باقی کەیخەسرە و هاواری
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
ناوی تەواوی باقی کەیخەسرەو فەتاحە، لە ساڵی ١٩١٣ لە گوندی هاوار لە دایکبووە، لە وەرگرتنی زانیاری چیرۆکی پێشیناندا، کەسێکی بەهرەدار بووە. سەرەڕای ئەوەی خوێندەواری نەبووە، بەڵام لە کۆڕ و کۆبونەوە و شەونشینییەکاندا بەشداربووە و هەموانی بە چیرۆک و بەسەر هاتەکانی ئەوکاتەی کوردستان و ناوچەکە کەمەندکێش کردووە. بەهۆی ناوبانگەکەیەوە بۆ دیوانی شێخ و بەگەکانی هەورامان میوانداریکراوە. شێخ سمایلی تەلار لە کەلار هۆگری چیرۆک و حەقایەتەکانی مام باقی هاواری بووە، کاتێک میوانی هاتووە، پیاوێکی بە تایبەت ناردوە بە دوایدا. حەکایەتی ڕۆستەم و زۆراب و شیرین و فەرهاد و چیرۆکەکانی هەزار و یەک شەوە و جۆرەها چیرۆکی پەندئامێزی زانیوە. لە ساڵی ١٩٩١ لە کاتی کۆڕەوەکەدا کۆچیدواییکردوە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (یاسین باقی کەیخەسرەو)، لەدایکبوو: ١٩٥٧، ئاستی خوێندن: ناوەندی، پیشە: خانەنشین، ٢١ی ٢ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
ئامادەکردنی: ئاکۆ شاوەیس هاواری