زەماوەندی پیر
جەژنێکی ئایینی و ئوستورەیی دێرینە، بە زەماوەندی پیریش ناسراوە بە تایبەتمەندی و کۆمەڵێک ڕێسا و نەریتی خۆیەوە، کە تەواوی قۆناغەکانی بەڕێوەچوونی نەریتەکە دووهەفتە دەخایەنێت. لە ناوەڕاستی زستانی هەرساڵێک و دوولایی مانگی ڕێبەنداندا، کە سی و پێنج ڕۆژ زستان دەمێنێت، لە شاری هەورامانی تەخت، کە مەزارو ماڵ و خەڵوەتگەی پیرشالیاری لێیە، بەڕێوەدەچێت. بووەتە شوناسێکی جڤاتی هەورامان و لە ئاستێکی بەرفراون و ئوستوورەیی و باوەڕەوە بۆ بەدەستهێنانی پیرۆزی و ڕەزامەندیی هێزی نادیار، خەڵکی بەشداری تێدادەکەن. تەواوی کەشوهەوای ڕەسمەکە بە پیرۆز گیراوە (کاتی پیرۆز، شوێنی پیرۆز، کەسایەتیی پیرۆز). لە نەریتەکانی (خەبەر، کۆتەکۆتە، قەڵاڕۆچنێ، قوربانی، چاشتەتشێ، شایی و هەڵپەڕکێ، جەمی سەرمەزاری پیر، جەم ناڵی پیر، تربێ) سەرەڕای بە خرۆشخستنی خەڵکی، چەندین هێما و خاڵی گوزارشتی تێدایە، کە دەشێت ببنە بنەمایەک بۆ ئوستورەی کوردی. ڕەسمەکانی بە شێوازی تایبەت و نەگۆڕ ساڵانە دووبارە دەکرێنەوە و پێشوازیانلێدەکرێت. لە نەزری هەرکەسێکدا، کە بڕیاری قوربانی دراوە، سەرێک یان چەندسەر ئاژەڵ دەکرێتە قوربانی. مۆسیقای بوومی و گۆرانی لە کاتەکانی شەونشینی و تربێ و جەمی سەر مەزار و کۆمسادا، لەدرێژەی بەڕێوەچوونی جەژنەکەدا دەوترێنەوە. (گێتەمەژگە و ماست، چاشتەتشێ) لە خواردنە نەریتییەکانی جەژنەکەن. زۆربەی ئەرکە قورسەکان و هەڵسوڕانی نەریتەکە لە لایەن پیاوانەوە بەڕێوەدەچن و ژن بەشدارییەکی کەمی جەژنەکەی پێسپێرراوە. ئەویش خاوێنکردنەوەی ماڵی پیر و دروستکردنی کولێرە بەکاکڵە و خواردەمەنییە. ئەوەش ڕیشەیەکی ئایینی میتراییە.
کەپرەشینە
جەژنێکی جولەکەیە. لەوەرزی پاییزدایە، کۆتایی مانگی نۆ یان سەرەتایی مانگی دە. جولەکەکانی هەڵەبجە لە حەوشەکەیاندا یان لەسەر سەکۆ و بەرماڵیاندا بە گەڵا و شتی ڕەنگاوڕەنگ، کەپر و ساباتێکی ڕازاوەیان دروستکردووە. مێزێکی نزمی پڕ میوە و سەوزەیان ئامادەکردووە و خواردنەوەکانیان لەسەر داناوە و بە دەوریدا لەسەر دۆشەک و ڕاخەر دانیشتوون. گۆرانییان وتووەتەوە. سرودە ئایینییەکانیان بە عیبری و گۆرانییەکانی تریان بە کوردی و ئاوازەکانی دەوروبەری هەڵەبجە وتووەتەوە. لەکاتی بەڕێوەچوونی ڕەسمی ئەم جەژنەدا، باران باریوە و کەپرۆکەکەی تێکداون. گەر بارانیش نەباریبێت، کەپرەکەیان لا نەبردووە هەتا بارانی ساڵ باریووە. ڕەنگە خۆشیی ئەو جەژنە وەک نەریتێکی ئایینی بۆ بارینی باران بێت.
قەوڵتاس
جەژنێکە تایبەت بە یارسانەکان، کە دوای سی ڕۆژ ڕۆژووگرتن لە چلەی زستاندا دەکرێت و بە جەژنی یارانی (قەول تاس) ناسراوە. قەول: بەمانای (وتە)یە و (تاس) بە مانای (ئاسمان) دێت.
قوربان
لەجەژنە پیرۆزەکانی ئایینی ئیسلامە و موسڵمانان وەک جەژنی ڕەمەزان بایەخی پێدەدەن. لە ١٠ی زیلحجەی هەموو ساڵێکی کۆچیدا دوای وەستانی حاجیان لە عەرەفە دەستپێدەکات و چوار ڕۆژ بەردەوامی هەیە. بە ڕۆژی وەستانی حاجیان لە کێوی عەرەفە لە نۆی مانگەکەدا دەوترێت عەرەفە. جەژنەکە لە یادکردنەوەی بەسەرهاتی خەوی حەزرەتی ئیبراهیم و فەرمان_پێکردنی بەسەربڕینی ئیسماعیلی کوڕییەوە سەرچاوەدەگرێت. کە دەبێت ببرێتە قوربانیگا و نیەتی قوربانی لێبهێنرێت. پاش سەرکەوتنی ئیبراهیم لە تاقیکردنەوەکەدا، خودای گەورە قوربانیدانی کوڕەکەی، بە ناردنی شەکێک بۆ دەگۆڕێت. بۆیە مسوڵمانان لەو یادکردنەوەدا ئاژەڵ سەردەبڕن و جەژنەکە بە قوربان ناوبراوە. هەندێک جیاوازیی نەریتی لە نێوان مەزهەبەکاندا سەبارەت بە ڕێوشوێن و ئادابی جەژنەکە و وردەکارییەکانی هەیە، بە تایبەت لە تەکبیرکردندا. لەم جەژنەشدا تەکبیرکردن و خۆشۆردن و دوو ڕەکات نوێژکردن، کە لەساڵی یەکەمی کۆچییەوە دانراوە، بە پێی توانا، قوربانیکردن هەیە و نۆ ڕۆژەی پێش جەژنیش بە نۆمینەی حاجیان ناسراوە، کە موسڵمانان وەک سوننەت، تێیدا بەڕۆژوو دەبن. موسڵمانانی هەڵەبجە و هەورامان بە گەرمییەوە جەژن و سەردانیدەکەن و گۆشتی قوربانی دەبەخشنەوە. لە تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی جەژنەکە لە ناوچەکەدا: بەشداریی گەرمی کاکەییەکانە لەگەڵ موسڵمانان لە پیرۆزباییکردن و شیرینی بەخشینەوە و ئاشتەوایی و گەردنئازادیدا.
نەورۆز
جەژنێکی کۆنی جیهانیی زۆرێک لە گەلانە، گەلی کورد بە جەژنی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، شاعیران و هونەرمەندان، گەلێک شیعر و سرودیان بۆ وتووە. سەرەتایەکی دیاریکراو بۆ جەژنەکە نییە. ڕەهەندی ئایینی و نەتەوەیی و سروشتی و ئەفسانەیی هەیە. سەرەتای ساڵنامەی کۆچی هەتاوییە و ساڵنامەی کوردیش بە نەورۆز ساڵی نوێی دەستپێدەکات. دیارترین سیمای کردنەوەی ئاهەنگە لەو ئێوارەیەی، کە سبەی دەبێتە یەکەم ڕۆژی نەورۆز. لە ساڵی زایینیدا ڕێکەوتی ٢١ی ٣ی هەموو ساڵێک دەکات. لە هەڵەبجە و هەورامان لە کۆنەوە لە شوێنە بەرزەکاندا ئاگر کراوەتەوە و سەربانی ماڵەکانی هەورامان بە خۆڵەمێشی بە نەوت شێلراو، ئاگرەکە هەڵکراوە و وەک ملوانکەی گڕین دەرکەوتووە و کەسێک بە ناوی بابا نەورۆز خۆی نواندووە. خەڵکی خۆیان ڕازاندووەتەوە و ئاهەنگیان گێڕاوە. چەند ساڵێکە بە فەرمی و بە دروستکردنی مەشخەڵ و بەشداری جەماوەر لە لەلایەن کاربەدەستان و ناوەندە ڕۆشنبیریەکانەوە، شوێنێک بۆ یادەکە دیاریدەکرێت و ئاگری نەورۆز هەڵدەکرێت. وەک بەردەم عەبابەیلێ، چاوگ، عەنەب، هاوار، تەپەسەوز، بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی هەڵەبجە، خورماڵ..هتد.