زێڕوونی
کەوتووەتە سنوری گوندی کانی ئاسکان لە بناری شاخی سورێن. لە ناوەڕاستی زنجیرە چیای سورێن و لە باکوری خۆرهەڵاتیەوە هەڵکەوتووە. دانیشتوانی گوندەکە لە کاتی گەرمیان و کوێستان بەکاریانهێناوە. شوێنی هەوارگەکە بەرز و تەختە. دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا و تاڕادەیەکی زۆر لە هاویندا فێنکە.
شێخان
تەختاییەکی بچووکە و لە چەند تەڵانێک پێکهاتووە. کەوتووەتە سەرووی گوندی (عەبابەیلێ). شوێنی هەڵپەڕکێ و کات_بەسەربردنی منداڵانی گوندەکە بووە. بەتایبەتی (شێخەکان). لەسەر ڕێگەی (عەبابەیلێ - شنروێ)یە.
کەپرا
هاوینەهەوارکی بەڵخەییەکانە لە کوێستانەکانی شاخی تەوەنێ. لە مانگی تەمووزەوە هەواری بەڵخەییەکان لە بەنەن و ڕێوڵە و شوێنەکانی ترەوە دەیانگواستەوە بۆی. ئاژەڵەکانیشان دەبرد و تا سەر پاییز تێیدا دەمانەوە. شوێنەواری هەواری تائێستش ماوە.
کەپرگە
کەوتووەتە باشورى خۆرئاواى گوندى (کانی توو)، لەنێوان بەرزاييەکانى خوڵامى و گوندەکە هەڵکەوتووە، کۆنە هەوارى گوندەکە بووە و لەهاويندا خەڵکى گوندەکە باريانکردووە بۆ ئەو شوێنە و کەپريان دروستکردووه، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی، کە فێنکتر و گونجاوتر بووە.
کەڵەکاوی
هەواری خەڵکى گوندی (خێڵی حەمه)ی سەر به ناحیەی (خورماڵ)ـە. کەوتووەته خۆرئاوای گوندەکەوە لەوەرزی هاویندا دانیشتوانی گوند لەبەر کێچ چوونەتە سەر کێڵگەکانیان و ئاژەڵەکانیان بردووە بۆ لەوەڕگا و دەواریان هەڵداوە، تا سەرەتای پایز ماونەتەوە. کەڵەکاوى لەبەر بوونى ئاوى کانییەکانى مزگەوت لە نزیکى شوێنەکە هەوایەکی فێنکتری هەبووە.
هەوار
شوێنێکی کوێستانی و فێنکە لەهەر دێیەک لە دێکانی هەوراماندأ، کە موڵکی تایبەتی دێکەیە. لە هەوراماندا هەوارگەیەکی بێشومار هەن، هەندێک لەم هەوارانە بە ناوی دێکەوە ناودەبرێن و هەندێکیشیان ناوی تایبەتیان هەیە. وەک(بێمیر و پیازدۆڵ و کراویەدۆڵ و هانەنەوتی و هەواری بووک، پیر ڕۆستەم، نوەیجەڕ، هەیات، هەزارانی، هەیشوور... هتد). لەوکاتەیدا، کە هەوا خۆشدەکات، هەورامییەکان بە کۆمەڵ و بۆ ماوەیەکی کاتی کۆچی بۆ دەکەن. هەر هەوارێک کەلەبەرێکی هەڵچنراوی لە شێوەی دەرگادا بۆ دەکەن و لە دەوروبەریش شوێنی ئاژەڵەکان. لەگەڵ خۆیان ڕاخەرو پێداویستیی سادەی ژیان و تەواوی ئاژەڵ و باڵندەو پەلەوەرە ماڵییەکانیشیان دەبەن. بە ژیانکردنی ئەم ماوەیە لە هەوار دەڵێن هەوارنشینی. تەواوی ڕەسم و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانیشی تێدا ئەنجامدەدرێت. هەوارنشینان تا هاتنی وەرزی سەرما لە هەوار دەمێننەوە و پاشان بە تێکرایی دەگەڕێنەوە ناو دێ. ئامانج لە کۆچ و کۆچبار بۆ هەوار، ئاژەڵداریی و عەمبارکردنی ئالیکە، کە هەر هەوارێک یان چەند هەوارێک، شوێنی تایبەتی بۆ لێکەندنەوە و کوتانی ئالیکەکە هەیە. لە هەوراماندا دەیان هەواری بەناوبانگ هەن، کە تائێستاش ناویان دەبرێت. ئەم هەوارانە لە فەرهەنگ و نەریتی هەوراماندا ڕەنگیانداوەتەوە و چوونەتە نێو گۆرانی میللیی ناوچەکەوە. شاعیرە گەورەکانی ناوچەکەش شیعریان بۆ ئەم هەوارانە وتووە.