یارییە میللی و فۆلکلۆرییەکان

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


چەند یارییەکی فۆلکلۆریی کوردەوارین. لە سنوری هەڵەبجە و هەورامان و شارەزووردا کراون:

١- پاشا و وەزیر : جۆرە یارییەکی فۆلکلۆرییە. بەشقارتە دەکرێت. لە نێوان ٦ بۆ ١٠ کەسدا. بە هەڵدانی شقارتە بۆ نێوەندی یاریەکە، ئەگەر لەسە شانی بەرز وەستا، کەسەکە دەبێتە پاشا، یان سوڵتان. لەسەر لاکان وەستا، دەبێتە وەزیر. لەسەر دیوی ئەستێرە یان وێنەکە وەستا، دەبێتە موختار. لەسەر ڕووە سادەکە وەستا، کەسەکە دەبێتە دز. ئیتر لە پاشاوە فەرمانی سزادانی دز، دەردەکرێت. هەندێکجار ڕێکەوتنی پێشوەختە لەسەر شێوازی هەڵدان و سزاکان دەکرێت.

٢- کێل و بەرد: قەلەماڕانی: کێلەماڕانی: لە نێوان دوو گروپدا ئەنجامدەدرێت. هەریەکە و چەند قەڵایەکی بچووک لە بەرد، لە شێوەی کەللەشەکرێکدا و بە دوورییەکی جیاواز لە یەکتری و لەسەر یەک هێڵی ڕاست هەڵدەچنن و یاریزانانی گرووپەکەی تر لەڕێگەی بەردی دەسکەلاوە، هەوڵی خستنی قەڵاکانی گروپەکەی تر دەدەن. هەرکامیان زووتر قەڵای ئەوی تری خستبێت و ژمارەی بەردەخراوەکانی زیاتر بووە، براوە دەبێت و سواری پشتی ئەندامانی گروپەکەی تر دەبێت و بۆ شوێنێکی دیاریکراو دەیانگوازێتەوە.

٣- گوندەڵانی: شەڕەتۆپەڵ: یارییەکە بە کۆبوونەوەی گەنجان دەبێت و بە تۆپەڵ لێدان لەیەکتری گەرم دەبێت، هەندێک جار بە عەشوایی و هەندێک جاریش وەک گروپ و تیپ دەکرێت، لە نێو هاوماڵانی گەرەکێک لەگەڵ گەڕەکێکی تردا. هەندێکجار لەبەر توندیی تۆپەڵەکە و هێزی لێدانەکە، ڕێککەوتووە، کە مەترسی لێبکەوێتەوە. لە ئێستاشدا لە وەرزی زستان و بارینی بەفردا بێجگە لە خەڵکی ناوچەکە، گەشتیارانیش بۆ ئەم یارییە ڕوو لە ناوچەکە دەکەن.

٤- هەلەق و مەلەق: دارێکی درێژی ساف و بێگرێ و تەڵاش بەشێوەیەکی ئاسۆیی لەسەر بنکەیەکی جێگیر لە سەر بەردی گەورە یان دارێکی بەستونی داچەقاو بە شێوەیەکی تراز و یەکسان ڕاگیردەکەن. دوو منداڵ هەریەکەیان لەسەرێکەوە دەچنە سەر جەمسەری دارەکە و یەکتری بەرزو نزم دەکەنەوە، لە هەورامان لە کاتی یارییەکەدا دەڵێن: هەلەق مەلەق، داری دووە لەق، کیسەی کەمەر، یا پێغەمبەر.

٥- دێرەکانێ: لەناو باخەکاندا دەکرێت و بۆ چێژ و شکاندنی ترسە. هەڵخستنی گوریسێکی ئەستوورە بە قەدی ئەو دارانەوە، کە لقی گونجاویان هەیە و بنەکەیان دەرفەتی جوڵاندن و خۆهەڵدانی جۆلانەکەی هەیە. دوو جۆرە: جۆرێکیان گوریسەکە بە دوو لۆ دێتەوەوە لە خوارەوە گرێدەدرێت و کەسێک دادەنیشێت و کەسێکی تر پاڵی پێوەدەنێت. جۆرێکی تریان گوریسەکە بە چوار لۆ دێننەوە خوار و تەختەیەکی پێوە دەبەستن و کەسێک لە ناوەڕاستی تەختەکە دادەنیشێت و دوو کەس لە جەمسەرەکانیەوە بە پێوە دەوەستن و خۆیان یان کەسی تر جۆلانەکە دەجوڵێنن. زۆربەی باخ و تەڵانەکانی هەورامان ئەم جۆلانە هەڵدەخەن و منداڵ و گەنجیش یارییەکە دەکەن.

٦- خلیسکێنە، خزکڵێ: یارییەکی زستانەیە و لەسەر بەفر دەکرێت، دوای بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچەکانی هەوراماندا، شوێنێکی هەوراز و لێژ، کە مەودایەکی زۆری هەبێت و لە شوێنەکانی تر ساردتر بێت و بەفرەکە باشتر بەستبێتی، هەڵدەبژێررێت. دوای چاککردنی سنوری خلیسکێنەکە و کوتانەوە و باشکردنی ڕێگەی یارییەکە، منداڵان و گەنجان بەجیا و یەک بەدوای یەکدا خۆیان خشدەکەنەوە. لە هەر لادییەکی هەوراماندا چەند شوینێکی تایبەت و دیاریکراو هەیە و چەند جۆرێکی هەیە: بەپێوە، کە زیاتر ئەوانە دەیکەن، کە ئەزموونیان لە یارییەکەدا زۆرە، بە چیچکانەوە و لە سەر هەردوو قاچ، بە دانیشتن، کە پارچە نایلۆن یان پلاستیک، دەخەنە ژێریان، هەندێکجاریش بە قەتارە دەکرێت، چەند نەفەرێک پێکەوە یەک لە دوای یەک بە دەستیان خۆیان بە یەکترەوە دەبەستن. لە ڕێگەکان و شاخ و سەیرانگا زستانییەکاندا دەکرێت. هەندێک جار لەکاتی هاتوچۆی ئاساییدا شوێنە سەخت و بەستووەکان بەم شێوازی یارییە دەبڕرێن.

٧- واخانی: لەو یارییانەیە لە کاتی دانیشتندا دەکرێت. کەرەستەی یارییەکە گوێزە. لە نێوان دوو تیم و دەستەدا، نۆ گوێز دەهێنرێت و یەکیان وەک دەسکە کەلا و هەشتەکەی تر دەپژێنرێن بە جۆرێک مەودا لە نێوانیاندا هەبێت، بە شیوازی هەڵمەقۆ گوێزە پژاوەکان دەکرێن بە کونی دروستکراوی دەستەکەی تردا و پاشان لە ڕێگەی گوێزە کەلاکەوە هەڵدەدرێن و دەگیرێنەوە، هەندێک جاریش وەک هەڵماتێن دوو دوو گۆڵیان لێدروستدەکرێت.

٨- خلۆرتانی: مزراحێن: لە هەورامان، تەختەکەی لەداری بناوەچ دروستدەکەن و بزماری ناڵی پێڵاو لە نووکە تیژەکەی دەدەن و پەتێکی بە دەوریدا دەپێچن و بە هەڵدانیکی مەتری زیاتر هەڵیدەدەن. لەبەرئەوەی سەرێکی پەتەکە بە دەستی یاریزانەوەیە، خلۆرتەکە سوڕدەخوات و بەردەوامی وەردەگرێت، کام خلۆرتە زیاتر سوڕاو درەنگتر وەستایەوە، خاوەنەکەی براوەی یارییەکەیە. کێبڕکێکە هەندێک جار سەردەکێشێت بۆ پیاکێشانی خلۆرتەکان و دەرهێنانی چزوەکە، یان شکاندنی خلۆرتەکە.

٩- موشانی: بیلبیلانی: بە گروپ و دەستە دەکرێت. نانەوەی مووشە (نیشانە)یە و پێکانیەتی لە ڕێگەی تیلکرنی هەڵماتەوە. لەناو گەورەکاندا موشەکان دەکرێت پارەی ئاسن بێت، قەڵەم و لاستیک و سەرەسۆدە و قاپاخە فیشەک لای منداڵان، یارییەکە لە دووکەسیەوە هەتا هەشت کەس دەکرێت. سەرەتا بۆ دەستپێکردن نیشانەیەک دادەنێن و هەمویان هەڵماتەکە بۆ لای نیشانەکە هەڵدەدەن، نزیکترین لە نیشانەکە دەبێتە بەگ و ئەوانی تریش بە گوێرەی دووریی هەڵماتەکەیان لە نیشانەی دیاریکراو بە دوای بەگدا پاش بەگ و تل قڕە یاریدەکەن. چەند کەسێکیان دەکرێت ببنە هاوبەش و یەکتری نەکوژن، دەشکرێت هەرکەسە و بۆ خۆی یاریبکات. لە هەوراماندا بە زۆری لەڕێگە و سارایی باخەکان و گەلێک جاریش لە سەربانەکان کراوە. لەبەرئەوەی زیادەڕەوی تێدا دەکرا و وەک خوی لێ هاتووە، قوتابخانە و پەروەردە لە نێو قوتابیاندا دژایەتی یاریەکەی دەکرد. لە ڕێگەی ئەم یارییەوە گەلێک کەس بە دەست ڕاست و نیشانەشکێن ناسراون.

١٠- هەنۆرێ مەنۆرێ: لەناو ماڵاندا دەکرێت و زیاتر لە وەرزی زستان و پاییزدا بۆ خۆشی و کات_بەسەربردن لە ناو خزم و خێزاندا دەکرێت. کەسێک داو دەبێت و دێتە ناوەڕاست و مەیدانی یاریەکە دادەنیشێت و لەبەردەم کەسێکدا، کە یارییەکە و ئاماژەی لێدان دەکات، چاوی دەبەسترێت. ئەندامانی تر بە دەوریدا کۆڕدەبەستن و چاوەڕێی ئاماژەی بەڕێوەبەرەکە دەکەن. لە کاتی یارییەکەدا، بەڕێوەبەرەکە لەگەڵ وتنی شیعرە فۆلکلۆری: هەنۆرێ، مەنۆرێ، زیان وەبانی کۆرێ، نەتەقە، نەڕەقە، فڵان گیاندار بدۆ یاگێ هەقە. ئاماژە بە کەسێک دەکات، کە بکێشێت بەسەری چاو بەستراوەکەدا. گەر چاو بەستراوەکە زانی کێ بووە، چاوی دەکرێتەوە و ئەوی تر داو دەبێت، بەم جۆرە یارییەکە بەردەوامدەبێت.

١١- بازبردن: کۆمەڵێک یاریی فۆلکلۆرین، چەند جۆرێکیان هەیە، لەوانە: یەک باز، سێ باز، بازبازێن. بە کۆمەڵ دەکرێت و زیاتر وەک وەرزشێک دەردەکەون. شوێنی یارییەکە دەبێت خۆڵی نەرم بێت و ڕەق و بەردیاوی نەبێت. کۆمەڵێک بۆ یارییەکە کۆدەبنەوە. خەتێک بۆ سەرەتای بازبردنەکە دیاریدەکەن و یاریزانەکە لە بازبردندا دەبێت لەسەر ئەو خەتەوە بازەکە ببات. کێ زیاتری برد، ئەوە براوەی یارییەکەیە. هەندێک جار، لە خەتە دیاریکراوەکەوە بە دووریی چەند مەترێک چاڵێک هەڵدەکەنن، هەر بازدەرێک توانی هەتا چاڵەکە باز بەرێت، ئەوە براوەیە، بە گوێرەی تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی خەتەکە، قۆناغ قۆناغ لە چاڵەکە دوردەخەنەوە، بۆ دیاریکردنی یەکەمی یارییەکە. زۆرجار لەم یارییەدا یاریزان توشی شکاوی و ئازار دەبێتەوە.

١٢- چاڵچاڵێن: لە دەرودەشتدا دەکرێت و زیاتر لە بەهاردا کاتێک زەوی کەمێک تەڕە. بە دوو کەس دەکرێت، دەشێت دوای ئەوەی یەکیان دەدۆڕێت، کەسی تر بچێتە جێگەی. شێوازی یارییەکە: چەند چاڵێک بە ڕیز و بەرانبەر یەک بە ئەندازەی کەوچکێکی قوڵی شلە هەڵدەکەنن، بە خواستی خۆیان ١٠-١٦ چاڵ. هەر چاڵێک چوار بەردی بە ئەندازەی دەنکە پاقلەیەک تێدەخەن. یاریەکە بە هەڵگرتنی چواربەردی هەرچاڵێکیان، کە یاریزانەکە مەیلبکات، دەستپێدەکات و چواربەردەکە بەسەر چاڵەکانی تردا دابەشدەکات، چوارەم بەرد گەشتە کام چاڵ، هەموو بەردەکانی ئەو چاڵە هەڵدەگرێت و لەسەر دابەشکردن بەردەوامدەبێت، هەتا چاڵەکان خاڵی دەبن و وەک سەرەتا بەردەکان لە چاڵەکاندا دەبنەوە بە چوار و ئەو چاڵە خاڵی دەکرێت. براوە ئەو کەسەیە بەسەر بەردی بەرانبەردا دەدات و زوو چاڵەکان دەردەکات.

١٣- چەڵەمەشکێنە: لە نێوان دووکەسدا دەکرێت. بەزۆری لەکاتی داوەت و خوانی مریشکدا دێتەگۆڕێ. چەڵەمە، ئێسکە دوو لقەکەی سنگی مریشکەکەیە. ئەو دوو کەسەی گرەوەکە دەکەن، یەکی لایەکی ئەو ئێسکە دەشکێننەوە. دوای ئەوە هەرچی درا بەدەستەوە، وەرگر دەبێت بڵێ (لەبیرمە). ئەگەر بیری نەبوو، دۆڕاوە و دەبێت مەرجی براوەکە بهێنێتەجێ، کە زۆر جار لەسەر خوان ڕێکخستنەوە و میوانداری دەکرێت. لەکاتی گرەوکردنەکەدا فۆلکلۆری (لەبیرم بێ، لەبیرت چێ، بیرت بە قولە ڕەشا چێ) دەوترێت.

١٤- چێشتەقولێ: یارییەکی منداڵانەی کوردەوارییە. نواندن و تەمسیلی تێدایە. لە هەڵەبجە و هەوراماندا بڵاوە. زیاتر کچانەیە. دەکرێت کوڕیش بەشداربێت. کچان بە لاساییکردنەوەی دایکانیان خەریکی کاروباری چێشتلێنان و ماڵداری دەبن. زۆرتر لە دەرودەشت دەکرێت. چەند کچۆڵەیەک کۆدەبنەوە و لە گەورەکان پێداویستیی چێشتەکە وەردەگرن. یان بە ڕاوێژ و ڕێککەوتن، هەریەکە و لە ماڵی خۆیان شتێک دەهێنێت و لە شێوەی سەیرانکردندا دەستدەکەن بەلێنانی.

١٥- زەقنیرە: یارییەکە گەورە لەگەڵ منداڵدا دوای قۆناغی پێگرتن و زمانپژان دەیکات. کەسێک لە ئەندامانی خێزان بە دانیشتنەوە هەردوو دەستی منداڵەکە دەگرێت و دەڵێت: زەقنیرە، من و فڵان (ناوی منداڵەکە دەڵێت) پەنیرە. ناوی دەوروبەریش بە شتی تر هەڵدەدات. ئەم یارییە یارمەتی جوڵە و زمان_بەربونی منداڵ دەدات.

١٦- قولەقانێ و هەترەشەلێ: یارییەکی زستانەی خەڵکی هەورامانە. یارییەکە بەو جۆرەیه،‌ کە سەرەتا دوو کەس دەستپێدەکەن، هەریەکە و قاچێکیان بەرزدەکەنەوە و بە دەستێکیان قاچەکەیان چەپ و ڕاست دەگرن، قاچی ڕاست بەرزکرایەوە بە دەستی چەپ دەگیرێت و بە پێچەوانەوە. بە دەستە نەگیراوەکەیان دەکەونە چنگەڕنی و پەلاماردانی یەکتری، هەرکەس دەست و قاچەگیراوەکەی بەردا و کەوتە زەوی، بە دۆڕاو دەژمێررێت، پاشان کەسی تر و براوەکان بەریەکدەکەون.

١٧- حێزەران: یارییەکی بەهارییە و لە یارییەکانی بازبردن و بازدانە و بە کۆمەڵ و زیاتر لە دەرودەشتدا دەکرێت. بە ٥ -١٠ کەس دەکرێت. بەڕێکەوتن یان فیکلانکۆ، کەسێک دادەدات و بە پێوە دەچمێتەوە و ئەوانی تر بازی بەسەردا دەدەن و بە شێوەیەک دەست لە سەر پشتی دادەنێن و بازەکە دەبەنە ئەولا تری، لەکوێ بازبەر لە زەویدا، کابرای داو بوو، دەگوازێتەوە ئەوێ، بەمجۆرە یەک لە دوای یەک باز دەدن و لە کاتی بازدا بە گۆتەکان هەندێک جار قنگ دەکێشن بە پشتی کابرای چەماوەدا، هەرکەسێک توانای بازدان و یەکە و گۆتەکانی نەبێت، بە کەوتوو ئەژمار دەکرێت و دادەدات.

١٨- کۆتەکۆتە: یارییەکی دێرینی هەورامان و زیاتر لە گوندی گوڵپ و دەوروبەریدا باوە. لە شەوانی بەهار و هاویندا کراوە. حەوت کەس یان زیاتر کۆدەبنەوە و لە شێوەی زنجیر بە شوێن یەکدا ڕیز دەبەستن و دەست دەخەنە سەرشانی یەکتری، بە دەوری کەسێکدا (بە حساب خەریکی ئیشوکارە) دەخولێنەوە و لێی دەپرسن: کۆتە کۆتە چی دەکەی؟ ئەویش ناوی کارێک دەبات و ئەمان دەڵێن: وی وی، بەو جۆرە چەند جارێک پرسیاری کار و فرمانی لێدەکەن و ئەویش هەرجارەو کارێک ناو دەبات. هەتا بێزاری دەکەن و نەفرینی لێ دەکەن، ئەویش پەلاماریاندەدات و کەسێکیان دەگرێت و دەیکوتێت و دەیخاتە شوێنی خۆی و یاریەکە بەردەوامدەبێت.

١٩- وشتر چەمچە: زیاتر یارییەکی دێرینەی هەورامانە. بۆ شەو بەڕێکردن، شەوانی پاییز کراوە. بۆ ترساندن و شۆخی کراوە. شێوازی یاریەکە بەوجۆرەیە: کەسێک خۆی دەکات بە حوشتر و بە کەوچکی دارین دوو گوێ بۆ خۆی دروستدەکات و پشتی بە جل و لبادی شڕ وەک حوشتر قۆقز دەکات. لە کاتێکدا کەسێک، یان میوانێک دیتە ژوورەوە بۆ ناو کۆڕ، وشتر چەمچە بەو قیافەوە دەچێتە پێشوازی، کابراش ڕادەچڵکێت و دەترسێت بەو دیمەنە.

٢٠- هەزبە بێ ساحیبێ و هەزبە ساحیبدارێ: زیاتر لە ناوچەی هەورامان و بەتایبەتیتر لە گوندی گوڵپدا باوە. بە دوو گرووپ یاریەکە بەڕێوەدەچێت، دوای ڕێکەوتن بۆ داو بوون گروپێکیان دادەدەن و بە شێوازی بازنەیەک خۆیان کووڕ دەکەن و یاریزانانی گروپەکەی تر، هەڵدەبەزنە کۆڵیان و دادەبەزنەوە، لە دابەزیندا لەقە لەوە دەدات، کە چووەتە کۆڵی، ئەویش گەر فرسەتی هەبێت وەردەچەرخێتەوە و لەقەی خۆی دەوەشێنێت، ئەگەر بەری یاریزانی سەر کۆڵەکە کەوت، یارییەکە دەگۆڕێت و ئەو داو دەبێت و ئەمان دەپەڕنە سەر کۆڵیان.

٢١- فیکەبەکون: منداڵان دەبنە دوو گرووپ و هەر گروپێکیان بە ناوێکەوە ناو دەنرێن، زیاتر بە ناوی شوێنەکانی گوندەوە ناونراون، بۆ نمونە گروپی، زاخێ و گروپی کتەشەل. بازنەیەک لە دوورەوە وەک سنور بۆ یارییەکە دیاریدەکرا. منداڵێک لە گروپی یەکەم دێتە پێشەوە و پشت لە منداڵانی گروپی دووەم دەکات. منداڵێکی گروپی دووەم دێتە پێشەوە لە پاڵ منداڵی گروپی یەکەم، کە داو بووە، دەوەستێت و منداڵانی گروپی دووەم تێکەڵدەبن و یەکیان دێتە لای منداڵەکە، کە هاتووەتە پێش. منداڵی گروپی دوو بە منداڵە داکراوەکەی یەک دەڵێت: ئەومنداڵەی گروپی دووەم کە هاتە پێش، کێ بوو؟ گەر بیزانیایە کێیە، ئەندامانی گروپی منداڵی یەک شوێن ئەندامەکەی گروپی دووەم دەکەوتن، هەتا پێگەشتن بە بازنە و سنوری دیاریکراوی یاریەکە بۆ ڕزگاربوون، گەر بگیرایە، دەبوو ئەندامانی گروپەکەی منداڵانی گروپی یەکەمیان بگرتایەتە کۆڵ لە سنوری داوبوونی یاریەکەوە بۆ بازنەکە بیانگواستنایەوە.

٢٢- سلەگەرمێ: منداڵان لە ناو ئاو کۆدەبنەوە، بەردێکی سافی یەک کیلۆیی دەردەهێنن و ئاگرێکی بۆ دەکەنەوە و بەردەکە دەخەنە ناوی، هەتا گەرم دەبێت، پاشان هەموویان چاو دادەخەن و منداڵێکیان بەردەکە فڕێدەدات، دواتر منداڵان بە شوێن بەردەکە دەگەڕێن، هەرکەسێک بەردەکە بە گەرمی بدۆزێتەوە، دەبێتە پاشا و سزای ئەوانی تر دەدات. ئەم یارییە لە گوندەکانی تردا نابینرێت و نازانرێت تایبەتمەندیی یاریەکە لەو شوێنە بۆ چی دەگەڕێتەوە و چ ڕیشەیەکی هەیە!

٢٣- خەتی ناوشەقێن: منداڵان کۆدەبنەوە و بازنەیەک دەکێشن، کەسێک دەچێتە ناو بازنەکە و منداڵانی دەرەوەی بازنەکە فرسەتی لێدەگرن و دەیشلەژێنن، هەتا لێیبدەن، ئەگەر کەسی بازنەکە شەقی لە هەر منداڵێکی دەرەوەی بازنەکە بدایە، ئەوە دەچووە جێگەکەی و ئەم لە بازنەکەدا داو دەبووە، بەو جۆرە یاریەکە بەردەوامدەبوو.

٢٤- گورزێن:دەستەیەک کوڕی گەنج کۆدەبنەوە لە هەشت کەس کەمتر نەبن. دەبن بە دوو دەستەو تەڕووشک بۆ یارییەکە دەکەن. لە زەوییەکی تەخت یان سەربانی ماڵان. پشتێنەکانیان دەهێنن و قەدی دەکەنەوە و بە ئەندازەی دوو گەز و سەرەکەی دەکەن بە گورز. خەتێک دەکێشن و دەستەیەک دەچنە ناوی و دەستەکەی تر گورزەکان بە دەوری ئەوانەی ناوەوە دەسوڕێنن و دەستدەکەن بە لێدانیان و ئەوانیش بەرگریدەکەن و پەلاماریاندەدەن، نابێت لە خەتەکە دەربچن. شاقاوێک دەگرنە ئەوانەی دەرەوە، ئەگەر بەریکەوت، جێگەکەیان دەگۆڕن و یارییەکە بەردەوامدەبێت. جۆرێکی تری گورزێن ئەوەیە: دەستەیەک لە ناوەوەیە و یەک کەس لە دەرەوەیە.

٢٥-پاشا پاشا- میر میرانێ: یارییەکی کۆنی کوردەوارییە و لە ناوچەی هەڵەبجەش باوبووە. زیاتر دەستەی خوێندەواری ئەو سەردەمە لە دەشتودەر یان ماڵان سازیانکردووە. کەسێک وەک پاشا دیاریدەکەن و تەپاڵە و تەرس و ناڵ و ئێسک بە جلەکانییەوە دەکەن و دەبێتە پاشا. لە دەستیەوە دوو زەلامی لەندەهوڕ بەسەر و شکڵی سەیرەوە وەستاون. لە دیوانەکەیدا قازی بە سەر و سەکوتی تیسکنی درێژ بە خوری بۆی دروستکراوە و دوو زەلامی ناشیرین بە ڕەشیی مەنجەڵ خۆیان ناشیرین کردووە و وەک گزیر هەن. دەرگاوانەکانی، سمێڵ قیتی زرتە زەلامن و چاویان سوور کردووە. ئیتر نۆرەی ڕاکێشانی تاوانبارانی جۆراوجۆر و حوکمی پاشایە. هەر حوکمێک، کە دەیکات، ڕەوایە. یارییەکە شێوازێکی درامی و نواندنی هەیە و بەگوێرەی ڕێککەوتن، چەندین جۆر تاوانبار ڕادەکێشرێنە دیوان و چەند کاتێکی خۆشی پێبەسەردەبەن.

سەرچاوەکان:

  1. یاری لە کوردەواریدا، پێکهاتنی لەڕووی زمانەوە و کاری لەسەر کۆمەڵ، دکتۆر نەسرین فەخری، بەرگی یەکەم، ل٦١.
  2. سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل٨٥٠ و ٨٥١.
  3. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (موحسن شوکر حەبیب)، لەدایکبوو: ١٩٦٨، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٢٥ی ٣ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
  4. فرهنگ هورامان مجموعە مقالات، گرداورندە: حسن قادری، چاپ اول، انتشارات طاق بستان، کرمانشا، ١٣٨٧ ص٢٨٠- ٢٨٩.
  5. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (تۆفیق حەمەسەعید ئیمام)، لەدایکبوو: ١٩٦٨، بڕوانامە: ئامادەیی، پیشە: فەرمانبەر، لە ٢٥ی ٣ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
  6. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ڕزگار ڕۆستم کەریم)، لەدایکبوو: ١٩٥٩، بڕوانامە: دبلۆم، پیە: خانەنشێن، لە ٩ی ٤ی ٢٠٢٤.
  7. هونەری ژیان لە هەوراماندا، ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ل٦٧، ل٢٣٨ – ٢٤٠.
  8. یاری لە کوردەواری دا، پێکهاتنی لەڕووی زمانەوەو کاری لەسەر کۆمەڵ، دکتۆر نەسرین فەخری، بەرگی یەکەم، ل١٠٨.
  9. باسێوی فەرهەنگی دەگاو گوڵپی نویستەی، د. ناجح گوڵپی، چاپخانە؟، ٢٠٢٤، ل٩٨-١٠٥.
  10. گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (ئیبراهیم مەیکە عەلی عەزیز)، لەدایکبوو: ١٩٦٧، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ١٩ی ٤ی ٢٠١٤.
  11. گوندی گریانە لە نێوان دوێنی و ئەمڕۆدا، وەزگێڵ نوری حمەعەلی، چاپی یەکەم، چاپخانەی پیرەمێرد، هەڵەبجە، ٢٠١٦، ل٩٦.
  12. چاوپێکەوتنی تیمی مەیدانی لەگەڵ (فازیل حەمەئەمین ڕەحمان)، لەدایکبوو: ١٩٥٣، ئاستی خوێندن: سەرەتایی، پیشە: خانەنشین، لە ٣٠ی ٥ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
  13. چاوپێکەوتنی تیمی مەیدانی لەگەڵ (عیزەت حەمەسەعید حسێن، لە دایکبوو: ١٩٥٧، ئاستی خوێندن: سەرەتایی، پیشە: خانەنشین، لە ٣٠ی ٥ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
  14. چاوپێکەوتنی تیمی مەیدانی لەگەڵ (نەجمە‌دین حەمەعەلی قوربانی)، لەدایکبوو: ١٩٥٢، پیشە: خانەنشین، لە ٣٠ی ٥ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
  15. چاوپێکەوتنی تیمی مەیدانی لەگەڵ (محەممەد حەمەکەریم ڕەزا)، لەدایکبوو: ١٩٦٨، ئاستی خوێندن: سەرەتایی، پیشە: فەرمانبەر، لە ٣٠ی ٥ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
  16. کوردەواری، دانراوی : عەلادین سەججادی.چاپی یەکەم. بڵاوکەرەوەی کوردستان، سنە ٢٠٢٠ ل ٢٨٣، ٣٠٠

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

6

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

وەرزی هەڵەبجە

پڕۆژەیەکی گەورەی دانراوە لە دەروازەی شاری هەڵەبجە. پانۆرامای بیرهێنانەوەی ڕووداوی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. وەک مۆنۆمێنت و سونبولی نەمری و ژیانەوە خۆی دەنوێنێت. کاری هونەرمەند (ڕەجا محەممەد عەلی)یە و لە‌ بیرۆکە و بە سەرپەرشتی هونەرمەند خۆیشیەتی، بە کەرەستە و میتاڵی هەمان ئەو چەک و موشەکانەی بەعسن، کە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ دران بە شاری هەڵەبجەدا و نەتەقینەوە. ساڵی ٢٠٠١ جێبەجێکراوە. لە باخچەی تەنیشت بەڕێوەبەرێتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەدایە. بەردەکان لە عەنەب کۆکراونەتەوە بۆ بنکەی پڕۆژەکە، لە ناوەڕاستدا دەستی نزا بە نێرگزی ڕواوەوە بەرزبوونەتەوە، کە هێمای ژیانەوەن. لەبەر گۆڕانکاریی شەقامەکە ساڵی ٢٠٢٣ لابراوە.

ئامادەبوون بۆ چل ساڵی

کورتە فلیمێکی دیکۆمێنتارییە. ١٣ خولەک فۆرمات: Dvcam، بەرهەمی: خۆرهەڵاتی کوردستانە. ئامادەکاری بابەت و سیناریۆ و دەرهێنان و بەرهەمهێن و دەنگدانەر و مۆنتێر: مهرداد سلێمانییە. وێنەگر: سیامەک سلێمانی. دەنگهەڵگر: ئارەش ڕەسافی. بێژەری دەق: سەعید سلێمانی. موزیک: هەڵبژاردە. کورتەی فلیمەکە: گێڕانەوەی تێپەڕبوونی ژیانی دەرهێنەری فلیمسازی و تەنگەژە و هەڵچون و داچوونی ژیانی ئەو دەرهێنەرەیە. بەشداری دوەمین فیستیڤاڵی فلیمی دیکۆمێنتەریی هەڵەبجەی شەهیدی کردووە. ١٦ی ١٠ی ٢٠١١ لە هەڵەبجە پیشاندراوە. مهرداد سلێمانی: لە دایکبووی ١٩٧٤ی کرماشانە. بەکالۆریۆسی لە سینەمادا هەیە. مامۆستای دەرهێنان و مۆنتاژە. چەند ئەزمونێکی فلیمۆگرافی هەیە.

ئاوێنە

کورتە فلیمە. ساڵی ٢٠٠٥ بەرهەمهێنراوە. لە نوسین و سیناریۆیی (سەنعان فایەق هانەدنی)یە، دەرهێنانی (سەردار قادر)بووە، ئەنجومەن تەوێڵەیی کاری وێنەگرتنی بۆ کردووە، تەلەفزیۆنی خاک مۆنتاژی بۆ فلیمەکە کردووە. ئەکتەرەکانی (شەیما حەمەئەمین، بابا سەنعان، شەیدا شارەزووری، هۆشمەن محەممەد، ئاشنا بورهان)بوون.

ئەنفال ئەڵقەی بووکێنی فڕاندم

فلیمێکی دیکۆمێنتەریی ١٨ خولەکییە. ساڵی ٢٠١٠ بەرهەمهاتووە. بەرهەمهێن: تەلەفزیۆنی کەرکوک. ئامادەکاری بابەت و سیناریۆ و نوسەری دەق و خوێندنەوە و دەرهێنەر: محەممەد سەید. وێنەگر: شێرزاد ئەکرەم. دەنگهەڵگر: ئەحمەد قادر. دەنگدانەر و مۆنتێر: دەریا دڵشاد. بەڕێوەبەری بەرهەم: محەممەد عەزیز. بابەتی فلیم: سیاسی، کۆمەڵایەتی. بابەت: دوو قەیرەکچی دەزگیراندار، ئامۆزا دەزگیرانەکانیان بەر شاڵاوی ئەنفال دەکەون و... بەشداری دوەمین فیستیڤاڵی فلیمی دیکۆمێنتەریی هەڵەبجەی شەهیدی کردووە. ١٩ ی ١٠ی ٢٠١١ لە هەڵەبجە پێشکەشکراوە.

ئەو ڕۆژەی هەناسەیان لێسەندمەوە

فلیمێکی دیکۆمێنتارییە. ساڵی ٢٠١٦ بەرهەمهاتووە. بەرهەمی کۆمپانیای (بەمۆ)یە. بیرۆکە و دەرهێنانی: عوسمان محەممەد. وێنەگرتن و مۆنتاژ: بەهجەت بەکر. مۆسیقا: ڕێباز سادق. باس لە سەختیی ژیانی بەرکەوتەی کیمیاباران (کامیل عەبدولقادر) دەکات. ساڵی ٢٠١٩ بەشداری فیستیڤاڵی فیلیمس (سەلامەت)ی لە تاران کردووە.

ئەوکاتەی بابا نۆئێل گریا

سیناریۆ و دەرهێنانی ڕەحیمی زەبیحی. کامێرا: ئەمیر عەلی وەیسی. دەنگهەڵگر: ئەرستۆ موسەخەری. نواندنی: (سەڵاحەڕەش، شوان عەتووف، جەلیل ڕەحمان زادە، جەبار محەممەد، نیگا بەکر، نەوزاد مەجید، دەوەن نەوزاد، عەلی زەبیحی، جەلیل سەعید، ئاشتی عەبدوڵڵا، بەرزان حامید و چەند بەشداربوویەکی تر). لاوانەوە و گۆرانیی سەرەتا و کۆتایی: هومایون ساحیب. یادکردنەوەی بیست و دوو ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە، لە ١٦-١٧ی ٣ی ٢٠١٠ لە هۆڵی ئەحمەد موختار پیشاندراوە.