مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

944 بابەت

ملەی غەریبان

کەوتووەتە سنوری گوندی (تریفە)، لە کۆندا پێیانوتوە ملەی غەریبان، چەند داربەڕوویەک و دار زەیتونێکی تێدایە. لە هەڵەبجەوە سەیری گوندی (تریفە) بکەیت ئەم درەختانە دیارن، کێلى گۆڕەکان بەگشتى بەردى ئاسايين. ڕوبەرەکەى نزيکەى دوو دۆنمە.

منداڵان ١

کەوتووەتە سنوری گوندى (نەوێ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). مێژوویەکی ٣٠٠ ساڵەی هەیە. لەبەرئەوەی سەرەتا تایبەت بووە بە گۆڕی منداڵان، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. ڕووبەری چوار دۆنم زیاتری هەیە. ماوەی چوار ساڵە پڕ بووەتەوە و خەڵکی گوندەکە مردووەکـانیان لـە گـۆڕسـتانی (دارئـەسحـابان) بەخاکـدەسپێرن.

منداڵان ٢

کەوتووەتە باشوری سنوری گوندی (جەلیلە). مێژووەکەی بۆ سەرەتای ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. لەبەرئەوەی تایبەت بووە بە گۆڕی منداڵان، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. ڕووبەرەکەی زیاتر لە یەک دۆنم دەبێت، لە ئێستاشدا هاوڵاتیانی گوندەکە مردوەکانیان لەو گۆڕستانە بەخاکدەسپێرن.

مێرگی شێرشکێن

کەوتووەتە نێوان گوندەکانی (تاوێرە و خەرپانی) لەسەر بەرزایی (تاڵگ). ناوەکەی لە نەبەردییەکەوە ناونراوە، کە نازانرێت هی چ سەردمێکە. نزیکەی ١٠٠٠ گۆڕ دەبێت.

مێزەرە چەرمە

کەوتووەتە سنوری گوندی سەرگەت. بەواتای (مێزەر سپی) دێت. بەردێکی سپی لێبووە لە شێوەی (مێزەر)؛ ناوەکەی لەو بەردەوە سەرچاوەیگرتووە. لە نێوان دۆڵی (دلێ دەم) و (سوکڵە جەڕ)ە. ناوچەکە شوێنی کشتوکاڵکردن بووە. مردووەکان لەناو گۆزە و دیزەدا نێژراون. ئەوانەش لە گڵ دروستکراون. خشڵ و کەرەستەی سەردەمی خۆیان لەگەڵ مردووەکە ناشتووە. داری بەڕووی زۆری لێیە. خەڵکی ناوچەکە دەڵێن لە ساڵانی قاتوقڕی و گرانیدا، خەڵکانێک ئەو شوێنەوارانەیان دەستکەوتووە و سوودیانلێوەرگرتووە.

نارنجڵە

کەوتووەتە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکە و تەنها (٨٠م) لە ڕێگای سەرەکیی گوندەکەوە دوورە و چەند دارێکی بە تەمەنی تێدایە و گوندنشینان مردووەکانیان بە دەستوری ئاینی ئیسلام تێدا شاردووەتەوە. لە باکورەوە گوندەکە و دۆڵی مەڵاڵە و کانی مزگەوت و لارەدەر و لە باشورەوە قوتابخانەی گوندەکە و تەپو قەڵێ و قەڵای سەنگی سیاو، لە خۆرهەڵاتەوە دۆڵی نارنجڵەی کۆن و لە خۆرئاواوە کانی قادر و کەمەڵە و کارێز ،دەورەیانداوە.

ناوداران

کەوتووەتە نێوان گوندەکانی (باوەکۆچەک) و (حەسەنئاوا) و (تریفە). لەسەر گردی سۆڵەسیان و بەتەنیشت دارستانی گوڵانەوەیە. گۆڕستانەکە نوێیە. لەلایەن حەمەی فەرەجی قالەسوورەوە دروستکراوە. ڕووبەرەکەی زۆرە و تەلبەندکراوە و ڕێگایەک دەیکاتە دوو بەشی سەرەکییەوە.

ناودێ

کەوتووەتە سەنتەرى گوندی (قارەمانی)ی سەر بە شارۆچکەی (سیروان). دانيشتوانى گوندەکە لە ڕابردوودا بە گشتى منداڵيان تێدا بەخاکسپاردووە، بەهۆى ئەوەى لە ناوەندى گوندەکەدا‌ هەڵکەوتووە، بە گۆڕستانى ناودێ دەناسرێت.

ناوڕیانى نوێ

کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (گمە). لە تەنیشت گۆڕستانی (ناوڕیانى کۆن). مێژووەکەى بۆ سەرەتاى ساڵانى بیستەکانى سەدەى ڕابردوو دەگەڕێتەوە. هەتا ئێستا خەڵکى گوندى گمە مردووەکانیانی تێدا بەخاکدەسپێرن. ڕووبەرەکەی نزیکەی پێنج دۆنم دەبێت.

ناووارگان

کەوتووەتە باشوری گوندی (ڕێشاو)ەوە. ڕووبەرەکەی نیو دۆنم دەبێت. بە شوێنەواری گۆڕە کۆنەکاندا دیاره،‌ کە مێژوویەکی دێرینی هەیه.

نەرەی دۆڵە کەچێ

داربەڕوویەکی گەورەیە. کەوتووەتە بەشی خۆرئاوای گوندی سەرگەتەوە. لە قەدپاڵی (قەڵای سەرگەت)ە. یەکێکە لە گۆڕستانە کۆنەکان و مێژووەکەی لە زۆرێک لە گۆڕستانەکانی دیکەی گوندەکە کۆنترە. کێل و قەبرەکانی ماون. ساڵانێکە مردووی تێدا نەنێژراوە.

وەیس

کەوتووەتە باشوری گوندی (بامۆک). گۆڕستانێکی کۆنە، تاکە گۆڕستانی گوندەکەیە، گۆڕەکانی لە بیرەوەریی خەڵکی گوند نەبووە، خەڵکی گوندی باوەکۆچەکیش لەو گۆڕستانە مردوویان ناشتووە. کانییەکی تێدایە، وەیسی قەرەنی، کە نەزەرگەکەی لە خۆرهەڵاتی کوردستانە، لە گوندی (بامۆک)ەوە تێپەڕبووە و لەو کانییە دانیشتووە و پاشان بەناوی ئەوەوە ناونراوە. لەشوێنەکەی وەیسدا کەڵەکەبەرد بۆ پاراستنی شوێنەکەی دانراوە و هەتا ئێستەش ماوەتەوە. گۆڕستانەکە بە دارتوو دەوڵەمەندە، ساڵانە خەڵکی گوندەکە لە بنی ئەو دارتووانە قوربانی دەکەن و ئاژەڵ سەردەبڕن.

ئەحمەدی هاوارێ

نەزەرگەیەکی پیرۆزی پەیڕەوانی یارسانە. کەوتووەتە گوندی هاوارەکۆن. لەتەنیشت گۆڕستانێکەوەیە، کە بە (مەیدانێ) ناسراوە. بە تەڵانەبەرد دروستکراوە. ساڵی ٢٠٢٢ بەشێوەیەکی جوانتر نۆژەنکراوەتەوە. خەڵکانی ناوچەکە ڕۆژانی چوارشەممان بەتایبەت دەچنە زیارەتی.

ئەسحابەی کرمەکە

کەوتووەتە ‌نێوان هەردوو گوندی (دەرەگوڵان و ڕیشێن)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ەوە. دەوترێت گۆڕی ئەسحابەیەکە. لە کۆندا جوتیارانی گوندەکە و گوندەکانی دەوروپشتی، خۆڵی سەر گۆڕەکه و دەوروپشتییان بردووە و وەک تۆو ڕشتویانە بەناو گەنم و زەوییە کشتوکاڵییەکانیاندا بۆ ئەوەی حەشەرات و کرم بەرهەمەکانیان نەخوات.

ئەمنە ئەنوەر

کەوتووەتە تەنیشت کانی ژوورنگ لە سنوری گوندی (مۆردین). لەلای خەڵکی گوندەکە بە پیرۆز سەیرکراوە. هیچ کەس بۆ هیچ مەبەستێک سەردانینەکردووە. بەڵام بەشوێنێکی پیرۆز ناوبراوە. داربەڕوویەکی گەورەی لەسەربووە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕەشەبای بەهێز خستویەتی. بەشێکی کەمی ماوە.

ئەول جەلیل

بریتییە لە گۆڕی پیاوچاکێک لە گوندی (پریسی سەروو)، بەرزیی لەئاستی ڕووی دەریادا (٨٠٦م)، دەکەوێتە چەقی گوندەکەوە لە تەنیشت کانی جانە، لەناو قەورسانی (گۆڕستانی پریس)دایە.

ئەول خەلیل

بریتییە لە گۆڕی پیاوچاکێک لە گوندی (پریسی سەروو)، بەرزیی لەئاستی ڕووی دەریادا (٨٣٩ مەتر)، دەکەویتە چەقی گوندەکەوە.

ئەول کەریم

گۆڕی پیاوچاکێکە لە گوندی (پریسی سەروو). بەرزیی لەئاستی ڕووی دەریادا (٧٩٨ مەتر)ـە، دەکەوێتە چەقی گوندەکەوە لەسەرقەڵا.

ئيمامى زامن

کەوتووەتە‌ باکورى خۆرئاواى گوندى (ئيمامى زامن) و بەهۆى بوونى گۆڕى پياوچاکێکەوه،‌ بەشوێنێکى پيرۆز ناودەبرێت و ئەمەندە ڕێزلێگيراو بووە، لەڕابردوودا خەڵکى لەکاتى گەرميان و کوێستاندا موڵک و ماڵيان لەتەنيشتى ئەم مەزارگەدا بەئەمانەت ‌جێهێشتووە و هيچ کەسێک دەستى بۆ نەبردووە، هەتا ئێستەش خەڵکى سەردانیدەکەن. چەندين جار لە سلێمانیيەوە خەڵکى سەردانيانکردووە، هەتا ئێستەيش دوو داربەڕووى پيرى تێدايه،‌ کە بەشێک لە دارەکانيان وشکبوون، هيچ کەس ئامادەنيیە دارە وشکەکانيش لێبکاتەوە.

بابا ئەسکەندەر

مەزارەگەی پیاوچاکێکە. کەوتووەتە بەشی مالێدەری سەر بە شارەدێی (تەوێڵە). خەڵک سوێندیان بە تاقی بابائەسکەندەر خواردووه،‌ کە کەوتووەتە خوار گۆڕەکەوە و لە دیوارەکەدا بەتاقێک هێڵراوەتەوە. گەڕەکەکەش هەر بەو ناوەوە ناونراوە، لە بەشی خوارەوەدا، بە هەمان ناوەوه،‌ مزگەوتێکیش ناونراوە. بەشی سەرەوەی مەزارگەکە بووە بە گۆڕستان و هەتا داوێنی چیاکە درێژ و گەورەتر بووەتەوە و ئێستا پێیدەڵێن قەبرسانو(پەشتۆ بانا).

پێشتر 1
...
27 28 29
...
48 دواتر