مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

184 بابەت

داروشەخسەکە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی کانی ئاساکان. لە ئێستادا مردووی گوندەکە لەوێ دەنێژرێت. داربەڕوویەکی گەورەی بەتەمەنی تێدابووە. بـەڵام ڕەشـەبا شکاندویەتی.

داری شەخس

بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە باکوری گوندى (کۆساوا) لە سنوری شارۆچکەی (سیروان). مێژووەکەی بۆ کۆتایی سەدەی هەژدە و دروستبوونی گوندەکە دەگەڕێتەوە. تایبەت بووە بە گۆڕی منداڵان. ڕووبەرەکەی دوو دۆنم دەبێت هەتا ڕاگواستنی خەڵکی گوندەکە لە ساڵی ١٩٧٨ مردووی لێ بەخاکسپێرراوە.

دەرەشیش

دەرەشیشی سەروو و خواروو چەندین گۆڕی کۆنیان تێدایە، بە شوێنە جیاوازەکانی گوندەکەدا بڵاوبوونەتەوە. لە بەناوبانگترینیان گۆڕستانی (تەپەمارانی لە بەردەم گوندەکەیە، ئەسحابان لە نێوان دەرەشیش و خەرپانی. مەیان لە نزیک (مەشکەژەنان)، کەلاران)، کە مێژووەکەیان بۆ پێش ئەردەڵانییەکان و فتوحاتی ئیسلامی دەگەڕێتەوە. گۆڕی جولەکە و مەسیحی و موسوڵمانی تێدابووە.

دەروێش عەلی

دەکەوێتە سنوری گوندی مامەشەیی، لەنێوان هەردوو گوندی بەشی پیرک و مامەشەیی هەڵکەوتووە، شانی ملەکەوە دەڕوانێت بەسەریدا و چەمی باغی مەلا مەحمود بە لایەکیدا و ڕێگای کۆنی هەڵەبجە عارەبانیش بەلاکەی دیکەدا تێپەڕدەبێت. ئەم گۆڕستانە بە پارچە زەویی ژمارە ٨ی مامەشەیی تۆمارکراوە.

دەرەگوڵان

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەگوڵان)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). مێژووەکەی لەگەڵ دروستبوونی گوندەکە‌‌دایه و بۆ زیاتر لە ١٥٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. مردوەکان لەم گۆڕستانە لەسەر شێوازی ئیسلام بەخاکسپێرراون. ڕووبەرەکەی نزیکەی دوو دۆنم دەبێت. هەتا ساڵی ١٩٧٨ تەنها منداڵیان لێ ناشتووە.

دەگێ کۆنێ

کەوتووەتە باشوری گوندی (یاڵانپێ). بە پێی ئەو نوسین و پاشماوانەی، کە لە گۆڕستانەکەدا هەن، مێژووەکەی بۆ ساڵانی پێش ١٩٠٠ دەگەڕێتەوە. شوێنی ئاوەدانی گوندەکە پێشتر لەم شوێنەی ئێستای نەبووە و نزیک بووە لە گۆڕستانەکەوە، بۆیە بە گۆڕستانەکەش دەوترێت (گۆڕستانى گوندە کۆنەکە). ڕووبەری نزیکەی یەک دۆنم زەویە و بە دەیان گۆڕی تێدایە.

دوانزە ئەسحابە

کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕیشێن)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی زیاتر لە چوار دۆنم دەبێت. دەوترێت گۆڕی ١٢ ئەسحابە لەم گۆڕستانەدایە و لە ئێستادا تەنها دوو گۆڕیان شوێنەواریان دیارە، کە بە بەرد سیاجکراون و لە بنی داربەڕوویەکدان. دەوترێت مێژووەکەیان بۆ سەردەمی فتوحاتی ئیسلام دەگەڕێتەوە. لە کۆنەوە خەڵکی گوندەکە مردوویان لە دەوری ئەو گۆڕانە بەخاکسپاردووە و بووە بە گۆڕستانی گوندەکە.

ڕاپەڕین

کەوتووەتە سنوری گەڕەکی (ڕاپەرین) و نزیک گەڕەکی (زەمەقی) لە ناوشاری هەڵەبجە. ڕووبەرەکەی (٢٤٧٨٠م) چوارگۆشەيە.

زاخێ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گریانە). مێژوویەکی ٣٠٠ ساڵەی هەیە. گۆڕەکانی لەسەر شێوازی ئاینی ئیسلام دروستکراوە. ڕووبەرەکەی نیو دۆنم دەبێت.

زەردەهاڵ

بە دووریی (٥٠٠)م کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (زەردەهاڵ). ڕووبەرەکەی لە دوو دۆنم زەوى زیاترە. مێژووەکەی بۆ ساڵی٢٠١٢ دەگەڕێتەوە. لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە سیاجکراوە. لە ئێستاشدا خەڵکی گوندەکە مردووەکانیانی لەو گۆڕستانەدا بەخاکدەسپێرن.

زەڕی مەردێ

بە دووریى چوار کيلۆمەتر کەوتووەتە باکورى گوندی (پشتە)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ. مێژوویەکی کۆنی هەیە و دەوترێت هی پێش ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەرە، گۆڕستانەکە لەسەر تەپۆڵکەیەکە، کە بەرزییەکەی (١٠م) دەبێت و ڕووبەری تەپۆڵکەکە یەک دۆنم دەبێت، لەناو زەوييەکى ٢٠ دۆنمیدا هەڵکەوتووە، کە چواردەوری تەختاییەکی فراوانە، لە بیرەوەریی خەڵکی گوندەکەدا نییە، کە مردووی لێ بەخاکسپێرراوە.

زەمەقیى خواروو

کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتى گوندى (زەمەقیى خواروو)ی سەر بە شارۆچکەی (سیروان). به ‌دووریى يەک کيلۆمەتر لە گوندەکە هەڵکەوتووە و هاوسنورە لەگەڵ ياريگاى گوندەکە. ئەگەرچى گۆڕستانەکە زۆرتر بۆ ناشتنى منداڵان بەکارهاتووە، بەڵام بەپێى گێڕانەوەى دانيشتوانى گوندەکه،‌ گۆڕى پياوچاکێکى تێدايه،‌ کە پێیوتراوە(باوەخول خول).

زەمەقیى سەروو

کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتى گوندى (زەمەقیى سەروو)ی سەر بە شارۆچکەی (سیروان). مێژوويەکى دێرينى هەيە و بەر لە دروستکردنى گوندەکە هەبووە، لەناو گۆڕستانەکەدا گۆڕێک هەيه،‌ که ‌خەڵکى گوندەکە بە پيرۆز لێيانڕوانيووە.

زیارەتان ١

بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە خۆرئاوای گوندى (بۆین). گۆڕەکان تایبەتن بە منداڵان و لەسەر شێوازى ئیسلام بەخاکسپێرراون. ڕووبەرەکەی زیاتر لە دوو دۆنمە و مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. تاکو ساڵی ١٩٨٨ مردووی لێ بەخاکسپێرراوه.

زیارەتان ٢

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەڵەمەڕ) لە بناری شاخی شنروێ. گۆڕستانێکی کۆنە. لە بیرەوەریی خەڵکی ئێستەی گوندەکەدا نییە. لە کۆندا سەری ڕم و تیروکەوانی تێدا دۆزراوەتەوە، واديارە لە کۆندا بە پيرۆز سەيرکراوە و خەڵکى سەردان و زيارەتيانکردووە.

زیارەتان ٣

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی سەر به ‌شارۆچکەی(خورماڵ). گۆڕستانێکی دێرینە. ڕووبەرەکەی زیاتر لە سێ دۆنم دەبێت، هەتا ساڵی پەنجاکان مردوویان تێدا بەخاکسپاردووە‌، ئێستا چواردەورى گۆڕستانەکە ماڵى تێدا کراوەتەوە و شوێنەوارى بەشێک لە گۆڕەکان نەماون.

زيارەتان ٤

مێژوويەکى کۆنى هەيە و کەوتووەتە باکورى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە شارۆچکەی (سیروان) و ١٥٠٠م لە گوندەکە دوورە. خەڵکى گوندەکە ناوەناوە زيارەت (سەردان)يان کردووە بۆيە ناونراوە زيارەتان، بەڵام لەئێستادا بەهۆى زيادبوونى ئاوى دەرياچەى دەربەنديخانەوه،‌ کەوتوەتە ژێرئاوى دەرياچەکەوە.

زیارەتی خواروو

بە دووریی (٨٠٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (قوڵمیتکان)، لە سنوری شارۆچکەی (سیروان). (٢٠٠م) نێوانیان لەگەڵ گۆڕستانی (زیارەتی سەروو)دا هەیە. ڕووبەری یەک دۆنم دەبێت. مێژووەکەی بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە دەگەڕێتەوە. هەتا ساڵی ١٩١٠ مردووی لێ بەخاکسپێرراوە.

زیارەتی سەروو

بە دووریی (٦٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (قۆڵمیتکان) لە سنوری شارۆچکەی (سیروان). ڕووبەرەکەی نزیکەی یەک دۆنم و نیو دەبێت. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩١٠ بۆ ١٩٢٠.(٢٠٠م) نێوانیان لەگەڵ گۆڕستانی(زیارەتی خواروو)دا هەیە، ئەم گۆڕستانە هەتا ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو مردووی لێ بەخاکسپێرراوە.

سەرچاوگ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (شیرەمەر)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی چوار دۆنم دەبێت. گۆڕەکانی لەسەر شێوازی ئاینی ئیسلامـن.

پێشتر 1
...
3 4 5
...
10 دواتر