مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-11
ساڵی ١٩٨٠ لەژێر چاودێریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی عێراق بۆ چالاکی و جموجوڵی وەرزشی لاوان و گەنجانی هەڵەبجە، دامەزراوە. بینای ئەم مەڵبەندە لە شوێنی بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە (تەنیشت یاریگای ئەشکەوڵ). ئەوانەی وەک بەڕێوەبەر لەم مەڵبەندەدا کاریانکردووە: (سەمیر "کە کەسێکی عەرەب بوو"، ئەنوەر "خەڵکی سلێمانی بوو و خۆی یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی سەرمێزی سلێمانی بوو"، سەروەت حەمەکەریم کوردستانی، عومەر سەید سادقی، عوسمان سەید ئەحمەد). ئەوانەشی وەک ڕاهێنەر لەم مەڵبەندەدا خزمەتیانکردووە، بەشی تۆپیپێی: (محەممەد فەتاح لیرە، ناجی عوسمان، فازیل ئەسوەد کەرکوکی، محەممەد سەید قادر، مەریوان مەحموود کاکە شێخ). لە تۆپی بالە (سالار محەممەد ئەحمەد) و لە تۆپی باسکە (هادی حەسەن) و لە تۆپی سەرمێز (عومەر عەلی). هەروەها (فەهمی حاجی محەممەد) و(نەریمان ئەنوەر)، کە هاندەرێکی باشی وەرزشی بوو، هەردووکیان خزمەتیان بە چینی لاوان و گەنجان کردووە. لەو سەردەمەدا وەک سەنتەرێکی ئەدەبی و هونەری و وەرزشی بووە، لەسەر شانۆی ئەم مەڵبەندە چەندین شانۆیی و ئاهەنگی مۆسیقا و گۆرانی پێشکەشکراوە.
سەرچاوەکان:
- کۆبوونەوەی کارگێڕی لەگەڵ لیژنەی وەرزشی بۆ ڕاوێژی زانیارینامەی هەڵەبجە. لە چەند کاتێکی جیاوازدا و وەرگرتنی زانیاری لەسەر مەڵبەندی لاوان.
- هەڵەبجە و بواری وەرزش، شوان ئەفراسیاب عەلی، (بەرهەمی بڵاونەکراوە)، ٢٠٢٠.
- هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا. حەکیمی مەلا ساڵح بەرگی چوارەم. شانۆ-مۆسقا. چاپی یەکەم. چاپخانەی ڕۆژهەڵات. هەولر ٢٠١٤ل١٤٨.
- مێژووی شانۆ لە هەڵەبجە. نوسین و ئامادەکردنی. عبدالله حەمەلاو.چاپ. چاپخانەی هەواڵ، سلێمانی. ٢٠٠٠ل٩٨.
ئامادەکردنی: شوان ئەفراسیاب عەلی