شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

26 بابەت

باسک

کەوتووەتە سنوری هەردوو گوندی (چنار و چاوگ). (١١٢٠م) بەرزە لە ئاستی ڕووی دەریاوە. ئەم بەرزاییە لە کۆندا شوێنی چاڵەبەفر بووە، چونکە ئاوهەوای ئەم بەرزاییە زۆر گونجاو بووە. هەروەها دانیشتوانی ناوچەی کۆکۆیی وەک شوێنێک بۆ پشوودان لەکاتی گواستنەوەی کۆڵ و باردا بۆ شاری هەڵەبجە سوودیانلێوەرگرتوە. ناوەکەی لە باسکی دەستەوە هاتووە. لەم بەرزاییەدا داری سروشتی وەک قەزوان، بەڕوو، گۆییژ، ڕووەکی بەهارەی وەک کنگر و گیاکانی دیکە هەن، هەروەها بۆ دۆزینەوەی قارچک، زۆرێک لە خەڵکان سەردانیدەکەن. لە ئێستادا بە لەوەڕگایەکی سروشتی گرنگ و پڕبایەخی ناوچەی کۆکۆیی دادەنرێت.

بزنکوژی مچەی باوا

کەوتووەتە چیاکانی بەشی نزاری گریانە بەرانبەر (وژەکەرە). بە ناوی (مستەفای باوکی کوێخا عەلی) ناونراوە. مستەفا کراوەتە (مچە) بەهۆی ئەوەی بەتەمەن بووە وەک ڕێزێک پاشگری (باوا)ی پێوە لکێنراوە. لەم بەرزاییەدا بزنەکێویەک دەکوژێت و ئەو ناوەی بەسەردا بڕاوە. ناوچەیەکی سەختە و دەوڵەمەندە بە ئاژەڵی کێوی.

تەپەتەپان

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی زنجیرە چیاکانی باڵامبۆ، لە نێوان دۆڵی دڵی و پەلی نان پارێز لە سنوری گوندی چاوگی ناوچەی کۆکۆیی. دەڕوانێت بەسەر شاری هەڵەبجەدا، لە چەند تەپ و گردێک پێکهاتووە، چەمی باسکە لێژ و چەمی دەوەرانی پیادا تێـپـەڕدەبـێت.

تفەو گەلەی

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی). بەواتای (تووی ڕانەمەڕ) دێت. کانییەکی تێدابووە بە ناوی کارێزی (حاجی حەمەسەعید)، کە ئاژەڵەکانیان لەنزیکیەوە مۆڵداوە و شیریان دۆشیوە.

جۆجاڕ

کەوتووەتە سەرووی گوندی (عەبابەیلێ). لە سەرووی باخی (عەلی چەتوون)ەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە بەشی سەرەوەی (دارەلوس) و دەڕوانێت بەسەر گوندی (دەڵەمەڕ و عەبابەیلێ)دا. بەهۆی ئەوەی کاتی خۆی جۆی تێدا کراوە، ئەو ناوەی لێنراوە.

خەرمانگا

بەرزاییەکی دیاری گوندی (بنجەی دڕەیە). ڕێگای دەرەکێ بەبەردەمیدا دەڕوات. دەشتی شارەزووری لەسەر دیارە و ناوچەیەکە بەردەوام هەوا دەیگرێت. بۆیە لە وەرزی دانەوێڵەدا جوتیارەکان بەرهەمەکەیان لەسەر ئەم بەرزاییە خەرمان کردووە بۆیە پێیدەوترێت خەرمانگا.

خۆرەتاوی کەرەماڵی

کەوتووەتە قەد پاڵ شنروێ. بە ئاڕاستەی گوندی هاوار دەڕوات. لە لوتکەی (ملەی هەڵوژێ)وە دەستپێدەکات و لە (تلەسپی)ی هاوار کۆتاییدێت. لە گوندی (هاوار) پێیدەڵێن (سپی تل) و بە بە خۆرەتاوی شنروێیش ناودەبرێت. لۆ جاڕێکی هەیە، کە پانتاییەکـی فـراوانـە و پێیدەوترێت لـۆ جـاڕی (شێخ کەریمی عەبابەیلێ).

دارەڕەش

کەوتووەتە نێوان چیای (سەرکۆ و نساری شنروێ). بەناوی دارێکی گەورەوە ناونراوە. لە شەڕی عێراق و ئێراندا بنکەیەکی سەربازیی حکومەتی عێراقی لێبووە. تا چەند ڕۆژێک پێش کیمیابارنی هەڵەبجە، بنکەکە هەر ماوەتەوە. (بەفری میری) دەڕوانێت بەسەریدا. لەوەڕگایەکی ناوچەکەیە.

ڕێزەخاڵ

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) و خانوەکانی گوندەکە لە قەدپاڵیدایە. بەسەر گوندەکانی (زەردەهاڵ)، (دەشتی سەبان) و ناحیەی (خورماڵ)دا دەڕوانێت. پرۆژەی ئاوی گوندەکە لەم بەرزاییەوە بەسەر گوندەکەدا دابەشدەکرێت. کانی و حەوزی گەورەی تێدایە. ڕێگەی هاتوچۆی خەڵکی گوند بووە بۆ (چەمی سەرچەمە)، (زووزووگلان) و(هانە یاسەمەن). ئەستێڵی تێدایە و ئاوەکەی بۆ مزگەوت کەڵکی لێوەرگیراوە. بەشی سەرەوەی بەرزاییەکە، لەوەڕگایەکی سروشتیە و دەوڵەمەندە بە گیا بەهارییەکان.

زەڕین کەوش

کەوتووەتە کۆتایی دەشتی سازان و بەرانبەر گوندی کۆساوایە. ناوچەیەکی شوێنەواری بووە. لەسەرچاوە مێژوویەکاندا ناوی هێنراوە و دەڵێن شوێنی پاشایەک بووە، کە خاوەنی کورسی ئاڵتوونی بووە.

سەرودارا

لووتکەیەکە کەوتووەتە نێوان گوندی (گوڵپ) و (ئەحمەدئاوادا)، لەپێچەکانی جادە قیرەکەی ئەحمەدئاوا بۆ زەڵم. ٨٨٠م بەرزە، دەڕوانێت بەسەر گوندەکانی سەرجادەی خورماڵ -زەردەهاڵدا. دیوێکی لەسەر گوڵپ ئەژمار دەکرێت و هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بە بوونی گۆڕ کردووە لە شوێنەکەدا. لە بەهاراندا وەک شوێنی سەیرانکردن خەڵک بۆی دەچن.

سپى تل

کەوتووەتە زنجيرە چياى (شنروێ) لە هاوینەهەواری (وەزگێڵ) و بەرانبە قەدپاڵى (چاڵە شەخەڵين). چوار کیلۆمەتر لە باکورى خۆرئاواى گوندى (هاوار)ەوە دووره. لە بەرد و خاکێکى زۆر کراوەى نيمچە سپى پێکهاتووە و هەر بەو هۆیەشەوەیە پێیدەڵێن (ملەى سپى تل). ناوەکەی بۆ بوونی تاوێرە بەردی سپی، کە لەو شوێنەدا هەن، دەگەڕێتەوە.

سوورەهەراڵەکە

لە‌ سنوری گوندی (دەرەتفێ و پاڵانیان) هەڵکەوتووە و هەردوو سنوری گوندەکە لەیەک جیادەکەنەوە. ڕێگەی تەوێڵە و دەرەتفێی پێدا تێپەڕدەبێت. لە کۆندا ڕێگەی بازاڕکردنی گوندەکە بووە بۆ تەوێڵە. ناوچەیەکی سەخت و شاخاویە. بەفری زۆری لێ باریوە و ڕێگەکەی گرتووە.

شانی ئۆردوگا

کەوتووەتە باکوری گوندی (کۆساوا). بە زنجیرەیەک درێژدەبێتەوە، تا دەڕواتەوە سەر قەڵای سازان. لە نەخشەی کادسترۆی ساڵی ١٩٥٧دا، بە سنوری جیاکەرەوەی گوندی (کۆساوا) و ڕێشاو دانراوە. هەر لەو نەخشەیەدا بە شانی کۆرە گەچیش ناوبراوە. زەویی گاکێڵی تێدایە و کراوەتە گەنم و جۆ.

شیرینە کۆرە

بە هەورامی واتە (شیرینە کوێر) بە ئەشکەوتەکەی ناویەوە ناونراوە. کەوتووەتە بەرانبەر گوندی (ئەحمەدئاوا). ئەشکەوتێکی تێدایە. تولەڕێیەک لەبەردەم ئەشکەوتەکانی شێخ درێژدەبێتەوە بەسەر ئەشکەوتی شیرینەکوێردا تێپەڕدەبێت و دەچێتەوە پشت قەڵای خورماڵ، کە لە کۆندا ڕێگەی هاتوچۆی دێهاتەکانی شارەزوور بووە بۆ ئاشەکانی گوندی زەڵم. تا ساڵی ١٩٧٠ ئەم ڕێگەیە هاتوچۆی پێداکراوە.

قەڵابۆزان

کەوتووەتە دەستی ڕاستی چەمی ئاوێسەر لە شارەدێی (تەوێڵە) لە پشت مزگەوتی مەلا نەزیر یان بەشی پشتەوەی کۆڵانی هانەسووسوو. پاشماوەی زەردەشتیەکانە لە شارەدێی تەوێڵە. لەلایەن تیرەی (بۆزان) بونیادنراوە، کە یەکێک بوون لەو تیرانەی، کە یەکیانگرتوە و دەوڵەتی (ماد)یان دروستکردووە. لە ئێستا دا یەکێکە لە ئاوەدانیەکانی تەوێڵە و ژمارەیەک ماڵێ تێدایە. هەرچەند سەخت و لێژ و نسرمە، بەڵام ڕێگای هاتوچۆی بۆکراوە. بەشێکی دیکەش پێیانوایە هۆکاری ناونانەکەی بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە، کە لە هەوراماندا ئەو شوێنە سەخت و نسرمانەی، کە درەنگ گیایان تێدا سەوزدەبێت، پێیدەڵێن: شوێنەکە (بۆز) بووە. هەروەک ئەم وشەیەش بۆ مرۆڤی تازە پێگەشتوو بەکاردێت.

قەڵاڕێزینە

کەوتووەتە سنوری گوندی (گوڵپ) و (نارنجڵە). لەو بەرزاییەدا شێوەی پاسگا و بارەگایەک هەڵکەوتووە. بە قسەی خەڵکی ناوچەکە، دەسەڵاتێک هەبووە لەو دەربەندەدا بارەگای داناوە و بەسەر هاتوچۆی ناوچەکەدا دەستیڕۆشتووە. لەڕێگەی ئاوێنە و هەواڵدەری نهێنییەوە پەیوەندییان بە قەڵاکەی پشتی نارنجڵەوە کردووە و ڕێگرییان لە هەر کەسێک گرتووه،‌ کە نەیانویستبێت بەو شوێنەدا تێپەڕن.

قولەی فەقێیان

دەڕوانێت بەسەر شوێنە نزیکەکانی گوندی (چنار)دا. بەرزاییەکە بەناوی فەقێکانی گوندی (چنار)ەوە ناونراوە و فەقێکان لەوێ دانیشتوون و خوێندوویانە. لە ژێر ئەم بەرزاییەدا، دوو ئەشکەوتی بەناوبانگ هەیە، کە پێیاندەوترێت کەورگی زوڵفەقار و ڕەحمان جۆڵەک. پلەکانی کەوگێزە لەبەردەمیدایە و زەوی مەلا عەلی و کۆڵیتان دەکەونە بەرانبەریەوە.

کەکەوان

کەوتووەتە سەر ڕێگای مڵەخورد و کانییەکی تێدایە، کە ڕێبواران و کەسانی دیکە دەچنە سەردانی چیاکانی ناوچەکە. (١٨٥٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و دەڕوانێت بەسەر دۆڵی زەڵم و کەڕەجاڵ و دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

کڵاشدڕ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (دەڵەمەڕ) لە بناری شاخی شنروێ. لە ڕووی تۆپۆگرافیەوە بەرز و ئەندازەيەک سەختە، بەهۆی سەختی و پێکهاتەی تاوێر و بەردەکانییەوە، بە کڵاشدڕ ناونراوە. دۆڵ و شیوی تێدایە و زیاتر وەک لەوەڕگا بەکارهاتووە.

1 2 دواتر