شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

17 بابەت

بارخۆشکەرە

کەوتووەتە زنجيرە چياى (شنروێ) و خۆرئاواى لوتکەى (بەفرى ميرى). لە باکورى خۆرهەڵاتەوە بەسەر دۆڵى (وەزگێڵدا) و لە باشورى خۆرئاواوە بەسەر (دۆڵى ڕێشاو)دا دەڕوانێت. (١٩٣٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناولێنانەکەی بۆ هاتوچۆى ئەو وڵاخە باربەرانە دەگەڕێتەوه،‌ کە لەو‌ شوێنە‌دا خاوەنەکانیان باریان ڕێکخستووەتەوە و حەساونەتەوە.

بایەفاوی

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل). بایەف وەک گسک وایە بەڵام قەد و تیرەکەی بەهێزترە و بۆ پاککردنەوەی پاشماوەی ئاژەڵ بەکاردێت. ئەم ملەیە بەو گژوگیایە دەوڵەمەندە بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

تەمگ

کەوتووەتە خۆرئاوای دۆڵی دڵی، لە سنوری گوندی چاوگی ناوچەی کۆکۆیی. ناوچەی کۆکۆیی و نەورۆڵی لەیەک جیادەکاتەوە. بەهۆی ئەوەى لە وەرزى زستاندا تەمومژێکی زۆر دەيگرێت ئەو ناوەی لێنراوە. ساڵانی ١٩٧٣ دوو منداڵی ١٢ ساڵ بەهۆی سەرماوە لەم ملەیە ڕەق بوونەتەوە. گۆڕی شەش شەهیدی کیمیابارانی ساڵی ١٩٨٨ى لێیە.

حەوانان

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (مۆردین) و دەڕوانێت بەسەر گوندەکەدا، بەهۆی بەرزییەوە پێی وتراوە ملەکە بە حەواوەیە، واتە زۆر بەرزە، ئەگەرچى بەرزە بەڵام تاڕادەیەک تەختایی تێدایە و بەهۆی نزیکیەوە لە سەنتەری گوند لە ڕابردوودا شوێنی یاریکردنی منداڵانی گوندەکەبووە. دانیشتوانی گوندەکە لەبەرنامەیاندایە ئەگەر دووبارە مۆردین ئاوەدانکرایەوە ئەوا لەم شوێنە بونیادبنرێتەوە، چونکە دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیروان و گوندی چنار و گردەناوێدا.

قوتکەکانى قارەمانى

چەند قوتکێکى بەرزن و بەسەر بەرزايى شاخەکانى سنورى گوندى (قارەمانی)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان)ـەوەن.‌ دەڕوانن بەسەر چەمى ئاوەلێڵه ‌و گوندى قارەمانيدا، بووە بە ناونيشان و شوێنێکى ديارى گوندەکە.

قوچی بەردەبەل

کەوتووەتە زنجیرە چیای سورێن. پێکهاتەی لوتکەکەی شاخاوی و بەردە. قەدپاڵەکانی خۆڵە. دەڕوانێت بەسەر گوندی بەردەبەل و دەشتی شارەزووردا. بەهۆی بەرزییەکەیەوە، یەکەمجار بەفر، لوتکەی ئەم ملەیە دەگرێت. چەند دۆڵێکی درێژی بە ئاڕاستەی بنارەکان لێدەبێتەوە. بە نێو چەمەکاندا ئاوی باراناو و کانییەکان بەئاڕاستەی پێدەشتەکان دەڕۆن. شاخڕەوێکی زۆر سەردانیدەکەن.

کانی گوێز

لە نێوان (کانی گوێز و عەبابەیلێ)یە. لە پشتی شاخی (تەڵوکێ) هەڵکەوتووە. ڕێگەی خاکی کانی گوێزی پێدا تێپەڕدەبێت. دەڕوانێت بەسەر چەمی (دەڵەمەڕ) و (ڕێشاو) و (کانی گوێز). شوێنێکی دیاری ناوچەکەیە. ڕێگەی گروپەکانی شاخڕەویە بۆ بەرزایەکانی ناوچەکە.

کەرگەمل

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (قەڵپ) و خۆرئاوای گوندی (مۆرتکە). پیادەڕێگەیەکی پێدا تێپەڕدەبێت، کە گوندەکانی بناری خۆشک دەبەستێتەوە بە دەربەندیخانەوە. لە ڕابردوودا ڕێگەی کاروانی گوندەکانی بناری خۆشک بووە بۆ گەرمیان و دەربەندیخان.

گووتڵەقێنە

کەوتووەتە نێوان گوندی گەچێنە و چنارەی زێڕوون لە بناری چیای سورێن. هەروەها بەسەر گوندی کانی ئاسکانیشدا دەڕوانێت. لوتکەکەی بەرزە. قەدپاڵەکانی ڕکن و بە ئاڕاستەی خوارەوە زۆر سەختە. هەر لەبەر ئەو سەختیەش ئەو ناوەی لێنراوە.

گۆلاوان

کەوتووتە سنوری گوندی (بەردەبەل). لە نزیک جۆمەرەسی هەڵکەوتووە. ملەیەکی بەرزە و دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا. دۆڵێکی گەورە لە تەنیشتیدا هەیە، کە لەوەرگایەکی سروشتی و سەرچاوەی ئاوی زۆرە و پێیدەوترێت چاڵە گەورە.

مامۆ هۆمەر

بە دووریى دوو کيلۆمەتر کەوتووەتە باکورى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان)، بەرزييەکەى (٦٠٠م) لەئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. لەکۆندا کەسێک بەناوى مام هۆمەر خاوەنى ئەو زەوييانەى دەوروبەرى ئەم ملەيە بووە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە‌ و بووە بە شوێن و ناونيشانێکى ديارى گوندەکە.

ملەشۆپە

کەوتووەتە سەر سنوری نێوان عێراق و ئێران بەرانبەر بە گوندی (سۆسەکان) لە ناوچەی هەورامان. لە لایەکەوە دەڕوانێت بەسەر هەردوو گوندی (شوشمێی خواروو و شوشمێی سەروو) لە هەورامانی ئەودیو. لە لایەکی تریشەوە دەڕوانێت بەسەر چەمی خوارەوەی تەوێڵەدا. ئەم ملەیە خـاڵی سـنـوریيە و پایگای حکومەتی ئێرانی بەسەرەوەیە.

ملەگاو شەهیدا

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (هانەیدن)ەوە. چەند گۆڕێکی لێیە، کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمى ئاشورییەکان دەگەڕێتەوە.

ملەى ئاش

بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە باکورى گوندى (نێرگسەجاڕ) لەنێوان هەردوو بەرزايى سەى سوجاح و زەوى سەربەرد هەڵکەوتووە. بەشێکى دەڕوانێت بەسەر دەرياچەى دەربەنديخاندا و بەشەکەى ترى دەڕوانێت بەسەر گوندەکەدا، بەهۆى بوونى ئاشێک لە دامێنى ملەکەدا، که ‌ناوى (ئاشە سپى) بووە و شێخ مارفى نێرگسەجاڕ خاوەنى بووە، ناونراوە ملەى ئاش.

ملەى پلان

کەوتووەتە ناو زنجيرە چياى تونى غوڵامى و لە ناوەڕاستى گوندی (غوڵامى گەورە) لە‌ ڕێگەيەکى خاکى لە بێژاواوە دەچێتە ئەم ملەيه ‌و لەوێشەوە بۆ غوڵامى خواروو، ژوروو، قارەمانى.

ملەی تاوێرە

کەوتووەتە سنوری گوندی (عەبابەیلێ). بەهۆی ئەوەی ڕێگەی هاتوچۆی نێوان (تاوێرە و عەبابەیلێ) بووە، ئەو ناوەی لێنراوە. لە بەشی خوارەوەی بەردێک هەیە پێیدەڵێن (بەردی کەریمە جوو جوو) و وەک ناونیشانێک بەکاریدەهێنن.

ملەی مۆردین

دەڕوانێت بەسەر گوندی (مۆردین)دا، مەزارگەیەک و گۆڕستانێکی تێدایە، کە بە گۆڕستانی قادریان بەناوبانگە. بەهۆی شەڕی عێراق و ئێران لە ساڵانی ١٩٨٠ – ١٩٨٨ ڕێگای سەربازی پێدا تێپەڕیوە، تا گەیشتووەتە نزیک ڕوباری سیروان، بەو هۆیەوە مەزارەکە تێکچووە و ئێسک و پروسکی چەندین گۆڕیش، کە مێژوویەکی کۆنیان هەیە دەرکەوتوون، مەزارەکە لای گوندنشینەکان پیرۆز بووە و بۆ مەبەستی جۆراوجۆر سەردانیانکردووە.