شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

129 بابەت

ئەلیاس ئاغە

کەوتووەتە خۆرئاوای زنجیرە چیای شنروێ لە خۆرئاوای گوندی (دەڵەمەڕ) و خۆرهەڵاتی گوندی (بامۆک). لە ڕابردوودا کەسێک بەکاریهێناوە بەناوی ئەلیاس ئاغا و لەبەرئەوەشه،‌ کە ئەو ناوەی لێنراوە. بەرزترین شاخی سنوری گوندی (بامۆک)ـە و موڵکی بامۆکییەکانە. پێکهاتەکەی بەرد و گڵە و بۆ ئاژەڵداری بەکاردێت.

ئەلی ڕەزا

کەوتووەتە کۆتایی گوندی (مۆردین) لەسەر ڕوباری سیروان. جگە لە ئاژەڵی کێوی هیچی دیکەی تێدا نیيە. دەڕوانێت بەسەر گوندی دگاگای لە خۆرهەڵاتی کوردستان. لەلای چەپەوە کۆمەڵێک ئەشکەوتی تێدایە. بە کەورگەکانی مۆردین ناودەبرێن. لە بەشی خوارەوەی کانییەکی تێدایە بە نەیجە و قامیش دەوڵەمەندە. بە شەوان شوێنی مانەوەی بەراز و ئاژەڵی کێویە. لە ئێستادا ڕاوکەر زیاتر بۆ ئەم شاخە دەچن.

باسکەڕێژ

کەوتووەتە سنوری گوندی چاوگ. دەڕوانێت بەسەر هەردوو دۆڵی کانیە هەنارە و کانیە هەنجیرەدا. داری زۆر کەمە و خەڵکی زیاتر لە بەهاراندا بۆ گژوگیای سروشتی و ئاژەڵداری بەکاریدەهێنن. درێژدەبێتەوە بۆ کوپەی حەمەی هەمزە و دۆڵی دڵی و شاخی تەپەتەپان و زەوەی حەمەی شاوەیس.

بانەبەرز

کەوتووەتە بەرانبەر قەڵای سازان و دەڕوانێت بەسەر سازان و کۆساوا و ڕێشاودا. بەرەو باکور درێژ دەبێتەوە، تا دەگاتە چیای سەرکۆ. لەوێ لەگەڵ شاخی بەفری میری یەکدەگرێت. کانی بانەبەرز و کانیلە پلەسەری تێدایە. ڕێگەی بۆین و هەڵەبجەی پێدا تێپەڕدەبێت، کە کاتی خۆی تولەڕێیەک بووە و ئێستە فراوان کراوە بۆ ئۆتۆمبێل.

بانی شێران

یەکێکە لە چیاکانی زنجیرە چیای سورێن. شاخی زەردەیەرە کەوتووەتە سەرویەوە. بە سنوری جیاکەرەوەی هەردوو گوندی کانی ئاسکان و نەوێ دادەنرێت. دەڕوانێت بەسەر پێدەشتەکانی بەردەم و تەواوی گوندەکانی بنارەکەدا. بەرزییەکەی لە (٦٨٠م) دەستپێدەکات و تا بە ئاڕاستەی چیای سورێن بڕوات بەرزتر دەبێتەوە و ئەوپەڕی بەرزی دەگاتە (١١٨٠م). لە ڕووی گوندی نەوێ لە تاوێر و تاشەبەرد پێکهاتووە و ڕووتەنە، بەڵام لە ڕووی گوندی کانی ئاسکان تاڕادەیەک پێکهاتەکەی خۆڵیە و قەدپاڵە نزمەکانی کراوەتە ڕەزەدێم. چەندین ئەشکەوتی بچوک و مامناوەندی تێدایە.

بەردە بێشکێ

کەوتووەتە بەردەم قەڵای ئینگلیسان لە گوندی (بۆین). شاخێکە بەشێوەیەکی سروشتی وەک لانک و بێشکەی منداڵ داتاشراوە. بەقەد پاڵی شاخەکەوە بەڕوونی دیارە. سەختە و ڕێگەی چوونە سەرەوەی نییە. ڕووتەنە و لە تاوێرە بەردی تیژ پێکهاتووە، تەنها هەندێک داری سروشتی بە تەنکی پێوەیە.

بەردەڕەشان

کەوتووەتە سنوری گوندی (نەیجەڵە) لە نێوان شاخی لاواندەران و ڕوباری سیروان. پێکهاتەکەی تاوێرە بەردی سەختە و ڕەنگیان ڕەشە. لەوەڕگا و ئەشکەوتی تێدایە و شوێنی مانەوەی ئاژەڵی کێویە زیاتر. پڵنگ و ئاژەڵی دڕندەی دیکەی تێدایە.

بەرزانەدۆڵ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (دەرەی مەڕ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). دەڕوانێت بەسەر گوندی زەڵم و دەرەی مەڕدا. نزیکەی هەزارمەتر بەرزە. به ‌درەختی: بە‌ڕوو، قەزوان، مێڵو، داپۆشراوە وەک لەوەڕگای سروشتی بەکاردێت.

بەرزەخ

شاخێکه ‌لە زنجیرە شاخی (سورێن). کەوتووەتە‌ باکوری گوندی (ڕیشێن)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). (١٧٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی سەدان دۆنم دەبێت. خەڵکى سنورەکە بە بەهاران بە مەبەستى گیای بەهارى سەردانیدەکەن و جیا لەوەش بۆ لەوەڕگای سروشتی بەکاردێت.

بەڕەزا

کۆتا سنوری بەردەبەلە لە بەشی خۆرهەڵاتەوە گوندی بانیبنۆکە. سنوری جیاکەرەوەی نێوان بەردەبەل و نەوێیە. درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک زیاترە. سەرلوتکەکەی بەرد و تاشەبەردە و بەڕەزای زۆری هەیە. بەڵام قەدپاڵەکانی خۆڵە. بەشی زۆری کەوتووەتە گوندی بەردەبەلەوە. بەڵام بەشی سەرەوەی لە سنوری بانیبنۆکە. جۆگەی قامیشڵە، کە سەرچاوەیەکی ئاوی گرنگە، بە تەنیشتیدا دەڕوات.

بزنە ڕیشە

کەوتووەتە سنوری گوندی (بۆین) لە نزیک شاخی قوڵنەچین و ڕاگەی نەرە گەڵینە. ڕێگەیەکی لێوە دەڕواتەوە بۆ بەرزایی کەر هەڵدێر و ڕاگەی حەیدەر بەگ. لەم شاخەدا چەند کونێکی سروشتی هەن، کە جۆرە گیایەکیان تێدایە وەک ڕیشی بزن وایە و ئاژەڵی کێوی لەو کونانەدا خۆی حەشاردەدات، خەڵکی ناوچەکەش بۆ ڕاوکردن ڕووی تێدەکەن.

بیەرە

کەوتووەتە باشوری گوندی (بۆین) و دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیرواندا. تەپۆڵکەیەکی تێدایە پێیدەڵێن(کانی نەوتە). دەڵێن نەوتی تێدایە و لیژنەیەکی بیانی لە کۆندا بۆ مەبەستی پشکنین سەردانیکردووە. بە داربەڕوو و قەزوان دەوڵەمەندە و بۆ بنێشتکردن سوود لە قەزوانەکانی وەرگیراوە. تەپۆڵکەیەکی تێدایە، کە بە شارە مرۆچە ناودەبرێت و شارە مێروولەیەکی زۆر گەورەیە.

پەلی گویژ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (ڕێشاو)، لەنێوان شاخی کەکەوسانە و دۆڵی شاوراپان و زەڕاتەجار هەڵکەوتووە. قەدپاڵەکانی شاخەکە کۆمەڵێک زەویی دێمە و کراون بە گەنم و جۆ. بە گۆییژ دەوڵەمەندە، هەر بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە و خەڵکێکی زۆر بۆ ئەو مەبەستە لە وەرزی پێگەشتنیدا سەردانیدەکەن.

پیرەمەگرون

سەر بە زنجیرە شاخەکانی سورێنە. بەشی زۆری دەڕوانێت بەسەر گوندی کانی ئاسکاندا. چەندین ئەشکەوت و سەرچاوەی ئاوی تێدایە. بە داربەڕوو دەوڵەمەندە. لە پشت گردەکانی عالانی دەستپێدەکات و وردە وردە بەرزدەبێتەوە. ڕووی سەرەوەی تاڕادەیەک تەختە و بە بان ئەشکەوت ناودەبرێت.

تاران

کەوتووەتە سنوری گوندی نەیجەڵە. شاخێکی سەختە، ڕێک و ڕکە. دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیروان و شاخەکانی خۆرهەڵاتی کوردستاندا. سەرکەوتن پێیدا زەحمەتە. وەک لەوەڕگای بزن بەکاردێت و هێندە سەختە بۆ مەڕداری نابێت. لە قەدپاڵەکانیدا چەندین ئەشکەوتی تێدایە، بەناوبانگترینیان کەورگی حەمەڕەشید بەگە. دەربارەی ناوەکەی بەواتای شوێنێکی تار دێت، کە ئاماژەیەکە بۆ سەختی و هەڵدێریی شاخەکە.

تەپی تەمەرخان

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەتفێ و پاڵانیان) و هەردوو سنوری گوندەکە لەیەک جیادەکەنەوە. لوتکەیەکی بەرزی هەیە و دەکەوێتە سەروو جۆجاڕی. لە سەروشیەوە لوتکەی دارەلاڕێ هەڵکەوتووە و لە ناوەڕاستی ئەم سێ شاخەدا بەردێکی گەورە هەیە پێیدەڵێن (بەردی گەڵاکە)، کە خەڵکێکی زۆر وەک ناونیشان بەکاریدەهێنێت و لەنزیک ڕێگای (دەرەتفێ - تەوێڵە)یە.

تەڵوکێ

دەڕوانێت بەسەر چەمی دەڵەمەڕدا. بەرانبەر شاخی (کڵاش دڕە). چڕترین شاخی ناوچەکەیە بە داربەڕوو و کێکف دەوڵەمەندە. بەشێکە لە زنجیرە چیای شنروێ. یەکێک لە ڕێگە سەرەکییەکانی شاخەکە، تا دەگاتە (گامەخۆڵان و بەفری میری). بەرزترین لوتکەی پێیدەوترێت (ملەی تەڵوکێ). ڕێگەی خاکیی گوندەکانی (کانی گوێز، ڕێشاو، بۆین) و بەرزایەکانی (قەمان و وەزگێڵ)ی پێدا تێپەڕدەبێت. کانییەکی هەمیشەیی تێدایە و وشکناکات.

تەورداسە

کەوتووەتە سنوری گوندی (نەیجەڵە). لە نێوان شاخەکانی تەورداسە و ڕێزەپانە. بەردەکانی تیژن. شانێکی سەختە لەبەشی خۆرئاوای نەیجەڵە و ڕووبە چنار هەڵکەوتووە. لەسەر شێوەی تەورداسە. داربەڕوو و قەزوانی تێدایە. ڕێگای نەیجەڵە بە بەردەمیدا ئەڕوات. ئەشکەوتی کونەکەمتار کەوتووەتە ئەم شاخەوە.

تەنگی جوان

کەوتووەتە سنوری گوندی نەوێ. لە پشت سەرچاوەی ئاوی گوندەکەوەیە. ڕووی خۆرهەڵاتی شاخی زەردەیەرە و ڕووی خۆرئاوای شاخی دوورە بنەیە. بەهۆی تەسکیی ناوچەکە ئەو ناوەی لێنراوە.

ترشان

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان). نزيکەى سێ کيلۆمەتر لە گوندەکەوە دوورە، بەتەنيشت دەرياچەى دەربەنديخانەوە هەڵکەوتووە. زنجيرەيەکى بچووکە و (٦٠٠م) درێژييەکەيەتى، بەرزترين ئاستى زنجيرە چياکە(٥٨٠م)ـە لە ئاستى ڕووى دەرياوە. بەهۆى ئەوەى دارى سماقى تێدايه،‌ کە ترشەسماقى لێ بەهەمدەهێنرێت، لە کۆنەوە بە شاخى ترشان بەناوبانگ بووە.

1 2
...
7 دواتر