ڕەمەزان
جەژنێکی تایبەتە بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و موسڵمانانەوە. سێ ڕۆژە. یەکەم جەژنە و لە یەکی شەوالی هەموو ساڵێکدا دوای گرتنی مانگێک لە ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان موسڵمانان جەژن دەکەن. هەرچەندە عەرەفە پەیوەندی بە ڕەمەزانەوە نییە. بەڵام موسڵمانان بە کۆتا ڕۆژی مانگی ڕەمەزان و ڕۆژی پێش جەژنەکە هەر دەڵێن عەرەفە. لە ئادابەکانی تەکبیرکردن و خۆشۆردن و بۆن لە خۆدان و لەبەرکردنی جلی جوان، خواردن پێش نوێژ و دەرچوون بۆ نوێژکردن بەپێ و ڕێگا گۆڕینی هاتنەوە. بە ئەڵاهوئەکبەر لە شەوەکەیدا مژدە دەدرێت و بە تەکبیر لە بەیانیدا و ئەنجامدانی دوو ڕەکات نوێژی جەژنەکە و پێشکەشکردنی وتاری جەژن لە بەیانیەکەیدا ڕادەگەیەنرێت. نوێژەکەی لە ساڵی دووەمی کۆچیدا دانراوە. کاتەکەی بەرزبوونەوەی خۆر ئەوەندەی دوو مەتر هەتا لادانی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان، لە تایبەتمەندی و وێسگەکانی مانگەکە، کە جەژنەکەی بە ناوەوە کراوە، هاتنە خوارەوەی قورئان، شەوی قەدر، شەڕی بەدر و دانی سەرفترە و خێر و خێرات. چەندین فەرموودەی لە بارەوە هەیە و بە پیرۆز باسکراوە. موسڵمانان دیدەنی یەکتری دەکەن و داوای گەردنئازادی و ئاشتەوایی لە یەکدی دەکەن و شادی و خۆشی دەردەبڕن. خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان لە دوای موسڵمانبوونیانەوە تائێستا پابەندن پێیەوە و خواردنی تایبەتی ناوچەیی ئامادەدەکەن، کە بە گشتی برنج لە گەل شلەی فاسۆلیا یان قەیسی دەبێت و شیرینی دەگێڕن. منداڵانیش بە جەژنانە دڵخۆش دەکەن. لە تایبەتییە فەرهەنگییەکانی ناوچەی هەڵەبجە و هەورامان، بەشداریکردنی یارسانییەکانی هاوار و هەوارەکۆن و دەرەتوێیە لە ڕۆژانی جەژندا لەگەڵ موسڵماناندا.
زەماوەندی پیر
جەژنێکی ئایینی و ئوستورەیی دێرینە، بە زەماوەندی پیریش ناسراوە بە تایبەتمەندی و کۆمەڵێک ڕێسا و نەریتی خۆیەوە، کە تەواوی قۆناغەکانی بەڕێوەچوونی نەریتەکە دووهەفتە دەخایەنێت. لە ناوەڕاستی زستانی هەرساڵێک و دوولایی مانگی ڕێبەنداندا، کە سی و پێنج ڕۆژ زستان دەمێنێت، لە شاری هەورامانی تەخت، کە مەزارو ماڵ و خەڵوەتگەی پیرشالیاری لێیە، بەڕێوەدەچێت. بووەتە شوناسێکی جڤاتی هەورامان و لە ئاستێکی بەرفراون و ئوستوورەیی و باوەڕەوە بۆ بەدەستهێنانی پیرۆزی و ڕەزامەندیی هێزی نادیار، خەڵکی بەشداری تێدادەکەن. تەواوی کەشوهەوای ڕەسمەکە بە پیرۆز گیراوە (کاتی پیرۆز، شوێنی پیرۆز، کەسایەتیی پیرۆز). لە نەریتەکانی (خەبەر، کۆتەکۆتە، قەڵاڕۆچنێ، قوربانی، چاشتەتشێ، شایی و هەڵپەڕکێ، جەمی سەرمەزاری پیر، جەم ناڵی پیر، تربێ) سەرەڕای بە خرۆشخستنی خەڵکی، چەندین هێما و خاڵی گوزارشتی تێدایە، کە دەشێت ببنە بنەمایەک بۆ ئوستورەی کوردی. ڕەسمەکانی بە شێوازی تایبەت و نەگۆڕ ساڵانە دووبارە دەکرێنەوە و پێشوازیانلێدەکرێت. لە نەزری هەرکەسێکدا، کە بڕیاری قوربانی دراوە، سەرێک یان چەندسەر ئاژەڵ دەکرێتە قوربانی. مۆسیقای بوومی و گۆرانی لە کاتەکانی شەونشینی و تربێ و جەمی سەر مەزار و کۆمسادا، لەدرێژەی بەڕێوەچوونی جەژنەکەدا دەوترێنەوە. (گێتەمەژگە و ماست، چاشتەتشێ) لە خواردنە نەریتییەکانی جەژنەکەن. زۆربەی ئەرکە قورسەکان و هەڵسوڕانی نەریتەکە لە لایەن پیاوانەوە بەڕێوەدەچن و ژن بەشدارییەکی کەمی جەژنەکەی پێسپێرراوە. ئەویش خاوێنکردنەوەی ماڵی پیر و دروستکردنی کولێرە بەکاکڵە و خواردەمەنییە. ئەوەش ڕیشەیەکی ئایینی میتراییە.
کەپرەشینە
جەژنێکی جولەکەیە. لەوەرزی پاییزدایە، کۆتایی مانگی نۆ یان سەرەتایی مانگی دە. جولەکەکانی هەڵەبجە لە حەوشەکەیاندا یان لەسەر سەکۆ و بەرماڵیاندا بە گەڵا و شتی ڕەنگاوڕەنگ، کەپر و ساباتێکی ڕازاوەیان دروستکردووە. مێزێکی نزمی پڕ میوە و سەوزەیان ئامادەکردووە و خواردنەوەکانیان لەسەر داناوە و بە دەوریدا لەسەر دۆشەک و ڕاخەر دانیشتوون. گۆرانییان وتووەتەوە. سرودە ئایینییەکانیان بە عیبری و گۆرانییەکانی تریان بە کوردی و ئاوازەکانی دەوروبەری هەڵەبجە وتووەتەوە. لەکاتی بەڕێوەچوونی ڕەسمی ئەم جەژنەدا، باران باریوە و کەپرۆکەکەی تێکداون. گەر بارانیش نەباریبێت، کەپرەکەیان لا نەبردووە هەتا بارانی ساڵ باریووە. ڕەنگە خۆشیی ئەو جەژنە وەک نەریتێکی ئایینی بۆ بارینی باران بێت.
قەوڵتاس
جەژنێکە تایبەت بە یارسانەکان، کە دوای سی ڕۆژ ڕۆژووگرتن لە چلەی زستاندا دەکرێت و بە جەژنی یارانی (قەول تاس) ناسراوە. قەول: بەمانای (وتە)یە و (تاس) بە مانای (ئاسمان) دێت.
نەورۆز
جەژنێکی کۆنی جیهانیی زۆرێک لە گەلانە، گەلی کورد بە جەژنی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، شاعیران و هونەرمەندان، گەلێک شیعر و سرودیان بۆ وتووە. سەرەتایەکی دیاریکراو بۆ جەژنەکە نییە. ڕەهەندی ئایینی و نەتەوەیی و سروشتی و ئەفسانەیی هەیە. سەرەتای ساڵنامەی کۆچی هەتاوییە و ساڵنامەی کوردیش بە نەورۆز ساڵی نوێی دەستپێدەکات. دیارترین سیمای کردنەوەی ئاهەنگە لەو ئێوارەیەی، کە سبەی دەبێتە یەکەم ڕۆژی نەورۆز. لە ساڵی زایینیدا ڕێکەوتی ٢١ی ٣ی هەموو ساڵێک دەکات. لە هەڵەبجە و هەورامان لە کۆنەوە لە شوێنە بەرزەکاندا ئاگر کراوەتەوە و سەربانی ماڵەکانی هەورامان بە خۆڵەمێشی بە نەوت شێلراو، ئاگرەکە هەڵکراوە و وەک ملوانکەی گڕین دەرکەوتووە و کەسێک بە ناوی بابا نەورۆز خۆی نواندووە. خەڵکی خۆیان ڕازاندووەتەوە و ئاهەنگیان گێڕاوە. چەند ساڵێکە بە فەرمی و بە دروستکردنی مەشخەڵ و بەشداری جەماوەر لە لەلایەن کاربەدەستان و ناوەندە ڕۆشنبیریەکانەوە، شوێنێک بۆ یادەکە دیاریدەکرێت و ئاگری نەورۆز هەڵدەکرێت. وەک بەردەم عەبابەیلێ، چاوگ، عەنەب، هاوار، تەپەسەوز، بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی هەڵەبجە، خورماڵ..هتد.