سەنتەری ڕۆشنبیریی دکتۆر محەممەد ئەمین هەورامانی
کەوتووەتە شارۆچکەی بیارە لە سەر ڕێگەی (بیارە – دەگاشێخان) لە گەڕەکی کاوات. ساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە. پێشتر بە ناوی سەنتەری هەورامانناسییەوە بووە. لە بەشەکانی: بەڕێوەبردن، ژمێریاری، ڕاگەیاندن، فەرهەنگ و ڕۆشنبیری، کتێبخانە پێکهاتووە. پاش کۆچیدوایی دکتۆر، بەخشراوە بە سەرۆکایەتیی زانکۆی هەڵەبجە. بیناکەی لە سێ ژوور دروستکراوە. نزیکەی (١١هەزار) کتێب و سەرچاوەی تێدایە. بەپێی گرێبەستێک بڕیاربووە حکومەت لە کەسانی خاوەن پڕۆژەکە میلاکی پێویستی بۆ دامەزرێنێت. لە ئێستادا لەسەر میلاکی شارەوانیی بیارە (کۆچەر بەشیر حسێن) وەک سەرپەرشتیار، ڕاژەکەی گوازراوەتەوە بۆ سەنتەرەکە و پاسەوانێک و باخەوانێکی بۆ دیاریکراوە.
ماڵی ئاگۆرا
ناوەندێکی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری و هونەرییە. لەم بەشانە پێکهاتووە. بەشی موزیک (ڕیتم، میلۆدی). بەشی دیوەخانەی ئەندێشە. شوێنێک بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە و گقتوگۆکان، بەشی کتێبخانە، شوێنی خوێندنەوە و وەرگێڕأن و بە ئەرشیفکردنی بابەتەکان، ئامانجی ڕاکێشان و کۆکردنەوەی فێرخوازانی ئامێرە موزیکییەکان و دڵخوازانی گفتوگۆی فکر و ئایین و فەلسەفە و ئەدەبیاتە. دەستەی دامەزراندن: مامۆستا بەسیر بەڕێوەبەری ناوەند. ڕێدین عەتار: جێگر و ڕێکخەری کارگێڕی. ئاکار موستەفا: یاریدەدەر. ئاگۆرا لە یۆنانی کۆندا بەو سەکۆیە وتراوە، کە وەک ناوەندی کۆبونەوە و کاری دادوەرەکان بەکاربراوە. بەرەرە بوویە شوێنی ژەندنی مۆسیقا و پێشکەشکردنی ئەدەبیات و گفتوگۆی باوەڕ و بابەتە فەلسەفییەکان. ئەم ناوەندە لە ١٦ی ٣ی ٢٠٢٣ لە هەڵەبجە کراوەتەوە.
مەڵبەندی ڕۆشنبیريی هەورامان
ناوەندێکی ڕۆشنبیرییە. کار بۆ ناساندن و خستنەڕووی کلتور و فەرهەنگی ڕەسەنی ناوچەی هەورامان و پەرەپێدان و گەشەسەندنی دەکات. لە ٢٣ى ١٠ى ٢٠٠١ لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆشنبیرى هەورامانەوە دامەزراوە. دەستەی دامەزرێنەر:( جەمیل هەورامی، حەمەی حەمەسەعید، باقی حاجی حەسەن، م. عوسمان محەمەد هەورامی، ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، ئەیو عبدالرحمن، دکتۆر تایەر هەورامی، دکتۆر فایەق گوڵپی، دکتۆر قادر حەمەکەریم(شاهۆ)، م. فەیرۆز حەسەنحەمە عەزیز، موەفەق لهۆنی، حەمحسێن حەمە سەعید، کەمال هەورامی، ئەختیار عەزیز کریم، سەرتیپ سابی کریم، چنوور عبدالعزیز، نایب سابیر هاواری). لە چالاکییەکانی: (پێنج فیستیڤاڵی کلتوریی هەورامان، پێنج فیستیڤاڵی "ئورمون" بۆ وێژەی ماچۆ، سێ فیستیڤاڵی شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوە، فیستیڤاڵێکی تایبەت بۆ ئەدەبی ژنان، چەند دیدارێکی ئەدەبی، دەیان شانۆگەری و پێشانگای شێوەکاری، لەچاپدانی ٤٢ کتێب، دەرچواندنی ٥٠ ژمارە لە گۆڤاری هەورامان، بەشداريکردنى چەندین کۆنفڕانس و دیداری تایبەت یە هەورامان لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێم، کردنەوەی چەندین خول بۆ کۆمپیوتەر و زمان، ڕێکخستنی پەیوەندی و کۆکردنەوەی پێکهاتەکانی ماچۆگۆ، دانانی پەیکەر و دیواربەند لە تەوێڵە، خورماڵ..). لە ئێستادا دەستەی کارگێڕیيەکەی لە لێپرسراوی مەڵبەند و چوار کارگێڕ پێکدێت.
مستەفا زەڵمی
ناوەندێکی ڕۆشنبیری و فەرهەنگیی سەربەخۆیە. کەوتووەتە شارۆچکەی خورماڵ و نزیک کتێبخانەی گشتیی خورماڵ. لەسەر وەسیەتی پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمی و بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت و لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە ١٥ی ١ی ٢٠١٦ دەستیپێکراوە و ساڵی ٢٠٢٣ تەواوبووە، بە موڵکی هی بنەماڵەی زەڵمییە. لەسەر ڕووبەری (١٠٠٠م)، دوو بینای لەسەر دروستکراوە. لە بەشەکانی: ئۆفیس و ژوری بەڕێوەبردن، کتێبخانە، مۆزەخانەی تایبەتیی د. مستەفا زەڵمی، کە پێویستیەکانی ڕۆژانەی و کتێبەکانی بەردەستی، ئەرشیفی تایبەت بە نوسین و کاسێت و چاوپێکەوتن و سیمینار و ڕۆژنامە و گۆڤار و لێدوانەکانی، ژورێکی تایبەت بە مەزار، کە گۆڕی مستەفا زەڵمی و کورتەی ژیانی و چەند ڕەفەیەکی تایبەت بە وێنەکان و خەڵات و بڕوانامەکانی تێدایە. میوانخانە لە نهۆمی دووەمدایە، هەروەها ژوورەکانی: نوستن، گەرماو، دەستشۆر و شوێنی نانخواردن، دوو هۆڵی گەورە و کۆگایەک پێکهاتووە. (مەسعوود مستەفا ئیبراهیم) بەڕێوەبەری ناوەندەکەیە و سێ فەرمانبەری هەیە.
ناوەندی ڕوناکبیریی خورماڵ
ناوەندێکی ڕۆشنبیرییە. ساڵی ٢٠٠٠ لە شارۆچکەی (خورماڵ) دامەزراوە. دامەزرێنەران: (دیاری دیکۆنی، ڕەحیم وەیلان، ڕەوشت محەمەد، کاروان عەبدوڵا، ئیبراهیم حاجی، عادل کۆچەری). ساڵی ٢٠٠٢ مۆڵەتیان وەرگرتووە. چەند کەسێک بوونەتە سەرۆک، وەک ئیبراهیم حاجی، دیاری دیکۆنی، ڕەحمان حەمەلاو. ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٠ لە ڕێگەى کتێبخانەیەکی گەڕۆکی سێ هەزار کتبێبییەوه، لادێکانی سنوری خورماڵ و هەورامانیان بەسەرکردووەتەوە و لە هەر شوێنێک بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ماوەنەتەوە. گۆڤارێکیان بەناوی (کەناری)، تایبەت بە مندڵان دەرکردووە و شەش ژمارەیان لێ بڵاوکراوەتەوە. بڵاوکراوەی (گەل)ی دەرکردووە، تایبەت بە یادى کیمیابارانى هەڵەبجە و سێ ژمارەیان لێ بڵاوکردووەتەوە. لە ئێستادا (سەنعان فایەق محەممەد) بەڕێوەبەری ناوەندەکەیە.