بەرگی یەکەم
شوێنی سروشتی
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.
بەرگی یەکەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.
کۆمەڵیک کەپر و کابینەی گەشتیارین لەسەرەتای تەوێڵەوە. دەڕوانن بەسەر چەمی خوارووی تەوێڵەدا. بە ناوی بەرزاییەکەی قەڵامسێنەوە ناونراون و بۆ خۆشیان ناوی تایبەتیان لێنراوە.
چەند کابینەیەکن بەشێوەی جیاواز و نوێ دروستکراون. کەوتوونەتە ناو کۆمەڵگەی گەشتیاریی(ئاوێسەر)ەوە. پێنج کابینەیان تەختەن. نووستن، هۆڵ، چێشتخانه، باڵکۆنیان هەیە. چوار کابینەشیان چیمەنتۆن و نووستن، هۆڵ، مشتەمەلاتیان هەیە و خزمەتگوزاری: ئاو و کارەباو مۆەلیدەیان هەیە.
هاوینەهەوارکی بەڵخەییەکانە لە کوێستانەکانی شاخی تەوەنێ. لە مانگی تەمووزەوە هەواری بەڵخەییەکان لە بەنەن و ڕێوڵە و شوێنەکانی ترەوە دەیانگواستەوە بۆی. ئاژەڵەکانیشان دەبرد و تا سەر پاییز تێیدا دەمانەوە. شوێنەواری هەواری تائێستش ماوە.
کەوتووەتە باشورى خۆرئاواى گوندى (کانی توو)، لەنێوان بەرزاييەکانى خوڵامى و گوندەکە هەڵکەوتووە، کۆنە هەوارى گوندەکە بووە و لەهاويندا خەڵکى گوندەکە باريانکردووە بۆ ئەو شوێنە و کەپريان دروستکردووه، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی، کە فێنکتر و گونجاوتر بووە.
هەواری خەڵکى گوندی (خێڵی حەمه)ی سەر به ناحیەی (خورماڵ)ـە. کەوتووەته خۆرئاوای گوندەکەوە لەوەرزی هاویندا دانیشتوانی گوند لەبەر کێچ چوونەتە سەر کێڵگەکانیان و ئاژەڵەکانیان بردووە بۆ لەوەڕگا و دەواریان هەڵداوە، تا سەرەتای پایز ماونەتەوە. کەڵەکاوى لەبەر بوونى ئاوى کانییەکانى مزگەوت لە نزیکى شوێنەکە هەوایەکی فێنکتری هەبووە.
کەوتووەتە نزیک کەلی (حاجیەڕا) لە چیاکانی هەورامان. هەوارگەی (ئەفراسیاوبەگ) حاکمی ناوچەی هەورامان بووە. بۆیە بە (کەما و حاکمی) ناوی هێنراوە. (کەما) گیایەکە بەزۆری لە بەرزاییەکانی هەوراماندا هەیە.
هاوینەهەوار و پایتەختی هاوینەی (شێخ عەلی حسامەدین)ـە. ڕێگەی کراویەدۆڵی دەچێتە سەر (باخەکۆن و گەچێنەوە بۆ شرام و مارانی و هانەسوارا) و لەوێشەوە بۆ (نەڵکمین و کویلەو بزازەرای پشت ئاوێسەر لە تەوێڵە و بە کەلەتەنگ).
کەوتووەتە سەر ڕێگەی گوندی (خەرپانی). هانەشاری و چەمی کۆڵێژی و باخی سەرچەمە و نسار، لە گرنگترین ئەو شوێنانەن، کە لەوەرزی بەهاردا خەڵکێکی زۆر بەخێزانی سەردانیدەکەن. بە گژوگیای بەهارە و بەتایبەتی (کنگر) دەوڵەمەندە. ئەم شوێنە لە سەردەمی شێخ عەبدوڵای خەرپانیدا، مەدرەسەی هاوینەی بوو. شوێنەکە به بەراورد بە گوندی خەرپانی، فێنکترە.
هاوینەهەوارێکی دیاری شاخی هەرمێلەیە لە سنوری گوندی بۆین و دەڕوانێت بەسەریدا. ڕەوەندەکانی گوندەکە ساڵانە گەرمیان و کوێستانیان کردووە و لە پایزدا هەواریان لەم شوێنەدا هەڵداوە. داری مۆردی تێدایە و بەو ناوە ناونراوە.
دۆڵێکى نيمچەقوڵى شێدار و ئاودار و پڕ لە دارودەوەنە، بە دووریى دوو کيلۆمەتر کەوتووەتە خۆرئاواى سەنتەرى شارى هەڵەبجەوه. هاوسنوری گۆڕستانى (گوڵان)ـە. بە ئاڕاستەى بەرزاييەکانى نێوان هەردوو چياى (شنروێ و باڵامبۆ) درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە (کانى زڕگوێز). لە ڕابردودا زياتر سەوزتر و ئاودارتر بووە و جێگەى گەشت و سەيرانى بەشى زۆرى شارنشينانى هەڵەبجە بووه. چەمێکى وەرزيى تێدايە، کە بە درێژايى وەرزى زستان ئاوى پێدا دەڕوات، بەڵام لەوەرزى هاوين بەهۆى ئاودێرى لەبەشەکانى سەرەوەى ئەم دۆڵە ئاوەکەى وشکدەکات ياخود زۆر کەم دەبێتەوە.
خانویەکی نمونەییە. لەسەر ڕووبەری (٥٠٠م٢) لە سنوری گەڕەکی (گەڕیات) لە شارەدێی (تەوێڵە) لە لایەن کەسایەتیی ناوچەکە (دکتۆر تایەر هەورامی)یەوە دروستکراوە. خانوەکە کەوتووەتە ناو باخی نابراوەوە و بەشێوازێکی کەلەپووریی ڕەسەنی هەورامان بونیادنراوە. سێ نهۆمە، بەرد و کەرەستەکانی ناوچەکەی تێدا بەکارهێنراوە. لە دیوارەکانیدا (دیمەک) و لە سەقفەکەیدا داری چنار بەکارهێنراوە. لە حەوشەی باخەکەدا چەندین دیواری لەبەرددروستکراو هەن. خانوەکە بووەتە جێگەیەک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران بۆ ناوچەکە و لە چەند فیلم و کلیپێکدا بەکارهێنراوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (سەرگەت) لە هەورامان و لە نزیک (کانی هەمەشوانە) و چەمی (شێراو). بە هەورامی پێیدەوترێت (یانە و ئیسراحەتی). لە خانویەکی (٤٠٠م٢) پێکدێت، کە هۆڵی دانیشتن و میوانداریی تایبەت و شوێنی پاسەوان و کۆگای تێدایە. لەسەر ڕووبەری (٧٠٠٠م) چوارگۆشە دروستکراوە و سەوزایی و باخ و باخات، ڕووبەرێکی گەورەی پێکدەهێنێت و حەوزی ئاوی تێدایە. ساڵی ٢٠١٨ دەستکراوە بەکارکردن تێیدا و تا تەواو بووە سێ ساڵ و نیوی خایاندووە. لە کەرەستە خۆماڵییەکانی ناوچەکە وەک بەردی کانە بەردەکانی گوڵپ، دیمەک و داروتەختەی هەورامان و سەرگەت دروستکراوە و ڕووکاری دەرەوەی بە شێوەی فۆلکلۆر و بیناسازیی کلاسیکی هەورامان و لەناوەوەشی بەشێوازی مۆدێرن ڕازێنراوەتەوە. پڕۆژەکە هەرچەند پرۆژەیەکی تاکەکسی و تایبەتیە، بەڵام هەمیشە دەرگای بۆ گەشتیاران و سەردانیکەرانی واڵایە. بەتایبەت بۆ بینیی (چلەخانەی باباناوسی سەرگەتی و ئاشی ئاوەکەی)، کە بەشێوازی کۆنی هەورامان نۆژەنکراوەتەوە خەڵکێکی زۆر بێبەرانبەر سەردانیدەکەن.
کەوتووەتە سنوری گوندی بەڵخە و لەسەر ڕێگای سەرەکیی تەوێڵەیە. زیاتر وەک هاوینەهەوارێک دەناسرێت. لەسەردەمی دەسەڵاتی (بێگەبەگی ئەردەڵان)یدا شوێنی حەوانەوە و پشوودانی دەسەڵاتدارانی ئەردەڵانی بووە. ماوەیەکی زۆریش چایخانەیەکی تێدابووە وەک کاروانسەرا و شوێنی حەوانەوەی ڕێبواران بەکارهاتووە. مێشلە لە سەرچاوە عەرەبیەکاندا بە (مشعله) ناوی هاتووە. قەڵای مێشلە بە یەکێک لەناوچە شوێنەواریەکان دادەنرێت. لەشەڕی عێراق و ئێراندا قەڵاکە کراوەتە سەنگەرێک و سریەیەک لە سوپای عێراقی تێدا جێگیرکراوە. لە ئێستادا خانویەکی تەختە و چەندین کەپر و چایخانەی لێ دروستکراوە.
بەشێکی گرنگی ناوچەی گەشتاریی ئاوییە لە پارێزگای هەڵەبجە. بەشەکەی خۆرهەڵاتی دەریاچەی دەربەندیخان دەگرێتەوە و بە سیروان ناسراوە. ١٠کم لە خۆرئاوای شاری هەڵەبجەیە. بەهۆی بوونی بەلەم و ماتۆڕێکی زۆری گەشتیارییەوە لە بەهار و هاویندا خەڵکی ڕووی تێدەکەن و چێژ لە گەشتی نێو ئاو و بینینی دیمەنی باڵدار و مەلەکانی دەوروبەری وەردەگرن. بەو هۆیەوە لە ڕێبەری گەشتوگوزاریی هەڵەبجەدا بە ناوچەی گەشتیاری ژمێرراوە.
کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای شاری هەڵەبجە، ناوچەیەکی فراوانە و کۆمەڵیک گوندی لەسەرە. بە چەند چیایەکی وەک (باڵامبۆ، نوەر) دەورەدراوە. شوێنی ژیانکردنی چەندین ناوداری وەک مەولەوی و کاک ئەحمەدی پریس و زانایانی مەدرەسەی نێرگزەجاڕ و پریس بووە. چەندین شوێنەواری مێژوویی دەکەونە ناوچەکەوە، وەک گردی بەکراوا، قەڵای گوندە. چەندین ڕوداوی گرنگ تێیدا ئاڕاستەکراون، وەک پەلاماری عومەر پاشای سەردار بۆ چەک داماڵینی حەمەپاشای جاف و سوتانی چرۆستانە. ئیدمۆندز پێیوتووە دۆڵی خۆشبەختەکان. لە بەهاراندا سەردانیکەری زۆرە و لەم ساڵانەدا لەڕێگەی سازدانی ڤیستیڤألی هونەری و کلتوریی نەورۆڵییەوە، زیاتر دەرکەوتووە و ئەگەر چەند خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی گەشتیاری تێدا ئەنجامبدرێت، گەشتیاری زۆرتر ڕووی لێدەکەن.
ناوچەیەکی گەشتیارییە. کەوتووەتە لاپاڵی شاخی (هەسوون)ی نزیک گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). بەهۆی بوونی کانی و ئاوی سازگار و باخی داری گوێز و هەرمێ و چەند جۆرێک لە گژوگیای بەهارییەوە، بووەتە سەیرانگا. هەرچەندە تا ئێستا ڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆ نەڕۆشتووە، بەڵام گەشتیاران لە هەورامان و تەواوی شارەکانی کوردستانەوە سەردانیدەکەن.
کەوتووەتە باشوری شارۆچکەی (بیارە). بە چەند چیایەک دەورەدراوە لەوانە چیای ئەشکەوەڵ و کەنۆڵەڕەشان و هەنجیرەکە و هەڵوژە و چاڵان. ناوچەیەکی گەشتوگوزارییە و خاوەنی چەندین توانستی سروشتی مرۆیی گرنگە، وەک: (٩٩٥ بۆ ١١٣٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. فێنکیی ئاوهەوا و بوونی کانیاوی سروشتی و چەمی گەورەی هاوار و باخ و دارستانی چڕ و ئاینی جیاواز و ڕێوڕەسمی کۆمەڵایەتی و ئاینی تایبەت بە کاکەییەکان وەک ماستی قەڵاتێ و سروتە ئاینیەکانی وەک ژەنینی تەمبوور و پەرستگای ئاینی کاکەییەکان وەک (پەرستگای شای سەرتلی) و گۆڕستانی شێخ ئەسکەندەری کوڕی سوڵتان ئیسحاق)... هد، ئەمانە وایانکردووە، ببێتە جێی سەرنجی گەشتیارانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و سەردانیبکەن، گونجاوە بۆ گەشتوگوزاری ئاینی و ژینگەیی و خۆشگوزەرانی و لادێیی.
پڕۆژەیەکی گەشتیاریی حکومییە، کەوتووەتە سەر ڕێگەی دووەمی ئەحمەدئاوا و زەڵم لە نزیک گوندی ئەحمەدئاوا. دیوارەکەی بە بەردێکی جوان دروستکراوە و سەقفیان شیش و کۆنکرێتە. ساڵانە بە ئیجار دەدرێتە کەرتی تایبەت. لە ١٢ کابینەی گەشتیاری پێکهاتوە، هەرکابینەیەک برتییە لە دوو ژووری نووستن و هۆڵ و ناندین و گەرماو خزمەتگوزارییەکانی تری لە ئاو و کارەبای بەردەوامی هەیە، چوار دەوری کابینەکان بە دیوارێک لە خانوەکانی هاوڵاتیان جیاکراوەتەوە. شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و چەند یارییەکی منداڵانی تیدایە، لە دەرگای چوونە ژوورەوەیدا پرسگەیەکی بۆ پێشوازی لە هاوڵاتیان هەیە. چوار وەرزە کراوەیە، کرێی هەر کابینەیەک لە شەو و ڕۆژدا ١٠٠-١٥٠ هەزار دینارە.
شوێنێکی کوێستانی و فێنکە لەهەر دێیەک لە دێکانی هەوراماندأ، کە موڵکی تایبەتی دێکەیە. لە هەوراماندا هەوارگەیەکی بێشومار هەن، هەندێک لەم هەوارانە بە ناوی دێکەوە ناودەبرێن و هەندێکیشیان ناوی تایبەتیان هەیە. وەک(بێمیر و پیازدۆڵ و کراویەدۆڵ و هانەنەوتی و هەواری بووک، پیر ڕۆستەم، نوەیجەڕ، هەیات، هەزارانی، هەیشوور... هتد). لەوکاتەیدا، کە هەوا خۆشدەکات، هەورامییەکان بە کۆمەڵ و بۆ ماوەیەکی کاتی کۆچی بۆ دەکەن. هەر هەوارێک کەلەبەرێکی هەڵچنراوی لە شێوەی دەرگادا بۆ دەکەن و لە دەوروبەریش شوێنی ئاژەڵەکان. لەگەڵ خۆیان ڕاخەرو پێداویستیی سادەی ژیان و تەواوی ئاژەڵ و باڵندەو پەلەوەرە ماڵییەکانیشیان دەبەن. بە ژیانکردنی ئەم ماوەیە لە هەوار دەڵێن هەوارنشینی. تەواوی ڕەسم و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانیشی تێدا ئەنجامدەدرێت. هەوارنشینان تا هاتنی وەرزی سەرما لە هەوار دەمێننەوە و پاشان بە تێکرایی دەگەڕێنەوە ناو دێ. ئامانج لە کۆچ و کۆچبار بۆ هەوار، ئاژەڵداریی و عەمبارکردنی ئالیکە، کە هەر هەوارێک یان چەند هەوارێک، شوێنی تایبەتی بۆ لێکەندنەوە و کوتانی ئالیکەکە هەیە. لە هەوراماندا دەیان هەواری بەناوبانگ هەن، کە تائێستاش ناویان دەبرێت. ئەم هەوارانە لە فەرهەنگ و نەریتی هەوراماندا ڕەنگیانداوەتەوە و چوونەتە نێو گۆرانی میللیی ناوچەکەوە. شاعیرە گەورەکانی ناوچەکەش شیعریان بۆ ئەم هەوارانە وتووە.
هەوارگەیەکە لە گوندی ڕێشاو و لە کۆمەڵێک باخ پێکدێت. کەوتووەتە دامێنی چەمی دەربەنی مامۆ ئەمین. ئاوی بانەبەرز و کانی پلورەسوور ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە ئاودانی باخەکانی ئەم هەوارگەیە.