عیسا بەگ
هاوینەهەوارێکی دیاری گوندی ڕێشاوە. دەکەویتە سەر قەدپاڵەکانی شنروێ و بەفری میری. خەڵکی گوندی ڕێشاو و بنەماڵەی تەشاریەکانی گوندی کۆساوا لە ھاویندا کۆچیانکردوە بۆ ئەو ناوچەیە. کانی و ئاوی خۆی هەیە. لەوەڕگایەکی سروشتیی دەوڵەمەندە. لە کۆندا زیاتر مەڕدارەکان بەکاریانهێناوە و دەواریان تێداهەڵداوە. لە ئێستادا زیاتر وەک سەیرانگایەک بەکاردێت. لەسەر زاری ناوچەکە بە عیساوەگ ناودەبرێت.
ئەحماوا و زەڵم
گوندی (زەڵم) و (ئەحمەدئاوا) بە دووریی نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی (خورماڵ) و (٢١کم) لە شاری هەڵەبجەوە دوورن. کەوتوونەتە دۆڵێکی سەوز و جوان. دار و درەختی جۆراوجۆر ناوچەکەی داپۆشیوە. سەرچاوەکەی ئاوی (زەڵم)ـە، کە لە شێوەی تاڤگە دێتە خوارەوه. دیمەنێکی سەرسوڕهێنەری پێداوە. لە هەموولایەکەوە بەشاخ دەورەدراوە، ڕووپۆشێکی سەوزایی زۆری هەیە، وەک (دارستانی سروشتی و دەستکرد). خاوەنی چەندین خزمەتگوزاری گەشتیارییە وەکو مۆتێل و کابینەی گەشتیاری و کەپر و خانوی گەشتیاری و فرۆشگا و خواردنگە و گەراج... هد. ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە کوردستان و پارێزگاکانی عێراق و دەرەوە ڕووی لێدەکەن. لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجەوە، لەقەڵای خان ئەحمەد خانەوە، چەندین قادرمە دروستکراوه، بۆ ئەوەی گەشتیاران ئاسانتر بتوانن بچنە ناو قەڵاکەوە و سەربکەون، هەروەها دەروازە و کۆشکێک بۆ قەڵاکە کراوە.
باسک
بە بەرزاییەکانی سەر دۆڵی نزارە ڕەش دەوترێت باسک و هاوینەهەواری هاوینەی گوندی (چنار) بووە. لە مانگی پێنج تا مانگی دە لەوێ ماونەتەوە و ناوچەیەکی بێ ئاو بووە بەڵام فێنک بووە و ژنان بە زۆری لە کانیەکانی گەچینە و کانیە کوێر و کانی چنار و چاوگەوە ئاویان بە کونە بۆ بردووە. ڕێگەی هاتنی خەڵکی گوندەکان بووە بۆ هەڵەبجە و بە بارخاسکەرەیش ناودەبرێت، چونکە ئەگەر خەڵکی گوندەکان بەرەو هەڵەبجە ڕۆشتبن یان بەپێچەوانەوە لە هەڵەبجەوە گەڕابنەوە، کاتێک گەیشتوونەتە باسک، لەوێ بارەکانیان چاککردووە.