مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

944 بابەت

بابازەردەڵە

پیاوچاک و نەزرگەیە. بە قەدپاڵی شاخێکەوەیە لەپشت گوندی (ئەحمەدئاوا). بە پێی هەندێک سەرچاوە، نازناوی شێردڵە و دەشوترێت برای بابا ئەسکەندەر و باباخوادادە. هەندێک سەرچاوەش بە برای بلالی کوڕی سەید ئیبراهیمی ناودەبن، کە ناوی گۆڕستانەکانی دەوروبەری ئەحمەدئاوایان بە ناوەوەیە.

باوەکوچەک

کەوتووەتە سەر ڕێگای چاوگ و باوەکۆچەک. لە نزیک خەزانی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە هەڵکەوتووە. دەڕوانێت بەسەر چەم و باخەکاندا. لە کۆندا خەڵک بۆ هەندێک نەخۆشی سەردانیکردووە. پێشتر بە باوەکوچەک ناوهێنراوە، کە خودی گوندەکەش ناوەکەی لەم مەزارگەوە وەرگیراوە.

پیرە بچکۆلە

کەوتووەتە سەنتەری گوندی نەوێ لە بناری چیای سورێن. مێژووەکەی بۆ سەردەمی زەردەشتیەکان دەگەڕێتەوە. بە بەرد شوورای بۆکراوە. لەلای خەڵکی ناوچەکە بە پیرۆز سەیردەکرێت.

پیر غەریبە

پیاوچاکێکە، مێژوویەکی کۆن و نادیاری هەیە، بە شەخسەکۆن ناسراوە. بە دەوریدا شوێنەواری ئاوایی و ئاش و خشتی سووری بینای لێبووە. دەکەوێتە ناوەندی گوندی ئەحمەدئاوای کۆن و قەراغی جۆگەی دەلێنی بەردەم ئەحمەدئاوای ئێستە، چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی باس لە شار و شوورا و قەڵاکانی دەوروبەری خورماڵ و زەڵم دەکەن، ناوی بە شاری پیر و دزدان دەبەن، لەوانە ئەبودلف، ٣٤٠ هجری هاتوەتە ناوچەکە و باسی ئەو شارانە دەکات. بەو پێیە ئەگەر دزدان خورماڵ بێت، دەبێت ئەم پیر غەریبەش حامکی شارە کۆنەکە بێت، کە شێخ ئەحمەد ئەم ئەحمەدئاوایەی لەسەر بونیاددەنێتەوە.

پیر برایم

گۆڕێکی دێرینە. لە بیرەوەریی کەسانی ئێستەی گوندەکەدا نییە. کەوتووەتە گوندی سازان لە خوار گۆڕستانی شێخ موئمنی سازانی. شوێنەکەی ئێستە کراوەتە مزگەوت. دوو کێلە بەردی کۆنی تێدا بووە و نوسینیان لەسەر بووە. کاتێک ئێران ڕێگای سازان دەباتەوە لە شەڕی عێراق ئێراندا، بەرجادە کەوتووە. میکایلییەکان وەک عەشرەتێکی بەناوبانگ، لەشوێنەکەیدا ئەو مزگەوتەیان کردووەتەوە. پێیانوابوە پیرم برایم لەبەرئەوەی پێشگری پیری پێوەیە، لە نەوەی پیر میکایلی دەوانی بووە.

پیرخرکە

کەوتووەتە گوندی (بەڵخە) لە ناو باخەکەی جافر بەگدایە. ناوی پیاوچاکێک بووە بە ناوی سەید ئەحمەدی دەرەنەجاتە. دارێک لە تەنیشت گۆڕەکەدایه،‌ کە پەڕۆی ڕەنگاوڕەنگی پێوە کراوە. دەوربەری گۆڕ و دارەکە بە پەرژینێکی سادە جیاکراوەتەوە. لەناو خەڵکیدا بە پیرۆز سەیرکراوە و بۆ ڕازونیاز سەردانیکراوە. بۆچونێک هەیە گوایە لە ٩٩ پیرەی هەورامانە و خەڵکی بەڵخە بووە، ناوەکەی ناوێکی ئاوێستاییە. بڕوای دیکەش هەیە، کە بە یارسانی دەزانن.

پیرکامڵ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گریانە). یەکێکە لە برایانی حەوت سوارە، لە پشتییەوە شوێنەواری گۆڕستانێکی گەورە هەیە، کە نزیکەی ١٠٠٠ گۆڕی لێیە. خەڵکی گوند و گوندەکانی دەوروبەری، چوونەتە سەر مەزاری و پێیانوابووە کاریگەری لەسەر چاکبوونەوەی نەخۆشەکانیان هەیە.

پیرمحەممەد

کەوتووەتە‌ ناوەڕاستی گوندی (خێڵى حەمه)‌ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی (٢٠٠م) دەبێت. بە بەرد سیاجی بۆ کراوە. خەڵکی بە مەبەستى چارەسەرى نەخۆشی و بەدیهێنانى ئاواتەکانیان، سەردانیانکردووە، بەتایبەت بۆ لەرز و تا و نەخۆشی. بە تەواوەتی مێژووەکەى دیارنییە، بەڵام وەک دەوترێت ٢٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا، ئەم کەسە خواناسە مردووە و لەوێ بەخاکسپێرراوە.

پیرهەمزە

مەزاری پیاوچاکێکە. کەوتووەتە ناوجەرگەی گوندی (تاوێرە)وە. شوێنەکە لە کۆندا گۆڕستان بووە و دواتر کراوە بە باخ و داری گەورە و بەتەمەنی تێدایە. سەرچاوەی کانیی پیر هەمزەی لێیە، کە لای خەڵکی ناوچەکـە و کـاکـەییەکانیش بە پیرۆز سەیرکراوە.

پیرو تەوەنێ

مەزاری پیرێکی زەردەشتییە. دەوترێت لە ٩٩ پیرەی هەورامانە و کاروباری دنیایی و دینی گوندە کۆنەکەی بەڵخەی بەڕێوەبردووە. کەوتوەتە لای سەرووی گوندەکە و لە بەرزایی شاخی تەوەنێ و لەبەردەم بەردێکی گەورەدایە. دەوروبەری کانیاوی سازگارە و دارگوێزێکی گەورە لەسەر مەزارەکەیەتی و دەوری بە بەردگیراوە و لەلای خەڵکی ڕێزی لێگیراوە و سەردانیانکردووە. بەردەمی گۆڕەکەی کانییە. پێویستە بوترێت، کە شاخی تەوەنێ بەرامبەر گوندە کۆنەکە ئاتەشگایەکی زەردەشتی بووە و شوێنەوار و بەردەگەورەکانی لە دروستکردنی تەڵانەکاندا بەکارهێنراون.

پیرو وەزە زەردێ

کەوتووەتە چەمی خوارووی (تەوێڵە). لە دەرەقازاندایە لەنێو باخەکانی تەوێڵە و سۆسەکاندا. خەڵکی بە پیرۆز لێی دەڕوانن. دەورووبەری مەزارگەکە، گوێزە، هەربۆیە بەو ناوەشەوە ناونراوە وەزە زەرد.(وەزە= گوێز).

پیرو وەزە سوورێ

کەوتووەتە سەر ڕێگای (ئاوێسەر). لە نێوان (ئاوێسەر) و (هانەکڵە)دایە. خەڵکی بە پیرۆز لێی دەڕوانن و بە کەلەکە بەرد سیاجی بۆ کراوە و جاران پەڕۆی سەوز و سپی پێوەکرابوو. دار و چیلکەی دەورووبەری نابڕنەوە و لە نزیکیەوە ناخۆنەوە.

پیری قەرەچێوار

شوێنەواری مەزارگەیەکە. بە دووریی (١٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). دەوترێت گۆڕی پیاوچاکێکە و لەو شوێنەدا‌ شەهیدبووە. سیاجی بۆ کراوە و پەڕۆی سەوزیان بە چواردەوردا هەڵواسیوە. دانیشتوانی گوندەکە بۆ چارەسەری نەخۆشی سەردانیانکردووە. ناوەکەی تورکییە به ‌واتای (دیواری ڕەش) دێت.

چاکەسوار

کەوتووەتە سنوری گوندى (پریسى خواروو). وەک خەڵکى گوندەکە باسیدەکەن: ناونانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە کەسێکى پیاوچاک، بە سوراى ماین لەم شوێنەوە تێپەڕیوە و لە سێبەرى دارە بیی یان توویەکدا دانیشتووە، هەربۆیە بە چاکەسوار یان چاکوسوار ناونراوە. پاشان خەڵکى بە پیرۆز سەیریانکردووە و سەردانیانکردووە.

حەمەدە وردیکڵە

شەخسە، لە دوو شوێنی گوڵپدا هەیە، یەکێکیان لەنزیک کانی ژنانەوەیە لەبەشی دەرچوو لە گوڵپ بۆ سەرگەت، ئەوی تریان لە نزیک قەیسەرییەکەی گوڵپدایە. ناوەکەی بە واتای محەمەدچکۆلە دێت. هەردوو شوێنەکە لەلای خەڵک بە پیرۆز و ڕێزلێگیراو سەیرکراون.

حەمە شێتڵە

کەوتووەتە داوێنی چەمی(زەڵم) لە نزیکی باخی نەسە و بەردەم شەهیدان، ناوەکە بەواتای حەمە شیتۆکە دێت. دەورەبەری دیاریکراوە و سوخنی هەیە و جاران بۆ هەندێک نەخۆشی خەڵک سەردانیانکردووە.

حەمەو سەفەری

مەزارگەی پیاوچاکە. ناوی (محەممەدی کوڕی سەفەری کوڕی حەیدەرسانی کوڕی محەممەدسانی حەسەن سانی مەحموود سانی جافە). بە (بابا محەممەد) ناسراوە. کەوتووەتە قەراغی جادەی تەوێڵە – بیارە، لە گوندی بەڵخە، نزیک شەخسەکەی سەی سەلام. لەسەر وەسیەتی خۆی لەو شوێنەدا بەخاکسپێرراوە. داربەڕوویەکی گەورە لەسەر مەزارەکەیەتی و شوورا و سوخنی هەیە و بەردەنوێژێک لە پاڵیدا بووە. خەڵکی بۆ ڕازونیاز چوونەتە زیارەتی و پەڕۆ بەدارەکەوە کراوە. نزیکی ٢٧٠ ساڵ لەمەوپێش ژیاوە و تەمەنێکی زۆری کردووە. هەتا ساڵی ١٩٧٨ پارێزرابوو. دوای داگرتنی لادێکان، حکومەتی عێراق بە بیانووی فراوانکردنی جـادەکـە مـەزارەکەیان شێواندووە.

خاتوون ئایش

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (پریسی خواروو). بە وتەى خەڵکی گوندەکە خوشکی (بەکرە سوور) ناوێک بووه و ڕێزیان لەو شوێنە گرتووە. جێگە گۆڕەکە، بە بەرد، کەڵەک یان حەساریان بۆ دروستکردووە و تەلیان لێپێچاوە، ئەو شوێنەی ئەم گۆڕەى تێدايه ‌(گورگە چیای بچکۆلە)يشى پێدەوترێت.

خاتوو ئیساف

کەوتووەتە پشت کانی پیرەژنێ لە خۆرهەڵاتی گوندی (عەنەب) لە نێوان کانی قلیج و عەنەب هەڵکەوتووە. کانی پیرەژنێ لەژێر شاخی ئەو نەزرگەوە هەڵدەقوڵێت. بە پیرۆز سەیرکراوە. گۆڕەکە بۆ سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی دەگەڕێتەوە.

خەليفە مەحموود

کەوتووەتە‌ ناو گۆڕستانى گوندى (بەکراوا) لە خۆرهەڵاتى گوندەکە، لەبن چەند داربەڕوويەکدايە، بە بەرد ڕاگر و کەڵەکێکى بۆ کراوە و دەگێڕنەوە کەسێک بەناوى خەليفە محمود، کە خۆى خەڵکى گوندەکە بووه،‌ وەفاتیکردووە و لەو شوێنەدا نێژراوه،‌ پاشان لەلايەن خەڵکى گوندەکەوە بە پيرۆز سەيرکراوه،‌ بەتايبەت لە ڕابردوودا.

پێشتر 1
...
28 29 30
...
48 دواتر