شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

شێخ ئەبولوەفا

چلەخانەو خەڵوەتگەیە. کەوتووەتە بەشی پێشەوەی هەیوانی خانەقای تەویڵە. خاوەنەکەی شێخ(عەبدولڕەحمانی ئەبولوەفای کوڕی شێخ عوسمانی سراجەدیین)ـە. بەشی سەر و خواری کراوەیە. بە ئاوێنەبەند و نەخش ڕازێنراوەتەوە. وێنەی ٢٢٦ بولبول نەخشێنراوە. لە ناوەوە خەڵوەتگەکە بە سەقفی تەختە کراوە بە دوو نهۆم. لە ئێستادا بەهۆی دروستکردنەوەی خانەقاکەوە بەشێوەی جارانی نەماوەتەوە.

زیاتر بزانە
خەڵوەتگە

قرالجای

کەوتووەتە پشت گوندی (زەڵم) و ئێستە پێیدەوترێت کەرەجاڵ. لە سەرچاوە مێژووییەکاندا بە ناوی دەربەندی قرابلجا ناوی هاتووە. ئەم ناوەش بۆ سەردەمی ساسانیەکان دەگەڕێتەوە، کە مەبەست لێی جێگە و شوێنی قراڵە، کە پلەیەکی سەربازی نێو سوپای ئەو سەردەمە بووە.

کانەبەردەکانی چاوگ و باوەکۆچەک

سروشتی ناوچەکانی عەشیرەتی کۆکۆی، هەریەک لە گوندەکانی (چنار، چاوگ، باوەکۆچەک) ئەوەیە، کە ناوچەیەکی شاخاوییە و هەر لەسەرەتای دروستبوونی ئەم گوندانەوه،‌ خەڵکەکە بۆ دروستکردنی خانو دەستیان بە پیشەی بەردهەڵکەندن کردووە. دواتر خواست لەسەر بەرد زیادیکردووە و بە گوێدرێژ و مانگا بۆ هەڵەبجە براوە و لە کۆتایی پەنجاکانیشەوە بە گەڵابە گوازراوەتەوە. عومەری وەستا مردان و دواتریش حاجی بارامی کۆکۆیی لە خاوەن گەڵابەکان بوون. گەڵابەیەک بەرد بەدینار و نیوێک فرۆشراوە. لە ئێستادا تەنها سێ کانەبەرد ماون و ئیشکردن تیایاندا بەردەوامە. کانەبەردەکان بە زۆری دەکەونە سنوری گوندی چاوگ و هەریەک لە پەلی دەواران، کەلاران، پەلی نام پارێز، بەرد هەڵدەکەنرێت.

کەڤیکەڤاتە: کەڤات

کۆمەڵێ ناوچەی جوگرافین لە هەوراماندا، مێژوویان بۆ سەردەمی کەیانیان و چەندین ساڵ پێش سەرهەڵدانی زەردەشت دەگەڕێتەوە. نازانرێت بۆچی لە ئاڤێستا و پەرتووکە دینییەکاندا تۆمارنەکراون. لەگەڵ تیپەڕبوونی سێ هەزارساڵدا هێشتا بە هەمان ناوەوە ناودەبرێن. لە کتێبی دینکەردا کەڤیکەڤاتە یەکێکە لە نەوەکانی مەنوچەر و دامەزرێنەری بنەچەی کەیانیانە و وەک شای ئێران چەسپێنراوە. مەردۆخ و مێژوونوسانی عەرەبی وەک(ئەبوڕیحان و بەلعەمی و حەمزە) باسیانکردووە. کەوتوونەتە دەستە ڕاستی ڕێگای ئۆتۆمبێلی بیارە - تەوێڵە - نەوسوود – پاوە - جوانڕۆ - کرماشان). کاواتان لە پردی بیارەوە بۆ دەگاشێخان بەم نێوانە درێژبوونەتەوە: کاوات و تەختە قەرەجی، کاوت و ئەحلە، کاوات تەپو نیعمەتی، کاوات و ئۆردوگا)، کاواتەکانی سۆسەکان و لای شۆشمی، کاواتەکانی لای جوانڕۆ کەوتوونەتە ناوچەی شونکارەوە و خەڵکەکەیان خۆیان بە کەیانی دەزانن و نازناوی کەیانی بە زۆربەی ناوەکانیانەوە هەیە.

زیاتر بزانە
کاواتەکان

کەمتارەوڵە

کەوتووەتە قەد پاڵی بەرزایی (دەرە سولان) لە سنوری گوندی (ئەحمەد ئاوا و سەرگەت). بەواتای (کونە کەمتیار) دێت. ئەو ناوچەیە بە ئاژەڵی کێوی ناوبانگی هەبووە وەک کەمتیار و کەروێشک و ڕێوی و سوچەڕ.

زیاتر بزانە
کونەکەمتیار

کونە پشیلە

کەوتووەتە گوندی کوڵی متکان و لەدامێنی چیایەکی سەختدایە. کونێکە پشیلە تێیدا خۆی حەشارداوە. بۆیە بەو ناوە ناونراوە.

کونەتەيارە

کەوتووەتە گوندى (غوڵامى)گەورەوە و چەمێکى تاڕادەيەک نزمە، لەنێوان هەردوو غوڵامیى ژوروو و سەرودايە، بەهۆى ئەوەى فڕۆکەيەکى عێراقى لەم شوێنەدا کەوتوەتە خوارەوە، ئيتر بە کونەتەيارە ناوبانگى دەرکردووە.

کونەسووچەڕ

بریتییە لە کۆمەڵێک تاوێر و تەقتەق، کەوتووەتە بەردەم لوتکەی گردی کڵاوە، بە دووریی ١کم لە گوندی پریسی سەروو و زۆرجار سوچەڕی تێدابووە.

کونەکەمتار

کەوتووەتە سنوری گوندی (لمە). کونێکە تا ئێستە بنەکەی دیار نیيە. لەنێو دۆڵێکدایە لە کۆتایی زەوی ئیسا. بەناوبانگە بە کەمتیار و بەراز.

گەچ

کەوتووەتە چیای شنروێ لە باشوری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە و درێژیی دەگاته ‌(٣.٥کم)ه ‌و لە باکوری گوندی کۆساواوە دەستپێدەکات بە ئاڕاستە‌ی خۆرهەڵات بۆ ناو چیای شنروێ، دووری لە شاری هەڵەبجەوە(١٨کم)ە.

گڵێجانەکە

شوێنی جۆرە گڵێکی باشە. کەوتووەتە سنوری گوندى (پریسى خواروو). لە ڕۆژگارێکدا پێش ئەوەی چیمەنتۆ گەچ و کەرەستەی هاوشێوەی بیناسازی نوێ بێتە ئاراوە، خەڵکی ناوچەکە خانوەکانیان بەم جۆرە گڵە دروستکردووە. چەند تایبەتمەندییەکی هەبووە، لەوانە: بەهێز، وەک چیمەنتۆ وابووە، درزى نەبردووە، گژوگیاى لێ سەوز نەبووە. بۆ سواغدان و تەنوورى نانـکـردنـیـش بـەکـارهـێـنـراوە.

گۆڕەپانی ئەسپەتاچن

شوێنێکە لەلای ڕاستی قەڵای مەرکەزی سۆسەکان، لە شێوەی گۆڕەپانێکدایە، تایبەت کراو بووە بە مەشقی سوارە و ئەسپسوارییەوە، ناوەکەی لەوەوە وەرگیراوە. ئێستا بەشێوەی مێرگێگی سەوز لە بەهاراندا دەردەکەوێت و بۆ لەوەڕاندنی وڵاخ بەکاردێت.

مام ئەمین

دەربەندێکە زیاتر لە هەزار مەتر قوڵە. لەنێوان چیاکانی کەمەر بەڕەزا و بانەبەرزە لە گوندی ڕێشاو. لەباشوری دۆڵی سەرکۆ هەڵکەوتووە. کانییەکی لێیە ئاوی باخی هەنجیر و ترێ و هەنار دەدات. خاوەندارێتییەکەی بۆ مام ئەمین ناوێک دەگەڕێتەوە. لە ئێستادا بەهۆی وشکەساڵیەوە وشکیکردووە.

هێڵی هەمایۆنی

ئەو هێڵەیە، کە تێیدا سنورە ئاوییەکانی نێوان (دەوڵەتی عوسمانی و قاجاری) دابەشکردووە. بەپێی پەیماننامەیەک ساڵی ١٨٨٤ مۆرکراوە و کراوەتە بناغەی جیاکردنەوەی سنوری ئاوی. ساڵی ١٩٠٤ لەلایەن دەستەیەکی تایبەت بەدیاریکردنی سنور لە هەوراماندا بە تەواوەتی پەسەندکراوە. ئەم هێڵەش لە (شارەدێی تەوێڵە) و (شارۆچکەی بیارە) بە تایبەت تێپەڕدەبێت. هەروەها بە درێژایی ڕوباری (سیروان) کراوەتە بناغەی جیاکردنەوەی سنوری نێوان وڵاتی (عێراق و ئێران). بەو پێیەش ئەم هێڵە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاوییەکان و جۆگە ئاوییەکانی ناوچەکە، هەورامان دەکاتە دوو بەش. هەورامانی دیوی خۆرهەڵاتی کوردستان و هەورامانی دیوی باشوری کوردستان. هەروەها خودی جۆگەکانیش دەبنە سنوری نێودەوڵەتی. بۆنمونە (شاجۆ) دوای ئەوەی لە باخەکانی (زاوەر)ەوە دێتە تەوێڵە و ئاوی باخەکان دەدات، دووبارە بە کەناری چیای (ملەشۆپە)دا دەڕواتەوە دیوی خۆرهەڵات و ئاوی باخەکانی (شوشمێ) دەدات. لە بیارەش هەردوو جۆگەی (ئاساوە بەرزە و جوە و کوی)، کە دەکەونە هەردوو دیوی باخەکانی بیارەوە، لە چەمی (هانەگەرمڵە)وە لە دیوی (ئێران) دێتە ناو چەمی (بیارە) لە دیوی (عێراق) ئاوی باخەکان دەدات و سنوری هەردوو وڵات دیاریدەکات.

پێشتر 1
...
60 61