قوبڵی

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. برنجی کوردی، ڕۆن، پیاز، خوێ، ئاو لە پێداویستییە سەرەکییەکانییەتی. سەرەتا برنجەکە لە چەڵتوک و بەرد دەبژێررێت و پاکدەکرێت. لەناو ئاو دەخوسێنرێت و ڕۆن و پیازەکەی بۆ دەقرچێنرێت، بەپێی ڕێژەی برنجەکە، ئاو و خوێی تێدەکرێت، کە ھاتە کوڵ، برنجەکە ئاووچۆڕ دەکرێت و دەخرێتە ناو مەنجەڵەکەوە و تێکدەدرێت، کە ئاوی برنجەکە کەمبوویەوە، جارێکی تر تێکدەدرێت و ئاگرەکەی بۆ کزدەکرێت و سەری مەنجەڵەکە دادەپۆشرێت لەپاش چارەکێک جارێکی تر کەوگیری لێ ڕادەدرێت، هەتا دەم دەکێشێت و ئامادەدەبێت بۆ پێشکەشکردن.

سەرچاوەکان:

  1. ڕەشنوسی کتێبی (هەڵبژاردەیەک لە خواردنە کوردەوارییەکان، بەهار موحسین نەقشبەندی نەقشبەندی، ٢٠٢٢).
  2. گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (شۆخان عومەر مستەفا)، لەدایکبوو: ١٩٨٨، بڕوانامە: بەکالۆریۆس لە زانستی خۆراک و کوالیتی کۆنترۆڵ، لە ٧ی‌ ٥ی ٢٠٢١.

ئامادەکردنی: بەهار موحسین نەقشبەندی

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

برنجی ڕووبەھەنار

خواردنێکی کوردەواریی ناوچەکەیە. برنجی کوردی، خوێ، ڕۆن، پیاز، ئاوی ڕوبەھەنار، کاکڵە گوێز، ئاو و مەنجەڵی گەورە لە پێداویستییە سەرەکییەکانییەتی. سەرەتا برنجەکە دەشۆررێتەوە و لەناو ئاو دەخوسێنرێت. ڕۆن و پیازی بۆ دەقرچێنرێت و ئاوە ڕووبەھەنارەکەی تێکەڵدەکرێت، ئاو و خوێ بەپێی ڕێژەی برنجەکە دەکرێتە ناو، کە ئاوەکە ھاتەکوڵ، برنجەکەی تێدەکرێت و تێکدەدرێت هەتا برنجەکە ڕەنگی ڕووبەهەنارەکە بکرێت، کە ئاوەکەی کەم بوویەوە، تێکدەدرێت و ئاگرەکەی بۆ کزدەکرێت، سەری مەنجەڵەکە دادەپۆشرێت. بەپێی ئارەزوو کاکڵە گوێزی بۆ سوور دەکرێتەوە و لەگەڵ گۆشت یان مریشک دەکرێت بەسەریدا و ئامادەدەبێت بۆ پێشکەشکردن.

پیرخەنیلە

خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. لەوردە ساوەر دروستدەکرێت. پیاز و ڕۆنی بۆ سووردەکرێتەوە و بەپێی ڕێژەی وردە ساوەرەکە ئاوی تێ دەکرێت و لەسەر ئاگرێکی کز دادەنرێت، هەتا خەست دەبێتەوە و ئامادەدەبێت بۆ پێشکەشکردن.

ترش و ئاو

خۆراکێکی خۆماڵییە. زیاتر لە گوندەکانی سەر بە هەڵەبجە ئامادەدەکرێت. لە دەنکە هەناری وشکراو و ئاو پێکدێت، کە هێلکە دەکرێتە ناوترش و ئاوەکە و پاش کوڵانی بۆ ماوەی ٢٠ خولەک، پیاز و ڕۆنی بۆداخ دەکرێت و بەسەریدا دەکرێت، پاشان پێشکەش بە خێزان دەکرێت.

خۆشاو

خورادنێکی میللی و بەربڵاوی ناوچەی هەورامانە. زیاتر لە وەرزی زستاندا ئامادەدەکرێت و وەک شەوچەرە دادەنرێت. بووەتە کینایە بۆ شتی زۆرخۆش و بەچێژ. لە میوەی وشککراوی وەک، هەڵوژە، مێوژ، توو، لەتکەهەرمێ، لەتکە بەهێ، لەتکەسێو، قۆخی وشک دروستدەکرێت. میوەکان جگە لە(هەڵوژە و توو)ەکان، دەشۆردرێنەوە و لەنانەشان و سوزگیدا ئاوچۆڕ دەکرێن. هەڵوژەکانیش بەجیا دەکوڵێنرێن، پاشان تێکەڵ بەمیوە شۆردراوەکانی تر دەکرێن و دەکوڵێنرێنەوە. تووەکانیش بەجیا دەشۆردرێنەوە و دەگوشرێن و ئاوەکەیان دەگیرێت و تێکەڵ بە میوە کوڵێنراوەکان دەکرێت و جارێکیتر پێکەوە دەکوڵێنرێنەوە و ئاوی خۆشاوەکە بەرەو قاوەیی تاریک، یان سووری دەڕوات. تا زیاتر بکوڵێت، سوورتر دەبێت، باشتر خەستدەبێتەوە. دادەنرێت تاسارد دەبێتەوە و بە ساردی دەخورێت. پێویستی بە کابانی شارەزا هەیە.

شاقوڵیاغە

جۆرە خواردنێکی میللی و دێرینە. لە هەورامان زۆرتر لێنراوە. پێویستییەکانی بریتییە لە (ساوەر، ترخێنە، هەڵوژە وشکە و ناوەبەناوەش مێوژ)، پێکەوە دەکوڵێنرێن هەتا خەستدەبنەوە.

شلکێنە

خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. لە ئاردی گەنم، هێلکە، شیر، (زەعفەران)، خوێ و کەرە دروستدەکرێت، شیرەکە لەناو مەنجەڵێک دەکوڵێنرێت و دواتر سارد دەکرێتەوە، پاشان ھێلکەکانی تێدەشکێنرێت و ئاردی تێدەکرێت و بەباشی تێکەڵدەکرێن، پاشان سێڵ (ساج)ەکەی بۆ داغ و چەور دەکرێت، ئینجا شلکێنەکە دەکرێتە سەر و دەبرژێنرێت، دەکرێت لەناو تاوەش سووربکرێتەوە و بۆ خواردن ئامادەدەکرێت.