە، لەو گوندە ئەو کەسە دەدۆزنەوە، کە زاتی خودای تێدا جێگیرە. لە گوندی سەرگەت لە هەورامان دەنگی تەپڵ بەرز دەبێتەوە و باباناوس دەناسنەوە. کەسەکە دەبێت بە بەرازێکی سپی و مریدانی دەبن بە سەگ و دوایاندەکەون هەتا گوندی بێزەل. لەوێ مریدەکان دەبنەوە بە مرۆڤ، بەڵام کەسەکە بە بەرازی هەتا ڕۆژی دوایی دەمێنێتەوە. لەسەرچاوەکاندا کەسەکە بە ناوی (خوگە چەرمە) هاتووە.

سەرچاوەکان:

  1. گۆڤاری (هەڵەبجە)، ئەفسانەکانی حەقیقەت، مامۆستا بەهرۆز، ژمارە١٧، خولی دووەم، ٢٠٠٩، ل٥٢-٥٣.
  2. سرانجام مجموعه کلامهای یارسان، گرداوەری تحقیق و ویراسته: طیب طاهری، چاپخانەی ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٧، ص٧٢.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

5

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئاڵ

ژنێکی ئەفسانەییە و لە خەیاڵ دروستکراوە، لە بیروباوەڕی پێشینانی خەڵکی ناوچەکەدا دوژمنی ژنی دووگیان و کاتی منداڵبوونە، بۆیە لایان وابووە، کە لە کاتی منداڵبووندا چڕنووک لە منداڵی دایکەکە دەگرێت و خوێنی زۆری لێدەڕوات. ئەگەر منداڵ بە مردووی لە دایک بوایە، یان لەبار بچووایە، دەوترا (ئاڵ بردویەتییەوە). بۆ چارەسەری ئەمە، پشتێن یان جامانە و مشکیی ژنمردەیەکیان بە ئاڵ لە سەری زەیسانەکە پێچاوە و بەم کارەش وتراوە (ئاڵبڕە).

بێدەنگکردنی ڕوباری سیروان

بێدەنگ ڕێکردنی ئاوی سيروانە لە شوێنێکی گوندی شێخان لە لایەن سوڵتان سەهاکەوە. سوڵتان لەگەڵ سێ لە یارانی دەچێتە پردێوەری نزیک گوندی شێخان، دەستدەکەن بە خانو دروستکردن، لەلایەن (پیر مکایەڵی دەودانی)یەوە ڕێگریان لێدەکرێت. سوڵتان بۆ وتوێژ، پیر بانگدەکاتە نزیک ڕوباری سیروان. سیروان لەو شوێنەدا خوڕ و خرۆشاو دەبێت و گوێیان لە قسەی یەک نابێت. سوڵتان (هەی) لە سیروان دەکات، یان دارێک لە سیروان دەدات و بێدەنگی دەکات.

پشیلەڕەش

دەوترێت، کە ڕووداوەکە لە گوندی سەرکەنی پێنج کیلۆمەتری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە ڕوویداوە. گوندێکی ئاوەدان بووە. دانیشتوانەکەی دەکەونە بەر نزای کیژێکەوە، کە لە لایەن گەنجێکیانەوە دەستدرێژی کراوەتەسەر. بە هۆی پشیلەیەکی ڕەشەوە سەرجەم دانیشتوانەکەی بەر نەفرەتی خوا دەکەون و لە ناودەچن. پشیلەکە ڕۆژانە سەر دەکات بە ماڵێکدا و دەمیاوێنێت، دەمودەس ئەندامانی ئەو ماڵە دەمرن. گێرانەوەیەکی تر دەيبەسێت بە ڕوداوی شوکردنی کیژێکی ئێرانیەوە بەلاوێکی ئەم گوندە. کیژە برایەکی بچووکی لێ بەجێدەمێنێت، گەورە دەبێت و دێتە وڵاتی مێردی خوشکەکەی و دەیدۆزێتەوە و شەوانە دەچێتە ماڵی خوشکەکەی. خەڵک بوختانی بۆ دەکەن و دەڵێن دۆستی ژنە‌یە نەک برا. مێردەکەی شەو دەیکوژێت، خوشکەکە دوای کوشتنی براکەی دوعای لەناوچوونی خەڵکەکە دەکات. پشیلەڕەش پەیدا دەبێت و خەڵک دەزانن هۆکارەکە پشیلەڕەشەیە. دوای دەکەون بیکوژن، پشە دەچێتە کونێکەوە، هەتا ئێستاش بەو چەمە دەوترێت چەمی پشیلە ڕەش. بە دەرکەوتنی خێزانێک دەمرن و خۆی وندەکات هەتا تەرمی ئەوان دفن بکرێت، دەرکەوتووەتەوە و بەو جۆرە تاقیان لێدەبڕێت. تەنیا کوڕی پیرەژنێک ڕزگاری دەبێت.