شەهیدانی عەنەب
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
کەوتووەتە سەر(یاڵی عەنەب) یا سەروی (هالە گلان) لەسەر سێ ڕیانی (هاوار - دەرەشیش - عەنەب) لە ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن ڕێکخراوی (KRO) بەمەبەستی ئەسپەردەکردنی ڕوفاتی شەهیدانی کیمیابارانی گوندی عەنەب و ئەوانەی لەو گوندە شەهیدبوون، دروستکراوە. بەهۆی ئەوەی عەنەب لەسەر ڕێگەی هەڵەبجە - هەورامان هەڵکەوتووە، یەکێک بووە لە ڕێگاکانی خۆدەربازکردن لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا. لەسەر ئەم ڕێگەیەش ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە لە قەدپاڵی (ملەقەوی) و (تەنیشت قوتابخانەی عەنەب) و زەوی بەرباخی (حاجی ئەولکەریمی قێخا محەممەد) و بەدرێژایی ڕێگای گوندەکە، شەهیدبوون. گوندی عەنەب بەتەنها ٢١١ کەسی لێ شەهیدبووە، لە نێویاندا حەوت خێزان هیچ میراتگرێکیان لێبەجێنەماوە. کۆی ژمارەی ئەو شەهیدانەی، کە لەم گۆڕستانە بەخاکسپێردراون زیاتر لە ٤٠٠ شەهیدە. پێکهاتەی گۆڕستانەکە و دیزاینەکەی ئەگەر لە ئاسمانەوە بەشێوەیەکی ستوونی سەیربکرێت لەسەر شێوەی بۆمبی کیمیایی دروستکراوە. لەسەر ڕوبەری زیاتر لە دۆنمێک و لە ١٢ گۆڕی شێوە لاکێشەیی بەکۆمەڵدا شەهیدەکان نێژراون. بە (کێلەسپی)ش ناودەبرێت. ئەنجومەنی گوندی عەنەب لە ئاب و ئەیلولی ١٩٩٣ لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرجەم پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، هەستا بە کۆکردنەوە و دووبارە ناشتنەوەی ڕوفاتەکان لەم گۆڕستانەدا. لە کاتی گواستنەوی ڕوفاتەکاندا لیژنەیەک دروستکرابوو بۆ کۆکردنەوەی بازن و سەعات و ملوانکەی شەهیدەکان و بە کەسوکاریان درانەوە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (حاجی محەممەد حەمەڕەشید مەحموود "حەمەی مامۆڕەشە")، لەدایکبوو: ١٩٤٤، پیشە: خانەنشین، لە ٢٥ی ١٢ی ٢٠٢٢.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ئەیوب حەمە حەمەڕەشید "ئەیوب عەنەبی")، لەدایکبوو: ١٩٧٢، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ٢٥ی ١٢ی ٢٠٢٢.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید