شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

ئاساو وایی

کەوتووەتە باکوری گوندی (زەڵم). لەنێوان شاخی ملەخورد و ڕەنگیندایە. (٢٤٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. یەکێکە لە لوتکە چیاکانی سێخڕان. دەڕوانێت بەسەر دۆڵی وشکەناو و گوندەکانی زەڵم و هەورامانی هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و و ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی تێدا دەژین. لە وەرزی بەهاردا خەڵک بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە سەردانیدەکەن. ساڵانە ڕێژەیەکی باش باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاوی کانییەکانی ناوچەکە. بە دوووری (٢٣٠م) کەوتووەتە خۆرئاوای ڕێگای سنوری نافەرمی مڵەخورد.

ئاسنەوەرد

کەوتووەتە ملەگای چنار و گەڕەکی گەناوڵەی بیارە، بەرانبەر نەخۆشخانەی (هەورامان - بیارەیە) لە سنوری ناحیەی (بیارە). (١١٣٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. یەک پارچە دارستانی سنەوبەرە و دیمەنێکی جوانی هەیە و خەڵکی بۆ کاتبەسەربردن سەردانیدەکەن، دەڕوانێتە سەر دۆڵی بیارە و دۆڵی بێزەل، لە باشورەوە دۆڵی بیارە و لە باکورەوە چیای کڵاوەی ئاشوور و لە خۆرهەڵاتەوە شارۆچکەی (بیارە) و ملەی چنار و لە خۆرئاواوە تەپی خاتوو ئامینە دەورەیانداوە.

ئاوازنێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەتفێ) و باکوری گوندی هاوارەکۆن. دەڕوانێت بەسەر گوندی (هاوارەکۆن) و (گریانە)دا. بەرزییەکەی لەئاستی ڕووی دەریاوە نزیکەی (١٣٩١م) بەرزە. شوێنێکی سەخت و دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی، لە دیوی وڵاتی ئێرانەوە ڕێگایەکی خۆڵ نزیک دەبێتەوە کە بۆ هاتوچۆی پاسەوانی سنور دروستکراوە، ساڵانە بڕێکی زۆر باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاو_پێدەری کانیاوەکانی دەرەتفێ و چەمی هاوارەکۆن، شوێنەوارێکی تێدایە پێیدەوترێت (قەنارەکە) وا دەگێڕنەوە ئەوەی تاوانێکی گەورەی کردبێت لەم شوێنە بەرزەوە خراوەتە خوارەوە وەک سزایەک بۆ تاوانەکەی.

ئایشێ

کەوتووەتە چیای ئایشێ و لە باشوری خۆرهەڵاتی گەچێنە و هەمزەی و (١٦٤٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوچەیەکی زۆر سەختە و بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و دەڕوانێتە سەر ناوچەی هەمزەی و گەچێنە و هانەگەرمەڵە و شارۆچکەی (بیارە). سەبارەت بە ناولێنانەکەی دەگێڕنەوە گوایە بەناوی ئایشە ناوێکەوە ناونراوه،‌ کە لەلایەن براکەیەوە کوژراوە.

زیاتر بزانە
لوتکە چیا

ئەلیاس ئاغە

کەوتووەتە خۆرئاوای زنجیرە چیای شنروێ لە خۆرئاوای گوندی (دەڵەمەڕ) و خۆرهەڵاتی گوندی (بامۆک). لە ڕابردوودا کەسێک بەکاریهێناوە بەناوی ئەلیاس ئاغا و لەبەرئەوەشه،‌ کە ئەو ناوەی لێنراوە. بەرزترین شاخی سنوری گوندی (بامۆک)ـە و موڵکی بامۆکییەکانە. پێکهاتەکەی بەرد و گڵە و بۆ ئاژەڵداری بەکاردێت.

ئەلی ڕەزا

کەوتووەتە کۆتایی گوندی (مۆردین) لەسەر ڕوباری سیروان. جگە لە ئاژەڵی کێوی هیچی دیکەی تێدا نیيە. دەڕوانێت بەسەر گوندی دگاگای لە خۆرهەڵاتی کوردستان. لەلای چەپەوە کۆمەڵێک ئەشکەوتی تێدایە. بە کەورگەکانی مۆردین ناودەبرێن. لە بەشی خوارەوەی کانییەکی تێدایە بە نەیجە و قامیش دەوڵەمەندە. بە شەوان شوێنی مانەوەی بەراز و ئاژەڵی کێویە. لە ئێستادا ڕاوکەر زیاتر بۆ ئەم شاخە دەچن.

بابا زەردەڵە

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (ئەحمەدئاوا) و باشوری گوندی (زەڵم) و بە سەر چیای (بابا زەردەڵە)وەیە. (١١٦٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە قەدپاڵێکدا ڕێگەی سەرچاوەی زەڵم تێپەڕ دەبێت و خودی گوندی ئەحمەدئاوا لە قەدپاڵی ئەم چیایەدا هەڵکەوتووە. بەناوی بابا زەردەڵەوە ناونراوە، کە یەکێک بووە لە کوڕەکانی سەید ئیبراهیم. ئارامگاکەی کەوتووەتە پشتی گوندی ئەحمەدئاواوە.

بارخۆشکەرە

کەوتووەتە زنجيرە چياى (شنروێ) و خۆرئاواى لوتکەى (بەفرى ميرى). لە باکورى خۆرهەڵاتەوە بەسەر دۆڵى (وەزگێڵدا) و لە باشورى خۆرئاواوە بەسەر (دۆڵى ڕێشاو)دا دەڕوانێت. (١٩٣٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناولێنانەکەی بۆ هاتوچۆى ئەو وڵاخە باربەرانە دەگەڕێتەوه،‌ کە لەو‌ شوێنە‌دا خاوەنەکانیان باریان ڕێکخستووەتەوە و حەساونەتەوە.

باسک

کەوتووەتە سنوری هەردوو گوندی (چنار و چاوگ). (١١٢٠م) بەرزە لە ئاستی ڕووی دەریاوە. ئەم بەرزاییە لە کۆندا شوێنی چاڵەبەفر بووە، چونکە ئاوهەوای ئەم بەرزاییە زۆر گونجاو بووە. هەروەها دانیشتوانی ناوچەی کۆکۆیی وەک شوێنێک بۆ پشوودان لەکاتی گواستنەوەی کۆڵ و باردا بۆ شاری هەڵەبجە سوودیانلێوەرگرتوە. ناوەکەی لە باسکی دەستەوە هاتووە. لەم بەرزاییەدا داری سروشتی وەک قەزوان، بەڕوو، گۆییژ، ڕووەکی بەهارەی وەک کنگر و گیاکانی دیکە هەن، هەروەها بۆ دۆزینەوەی قارچک، زۆرێک لە خەڵکان سەردانیدەکەن. لە ئێستادا بە لەوەڕگایەکی سروشتی گرنگ و پڕبایەخی ناوچەی کۆکۆیی دادەنرێت.

باسکەدرێژ

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی(خەرپانی). لەدوای چیای نساری کەمانگەرای دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای قەڵاتێ. (١٠٥٧م) دەبێت، لە باکورەوە چیای بانی کۆڵ و لە باشورەوە چیای تلەسیاو و لە خۆرهەڵاتەوە چیای نساری کەمانگەرای و لە خۆرئاواوە چیای کانی شارانی، چەندین لوتکە چیا و دۆڵی لاوەکی تێدایە، کانی (نساری پیر و فاتە و دووەچڵە و سەروەزەن و تووەسیاو و هەساری چەوتانی) تێدایە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و لە وەرزی بەهاردا خەڵک سەردانیدەکەن بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارەی وەک گیلاغە و ڕوسقە و کنگر و پسڵ و سوورەبنە. بەسەر گوندی خەرپانیدا دەڕوانێت. ساڵانە ڕێژەیەکی باش دابارینی هەیە و دەبێتە سەرچاوەی ئاوی کانیەکانی سەرەوە، کە ناویان هێنرا.

باسکەدۆڵ

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). نزیکەی (١٢٠٠م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. ڕێگەی سەرەکی کۆڵبەری (مڵەخورد) بەناویدا تێدەپەێت، لەوەرزی بەهاراندا سەیرانگەیە و گژوگیای بەهاری لێیە.

باسکەدۆڵ

کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندی یاڵانپێ و باکوری خۆرهەڵاتی گوندی هانەی قوڵ، لە دوای چیای سوتنەجەڕ دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای سێخڕان. درێژیی چیاکە (١٠١٥م) دەبێت، لە باکورەوە چیای سوتنەجەڕ و لە باشورەوە چیای کەمەرە سیاو و لە خۆرهەڵاتەوە چیای سێخڕان و مڵەخۆرد و لە خۆرئاواوە چیای مەڕ دێیەکان و بانە گەورێ. چەندین لوتکە چیای لەخۆگرتووە لەوانە (لوتکەی کەلی زەرد، ملەگاو دۆڵاوی، کونەسەرد و باسکە)، هەروەها چەندین دۆڵی لەخۆگرتووە لەوانە (دۆڵی لاو مرۆیی، وێکەن، دوو دەرگا، مەرزەجاڕ، نەیجە، مەسناو، گەڵباخ، ڕەزە مۆزان)، هەروەها چیاکە دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی وەک دارستانی سروشتی و لە وەرزی بەهاردا خەڵک سەردانیدەکەن بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە. چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان.

باسکەڕێژ

کەوتووەتە سنوری گوندی چاوگ. دەڕوانێت بەسەر هەردوو دۆڵی کانیە هەنارە و کانیە هەنجیرەدا. داری زۆر کەمە و خەڵکی زیاتر لە بەهاراندا بۆ گژوگیای سروشتی و ئاژەڵداری بەکاریدەهێنن. درێژدەبێتەوە بۆ کوپەی حەمەی هەمزە و دۆڵی دڵی و شاخی تەپەتەپان و زەوەی حەمەی شاوەیس.

باسکی میری

کەوتووەتە نزیک گوندی (پریسی سەروو) و (٥٠٠م) لە خۆرهەڵاتیەوە دوورە. (٨٥٥م) بەرزە لە ئاستی ڕووی دەیاوە و لە ئێستا خانویەکی لەسەر دروستکراوە، زەوییەکانی لەوەڕگایە.

باڵامبۆ

یەکێکە لە زنجیرە شاخە بەناوبانگەکانی سنورەکە. کەوتووەتە باشور و باشوری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە. لێوارەکانی لە باشوری خۆرهەڵاتی دۆڵی سازانەوە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا، لە گوندی (چرۆستانە) و لە دۆڵی ئاشان کۆتاییپێدێت. درێژییەکەی نزیکەى (١٨کم) دەبێت. (١٦٠٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بە ئاڕاستەی ڕوباری سیروان لێژدەبێـەوە. بە تایبەتی لە بەشەکانی باشور و باشوری خۆرئاوایدا، بەڵام لە باکوری خۆرئاواوە، تا گوندی (چرۆستانە) نزم دەبێتەوه،‌ تا دەگاتە (٨٣٨م). لە بەشەکانی باکوریەوە لێوارەکانی دەشتی شارەزوور پێکدەهێنێت. نزمترین بەشەکانی چیاکە بە ئاڕاستەی ئەم دەشتەیە، بەڵام بەرزترین بەشەکانی دەکەوێتە سەر ڕوباری سیروان و بەسەر چەندین گوندی ناوچەکەدا دەڕوانێت، وەک: گوندەکانی چنار، نەیجەڵە، مۆردین و چەندین گوندی تریش لە قەدپاڵیدا هەڵکەوتوون، وەک گوندەکانی: گوندە، سەراو، هانەژاڵە، تەوەنەبەل. بە گشتی چیاکە بە نەبوونی دارودرەختە لە قەدپاڵیدا ناسراوە و تاڕادەیەک ڕووتەنە، سەرەڕای بوونی چەند جۆرێک داری سروشتی وەک قەزوان و بەڕوو. چەندین دۆڵی سەوزی ئاودار و پڕ لە باخی تێدایە، وەک چەمی باوەکۆچەک، گوڵان، گردەناوێ و سازان.

باڵەکەڕێ

درێژبووەوەى چياى (خۆشک)ـە لە باشورى خۆرئاواى گوندى (گڵێجاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بەمۆ). لەبەرزى (١٥٧٠م) بەرەو باشورى خۆرهەڵاتى ناحیەی (بەمۆ) درێژ دەبێته و‌ بە (ملەى ئەسحاوه)‌ و (لوتکەى هۆرەکه)‌ و (هەڕۆژياوەکە) و (قوشەڵانەکه)‌ و (ملەى گورگان) تێدەپەڕێت و لە (چياى خۆشک)دا لەبەرزى (١٥٨٠م) دەگاتەوە بە چياى (بەمۆ).

بانەبەردینە

بە دووری نزیکەی (٤٠٠م)ێک کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (حاجی ئاوا)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ. بەهۆی ئەوەی بەردی زۆرە ئەو ناوەی لێنراوە.

بانەبەرز

کەوتووەتە بەرانبەر قەڵای سازان و دەڕوانێت بەسەر سازان و کۆساوا و ڕێشاودا. بەرەو باکور درێژ دەبێتەوە، تا دەگاتە چیای سەرکۆ. لەوێ لەگەڵ شاخی بەفری میری یەکدەگرێت. کانی بانەبەرز و کانیلە پلەسەری تێدایە. ڕێگەی بۆین و هەڵەبجەی پێدا تێپەڕدەبێت، کە کاتی خۆی تولەڕێیەک بووە و ئێستە فراوان کراوە بۆ ئۆتۆمبێل.

بانەبۆر

کەوتووەتە بەردەم شاخی سەربەرد و دەڕوانێت بەسەر دەوەرە و گوندی چناردا. لە دوو بەش پێکدێت: بانە بۆری بچوک و گەورە. بە ئاڕاستەی ڕوباری سیروان لێژدەبێتەوە. هەوارگەی هاوینەی گوندنشینانی ناوچەکە بووە. دارستانی سروشتی تێدایە و کراوەتە بنێشت.

بانەزەرد

کەوتووەتە خۆرهەڵات و باکوری گوندی (دەرەگوڵان)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ)، لە نێوان هەردوو گوندى (دەرەگوڵان و ڕیشێن). ڕووبەرەکەی ١٠٠ دۆنم دەبێت لە (ملەی هەلاجان)ەوە دەسپێدەکان، تا زنجیرە شاخی (سورێن)، کە درێژییەکەی کیلۆمەترێک دەبێت. زیاتر وەک لەوەڕگا سوودیلێوەردەگیرێت.

1 2
...
61 دواتر