بەرگی نۆیەم
ناوەندی ڕۆشنبیری و وەرزشی
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
بەرگی نۆیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
ڕۆژی ١ی ٢ی ٢٠٠٣ لە شاری هەڵەبجە دامەزراوە. بەشداریی یادەکانی کیمیاباران و ئاهەنگ و بۆنەکانی هەڵەبجە و هەورامانی کردووە. چەندین کۆنسێرتی گۆرانی و مۆسیقای بۆ هونەرمەندان (سیروان لهۆنی، شەوکەت ڕەفعەت، کاوە نووری، عەفان عەلی، مەهدی ئیبراهیم، حەسەن حسێن و هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات وەسیمی حسێنی و...) ئەنجامداوە. لە کردنەوەی زۆرێک لە دیدار و چالاکییە ئەدەبییەکاندا بەشداربوون، لەوانە دیدارەکانی گوڵەهەنار و گۆران و... هتد. ناوی هەندێک لە ئەندامان و ژەنیارانی (یاسین عەلی، جیهانگیر جەلال، فازل محەممەد، ڕێباز سادف، یوسف نەجمەدین، خالید فەتاح، کرمان جەلال، جیهاد جەلال).
ناوەندێکی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری و هونەرییە. لەم بەشانە پێکهاتووە. بەشی موزیک (ڕیتم، میلۆدی). بەشی دیوەخانەی ئەندێشە. شوێنێک بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە و گقتوگۆکان، بەشی کتێبخانە، شوێنی خوێندنەوە و وەرگێڕأن و بە ئەرشیفکردنی بابەتەکان، ئامانجی ڕاکێشان و کۆکردنەوەی فێرخوازانی ئامێرە موزیکییەکان و دڵخوازانی گفتوگۆی فکر و ئایین و فەلسەفە و ئەدەبیاتە. دەستەی دامەزراندن: مامۆستا بەسیر بەڕێوەبەری ناوەند. ڕێدین عەتار: جێگر و ڕێکخەری کارگێڕی. ئاکار موستەفا: یاریدەدەر. ئاگۆرا لە یۆنانی کۆندا بەو سەکۆیە وتراوە، کە وەک ناوەندی کۆبونەوە و کاری دادوەرەکان بەکاربراوە. بەرەرە بوویە شوێنی ژەندنی مۆسیقا و پێشکەشکردنی ئەدەبیات و گفتوگۆی باوەڕ و بابەتە فەلسەفییەکان. ئەم ناوەندە لە ١٦ی ٣ی ٢٠٢٣ لە هەڵەبجە کراوەتەوە.
تیپێکی مۆسیقیی منداڵانی هەڵەبجەیە. لە مانگ ٢ی ١٩٨٠ لەلایەن تیپی مۆسیقای شنروێوە دروستکراوە. لەگەڵ چەند ئەندامێکی مۆسیقای شنروێدا، لە ڕۆژانی (١٤، ١٥ی ٤ی ١٩٨٠ لە هۆڵی کارگەی جگەرەی سلێمانی، بەشداریی فیستیڤاڵی هونەریی مەڵبەندەکانی لاوانی کوردستانیان کردووە. ئەم بەرهەمانەیان پێشکەشکردووە: (مۆسیقای یادی هەوار. دانانی: ئازاد ساڵح، گۆرانی خاڵداری. ئامادەکردنی: وتنی: گۆنا محەممەد، ڕزگار سەلیم، بەتۆری کرد. وتنی: گۆنا محەممەد. وتنی: بەهار حەمەسەعید. شەماڵ بیشەنێ. ئاوازی ئازاد ساڵح. بەرهەمەکان ئازاد ساڵح ئامادەیکردوون. تیپی ماملێ پلەی دوەمی بەدەستهێناوە، لیژنەی دادوەری (ئەنوەر قەرەداغی، خالد سەرکا، فرەنسیس داود)بوون.
تیپێکی هونەریی موزیکیی تایبەت بە کچانە. بایەخ بە موزیک و سروود دەدات. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٣ لە هەڵەبجە دامەزراوە. دەستەی دامەزرێنەری بریتیبووە لە: (ئیمان عەلی، پەخشان حسێن، ژیان عەلی، پەروین ئیبراهیم، نەرمین ئیبراهیم، زوهرە ئیبراهیم.) سەبیحە تۆفیق: سەرپەرشتیار. فریشتە محەممەد: بەڕێوەبەری بووە. بارەگای سەرەکییان کەوتووەتە گەڕەکی گوڵان. زیاد لە ٤٠ ئەندامیان هەبووە. لە بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکاندا بەشداریانکردووە. تا ساڵی ٢٠٠٢ لە بەرهەم بەردەوامبوون. سروودەکانیان لە تەلەفزیۆنەکانی ئەو کات و ناوبەناو لە ئـێستاشدا وەک یاد پەخشدەکرێت. لە نمونەی کارەکانیان (موسڵمانی وریا، بەخێربێی ئەی محەممەد ئەی ڕابەرم، ان تدخلنی ڕبی الجنە، هاوار گریانم دێ، ئەی هەڵەبجە، تۆمارکردنی کاسێتی یەکەمی تیپەکە لە ١٩٩٥، تۆمارکردنی کاسیتی دووەمی تیپەکە لە ١٩٩٦، ئەی شارەکەم، بە پۆل دێن حۆری مەجازان، سروودی مەرگەسات، تۆمارکردنی کاسێتی سێیەم).
ناوەندێکی ڕۆشنبیرییە. کار بۆ ناساندن و خستنەڕووی کلتور و فەرهەنگی ڕەسەنی ناوچەی هەورامان و پەرەپێدان و گەشەسەندنی دەکات. لە ٢٣ى ١٠ى ٢٠٠١ لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆشنبیرى هەورامانەوە دامەزراوە. دەستەی دامەزرێنەر:( جەمیل هەورامی، حەمەی حەمەسەعید، باقی حاجی حەسەن، م. عوسمان محەمەد هەورامی، ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، ئەیو عبدالرحمن، دکتۆر تایەر هەورامی، دکتۆر فایەق گوڵپی، دکتۆر قادر حەمەکەریم(شاهۆ)، م. فەیرۆز حەسەنحەمە عەزیز، موەفەق لهۆنی، حەمحسێن حەمە سەعید، کەمال هەورامی، ئەختیار عەزیز کریم، سەرتیپ سابی کریم، چنوور عبدالعزیز، نایب سابیر هاواری). لە چالاکییەکانی: (پێنج فیستیڤاڵی کلتوریی هەورامان، پێنج فیستیڤاڵی "ئورمون" بۆ وێژەی ماچۆ، سێ فیستیڤاڵی شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوە، فیستیڤاڵێکی تایبەت بۆ ئەدەبی ژنان، چەند دیدارێکی ئەدەبی، دەیان شانۆگەری و پێشانگای شێوەکاری، لەچاپدانی ٤٢ کتێب، دەرچواندنی ٥٠ ژمارە لە گۆڤاری هەورامان، بەشداريکردنى چەندین کۆنفڕانس و دیداری تایبەت یە هەورامان لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێم، کردنەوەی چەندین خول بۆ کۆمپیوتەر و زمان، ڕێکخستنی پەیوەندی و کۆکردنەوەی پێکهاتەکانی ماچۆگۆ، دانانی پەیکەر و دیواربەند لە تەوێڵە، خورماڵ..). لە ئێستادا دەستەی کارگێڕیيەکەی لە لێپرسراوی مەڵبەند و چوار کارگێڕ پێکدێت.
ساڵی ١٩٨٠ لەژێر چاودێریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی عێراق بۆ چالاکی و جموجوڵی وەرزشی لاوان و گەنجانی هەڵەبجە، دامەزراوە. بینای ئەم مەڵبەندە لە شوێنی بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە (تەنیشت یاریگای ئەشکەوڵ). ئەوانەی وەک بەڕێوەبەر لەم مەڵبەندەدا کاریانکردووە: (سەمیر "کە کەسێکی عەرەب بوو"، ئەنوەر "خەڵکی سلێمانی بوو و خۆی یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی سەرمێزی سلێمانی بوو"، سەروەت حەمەکەریم کوردستانی، عومەر سەید سادقی، عوسمان سەید ئەحمەد). ئەوانەشی وەک ڕاهێنەر لەم مەڵبەندەدا خزمەتیانکردووە، بەشی تۆپیپێی: (محەممەد فەتاح لیرە، ناجی عوسمان، فازیل ئەسوەد کەرکوکی، محەممەد سەید قادر، مەریوان مەحموود کاکە شێخ). لە تۆپی بالە (سالار محەممەد ئەحمەد) و لە تۆپی باسکە (هادی حەسەن) و لە تۆپی سەرمێز (عومەر عەلی). هەروەها (فەهمی حاجی محەممەد) و(نەریمان ئەنوەر)، کە هاندەرێکی باشی وەرزشی بوو، هەردووکیان خزمەتیان بە چینی لاوان و گەنجان کردووە. لەو سەردەمەدا وەک سەنتەرێکی ئەدەبی و هونەری و وەرزشی بووە، لەسەر شانۆی ئەم مەڵبەندە چەندین شانۆیی و ئاهەنگی مۆسیقا و گۆرانی پێشکەشکراوە.
ناوەندێکی ڕۆشنبیری و فەرهەنگیی سەربەخۆیە. کەوتووەتە شارۆچکەی خورماڵ و نزیک کتێبخانەی گشتیی خورماڵ. لەسەر وەسیەتی پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمی و بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت و لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە ١٥ی ١ی ٢٠١٦ دەستیپێکراوە و ساڵی ٢٠٢٣ تەواوبووە، بە موڵکی هی بنەماڵەی زەڵمییە. لەسەر ڕووبەری (١٠٠٠م)، دوو بینای لەسەر دروستکراوە. لە بەشەکانی: ئۆفیس و ژوری بەڕێوەبردن، کتێبخانە، مۆزەخانەی تایبەتیی د. مستەفا زەڵمی، کە پێویستیەکانی ڕۆژانەی و کتێبەکانی بەردەستی، ئەرشیفی تایبەت بە نوسین و کاسێت و چاوپێکەوتن و سیمینار و ڕۆژنامە و گۆڤار و لێدوانەکانی، ژورێکی تایبەت بە مەزار، کە گۆڕی مستەفا زەڵمی و کورتەی ژیانی و چەند ڕەفەیەکی تایبەت بە وێنەکان و خەڵات و بڕوانامەکانی تێدایە. میوانخانە لە نهۆمی دووەمدایە، هەروەها ژوورەکانی: نوستن، گەرماو، دەستشۆر و شوێنی نانخواردن، دوو هۆڵی گەورە و کۆگایەک پێکهاتووە. (مەسعوود مستەفا ئیبراهیم) بەڕێوەبەری ناوەندەکەیە و سێ فەرمانبەری هەیە.
کەوتووەتە شارۆچکەی سیروان، پڕۆژەیەکی هونەریی هاوبەشی شێوەکاران (هونەر ساحیب، هاوکار ساحب، حەسەن موراد)ە. بیرۆکەی (سەرخێڵ غەفار)ه و لە پێناو زیندوهێشتنەوە و یادی شەهیدانی بینا سووتاوەکەی شارۆچکەی (سیروان) دروستکراوە، کە لە بۆردومانی ٦ى ٨ى ١٩٨٦دا چەندین هاوڵاتی بوونە قوربانی. نەخشاندنەوەی ڕوداوەکە و قوربانییەکانە بە شێوەیەکی هونەری.
کەوتووەتە باکوری گوندی (عەنەب). ساڵی ١٩٩٢ لەسەر ڕووبەری (٤٠٠٠م٢) لەلایەن حکومەتەوە دروستکراوە. بەشێکی گۆڕستانە، تەرمی ٤٥٠ هاوڵاتیی گوندەکەی تێدا بەخاکسپێرراوە. گوزارشت لە شەهیدبوونی هەزاران هاوڵاتی دەکات، کە لە ساڵی ١٩٨٨دا بە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، شەهید بوون.
مۆزەخانەیەکی بچووکی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی ئەو گوللە و ساروخانەیە، کە کەسایەتیی دیاری کوردستان (هۆشیار عەلی بیاوێڵەیی) پاش گەڕانەوەی لە یابان، بیرۆکەی ئەم موزەخانەیەی بۆ دروستبووە. دوای ئەوەی زۆربەی جۆرەکانی مین و گوللەهاوەن و ساروخی هەڵگرتونەتەوە، پووچەڵی کردوونەتەوە و لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی (بیاوێڵە) دایناون. بە ئامانجی ئەرشیفکردن و وانەی پەروەردەیی و ناسین و دەستنیشانکردنی کۆمپانیا و وڵاتەکانیان و هۆشیاریی نەتەوەیی بەرامبەر کۆمەڵکوژیی کورد و..هتد. لە سەردانیکردنی خەڵک و چەندین کاری هونەری و ڕاگەیاندندا، کەڵک لەم مۆزەخانەیە وەرگیراوە.
ناوەندێکی فەرهەنگی و هونەری و ڕۆشنبیرییە، کەوتووەتە گەڕەکی سەرای هەڵەبجە. بە بیرۆکەی ئازاد تۆفیق لە ٣ی ٣ی ٢٠٠٣ لە هەڵەبجە دامەزراوە، دەستەی یەکەمی دامەزراندنی بریتییبوون لە: ئازاد تۆفیق، ئازاد ساڵح، ئیبراهیم هەورامانی، ئیسماعیل حەسەن، جەلال عوسمان، هیدایەت عوسمان، عەزیز حەمەکەریم، ڕۆژ هەڵەبجەیی، سەمیعە محەمەد ئیسماعیل، سەلاحە ڕەش، سەلاحی حاجی عەلی، عیزەت عەزیز، مەریوان هەڵەبجەیی، یاسین حەسەن. مۆڵەتی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری وەرگرتووە. ٦ی ١ی ٢٠٠٤ کۆنگرەی بەستووە و ئازاد تۆفیق بووەتە سەرۆکی ناوەندەکە و چەندین ڕۆشنبیر و هونەرمەند بوونەتە ئەندامی. دەیان چالاکیی جۆراوجۆری ئەنجامداوە. لەوانە، فیستیڤاڵی شانۆی منداڵان، وەرزی ڕوناکبیری، پێشانگای شێوەکاری، بەرهەمهێنانی فلیم، بڵاوکردنەوەی کتێب، دیدار و کۆڕی ئەدەبی، فۆتۆی ئەرشیفی هەڵەبجە، بڵاوکردنەوەی کتێب،..هتد. ناوەندەکە شوێنی مانەوەی ئەو هونەرمەندانەش بووە، کە لە دەرەوە بۆ کاری هونەری، دەهاتنە هەڵەبجە، تاسەردەمی شەڕی داعش، لە چالاکی بەردەوامبووە.
ناوەندێکی ڕۆشنبیرییە. ساڵی ٢٠٠٠ لە شارۆچکەی (خورماڵ) دامەزراوە. دامەزرێنەران: (دیاری دیکۆنی، ڕەحیم وەیلان، ڕەوشت محەمەد، کاروان عەبدوڵا، ئیبراهیم حاجی، عادل کۆچەری). ساڵی ٢٠٠٢ مۆڵەتیان وەرگرتووە. چەند کەسێک بوونەتە سەرۆک، وەک ئیبراهیم حاجی، دیاری دیکۆنی، ڕەحمان حەمەلاو. ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٠ لە ڕێگەى کتێبخانەیەکی گەڕۆکی سێ هەزار کتبێبییەوه، لادێکانی سنوری خورماڵ و هەورامانیان بەسەرکردووەتەوە و لە هەر شوێنێک بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ماوەنەتەوە. گۆڤارێکیان بەناوی (کەناری)، تایبەت بە مندڵان دەرکردووە و شەش ژمارەیان لێ بڵاوکراوەتەوە. بڵاوکراوەی (گەل)ی دەرکردووە، تایبەت بە یادى کیمیابارانى هەڵەبجە و سێ ژمارەیان لێ بڵاوکردووەتەوە. لە ئێستادا (سەنعان فایەق محەممەد) بەڕێوەبەری ناوەندەکەیە.
یەکەمین گەلەریی گوندە لە کوردستان، لەلایەن هونەرمەند (سالار مەجید کاکەیی) ساڵی ١٩٨٥ لەلایەن وەزیری ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو کاتەدا کراوەتەوە. وێنە و کەرەستەی مێژویی و کلتوریی کاکەییەکانی تێدا نمایشکراوە.
یەکەمین گروپی تەنبور_ژەنانە لە عێرقدا. تایبەتن بە فێرکردن و ژەنینی ئامێری تەنبور. سەرەتای دەستپێکی کاری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ لە شاری هەڵەبجە. ژەنیار (شەماڵ حەمەلاو ساڵح) توانی کۆمەڵێک کەسی تر فێربکات و بەیەکەوە ئەم گروپەیان دروستکردووە، کە پێکهاتوون لە ژمارەیەک کوڕ و کچی یارسانی لە تەمەنی ٨ ساڵییەوە تاوەکو تەمەنی ٥٠ ساڵی. لە ئێستادا مامۆستا: (شەماڵ حەمەلاو، ڕابەر بورهان)، ئەرکی سەرەکیی فێرکردنیان لە ئەستۆدایە. لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی (٢٠٠) فێرخوازی فێری ئەم ئامێرە کردووە و ئێستا ژمارەی گروپەکە نزیکەی ( ٣٥) کەسن لە هەردوو ڕەگەز. سەرەتا تەنها لە بۆنە ئایینیەکانی تایبەت بە یارسانی تەنبورەیان ژەنیوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨وە تاوەکو ئێستا لە چەندین بۆنەی تایبەت و گشتیدا، بە ئاواز و شیعری عیرفانی، کە زیاتر بە زاری گۆران و (شێوەزاری هەورامی)و لوڕی و کرمانجی ناوەڕاست تەنبورەیان ژەنیوە. ئامانجیان ناساندنی تەنبورەیە وەک ئامێرێکی کوردیی ڕەسەن و زیندوکردنەوەی ئەو ئاواز و میلۆدییە، کوردیانەی، کە بەرەو لەناوچوون دەچن، یان گەلانی تری ناوچەکە بە هی خۆیانیان دەزانن، هەروەها فێرکردن و ئاشناکردنی زیاتری تاکی یارسانی بە تەنبورەیە، کە وەک ئامێرێکی پیرۆز و کلتوریی تایبەت بە خۆیانە.
گەلەرییەکی شێوەکاریی (حوسنا هەورامی)یە. ساڵی ٢٠٢٠ لە شاری هەڵەبجە کراوەتەوە. وەک شوێنێک بۆ نمایش و ساغکردنەوەی کارەکانی هونەرمەندان ڕۆڵی هەیە.
کەوتووەتە سنوری شارۆچکەی (سیروان). ساڵی ١٩٩٤ لە ژوورەکانی حوجرەی مزگەوتی سەڵاحەددین لە گەڕەکی ئازادی (موجەمەعی سیروان) دامەزراوە. لە سەرەتادا لە دووبەشی سروود و شانۆ پێکهاتووە. مامۆستا (عەلی شێخ محەممەد عەبابەیلێیی) بەپرسی بووە. چالاکییەکانی لە سیروان و گوندەکانی دەوروبەری بووە. ساڵی ١٩٩٥ بیناکەیان گواستووەتەوە بۆ گەڕەکی جانجان. خولی خۆشنوسی و وەرزشی کردووەتەوە.
گروپێکی هونەرییە. ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن (سوبحان فەیروز، دڵسۆز عوسمان، سەرکاو فەیروز... هتد) دامەزاراوە، لە بواری کلتور و ئەدەب و ڕۆشنبیریدا کاردەکەن. بەپێی فەرمانی کارگێڕیی ژمارە ٤٠٥٦ لە ١٧ى ٦ى ٢٠١٢، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر و وەرزش و لاوان لە سلێمانی تۆمارکراوە، (سوبحان فەیروز) سەرۆکی گروپەکەیە، ئامانجی یانەو سیاوچەمانە بریتییە لە گرنگیدان بە کلتور و ئەدەب، گرنگیدان بە ڕۆشنبیری و زمان، زیندوکردنەوەی ئەدەب و فەرهەنگی هەورامی، گرنگیدان بە بواری هونەری کرمانجی ناوەڕاست و هەورامی، ئۆفیسی ئەم گروپە کەوتووەتە گەڕەکی کانی قوڵکە، نزیک مزگەوتی مصعەب.
بە دەستپێشخەری مامۆستا (کەریم عەبدوڵا نۆدشی) پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ى تەمووز، لە (بیارە) دامەزراوە. دەستەی بەڕێوەبردنی بریتیبوون لە (کەریم عەبدوڵا نۆدشی، هادی وەستا مەحموود، عەلی میرزا عارف، عەلی سەعید گوڵپی، حەمە جەمال فەریدوون). چەند بەرهەمێکی هونەریان لە (بیارە) پێشکەشکردووە. تا ساڵی ١٩٧٠ بەردەوامبووە.
تیپێکی بێناوە و لە پەیمانگای ئیسلامی دامەزراوە و بەو هۆیەوە هەر بە ناوی پەیمانگاکەوە ناوی هاتووە. قوتابیانی پەیمانگای ئیسلامی هەڵەبجە دروستیانکردووە. لەوانە (حەکیمی مەلا ساڵح، حەسەنی شێخ نووری، حەسەن عەلی حسێن، ڕزگار شێخ نووری، ئازاد عەلی حسێن و چەند کەسێکی دیکە). یەکەم بەرهەم و دوابەرهەمیان شانۆیی (ئەدیبێکی دیل)بووە. لە نوسین و دەرهێنانی (حەکیم مەلا ساڵح). ئەم بەرهەمە سەرەتایەک بووە بۆ کۆکردنەوەی هونەرمەندان و دروستکردنەوەی تیپی نواندنی هەڵەبجە، کە دوای نسکۆ، هەڵوەشابوویەوە.
لەلایەن کۆمەڵێک لە هونەردۆستی تەوێڵەوە، لە ساڵی ١٩٧١دا، دامەزراوە. دەستەی بەڕێوەبردنی بریتیبوون لە (ئەیوب ڕۆستەم: سەرۆکی تیپ، تایەر عەبدوڵا (د. تایەر هەورامی)، جەعفەر عەبدوڵا، ئادەم محەممەد، حەمەساڵح تۆفیق). بەهۆی هاندانی مامۆستایان و ڕێکخراوی تەوێڵەی (پ. د. ک)ەوە، لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەی ئەندامانی گەشتووەتە ٢١ ئەندام. چەندین چالاکیی شانۆییان لە تەوێڵە و دەرەوەیدا، ئەنجامداوە.