هەوار

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 541

هەوارگە

شوێنێکی کوێستانی و فێنکە لەهەر دێیەک لە دێکانی هەوراماندأ، کە موڵکی تایبەتی دێکەیە. لە هەوراماندا هەوارگەیەکی بێشومار هەن، هەندێک لەم هەوارانە بە ناوی دێکەوە ناودەبرێن و هەندێکیشیان ناوی تایبەتیان هەیە. وەک(بێمیر و پیازدۆڵ و کراویەدۆڵ و هانەنەوتی و هەواری بووک، پیر ڕۆستەم، نوەیجەڕ، هەیات، هەزارانی، هەیشوور... هتد). لەوکاتەیدا، کە هەوا خۆشدەکات، هەورامییەکان بە کۆمەڵ و بۆ ماوەیەکی کاتی کۆچی بۆ دەکەن. هەر هەوارێک کەلەبەرێکی هەڵچنراوی لە شێوەی دەرگادا بۆ دەکەن و لە دەوروبەریش شوێنی ئاژەڵەکان. لەگەڵ خۆیان ڕاخەرو پێداویستیی سادەی ژیان و تەواوی ئاژەڵ و باڵندەو پەلەوەرە ماڵییەکانیشیان دەبەن. بە ژیانکردنی ئەم ماوەیە لە هەوار دەڵێن هەوارنشینی. تەواوی ڕەسم و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانیشی تێدا ئەنجامدەدرێت. هەوارنشینان تا هاتنی وەرزی سەرما لە هەوار دەمێننەوە و پاشان بە تێکرایی دەگەڕێنەوە ناو دێ. ئامانج لە کۆچ و کۆچبار بۆ هەوار، ئاژەڵداریی و عەمبارکردنی ئالیکە، کە هەر هەوارێک یان چەند هەوارێک، شوێنی تایبەتی بۆ لێکەندنەوە و کوتانی ئالیکەکە هەیە. لە هەوراماندا دەیان هەواری بەناوبانگ هەن، کە تائێستاش ناویان دەبرێت. ئەم هەوارانە لە فەرهەنگ و نەریتی هەوراماندا ڕەنگیانداوەتەوە و چوونەتە نێو گۆرانی میللیی ناوچەکەوە. شاعیرە گەورەکانی ناوچەکەش شیعریان بۆ ئەم هەوارانە وتووە.

سەرچاوەکان:

  1. مێژووی هەورامان، د. محمد امین هورامانی، بەرگی یەکەم، انتشارات بلخ، ٢٠٠٠، ل١٠١.
  2. هەورامان باشتر بناسن، د. صدیق بۆرەکەیی، چاپخانەی حاجی هاشم. هەولێر ٢٠١٢، ل٢٥٣.
  3. هەورامان، ئەیوب ڕۆستەم، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی قانع، ٢٠٠٤، سلێمانی، ل١١-١٦.

ئامادەکردنی: همایون ساحیب کەریم

4

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

زێڕوونی

کەوتووەتە سنوری گوندی کانی ئاسکان لە بناری شاخی سورێن. لە ناوەڕاستی زنجیرە چیای سورێن و لە باکوری خۆرهەڵاتیەوە هەڵکەوتووە. دانیشتوانی گوندەکە لە کاتی گەرمیان و کوێستان بەکاریانهێناوە. شوێنی هەوارگەکە بەرز و تەختە. دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا و تاڕادەیەکی زۆر لە هاویندا فێنکە.

شێخان

تەختاییەکی بچووکە و لە چەند تەڵانێک پێکهاتووە. کەوتووەتە سەرووی گوندی (عەبابەیلێ). شوێنی هەڵپەڕکێ و کات_بەسەربردنی منداڵانی گوندەکە بووە. بەتایبەتی (شێخەکان). لەسەر ڕێگەی (عەبابەیلێ - شنروێ)یە.

کەپرا

هاوینەهەوارکی بەڵخەییەکانە لە کوێستانەکانی شاخی تەوەنێ. لە مانگی تەمووزەوە هەواری بەڵخەییەکان لە بەنەن و ڕێوڵە و شوێنەکانی ترەوە دەیانگواستەوە بۆی. ئاژەڵەکانیشان دەبرد و تا سەر پاییز تێیدا دەمانەوە. شوێنەواری هەواری تائێستش ماوە.

کەپرگە

کەوتووەتە‌ باشورى خۆرئاواى گوندى (کانی توو)، لەنێوان بەرزاييەکانى خوڵامى و گوندەکە هەڵکەوتووە، کۆنە هەوارى گوندەکە بووە و لەهاويندا خەڵکى گوندەکە باريانکردووە بۆ ئەو شوێنە و کەپريان دروستکردووه، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی، کە‌ فێنکتر و گونجاوتر بووە.

کەڵەکاوی

هەواری خەڵکى گوندی (خێڵی حەمه)‌ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ)ـە. کەوتووەته ‌‌خۆرئاوای گوندەکەوە لەوەرزی هاویندا دانیشتوانی گوند‌ لەبەر کێچ چوونەتە‌ سەر کێڵگەکانیان و ئاژە‌ڵەکانیان بردووە بۆ لەوەڕگا و دەواریان هەڵداوە، تا سەرەتای پایز ماونەتەوە‌. کەڵەکاوى لەبەر بوونى ئاوى کانییەکانى مزگەوت لە نزیکى شوێنەکە هەوایە‌کی فێنکتری هەبووە.

کەماو حاکمی

کەوتووەتە نزیک کەلی (حاجیەڕا) لە چیاکانی هەورامان. هەوارگەی (ئەفراسیاوبەگ) حاکمی ناوچەی هەورامان بووە. بۆیە بە (کەما و حاکمی) ناوی هێنراوە. (کەما) گیایەکە بەزۆری لە بەرزاییەکانی هەوراماندا هەیە.