شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

تەوێڵە و ئاوێسەر

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە. (١٦٨٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە نێوان چەند چیایەکەوە لەوانە وەک خەڵەفی و پەشتەوبانا و هەرزگا، سەنتەری پیشەی دەستیی هەورامان بووە و چەندین شوێنی تایبەت بەم پیشانەی تێدابووە. دۆڵێکی پڕ باخی گوێز، لە دۆڵی ئاوێسەرەوە بۆ گوندی سۆسەکان و پاڵانیا و جاور، تا نزیکی هاوار درێژدەبێتەوە، شێوازی تەڵانسازی باخەکانی و دیزاین و کەرەستەی خاوی بەکارهاتووی خانوەکانی و تاڤگەی ئاوی ئاودێریکردنی باخەکان، جوانترین دیمەنی تەوێڵەن. تەوێڵە خاوەنی زیاتر لە شەست کانیاوی سروشتییە و چەمی ئاوێسەر، ناوچەکەی سەوزکردووە. ئاوهەوایەکی فێنک لە هاوین و بەفرێکی زۆر لە زستان و دیمەنی جوانی گەڵاڕێزانی پایز و ڕەنگی سەوزی لۆ و کەمای وەرزی بەهار، هۆکارن بۆئەوەی بەدرێژایی ساڵ، گەشتیارێکی زۆر سەردانی بکەن، هەروەها ئاوێسەر شوێنی گونجاوی بۆ گەشتوگوزاری زستانە هەیە، چونکە ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت، کە هەندێک ساڵ گەشتووەتە زیاتر لە دوو مەتر. بۆیە دەبینین گەشتیارێکی زۆر سەردانیدەکەن بۆ وێنەگرتن و شەڕەتۆپەڵ و یاری خلیسکانی سەر بەفر و پیاسە و گەڕان بە نێو بەفردا. جگەلەوەی بونی خانەقای تەوێڵە وەک پێگەیەکی ئاینی، سەرنجی گەشتیارانی لە چەندین وڵاتەوە ڕاکێشاوە و سەردانیدەکەن. چەندین خزمەتگوزاری تێدایە. مەرزی (شوشمێ - تەوێڵە) لە ئێستادا کراوەیە و سەرچـاوەیـەکـی جمـوجـوڵی بـۆ شـوێنەکـە و پـارێـزگای هـەڵـەبجـە دروسـتکردووە.

زیاتر بزانە
ناوچەی گەشتاری

چاڵاوەو هەرەقەلێ: هەرقلی

کەوتووەتە خوار پردی سەرچاوەی زەڵم بەرانبەر باخی حەمەقێخا. سەکۆیەکی جوانی حەوانەوە بووە لەسەر چەمی زەڵم. لافاوی ساڵی ١٩٥٤ بەشێکی بڕیوە و کردویەتییە دووبەشەوە و پێیوتراوە ناوڕوان. دواتر هەمووی کەوتووەتە باخی باخەکانی شەریفەوە لە تایفەی سۆفیا. پێدەچێت ناوەکەی پەیوەندی بە هیراقلیدس(هەرقل)ی پاشای ڕۆمەوە هەبێت، کە لە ساڵی ٦٣٨ز دوای شکاندنی سوپای فارس لە نەینەوا بەرەو شارەزوور هاتووە و نزیکەی ١٠ ساڵ ماوەتەوە.

زیاتر بزانە
سەیرانگا

چاوگ و گوڵان

کەوتووەتە گوندی چاوگ و لەناو دۆڵێکدا هەڵکەوتووە و بەیەکێک لە سەیرانگا دڵڕفێنەکانی نزیک هەڵەبجە دادەنرێت. ئاوی کانیاوەکانی لەشاخەکانی چاوگەوە هەڵدەقوڵێت و پاش ئەوەی دێنە ناو حەوزێکەوە، کە چەندین شوێنی دانیشتنی خێزانی تێدایە. بوەتە سەرچاوەیەکی گرنگی گەشتیاریی ناوچەکە. کافتریا و چایخانە و چێشتخانە و کەبابخانە و پرۆژەی گەشتیاری و شارێکی یاریی مامناوەندی تێدایە. هەرچەند ڕووبەرەکەی نزیکەی ١١ هێکتار زیاترە. بەڵام بەهۆی گرنگیی بەشداریکردنی لە کەرتی گەشتیاریی، ساڵانە باخە هەنارەکانی لەلایەن باخەوانەکانەوە دەکرێنە کەپر و شوێنی گەشتیاری. لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزارەوه،‌ پرۆژەی یاریی منداڵان و سەوزایی و کۆشکی لە چاوگ بە بڕی ٩٢٥٠٠٠٠٠٠ ملیۆن جێبەجێکردووە.

زیاتر بزانە
ناوچەی گەشتیاری

چەمی ئاشی

یەکێکە لە لقەکانی ڕوباری سیروان، کە لە خوارووی گوندی هاوارەوە تێدەپەرڕێت و دوو ئاشی ئاوی لەسەرهەڵبەستراوە و باخەکانی وەک سەیرانگا بۆ حەوانەوەی گەشتیاران بەکاردێت.

زیاتر بزانە
سەیرانگا

چەمی سەرگەت

هاوینەهەورار و سەریرانگایە. کەوتووەتە نێوان گوندی سەرگەت و دۆڵی دەرەیمەڕ. سەرچاوەی ئاوەکەی، کانیاوی هەمەشوانە و کلکەی ئەسپ و چەند کانیاوێکی ترن، کە نزیکەی ٢٠ کانی دەبن. ٨٠٠ دۆنم باخاتی هەیە. دەیان ئەشکەوت و ئاسەواری مێژووی، دەکەونە سنوری ئەم سەیرانگایەوە.

زیاتر بزانە
سەیرانگا

خورماڵ

بەهۆی بوونی قەڵاو شورای کۆنی خورماڵ و سەرچاوەی ئاوی گەنجان و گەڕاوی خورماڵ(کە چارەسەرێکی سروشتی نەخۆشییەکانە)، مزگەوتی گەورەی دێرینی خورماڵ(کە بۆ سەدەی یەکەمی کۆچی و خولەفای ڕاشیدی دەگەڕێتەوە)، هەموو ئەم هۆکارانە وایانکردووه، کە‌ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجەوە سنوری‌ شارۆچکەی خورماڵ بە ناوچەیەکی گەشتیاری بژمێررێت. بێجگە لەمانەش شاخەکانی دەوروبەری شوێنی سەوزبوونی دەیان جۆری گیای سروشتین و دەهێنرێنە بازاڕەکەی و خواستێکی زۆریان لەسەرە. بە هەزاران هاوڵاتی لە وەرزی بەهاردا ڕووی لێ دەکەن و سەردانیدەکەن.

زیاتر بزانە
ناوچەی گەشتیاری

دارستانی جەلیلە

کەوتوەتە باکوری خۆرهەڵاتی هەڵەبجە و لە نێوان گوندی عەبابەیلێ و عەنەبدایە. پڕە لەداری سنەوبەر و چەند دارێکی تر. بەشێوەیەکی جوان و فراوان دانراوە و لە نێوان و دامێنەکاندا شوێنی حەوانەوە هەیە. لە بەر نزیکیی لە هەڵەبجەوە، بەهاران، وەک شوێنی سەیرانکردن، هاوڵاتیان ڕووی لێدەکەن و لە وەرزی زستان و بارینی بەفریشدا، خەڵکی بۆ بەسەربردنی کات و چێژبردن سەردانیدەکەن. لە ڕێبەری گەشتیاریی گەشتوگوزاری هەڵەبجەدا، وەک ناوچەی گەشتیاری ژمێردراوە.

زیاتر بزانە
سەیرانگا

دەشتڵێ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی دەرەیمەڕ و باکوری خۆرهەڵاتی گوندی سەرگەت و هانەیدن. (١٥٣٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێت بەسەر گوندی دەرەیمەڕ و سەرسیپە، کە مەرزێکی لاوەکییە و هاوڵاتیان کاری لێدەکەن و کەلوپەل باردەکرێتە سەر ئاژەڵەکان و ڕەوانەی وڵاتی ئێران دەکرێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و باخی مێو، لە وەرزی بەهاردا خەڵکی بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانیدەکەن.

زیاتر بزانە
سەیرانگا

ڕەنگاڵ

تەختاییەکە شوێنی ئێستەی گوندەی کاگردەڵە. لە کۆندا لە شێخ شوکرەوە گوندەکەیان گواستووەتەوە بۆ ئەم شوێنە. بەهۆی جوانی و ڕەنگاوڕەنگی سروشتەکەی ئەو ناوەی لێنراوە. کانیەکی تێدایە، پێیدەوترێت کانی موساوگ و کانیی ژنان بووە و سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی گوندی کاگردەڵ بووە. ئەم شوێنە سەیرانگایەکە و لە ساڵی ١٩٩٠ تا ٢٠٠٠ شوێنی شایی و هەڵپەڕکێ بووە. ڕۆژانە دوو تا سێ شایی تێدابووە. بەهۆی نزیکی و بوونی دارودرەخت و نەبوونی هۆڵی بووک و ئاهەنگگێڕان شوێنی ئاهەنگی ناوچەکە بووە.

زیاتر بزانە
سەیرانگا

زەلەکێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (عەبابەیلێ). هاوینان گەنجان وەک سەیرانگایەک و شوێنێک بۆ کات_بەسەربردن بەکاریانهێناوە. ناوەکەی بەهۆی بوونی قامیش و زەلەوە هاتووە. کەوتووەتە باشوری گوندی عەبابەیلێ. لە ئێستادا چەند ماڵێکی تێیدایە و بە ئاژەڵداریەوە خەریکن. ژمارەیەکی زۆر داری سروشتی تێدایە.

زیاتر بزانە
سەیرانگا

زێڕوونی

کەوتووەتە سنوری گوندی کانی ئاسکان لە بناری شاخی سورێن. لە ناوەڕاستی زنجیرە چیای سورێن و لە باکوری خۆرهەڵاتیەوە هەڵکەوتووە. دانیشتوانی گوندەکە لە کاتی گەرمیان و کوێستان بەکاریانهێناوە. شوێنی هەوارگەکە بەرز و تەختە. دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا و تاڕادەیەکی زۆر لە هاویندا فێنکە.

سەرکەن

کەوتووەتە دۆڵێکەوە، لە باکورەوە لوتکەی قەڵارێزێن لە باشورەوە شاخی شنروێ و لە باشوری خۆرئاواوە بەرزاییەکانی جەلیلە و لە خۆرهەڵاتیشەوە دۆڵی بیسان لە دەرەشیش هەڵکەوتووە. سەرکەن کەوتوەتە سەرە ڕێگەی گوندی هاوار. سەرکەن گوند نیە، بەڵکو زیاتر هاوینەهەوارێک بووە. سێ برا، کە یەکێکیان لە سەرکەن و دووانەکەی دیکە لە گوندەکانی (تاوێرە و عەبابەیلێ) نیشتەجێبوون، بۆیە بەشێوەیەکی هاوبەش لەنێوان شێخەکانی عەبابەیلێ و تاوێرەدا دابەشکراوە. تا ئێستاش هەر ئەوان خاوەندارێـتیی باخ و زەویوزارەکانی دەکەن. لە ڕووی سەرچاوەی ئاوییەوە دەوڵەمەندە. (سەرچاوگی سەرکەن) بە یەکێک لە گرنگترین و دەوڵەمەندترین ئاوەکانی دادەنرێت و زەوییەکی زۆری بەراوکردووە. چەندین کانی و کانیاوی دیکەی تێدایە، وەک (کانی پیرداود)، کە وەک نەزەرگەیەکیش لە لایەن کاکەییەکانەوە تەماشادەکرێت. لە گرنگترین بەروبومەکانی هەنار و گوێز و هەنجیرە. لە چیاکانی داری گۆیژ و بەڕوو هەیە. لە دەشتەکانیشیدا هاوینان بەروبومی جۆراوجۆر دادەچێنرێت.

زیاتر بزانە
سەیرانگا

سەرگەت

کەوتووەتە‌ باکوری خۆرهەڵاتی ناوچەی هەورامان. (١٠٥٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە نێوان دوو چیا و دۆڵێکی چڕی باخی میوەهاتە و دەوڵەمەندە بە بوونی کانیاوی سروشتی وەک هەمەشوانە و کلکەو ئەسپی و وەزەکۆر و ئەشکەوتی گاوران و شوێنەواری گۆڕستانی بابا ناوس و چلەخانەکەی بابا ناوس و دیمەنی جیمۆرفۆلۆجی لە چیاکانی خۆرئاواییدا هەیە، کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی تریاسی سەروو، ئەشکەوتی گاوران ئەشکەوتێکی دێرینە و ڕێگایەکی کۆن و پلیکانەی هەیە، کە بەرزییەکەی لە هەنگاوی یەکەمەوە، تا دەرگای چوونە ژوورەوەی، نزیکەی (٥٠م) دەبێت. مێژووەکەی هێشتا ڕووننییە بۆ چ سەردەمێک دەگەڕێتەوە، بەڵام هەندێک پێیوایە، کە شوێنی نوێژ و شوێنی ئاینی زەردەشتیی کۆنی تێدایە. ٣٣ جۆر ئاژەڵ لە سێ ئەشکەوتی هەورامان تۆمارکراون، کە دوانیان ئەشکەوتی گاوران و هەمەشوانەیە لە سەرگەت. جگەلەوەی شوێنی گەشتیاری (ماڵێک بۆ ئارامی) کەوتووەتە ناو سەرگەت، کە بە کەرەستەی خاوی ناوچەی هەورامان و بە دیزاینێکی سەرنجڕاکێش بونیادنراوە و چەندین کەرەستەی کەلەپوری و پیشەی دەستیی هەورامانی تێدایە، وەک ئاشی ئاوی، گەشتیاران سەردانیدەکەن. سەرگەت ئاوهەوایەکی مامناوەندی هەیە و دارستانی سروشتیی چڕی تێدایە و ناوەندێکی گرنگی ئاژەڵ و باڵندەی کێوییە و لەلایەن توێژەرانی ژینگەوە چەند جۆرێکی تایبەتی (کەو)ی تێدا دۆزراوەتەوە، هەروەها لە زستاندا بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و شوێنی گونجاوی هەیە بۆ پیادەکردنی چالاکیی وەرزشی سەر بەفر.

زیاتر بزانە
سەیرانگا

سۆسەکان - پاڵانیان - جاور

سێ گوندن لە ناوچەی هەورامان. کەوتووەنەتە باشوری خۆرهەڵاتی شارەدێی (تەوێڵە). دۆڵێکی چڕی باخ و دارستانی سروشتییە و لە هاویندا ئاوهەوایەکی فێنکی هەیە و چەمی ئاوێسەر و تەوێڵەی بەنێودا تێپەڕدەبێت و ئاوی چەندین کانیاوی سروشتی دیکەی تێدەڕژێت و لەدامێنی چیای هەوارەبەرزە هەڵکەوتوون و دیمەنێکی سروشتیی سەرنجڕاکێشیان هەیە و خاوەنی بەرهەمێکی زۆر و جۆراوجۆری باخەکانن. دەتوانرێت گەشتوگوزاری لادێی یان گوندی گەشتیاری هەم بۆ حەوانەوە و کات بەسەربردن و هەم بۆ تەندروستی تێدا ئەنجامبدرێت، چونکە ناوچەیەکی هێمن و چۆڵە لە دانیشتوان و باخ و دارستان و سەوزایی و شێی گونجاوی هەیە بۆ ئـەنجامـدانی ئـەم جـۆرە گەشتوگوزارە.

زیاتر بزانە
سەیرانگا

شارى ياریى هەڵەبجە

پارک و شاری یارییە لە شاری هەڵەبجه.‌ کەوتووەتە سنوری گەڕەکی هەولێر لەناو شاری هەڵەبجە. ڕووبەری پارکەکە نزیکەی (١٠٢٢٠٠م) چوارگۆشەيە. دیمەنێکی جوانی بە شارەکە بەخشیوە و پانتاییەکەی سەوزپۆش کردووە و درەختی جۆراوجۆری تێدایە. لە چەند خزمەتگوزارییەکی وەک مەلەوانگە، هۆڵی وەرزشی، لەشجوانی و یاریگای بچوکراو پێکهاتووە. خەڵکانێکی زۆر سەردانیدەکەن بەتایبەت لە جەژن و بۆنەکاندا، وەک ڤێستیڤاڵی هەنار.

شەڵواندڕ

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەیدن) لەنێوان دوو شاخی گەورەی (هەربەدۆڵ و وەرەتاوهانەی)، وەک دۆڵێکی گەورە و فراوانە، درێژییەکەی یەک کیلۆمەتر دەبێت و چەند کانییەکی تێدایە، لەوانە (شەڵواندڕ، کۆسەورۆی، هانە هەواس)، هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی ئێران. زۆرتر لە بەهار و هاویندا گەشتیاران سەردانیدەکەن.

زیاتر بزانە
سەیرانگا

شەوگەو دۆڵاوی

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (دەرەیمەڕ) لە دامێنی چیای کەمانجەڕ. (١٩٦١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی، لە بەهاردا خەڵکی بۆ کات_بەسەربردن و هێنانەوەی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن.

زیاتر بزانە
سەیرانگا

شێخان

تەختاییەکی بچووکە و لە چەند تەڵانێک پێکهاتووە. کەوتووەتە سەرووی گوندی (عەبابەیلێ). شوێنی هەڵپەڕکێ و کات_بەسەربردنی منداڵانی گوندەکە بووە. بەتایبەتی (شێخەکان). لەسەر ڕێگەی (عەبابەیلێ - شنروێ)یە.

عەبابەیلێ

کەوتووەتە بەردەم گوندی (عەبابەیلێ) و سێ کیلۆمەتر لە هەڵەبجەوە دوورە. دارستانی چڕوپڕ و گۆرستانی کۆن و مەرقەدی عەبابەیلێ و گۆڕی ناودارانی وەک جافرسان و عادیلەخان و ئەحمەد موختار و تاهر بەگی جاف و چەندین مەلاو ناوداری تری تیدایە. لەبەرئەوە گەشتیاری زۆر ڕووی لێدەکەن و لەبەر نزیکیی ناوچەکە لە هەڵەبجەوە، خەڵکی لە زۆربەی وەرزەکاندا ڕووی لێدەکەن. چەند ساڵێک مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لەوێ کراوەتەوە و سێ ڤێستیڤاڵی جەماوەری بە ناونیشانی (مەیلێ بۆ عەواوەیلێ)ی تێدا سازدراوە.

زیاتر بزانە
ناوچەی گەشتیاری

عیسا بەگ

هاوینەهەوارێکی دیاری گوندی ڕێشاوە. دەکەویتە سەر قەدپاڵەکانی شنروێ و بەفری میری. خەڵکی گوندی ڕێشاو و بنەماڵەی تەشاریەکانی گوندی کۆساوا لە ھاویندا کۆچیانکردوە بۆ ئەو ناوچەیە. کانی و ئاوی خۆی هەیە. لەوەڕگایەکی سروشتیی دەوڵەمەندە. لە کۆندا زیاتر مەڕدارەکان بەکاریانهێناوە و دەواریان تێداهەڵداوە. لە ئێستادا زیاتر وەک سەیرانگایەک بەکاردێت. لەسەر زاری ناوچەکە بە عیساوەگ ناودەبرێت.

زیاتر بزانە
هاوینەهەوار
پێشتر 1
...
55 56 57
...
61 دواتر