بەرگی نۆیەم
ناوەندی ڕۆشنبیری و وەرزشی
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
بەرگی نۆیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
خاوەنەکەی (جەمال عەبدوڵا کەریم) بووە، کە بە (جەمال عەبەی کەڕە) ناسراوە و ساڵی ١٩٤٧ لەدایکبووە. هەمیشە ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی حزبی شیوعی پێبووە و بەسەر خەڵک و دوکان و ماڵان و فەرمانبەراندا بڵاویکردووەتەوە، لەوانە، (ڕێگا) و (تەریق شەعب). ئەمیری وەستا عەزیزی تەنەکەچیش بۆ هەمان پیشە ڕۆژنامە و گۆڤاری بردووە بۆ ماڵان، بۆ ئەو کەسانەی خوازیاری خوێندووە بوون.
ساڵی ١٩٥٩ لە هەڵەبجە کراوەتەوە. فەرەج عەبدوڵا ساڵح (فەرەجی مام عەبۆل ١٩٤٢-١٩٨٨) ئەمین مەکتەبەی بووە. بە کرێ لە خانووی مامۆستا (ئەحمەدی حەمەی ڕەشیدەفەنی)دا بووە. دەرگاکەی بە تەنیشت قوتابخانەی سدق و دیواری نادیی فەرمانبەرانەوە بووە. پاشان میریی لە ساڵی ١٩٦٢دا و لەسەر ڕووبەری (١٠٠٠م٢) لە گەڕەکی پیرمحەممەد، تەلارێکی بۆ دروستکرد، تا ١٦ی ٣ی ١٩٨٨، سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ڕوناکبیری بووە، بە هەزاران خەت و دەستنوس و کەشکۆڵی زانایان و مەدرەسە ئایینیەکانی ناوچەکەی لێبووە. لە کیمیابارانەکەدا کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دەستکەوتی جەنگ، دەستی بەسەر نزیکەی ١٥٠٠٠ سەرچاوەدا گرت و گواستیەوە بۆ ئێران. ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن (حاجی محەممەدی بامۆکی)یەوە دروستکراوەتەوە. لە ئێستادا نزیکەی ٧٠٠٠٠ هەزار کتێب و گۆڤار و نامیلکەی تێدایە. هۆڵی پێشوازی و خوێندنەوە و ڕاڕەوی دانانی ڕەفەی کتێب و ژووری بەڕێوەبەر و کارگێڕی و پێداویستییەکانی تێدایە. لەگەڵ دەوامی بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەڵەبجەدا.
کتێبخانەیەکە لە حوجرەکەی مەلا نەزیری گەورە لە (تەوێڵە). دواتر بە (قاپی شێخ) ناسراوە. هەرچەندە تایبەت بووە بە مەلا نەزیر، بەڵام لەبەر بوونی چەند سەرچاوەیەکی ئایینی و عرفانی و ئەدەبی، وەک کتێبخانەیەکی گشتی سوودی لێبینراوە. کتێبەکانی دواتر کەوتوونەتە لای بنەماڵەی (مەلا ساحب).
کەوتووەتە ناو خانەقای (بیاره). زیاتر لە ١٠٠٠ ناونیشانی تێدایە، کە زۆرینەیان تایبەتە بە ناوەڕۆکی ئاینییەوە. ژمارەیەک لە دەستنوسی تێدایە. فەقێ و کەسانی تریش دەتوانن سوودی لێوەربگرن.
کەوتووەتە ناو خانەقای (تەوێڵە)وە. لە سەردەمی (شێخ عوسمانی سیراجەدین)ەوە کتێبی هەمەجۆری تێدا دانراوە، تا سەردەمی (شێخ حسامەدین). هەندێک کتێبيان لەلایەن بنەماڵەی شێخانەوە گوازراونەتەوە بۆ بیارە و باخەکۆن. مامۆستایان کاردۆخی و شێخ سەفادین لە سەردەمی مامۆستاییاندا، لەم کتێبخانەیە کەڵکیان وەرگرتووە. ساڵی ١٩٧٢ بۆ ١٩٧٣ لیژنەیەک لە ئەوقافی سلێمانيیەوە زۆرێک لەم کتێبانەيان بۆ کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی کڕیوە.
خاوەنەکەی (عەبدولقادر ئەحمەد فەتاح)، کە بە (قادر شادی) ناسراوه، لە شەقامی گشتی، نزیک شارەوانی دایناوە. پێشتر بە چەند ناوێکی ترەوە دانراوە. لە دوای ڕاپەڕین و ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ (ئەحمەد ڕەنجیار) بە ناوی کتێبخانەی (شاهۆ)وە بووە، دواتر بە ناوەکانی: زانست، هەڵەبجه و کۆتاجاریش بە (خانەی کتێبی هەڵەبجە) ناسراوە. گەلێک سەرچاوەی زانستی تێدا بووە، کە زۆربەیان ئەدەبی و مێژوویی و ئایینی بوون. توانیویەتی گەلێک سەرچاوە، کە نوسخەیان کەم بووەتەوە لە چاپ بداتەوە، کە خاوەنەکەی کۆچیدواییکردووە، کتێبخانەکەش نەماوە.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن شاعیر و ڕۆژنامەنوس (ئیبراهیم هەورامانی)یەوە دانراوە. سەرەتا لە گەڕەکی کانی قوڵکە بووە و دواتر بۆ چەند شوێنێکی تر گوازراوەتەوە. نزیکەی ٢٠٠٠ سەرچاوەی بە زمانی جیاواز تێدابووه، کە زۆرترینیان ئەدەبی و مێژوویی و سیاسی و ئابوری بوون. کتێبی بە خواستن داوە بە خوێنەران و بەشداریی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی هەبووە. لەگەڵ دامەزراندنی خاوەنەکەی وەک فەرمانبەر، داخراوە.
کتێبخانەیەکی حکومییە. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی و لاوانی پارێزگاری هەڵەبجەیە. ساڵی ٢٠٠٩ کراوەتەوە. (کامەران ئەحمەد عەزیز) یەکەم بەڕێوەبەر بووە و تائێستا بەردەوامە. بینای کتێبخانەکە نوێیە و ساڵی ٢٠٠٥ لەسەر ڕووبەری (٢٨٠٠م) زەوی دروستکراوە. لە دوو نهۆم پێکهاتووە، کە هەشت هۆڵی گەورەی ١٠ بە ١٥ی هەیە. موڵکی کتێبخانەی گشتییە. کەوتووەتە سەر شەقامی مەحموودخانی دزڵی لەسەر ڕێگەی گشتیی خورماڵ – بیارە. لە ئێستادا فەرمانبەری هەیە.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. ساڵی ١٩٩٣ دامەزراوە و لە ساڵی ٢٠٠٠ داخراوە. (جەلال عەبدوڵا ئەحمەد) خاوەنی بووە. زیاتر گرنگیی بە لایەنی ئاینیی داوە و نزیکەی ٤٠٠ ناونیشانی تێدا بووە. کتێبی: کوردی، عەرەبی و فارسی و چەند قاموسێکی بە ئینگلیزی تێدا بووە. کەوتبووه خوار بەڕێوەبەرێتیی ئاوى هەڵەبجەوە.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە.(عادل حەمەساڵح حەمەجافر) خاوەنی بووە. سەرەتا شوێنەکەی لاى مزگەوتی (دارالاحسان) بووە لە بینای ئازاد هەورامی، بەڵام ساڵی ٢٠١٢ گواستراوەتەوە و ئێستا لە تەنیشت بەڕێوەبەرێتیی ئاوی هەڵەبجەوەیە لە تەنیشت کتێبخانەى شارەزوور. زیاتر لە ٧٠٠ ناونیشانی بە زمانەکانی: کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی و ئینگلیزی تێدایە.
یەکەم کتێبخانەیە لە هەڵەبجە. ساڵی ١٩٥٧ بۆ ١٩٥٨ لەلایەن (ئيبراهیمی سۆفی مەحموود)ی ناسراو بە (ئەبوتارا)، کە یەکەم کتێبخانەی سەربەخۆیە لە هەڵەبجە کرابێتەوە. نزیک دوکانی (عومەری حەمەساڵح بانەیی ڕەسام) و (ئیبراهمی ڕەسام) بووە. وەک لقی کتێبخانەی (گەلاوێژ) وابووە و جگە لە گۆڤاری گەلاوێژ، ڕۆژنامەکانی (زەمان)، (ئەهالی) و موختارات و کتێبی ئەدەبیی میسری و چەندین کتێبی تری تێدا بووە. خاوەنی کتێبخانەکە ئەم بڵاوکراوانەی لە سلێمانییەوە و لە (محەممەد زێوەر و ڕەئوف مەعروف) وەرگرتووە و هێناویەتییەوە بۆ هەڵەبجە. نزیکەی دوو ساڵ بەردەوامبووە، ساڵی ١٩٥٨ داخراوە.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. کەوتووەتە شەقامی گشتیی هەڵەبجە، لە سەروو دوکانی عومەری ڕەسامەوە. (ئیبراهیم حەسەن محەممەد) خاوەنی بووە. زۆرتر کتێبی ئاینی تێدابووە. دوای کیمیاباران، دووبارە لە زەڕایەن دانراوەتەوه و دوای ساڵی ١٩٩١ و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و تا ساڵی ٢٠٠٣ کراوەبووە.
یەکەم فرۆشیاری گەڕۆکی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبه لە هەڵەبجە. گەرچی خاوەن پیداویستیی تایبەت بووە. لە ساڵی ١٩٣٥ بە دواوە دەستیداوەتە ئەم پیشە شارستانییە. ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی گەیاندووە بە دوکان و خوێنەرەکانی لە ماڵان. هەندێکجار پاش خوێندنەوە، بڵاوکراوەکانی لە هاوبەشەکانی وەرگرتوونەتەوە و بە خوێنەری تری داون. ئەم کارەی وەک سەرچاوەی بژێوی نەکردووە، بەڵکو وەک حەزو خۆشەویستی کردوویەتی. لەگەڵ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی (ژین، ژیان، شەفەق، کاروان، هەتاو، نزار، پەیام، هاوکاری، زەمان، ئەهاڵی، تەئاخی، نوور،... هتدا ژیاوە. دوای ئەویش جەمال عەبدوڵا کەریم و ئەمیری وەستا عەزیز، گۆڤار و ڕۆژنامەیان بەدەستگێڕی فرۆشتووە و بەسەر ماڵاندا دابەشیانکردوون.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجەوە. خاوەنەکەی (مەلا محەممەد)ە، کە بە (سۆفی گێلاخە) ناسراوە. لەناو بازأڕدا بووە، بەرامبەر باخچەی ئۆرزی. ساڵی ١٩٥٥ دەچێتە گەڕەکی دەڵەمەڕییەکان، لای ماڵی حسێنی عەلەجەوتەی چایچی. بەشێک لە حەوشەی ماڵەکەی دەکاتە دوکان و کتێبخانە. کتێبەکانی زیاتر ئایینی و چیرۆک و داستانی بوون، لەوانە: (تەفسیر، میعراجنامە، چۆن فێری نوێژ دەبیت؟ لەیل و مەجنون و شیرین و فەرهاد و... هتد). هاوینان کتێبەکانی هێناوەتە سەر شەقامی سەرەکیی کانی قوڵکە و ڕایخستوون. هاتوچۆی کەرکوکی کردووە و کتێب و نامیلکەکانی محەممەد ئەمین عەسری هێناوە و فرۆشتوونی. سۆفی گێلاخە پاش نسکۆ، لە کەرکوک بە ڕووداوی هاتوچۆ کۆچیدواییکردووە.
کتێبخانەیەکی حکومییە. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانەکانە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری. کەوتووەتە سنوری گەڕەکی ڕاپەڕین لە شارۆچکەی (سیروان). ساڵی ٢٠١٥ کراوەتەوە. پێنج فەرمانبەری هەیە. (خەیاڵ کەریم ڕەحیم) لێپرسراویەتی. بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٢٣ ئاماری کتێبخانەکە، ٦١٥٤ کتێبی کوردی و ٣٨٤٠ عەرەبی و ٣٨٩ ئینگلیزی و ١٩ فارسی تێدایە. لە هۆڵی گۆڤار و ڕۆژنامەکانیشدا، ٦١٤ کوردی و ٣٩٣ عەرەبی و ٣٧ ئینگلیزی، لە هۆڵی منداڵانیش ٣٩٥ گۆڤاری کوردی و ٧١ عەرەبی و ٣ ئینگلیزی لەگەڵ ٦٩٨ کتێبی کوردی و ٦٧ عەرەبی و هەشت ئینگلیزی تێدایە.
ئەهلییە، ساڵی ١٩٩٢ و لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجەدا دانراوە. کەوتوەتە تەنیشت مامۆستای نەناسراو، سەرەتای سەرسوچی قوتابخانەی بورهانی ئێستا. بەرزان حامد سەعید و باستی شێخ ئەحمەد دایانناوە. لەگەڵ پێداویستیی قوتابیدا، سەرچاوەی ئەدەبیی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی بە زمانی کوردی و عەرەبی تێدابووە. ڕۆژانە ڕۆژنامەکانی خەبات و کوردستانی نوێ..هتدیان دابەشکردووە. دواتر گوازراوەتەوە بۆ دوکانە کابینەییەکانی بەرامبەر شارەوانی و بەرزان حامد و غەریبی شێخ ڕەئوف دایانناوەتەوە. تاکۆتایی نەودەکان و دواتر هەڵگیراوە.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. (مودریک عەلی عارف) خاوەنی بووە. ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە. سەرەتا لە شەقامی سەرەکی بووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ بازاڕی ئاوێسەر. کتێبی بە زمانەکانی: کوردی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی تێدایە، وەک ناوەڕۆکیش زۆرتر تایبەتە بە کتێبی پەروەردەیی و ئاینی و شەرعی.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. کەوتووەتەسەر شەقامی گشتیی هەڵەبجە. پێشتر بەناوی (مەولەوی)یەوە بووە و (عومەرکاکی) خاوەنی بووە. لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو (مەلا ئەمین نادر حسێن) کڕیویەتییەوه. تا ساڵی ١٩٨٧ کراوەبووە. چەند جارێک لەلایەن دامودەزگای ئەمنیی هەڵەبجەوە داخراوە.
کتێبخانەیەکی ئینگلیزی و سەر بە کۆمپانیای نەوتی کەرکوک بووە. لە ساڵی ١٩٤٨-١٩٤٩ لە تەنیشت گەراجی حاجی شیخ حەمەئەمین کراوەتەوە. حەسەن شێخ حەمەعارف بەڕێوەبەری بووە. شوێنەکەی فراوان بووە و جامخانەیەکی گەورەی هەبووە، کە بە گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێبی ئەو سەردەمە ڕازێنراوەتەوە. فەرهەنگە زمانەوانییەکەی تۆفیق وەهبی و گۆڤاری (اهل النفط)ی تێدا دانراوە. چەند جارێک سینەمای گەڕۆکی هێناوە و فيلميان نمایشکردووە. بەهۆی ململانێی حزبی و کەشوهەوای سیاسیی ئەو دەمەوە، چەندجارێک بەردباران کراوە و سەردانیکەری کەمبوەتەوە و دواجار داخراوە.
کتێبخانەیەکە لە (تەوێڵە). لە خانووی (حاجی حاميد)دا بووە. ساڵی ١٩٧٢ لەلایەن مامۆستایان و قوتابیانی تەوێڵەوە کراوەتەوە. (یەکێتیی قوتابیانی کوردستان) ڕۆڵیان لەکردنەوەیدا هەبووە. مامۆستا (بارامی سەعدی بەگ) سەرپەرشتیار و چاودێری بووە. مامۆستایانی ناوەندی تەوێڵە چەندين کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاریان پێشکەشی کتێبخانەکە کردووە و هەیەک لە (فەتاح ئاغا) و (ساڵح بەداوی) هاوکاری دارايى و زانستيیان کردووە. کتێبخانەکە خزمەتێکی زۆری پێشکەش بە قوتابیان کردووە. لەدوای ساڵی١٩٧٥ کتێبەکانی کۆکرانەتەوە و لە ١٥ سندوقدا براونەتە ناوەندی تەوێڵە و کتێبخانەکە داخراوە. لە چۆڵکردنی تەوێڵە ساڵی ١٩٨١ بە هۆی شەڕەوە کتێبەکان فەوتان.