شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

3 بابەت

حاجیەڕا

کەوتووەتە نێوان لوتکەی (هەسوون) و کەلی (کەمانجەڕ) لە زنجیرە چیای هەورامان. ڕێگەیەکی خاکیی پێچاوپێچی تێدایە، ئەڕواتەوە بۆ گوندی (دەرەوکێ) لە هەورامانی خۆرهەڵات و (کەلی هەسوون و نوەیجەڕ). بەرزیی ئەم لوتکەیە نزمترە لە لوتکەی هەسوون و نزیک بە (٢٥٠٠م)ـە. دەربارەی ناوەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پێشتر ئەو کەسانەی، کە سەفەری حەجیان کردووە لە خۆرهەڵاتی کوردستان و هەورامانەوە لەم ڕێگەیەوە هاتوچۆیانکردووە، پێش ئەوەی سنورە دەستکردەکان دابنرێن.

زیاتر بزانە
لوتکەى چيا

قەڵاڕێزین

کەوتووەتە سەر چیای بەندەن (بەنەن) و بە بەرزترین و ستراتیجیترین لوتکە دادەنرێت. کەوتووەتە گوندی تاوێرە و سەرکەن و (١٤٨٠م) لە ئاستی دەریاوە بەرزە. ئەم لوتکەیە دەڕوانێت بەسەر خەرپانی و چەمی (کانی یاسەمەن). دەرەشیش و دەشتی شارەزەوور کەوتووەتە بەردەمی. بەهۆی گرنگیی پێگەکەی بەدرێژایی مێژوو کراوەتە سەربازگە و شوێنێکی ستراتیجی بووە. پاشماوەی مین و تەقەمەنی تا ئێستا بەسەرەوە ماوە و مەترسیەکانی بۆ سەردانیشتوان و خاوەن باخەکانی ناوچەکە هەبووە. لە قەدپاڵیدا کانیاو و ئاوی سازگار بوونی هەیە و بونەتە سەرچاوەی ئاوەدانی باخەکانی دامێنی. چیاکە دەوڵەمەندە بە گیانەوەری کێوی، وەک کەروێشک و چالەکە و ڕێوی.

زیاتر بزانە
لوتکەى چيا

هەسوون

کەوتووەتە زنجیرە چیای هەورامان لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس. لەسەر سنوری نێوان هەورامانی خۆرهەڵات و باشورە. بەرزیەکەی (٢٦٠٨م)ە لە ئاستی دەریاوە. ساڵانە بەفرێکی زۆری لێدەبارێت و دەوڵەمەندە بە گیا بەهارییەکان. بە (کەشی چەرمە)ش ناودەبرێت، چونکە تا نزیکی هانەی تێ بەردەوام بەفری لێیە و تا سەرەتای هاوین لێی دەمێنێتەوە ئینجا بەهاری ئەوێ دەستپێدەکات. لەم لوتکەیە بەهۆی ئەوەی هەمیشە هەوری ڕەش و کەشوهەوایەکی تایبەتی هەبووە، خەڵکی لە گوندەکانی سەرگەت و دەرەیمەڕ و هانەیدن و ئەو ناوچانە، هەرکەس توڕەبووە یاخود ناوچاوی داوە بەیەکدا، چواندویانە بە کەشوهەوای ئەم لوتکەیە و پێیانوتووە دەڵێی (هەسوونی ناوچاوت داوە بەیەکدا).

زیاتر بزانە
لوتکەى چيا