شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

14 بابەت

باسکەدرێژ

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی(خەرپانی). لەدوای چیای نساری کەمانگەرای دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای قەڵاتێ. (١٠٥٧م) دەبێت، لە باکورەوە چیای بانی کۆڵ و لە باشورەوە چیای تلەسیاو و لە خۆرهەڵاتەوە چیای نساری کەمانگەرای و لە خۆرئاواوە چیای کانی شارانی، چەندین لوتکە چیا و دۆڵی لاوەکی تێدایە، کانی (نساری پیر و فاتە و دووەچڵە و سەروەزەن و تووەسیاو و هەساری چەوتانی) تێدایە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و لە وەرزی بەهاردا خەڵک سەردانیدەکەن بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارەی وەک گیلاغە و ڕوسقە و کنگر و پسڵ و سوورەبنە. بەسەر گوندی خەرپانیدا دەڕوانێت. ساڵانە ڕێژەیەکی باش دابارینی هەیە و دەبێتە سەرچاوەی ئاوی کانیەکانی سەرەوە، کە ناویان هێنرا.

باسکەدۆڵ

کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندی یاڵانپێ و باکوری خۆرهەڵاتی گوندی هانەی قوڵ، لە دوای چیای سوتنەجەڕ دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای سێخڕان. درێژیی چیاکە (١٠١٥م) دەبێت، لە باکورەوە چیای سوتنەجەڕ و لە باشورەوە چیای کەمەرە سیاو و لە خۆرهەڵاتەوە چیای سێخڕان و مڵەخۆرد و لە خۆرئاواوە چیای مەڕ دێیەکان و بانە گەورێ. چەندین لوتکە چیای لەخۆگرتووە لەوانە (لوتکەی کەلی زەرد، ملەگاو دۆڵاوی، کونەسەرد و باسکە)، هەروەها چەندین دۆڵی لەخۆگرتووە لەوانە (دۆڵی لاو مرۆیی، وێکەن، دوو دەرگا، مەرزەجاڕ، نەیجە، مەسناو، گەڵباخ، ڕەزە مۆزان)، هەروەها چیاکە دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی وەک دارستانی سروشتی و لە وەرزی بەهاردا خەڵک سەردانیدەکەن بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە. چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان.

بانی کۆڵ

کەوتووەتە باشوری گوندی (خارگێڵان) و باکوری گوندی خەرپانی. سنوری جیاکەرەوەی نێوان هەردوو گوندی خەرپانی و خارگێڵانە، درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی زەردەهاڵ و چەمی ڕاوی. چیایەکی زۆر بەرز نییە و دۆڵی تێدایە. بە ڕووپۆشی ڕووەکی و سروشتی دەوڵەمەندە. بەهۆی ئەوەی لە کاتی خۆیدا خەڵکی هەورامان کاتێک هاتوون بۆ هەڵەبجە کۆڵ و بارەکانیان لەسەر ئەم بەرزاییە داناوە و حەساونەتەوە،‌ ئەو ناوەی لێنراوە. درێژی چیاکە (٠,٦٧کم) دەبێت.

بەرزەڵنگ

کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندەکانی هانەی قوڵ و یاڵانپێ. لە دوای خەوگە چیاوە دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای سێخڕان. درێژیی چیاکە (٠,٥٣کم) دەبێت. کۆمەڵێک کانیی سازگاری تێدایە، وەکو کانی (ڕەنگین و خاڵۆ سان). بە ڕووپۆشی ڕووەکی وەک دارستانی سروشتی دەوڵەمەندە و لە وەرزی بەهاردا خەڵک سەردانیدەکەن. چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان. بەسەر گوندەکانی هانەی قوڵ و گەڵباخ و یەڵانپێدا دەڕوانێت. لە هەندێک شوێنی بە تایبەتی لەسەر سنوری هەردوو وڵاتی ئێران و عێراقدا، سەدان مین چێنراون و کەسێک زۆر شارەزای ناوچەکە نەبێت ناتوانێت سەردانی بکات، چونکە ساڵانی ڕابردوو چەندین کەسی کردووەتە قوربانی.

تایلە

کەوتووەتە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی ناوچەی هەورامان و خۆرهەڵاتی ناوچەی گەشتوگوزاری ئاوێسەر. بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات بۆ خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە، لە دوای چیای دەرەقوڵ دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای هەرگا و جەمباز و پەشتە و بانا. لەڕووی درێژیی چیاکە (٠,١٩کم) دەبێت. بەناوی جۆرە ڕووەکێکەوە ناونراوه،‌ کە لەو شوێنە زۆرە. چەندین چەم و کانیاوی سروشتی تێدایە وەک (چەمی چنارە و هانە دەشتڵێ و هانە کڵە و هانەو وەسا ڕەحیمی)، دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێویی و چەندین پەناگە و کون و کەلەبەری سروشتی تێدایە، کە بوونەتە شوێن جێگەی ئاژەڵ و باڵندەکان، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی، وەک دارستان سروشتی.

تەتەو کەڵەلانکێ

کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندی (هانەیدن). درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت، لە باکورەوە چیای هەسوون و لە باشورەوە چیای شرام و لە خۆرئاواشەوە چیای لاسەوفاتەخانێ و لەنگەلەرز هەن. چەندین لوتکەی لەخۆگرتووە، لەوانە وەکو(لوتکەی دەشتڵێ و لەنگەلەرز). ساڵانە بەفرێکی زۆری لێدەبارێت و وایکردووە دەوڵەمەندبێت بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ڕووپۆشی ڕووەکی وەک دارستان سروشتی. خراپیی ڕێگاوبانەکەی بواری ئەوەی نەداوە خەڵکێکی زۆر سەردانیبکەن. هەروەها چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، ناوچەیەکی سنورییە لەنێوان گوندەکانی سەرگەت و هانەیدن و دەرەیمەڕ و هەزارانی و دەرەوکێ و دەمەیۆ لە هەورامانی دیوی وڵاتی ئێران.

خەڵەفی

کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی شارەدێێ تەوێڵە. دەڕوانێت بەسەر شارەدێکە و لە پشت گەڕەکی (وەراوەر) هەڵکەوتووە. لەسەر سنورە و دەڕوانێت بەسەر گوندی (دزاوەر) لە خۆرهەڵاتی کوردستان. (١٩٨٠م) لە ئاستی دەریاوە بەرزە. بەفر زۆر ببارێت (هەرەس) دەکات و ئەستەنگی هاتوچۆ دروستدەکات. ساڵی ١٩١١ یەکێک بووە لەو ساڵانەی، کە بۆماوەی ٣٥ ڕۆژ لەسەر یەک بەفر باریوە. لە (١٥ مانگی موحەڕەم تا ٢٠ مانگی سەفەر). (میرزا ئەولقادری تەوێڵەیی) باسی ئەو بەفربارینەی بە پارچەیەک شیعر کردووە. بەهاری ئەم لوتکانە بەهەشتێکی ڕەنگینە. پڕ لە گیا و گوڵی بۆنخۆشی وەک (چنور، شەوبۆ، بەرزەڵنگ، وەنەوشە، بوژانە و سوورەهەراڵە)یە.

سەرکۆرەگا

کەوتووەتە نێوان چیای گەچێنە و سافا، لە دوای چیای شرام دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای چیچە خەنینە. چەندین دۆڵی لەخۆگرتووە لەوانە: وەکو (دەرەو ولا). دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ڕووپۆشی ڕووەکیی وەک دارستانی سروشتی. چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان.

کڵاوەبەرزە

سنوری جیاکەرەوەی شارەدێی (تەوێڵە) و گوندەکانی (سۆسەکان، پاڵانیا، جاور، دۆڵبیان، بەڵخە)یە. بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات بۆ خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە، لە دوای چیای خەڵەفی و هەوارەبەرزەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای بەرخۆرەسەختە و هەرمێلە لە سنوری گوندی هاوار. درێژی چیاکە (٣,٢٨کم) دەبێت. لە وەرزی هاوین و بەهاردا خەڵکی سەردانیدەکەن. دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و بـاڵندە کێوییەکان.

گەچێنە

کەوتووەتە بەشی باکوری گوندی گەچێنە، لە دوای چیای سەر کۆرەگا دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای کەمەرە سوور. درێژییەکەی حەوت کیلۆمەتر دەبێت. چەندین لوتکە چیای لەخۆگرتووە، لەوانە: (لوتکەی مزگی وەرگا و لوتکەی زەمینو عەولەی و لوتکەی قەڵای ناوەڕاست و لوتکەی سارای حەمە هەجیجی). چەندین دۆڵی لەخۆگرتووە، لەوانە وەکو (دۆڵی گورگەدەر و دۆڵی گەچێنە و باخچە)، هەروەها چەندین ئەشکەوت و کـەلەبەردی تێدایە، کـە بوونەتە لانکـەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکـان.

گەچێنە و هەمزەیە

کەوتووەتە نێوان چیای قۆڵی بلچ و نەیجەکۆڵە، لە دوای چیای قۆڵی بلچ دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای نەیجەکۆڵە. درێژییەکەی لە دوو کیلۆمەتر زیاترە. چەندین لوتکە چیای لەخۆگرتووە لەوانە وەکو (لوتکەی تەوەنە و ترازیا و لوتکەی سەرگەچێنە و لوتکەی پیاڕا و کەمەرە سور و لوتکەی زەردی هەمزەیی). چەندین دۆڵی لەخۆگرتووە، لەوانە وەکو: (دۆڵی هەمزەیی و دەرەو کۆرا و چەمی دەرەو کێڵا و دۆڵی گەچێنە و سەر گەچێنە و دۆڵی تایلەی دەرە تاریک و تایلەی خەرمانگ). بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و گژوگیای بەهارە دەوڵەمەندە.

مایەسیاوە

کەوتووەتە بەشی باکور و باکوری خۆرهەڵاتی ناوچەی هەورامان و گوندەکانی زەڵم و ئەحمەدئاوا و ناوباخان. بەسەر چەندین شوێنی ناوچەکەدا دەڕوانێت، وەک: سنوری گوندی زەڵم و ناوچەی گەشتیاری تاڤگەی زەڵم و ئەحمەدئاوا و بنی پەڵگ. درێژییەکە (٠,٩٤کم) دەبێت. دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ڕووپۆشی ڕووەکیی وەک دارستان سروشتی.

هەربەدۆڵ

کەوتووەتە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکانی (هانەیدن، سەرگەت، دەرەیمەڕ)، لە دوای چیای شرام دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی سەرگەت و شەڵواندڕ. بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئاوی کانیاوەکانی، وەک کانیاوی شەڵواندڕ و کانیاوەکانی دۆڵەکانی تاقاو زەردی، چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، هەروەها چیاکە دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی بە تایبەتی لە بەشەکانی خوارەوەی دارستانێکی سروشتی بەڕوو و گۆیژ و گژوگیای بەهارە، چیاکە دەوڵەمەندە بـە بوونـی ڕەزە دێم.

هەیشوور

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (هاوار) و (هاوارەکۆن) و باشوری گوندی (تاوێرە). بەرزییەکەی لە ئاست ڕووی دەریاوە (١٣٦٨م)ە. ساڵانە بەفرێکی زۆری لێدەبارێت و وەک (چاڵە بەفر)، کە خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن (هێلانە بەفر) سودیانلێدەبینن. ڕێگەی گوندەکانی (هاوار، هاوارەکۆن و دەرەتفێ)ی پێدا تێپەڕدەبێت. بارەگا و بازگەی (پاسەوانی سنور)ی لێیە. دەڕوانێت بەسەر گوندەکانی (تاوێرە، هاوار، چەم و دۆڵەکانی بەردەمی). لە دوای چیای کەنۆڵەڕەشان دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای لاسان لە سنوری گوندی هاوار. چەندین چەمی ئاوی بە لاپاڵیدا تێپەڕدەبن، لەوانە وەکو چەمی (دووان) و چەندین کانیاوی تێدایە، وەکو کانیاوی هەڵوژە. سروشتێکی جوانی هەیە، چونکە دەڕوانێتە سەر دۆڵی تاوێرە و هاوار و هاوارەکۆن و بەرزی چیاکە لە ئاستی ڕووی دەریا و بوونی ئاوهەوایەکی مامناوەند و فێنک لە وەرزی هاویندا و بارینی بەفرێکی زۆر لە وەرزی زستاندا، وایکردووە لە وەرزی هاوین و بەهاردا خەڵکی سەردانیدەکەن، هەروەها چیاکە دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی وەک دارستانی سروشتی و گژوگیای بەهارە و دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.