مۆنۆمێنتی بینا سووتاوەکەی سیروان

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


لاپەڕەی 32

هونەریی

کەوتووەتە شارۆچکەی سیروان، پڕۆژەیەکی هونەریی هاوبەشی شێوەکاران (هونەر ساحیب، هاوکار ساحب، حەسەن موراد)ە. بیرۆکەی (سەرخێڵ غەفار)ه و لە پێناو زیندوهێشتنەوە و یادی شەهیدانی بینا سووتاوەکەی شارۆچکەی (سیروان) دروستکراوە، کە لە بۆردومانی ٦ى ٨ى ١٩٨٦دا چەندین هاوڵاتی بوونە قوربانی. نەخشاندنەوەی ڕوداوەکە و قوربانییەکانە بە شێوەیەکی هونەری.

سەرچاوەکان:

  1. دەلیل و وێنەی پڕۆژەکە.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (هونەر ساحیب کەریم)، لەدایکبوو: ١٩٨٤، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ١٣ی ٥ی ٢٠٢٣.
  3. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ حەسەن مراد محەمەد لە دایکبووی ١٩٧٨، ماستر، مامۆستا ١٣ی٥ی ٢٠٢٣ هەڵەبجە.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

5

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

جۆرەکانی ‌گۆرانی لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە

١- چەپڵە چەپڵە: جۆرە گۆرانییەکی تایبەت بە هەورامانە. ئاسانترین جۆری گۆرانی هەورامییە و هەموو گۆرانیبێژە هەورامییەکان دەتوانن بیڵێنەوە. بە شێوەیەکی گشتی دیوی شاد و خۆشیی خەڵکی هەورامان پیشاندەدەن. لە شایی و سەیران و کاری هەرەوەزییدا گەرمکەری داوەت و شایی و هەڵپەڕکێن. بە چەپڵە و ئیقاعی تایبەتەوە دەوترێن، جارجار شمشاڵی لەگەڵدا لێدەدرێت. جۆری کرژی و خێرایی چەپڵەڕێزان، دەبێت کۆک و تەبا بێت لەگەڵ ئاواز و ڕیتمی گۆرانییەکەدا، هەندێکیان چەپڵەی خاویان لەگەڵدا لێدەدرێت، چونکە بەبێ چەپڵە ناوترێن. شەستەکانی سەدەی ڕابردوو ژمارەیەک گۆرانیبێژی هەورامی هەندێک لەم بەزمی چەپڵانە و وردە بەزمەکانیان تێکەڵ بە ئامێری میوزیک کردووە. ناوی هەندێک لە بەزمەکان: ئای نەخش، ئای بەلەنجەگیان، ئامەکەو ئامینم، ئەی کەڵی مل بەرز، ئامەکوڵێ و فاتە کوڵێ، ئەی خاڵ وەی خاڵ، ئا مەگری مەگری، ئامان لەرزانە (سێ بەزمە)، بێتاوان، ئامینم تۆ گوڵەکەمی، عەمرەکەم کەنی (دوو بەزمە)، برا لە چەمۆ بێ، وەی وەی وەی وەی... هتد. ٢- گۆرانیی خاو: جۆرە گۆرانییەکی ڕەسەنی ناوچەی هەورامانە. لە سیاچەمانەکان ئاسانترن. زۆربەی گۆرانیبێژانی هەورامان و هەندێک گۆرانیبێژی دەرەوەی هەورامان دەتوانن بیانڵێنەوە. هەندێک لەم ئاوازانە زۆر کۆنن و هەندێکیشیان تازەن و بڕێکیشیان خاوەنەکانیان دیارن. زۆرینەی ئەم گۆرانیانە پڕن لە ئاهەنگ و ناڵە و نەوای عاشقان. هەندێک لەم گۆرانی و ئاوازانە پێیاندەوترێت: (وردە بەزم: نەرمە بەزم). هەندێکیشیان پێیاندەوترێت: (بەزمی گێڵای- گەڕیان). هەشیانن بە بەزمی (دەرەیی) ناسراون. لەگەڵ سەرهەڵدانی تەریقەتی نەقشی و خانەقاکانی هەورامان، هەندێک بەزمی (شێخانەی خاو) هاتنە ڕیزی گۆرانییە خاوەکان. ناوی هەندێک لە گۆرانییە خاوەکان: خاوەر گەلاوێژ، ئەی لاوەلاوە، ئەی شل، ڕابە هۆ ڕابە (سێ بەزمن)، ئارۆ ڕام کۆتەن کۆنە هەواران (دوو بەزمن)، شیرین کەوتەرە ئۆ باخ و گوڵزار... ٣- سیاچەمانە: جۆرێکە لە چرینی ڕەسەن و دێرینی هەورامان‌. دیوە سروشتیەکەی (وێناکردنی سروشتی جوان و جۆری ژیانی خەڵکەکەیەتی) و دیوە مەزهەبی و فەرهەنگیەکەی (ڕیشەو ڕەگەکانیەتی لە ئایین و ڕەچەدیینی و تەریقەتەکانی سۆفیگەری)یدا. ناتوانرێت مێژوویەکی دیار بۆ سەرهەڵدان و لەدایکبوونی سیاچەمانە دابنرێت. مادام گۆرانی و میوزیک هاوتەمەنی مرۆڤن، کەواتە سیاچەمانەش لەگەڵ مرۆڤی هەورامیدا سەریهەڵداوە. بیروڕای جیاواز لەسەر لێکدانەوەی وشەکە هەیە. سیاچەمانە_چڕی قەدیم، مام هەیەر باس لە ٤٢ سیاچەمانە و عوسمان کەیمنەیی باسی ٧٠ سیاچەمانە دەکات. ناوی هەندێک لە بەزمی سیاچەمانە: (بەزمی پەسەک، بەزمی هەورامی، بەزمی ڕەزبڕین، سیاچەمانەی دەرەیی، سێ بەزمن. سیاچەمانەی ژنانە. سیاچەمانەی شێخانە، چەند بەزمێکن. سیاچەمانەی ئەحلی، خواڵەداد، عەرعەر داد، ڕەفیق داد، خاڵ سیاو لەیل، خاڵ خەنەین، خانمەلێ، قامەت وەش، میناوەی سێ بەزمن، حەلیم داد، نازار وەی، ئایشێ ڕۆ دوو بەزمن، عەتیلێ، پێچە پێچەکان،... هتد. ٤- هۆرە: چڕینێکی دێرینەی تایبەتی ناوچەکانی خوارووی خۆرهەڵات و باشوری کوردستانە. جوگرافیاکەی کرماشان و لوڕستان و ئەمبەرەوبەری سیروان و شارەزوورە. پەیوەندی عیشقی نێوان مرۆڤ و سروشتە و تێکەڵ بەستایشی ئایینیش کراوە. لەلای پەیرەوانی سوننە و بەشێک لە شیعە و یارسانەکان و تەریقەتەکانیشدا برەوی هەبووە. بەستەری بەستنەوەی گۆران و جاف و کەڵهوڕ و فەیلی و سۆرانی و گەرمیان و کوێستانیشە. بەتەواوی نازانرێت مێژووەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە. لە دەقەکانی هەزارساڵ پێش، نیشانەکانی دەبینرێن. بەبێ مۆسیقا دەچڕرێت. هەندێک لە مێژوونوسان بە ئاوازێکی ئاهورایی دەزانن و ڕیشەیەکی ئایینی و ئولی زەردەشتی و تەنانەت میتراییشی پێدەدەن و لایانوایە وشەکەش لە ئاهوراوە هاتووە. هەندێکیش لایانوایە (سوورە)ی قورئانی پیرۆز نزیکی لەگەڵ (هورە) هەیە. کەڵهوڕەکان خۆیان بە میراتگری دەزانن. لەگەڵ سیاچەمانە لقی یەک درەختن. هی سەردەمی ئەشکەوتنشینی مرۆڤە. قەڵەمڕەوی ڕەسەنی ئیلام و کرماشان و ناوچەکانی کەڵهوڕە. بەڵام لە هەورامان و شارەزوور و بەشێکی گەرمیان و ناو یارسانەکانیش بایەخی خۆی هەیە و ستایشی پێ دەکرێت. بە هەموو کەس ناوترێت. زیاد لە ٢٢ مەقامی هەبووە و هەندێکیان لەناوچوون و هەندێکی نوێشی هاتووەتە ناو. لە ناو جافدا هۆرەی جافی هەیە و لە شارەزوورو هەڵەبجەدا زیاتر دەوترێت.