بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
ساڵی ١٩٩٦ لە هەڵەبجەى تازە لەدایکبوو. خوێندنی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و پەیمانگاى تەکنیکیی ڕوپێویی دەربەندیخانی تەواوکردووە. وانە شەرعییەکانی لە هەرسێ مەدرەسەى ئوسامە و حەمەى حاجی ڕەشید و بابەشێخ خوێندووە. شارەزاییەکی زۆر باشى لە نەحو و سەرفدا هەیە. ساڵانی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٢ پێشنوێژى مزگەوتی مامۆستا مەلا ئەمین بووە لە زەمەقی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣یشەوە وتاربێژە لە مزگەوتی دەگاشێخان. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسیش دەزانێت.
پێشنوێژ و وتاربێژ، نوسەرە. ساڵی ١٩٩٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بڕوانامەى بەکالۆریۆس لە زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. خاوەنی دوو کتێبی چاپکراوە بەناونیشانەکانی (ڕازە ئیمانییەکان) و (ئەحمەد و باپیرە مەحموود). لە مزگەوتی ئیمامی عەلی پێشنوێژی دەکات و لە ساڵی ٢٠٢١ یشەوە لە مزگەوتی جەلیلە وتاربێژە.
ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (کانی پاشا)ی سەر بە شارۆچکەی (بەمۆ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە زەڕایەن و ناوەندی و ئامادەیی لەشاری سلێمانی خوێندووە. بەشی شەریعەی لە زانکۆی دهۆک تەواوکردووە. بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی ئوم دەرمان لە وڵاتی سودان و دکتۆرای لە هەمان زانکۆی ئوم بەدەستهێناوە. لە ئێستادا پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە کۆلێژی شەریعە لە زانکۆی سلێمانی. لە ساڵی ٢٠١٣ەوە پێشنوێژ و وتاربێژە لە مزگەوتی (عوسمانی مەلا قادر سەراف) لە شاری سلێمانی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە.
ساڵی ١٩٧١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە ئێران خوێندووە. زانستە شەرعییەکانی لاى مامۆستا محەممەد عەبدولڕەحیم خوێندووە. ساڵی ٢٠١٢ پەیمانگاى وتاربێژانی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. خاوەنی کتێبی (کاروانی نور) و سێ کتێبی وەرگێڕراوی (مرۆڤسازی، کڵۆ شەکرەکان، ڕەوشتی باران)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ساڵەکانی ١٩٩٨ تا ٢٠٠٢ ئیمام و خەتیب بووە لە تەپی سەفا، لە ساڵی ٢٠٠٤یشەوە لە مزگەوتی ئوسامە وتاربێژە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسیش دەزانێت.
پێشنوێژ و وتاربێژه، نوسەرە. ساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لە ئێران و هەڵەبجە خوێندووە. کۆلێژى زانستە ئیسلامییەکانى زانکۆی سەلاحەددین تەواوکردووە. خاوەنی حەوت کتێبى چاپکراوە (شەرحی مەتنی ئاجرومی، شەرحی ئەلمەقصود، گوڵستانی ناودارانی کورد، دەروازەیەک بۆ زانستی فیزیا و کیمیا، دەروازەیەک بۆ زیندەوەرزانی، زانست و زانیاری، دائیرەتول مەعاریفی کوردی "سێ بەرگ). پێشنوێژ و وتاربێژ مزگەوتی مامۆستا مەلا سەڵەحی گەورەیە.
ناوی (سەروەت حەمەموراد مەجید شەریف)ـە و بە (مەلا عەبدوڵا) ناسراوە. ساڵی ١٩٧١ لە گوندی هانەی قوڵ لەدایکبووە. خویندنی سەرەتایی لە خورماڵ و ناوەندی لە سیروان تەواوکردووە. لەسەر دەستی مامۆستا سدیقی سەرگەتی مۆڵەتی مامۆستایەتی وەرگرتووە. پەیمانگای سلێمانی بۆ وتاربێژی تەواوکردووە. بڕوانامەی سەنەدی ئیمام بوخاری لە تورکیا وەرگرتووە. ئەندامی لیژنەی فتوای هەڵەبجە و هەورامان و بەرپرسی زانایانی هەورامان و بەرپرسی مەکتەبی زانایانی بزووتنەوەی ئیسلامییە. پێشنوێژ و وتاربێژە. لە مزگەوتی گەورەی خورماڵ.
ساڵی ١٩٧١ (لە دەرەو کیێ) لە شارۆچکەی بیارە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە نارنجڵە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و دەوروبەری و پەیمانگای ئیسلامی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. پەیمانگاى گۆیژە، بەشى زانستە ئیسلامییەکانی خوێندووە. لە تەپەڕێزینە و لە لامەرکەزی و لە ساڵی ٢٠٠٦یشەوە لە مزگەوتی گەورەى سیروان وتاربێژە و لە هەڵەبجەش لە مزگەوتی مامەڕیشە (موسعەب) پێشنوێژى دەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسیش دەزانێت.
مامۆستا و مودەڕیسی مزگەوتی گەورەی (خورماڵ)ـە. ناوی (عارف کوڕی سیدئەبوبەکری کوڕی سەید تەهایە. ڕشتەیان دەچێتەوە سەر مەلا ئەبوبەکری موسەنیفی چۆڕی. ساڵی ١٩١٠ لە گوندی بێلەنگەی شارەزوور لەدایکبووە. سەرەتا لای خاتو حەلیمەی دایکی خوێندوویەتی. قورئانی پیرۆز و کتێبە سەرەتاییەکانی لای مامەکانی خوێندووە. بۆ خوێندن چووەتە لای مامۆستا (سەید نەجمەدینی سەرگەتی و مەلا عەزیزی پریسی و شێخ حەیدەر و شێخ ڕەسوڵی تەکیەو بابەڕەسوڵی بێدەنی مەلا ساڵح و مەلا حسێن و مەلا عەبدولکەریمی مودەریس)، لای شێخ عومەری قەرەداغی ئیجازەی وەرگرتووە. جارێکی تریش لای شێخ بابا ڕەسوڵی بێدەنی ئیجازە وەردەگرێت. لەسەر داوای شێخ حسامەدینی نەقشبەندی دەبێتە مامۆستای مزگەوتی گەورەی خورماڵ و ساڵی ١٩٣٤ خوێندنگەیەک دەکاتەوە. ژمارەیەک لە فەقێکانی دەبنە زانا و مەلای باش. لەوانە (مستەفا زەڵمی، شێخ سدیق سەرگەتی، شێخ محەممەد بەرزنجی، ئەحمەدی موفتی زادە، مەلا ئەحمەدی قازی، مەلا سەعیدی زمناکۆیی، ماۆستا سەید نەجمەدنی هەڵەبجە و...هتد). ژمارەیەک لە فەقێکانی فارس بوون، بۆیە مامۆستا بە کوردی و فارسی و عەرەب تەدریسی کردوە. تا ساڵی ١٩٤٧ بە فەرمانی شاهانەی عێراق دەبێتە پێشنوێژ و مودەرس و وتارخوێنی مزگەوتی خورماڵ، تا ناوەراستی پەنجاکان لەوێ دەمێنێتەوە. کۆمەڵێک حاشیەو دانراوی هەیە. لە ناو مامۆستایاندا بە (سیبەوەی)ی کوردستان ناسراوە. پاشان بەماڵەوە دەگوازێتەوە بۆ سلێمانی و لە مزگەوتی سەیدنوری نقیب و خومخانە دەرس دەڵێتەوە و دەبێتە مامۆستای پەیمانگای ئیسلامی لە سلێمانی. بەشداری کۆنگرەی ١٩٦٥ی زانایانی عێراقی کردووەو ٢ى ١٢ى ١٩٧٥ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.
ناوى تەواوى (عوسمان ئەحمەد عبدالرحمن فتاح)ە. لە ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (کانى توو) لەدایک بووە. دواناوەندى دیراساتى ئیسلامى تەواو دەکات. لە ساڵى ١٩٩٢ دەچێتە حوجرەى مزگەوتى گەیلانى و لای (د.ئەحمەدى شافیعى) دەست بە خوێندنى زانستەشەرعییەکان دەکات و لەسەر دەستى مامۆستا (سەید نەجم الدین تەها) فێرى وتاردان کراوە. لە لای مامۆستایان (مامۆستا عوسمان عبدالعزیز، عومەر ڕێشاوى، مەلا موسا، مامۆستا ئیسماعیلى دێرێ) وانەى خوێندووە. لە نێوان ساڵانى ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠١ لە مزگەوتەکانى (تەوێڵە) و (کیلە سپى) وتاربێژبووە. ساڵى ٢٠٠٣ پەیمانگاى عبدالعزیزى بۆ زانستە شەرعییەکان تەواوکردووە و دامەزراوە. ساڵى ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٥ لە مزگەوتى (مەلا ساڵحى گەورە) ووتاربێژ بووە. لە ساڵى ( ٢٠٠٥) ەوە تا ئێستا لە (مزگەوتى نوور) لە شارى هەڵەبجە پێشنوێژ و ووتارخوێنە. خێزاندارە و خاوەنى پێنج منداڵە.
ناوی (غەفور ئەحمەد محەممەد)ە، ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی (عەبەبەیلێ) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. قۆناغی سەرەتایی لە عەبابەیلێ و ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە حوجرەی عەبابەیلێ و ماوەیەکیش لە هەڵەبجە خوێندوویەتی. پەیمانگای ئیسلامی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٩ بووە بە وتاربێژی و پێشنوێژی خانەقای بیارە. لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لەمزگەوتی هەرسین لە خۆرهەڵاتی کوردستان وتاربێژ بووە. کە گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە لە مزگەوتی پاشا ماوەی دوو ساڵ وتاربێژ بووە. هەوەها لە مزگەوتی (حەسەنئاوا)، (مزگەوتی گوندی بەکراوا) و دواتریش و تا ئێستا لە خانەقای بیارە وتاربێژە و لە مزگەوتی موسعەبیش لە هەڵەبجە پێشنوێژی دەکات. ماوەی شەش ساڵ وەک مامۆستای دیراساتی ئیسلامی لە مزگەوتی جامیعەی هەڵەبجە وانەی وتووەتەوە. لێپرسراوی لیژنەی هەڵەبجەی یەکێتی زانایانی کوردستان بووە. کتێبێکی بەناوی (ساداتی گوندی عەبابەیلێ) چاپ و بڵاوکردووەتەوە.
ناوی (نەجمەدین کوڕی شێخ تەهای شێخ ڕەسوڵ)ـە. بە (مامۆستا سەید نەجمەدينى هەڵەبجه) ناسراوە. ساڵی ١٩٣٠ لە گوندی (میانە)ى خۆرهەڵاتـی کوردستان لەدایکبووە. بە منداڵی لاى باوکی خوێندویەتی. لە زۆر شار و شوێنی کوردستان دەرسی خوێندووە و پاش ٢٠ ساڵ خوێندن، لە خورماڵ موڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. بە ڕاوێژ لەگەڵ شێخ عوسمانی سیراجەددین، چووەتە گوندی تەپی سەفا و وەکو پێشنوێژ و وتاربێژ دەستبەکاربووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. بە هۆی ڕووداوە سیاسییەکانەوە چەند جارێک ئاوارە بووە و ماوەیەک لە (هانەگەرمەڵه) بووە و وانەی بە قوتابیانی پەیمانگا وتووەتەوە. ساڵی ١٩٧٨ لەسەر داوای خۆی گواستراوەتەوە بۆ مزگەوتی ئوسامە لە هەڵەبجە، حوجرەکەشی گواستووەتەوە بۆ مزگەوتی بیلال و پاشان بۆ مزگەوتی ئوسامە. دواى کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، جارێکی تر بە خێزانەوە ئاوارەی ئێران بووە. ساڵی ١٩٩٢ گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و بووەتەوە بە پێشنوێژ و وتاربێژى مزگەوتەکەى خۆى (ئوسامەی کوڕی زەید) و سەرلەنوێ حوجرەکەشی دامەزراندووەتەوە. مۆڵەتی بە چەندین زانای ئایینی بەخشیوە و مێزەری بۆ بەستوون، لەوانە مامۆستا تاهیر بامۆکی. ساڵی ١٩٩٧ بە نەخۆشى دڵ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵان لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.
ساڵی ١٩٦١ لە گوندی (هانەژەڵە) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. چەند ساڵێک لە وڵاتی ئێران خوێندویەتی. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و لە مزگەوتی گەیلان و حوجرەی ئوسامەی کوڕی زەید زانستە شەرعییەکانی خوێندووە و مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٨ تا ٢٠٠٤ لە مزگەوتی (حەمزە) لە هەڵەبجە وتاربێژ بووە. ساڵی ٢٠٠٤ و بۆ ماوەی سێ ساڵ ئیمام و وتاربێژی مزگەوتی (النبی) بووە لە هەڵەبجە. لە ئێستادا ئەندامی یەکێتیی زانایانی کوردستانە و بەرپرسی لیژنەی فتوایە لە پارێزگای هەڵەبجە.
بە مامۆستا (سیروان نێرگسەجاڕی) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی کۆلێژی بنەماکانی ئاین لە زانکۆی هەڵەبجە تەواوکردووە و بڕوانامەی ماستەری لە هرزی ئیسلامی لە هەمان زانکۆ بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى سێ منداڵە. مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە و لە چەند مزگەوتێک پێشنوێژی و وتارخوێنی کردووە. لە ساڵى ٢٠١٣ـەوە تائێستا لە مزگەوتى (ئیمام ئەحمەدى کوڕى حەنبەل) پێشنوێژ و وتاربێژه و وەک مامۆستا لە مەدرەسەى (شێخ مارفى نێرگزەجار) وانە بە فەقێکان دەڵێتەوە. ناوبراو ئەندامى دامەزرێنەرى ڕیکخراوى (تاج العارفین)ـە.
ساڵی ١٩٩٩ له هەڵەبجەى شەهید لەدایکبووه. خوێندنی زانستە شەرعییەکانی لە حوجرەکانی هەڵەبجەى شەهید و سلێمانی تەواوکردووە. بەکالۆریۆسی لە زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانیدا هەیە. لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە لە گوندی خاکوخۆڵی شارەزوورە، هەروەها لە گەڕەکی گۆران سیتی لە مزگەوتی ئاشتیش پێشنوێژی دەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یەک منداڵە.
ناوى تەواوى (ئیبراهیم محمد محمد سعید عبداالله معروف عبدالرحمن)ە و لە ساڵی ١٩٧٤ لە گوندى ئەحمەدبڕنە لەدایکبووە. ئامادەیی ئیسلامى سەر بە وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى تەواو دەکات. لە خزمەت مامۆستا شێخ نورەدین موفتى خوێندنى حوجرەى دەستپێکردووە. پاش تەواوکردنى پەیمانگاى عبدالعزیز بۆ زانستە شەرعییەکان، بڕوانامەى بەکالۆریۆس لە بەشى بنەماکانى ئایینى کۆلێژى زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆى سلێمانى تەواودەکات. لەسەر دەستى مامۆستا عەبدالدائیم هەورامانى مۆڵەتى مەلایەتى وەرگرتووە. بۆ دووەم جار لەلاى مامۆستا مەلا عبدالقادرى بەحرکى مۆڵەتى مەلایەتى وەردەگرێت. ماوەى نزیکەى ١٥ ساڵە لە مزگەوتى کوردستان لە گەڕەکى کیمیابارانى یەک وتاربێژە.
ناوی (شێخ سدیق شێخ ئیسماعیل شێخ حسێن)ـە. ساڵی ١٩٢٨ لە گوندی (دەگاشێخان)ی هەورامان لەدایکبووە. ساڵی١٩٥٠ مۆڵەتی دوازدە زانستی لەسەر دەستی مەلا محەممەدی موفتی (باوکی کاک ئەحمەدی موفتی زادە) وەرگرتووە. لە مزگەوتەکانی سنوری (هەڵەبجە و هەورامان) پێشنوێژ و وتاربێژ بووە. لە دامەزرێنەران و ئەندامی مەکتەبی سیاسی (بزووتنەوەی ئیسلامی) و سەرکردایەتی (بزووتنەوەی یەکبوون) و (کۆمەڵی ئیسلامی) بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. شاعیر بووە، کە هێشتا بەرهەمەکانی بە چاپ نەگەیشتوون. ساڵی ٢٠١١ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (سەرگەت) بەخاکسپێرراوە.
ناوی (عەفان سدیق ئیسماعیل)ـە. ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی سەرگەتی هەورامان لەدایکبووە، قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە، ساڵی ١٩٩٠ مۆڵەتی دوازدە عیلمی وەرگرتووە، پاشان کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتە. خاوەنی دە کتێبی چاپکراوە لەوانە: وەرگێرانی (سنن ابن ماجە)، هاوەڵان لە پێغەمبەر دەپرسن، ژیانی ئیمامی عومەر.
ناوی (مەعروف عەبدولڕەحمان عەبدولقادر)ە. ساڵی ١٨٦٦ لە گوندی (نێرگسەجاڕ) لەدایکبووە. بە مەبەستی خوێندن زۆر لە ناوچەکانی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان گەڕاوە، لای شێخ مەحموودی موفتی مزگەوتی گەورەی هەڵەبجە ئیجازەی دوازدە عیلمی وەرگرتووە، هەر لەوێش دە ساڵ لەسەریەک پێشنوێژی کردووە و دەرسی وتووەتەوە. پاشان مەدرەسەی نێرگسەجاڕی نوێکردووەتەوە و لە گوندی ئەحمەد بڕندەش مزگەوت و حوجرەی دامەزراندووە، لە گوندی وازۆڵیش حوجرەیەکی کردووەتەوە، بەڵام بۆ خۆی جوتیاریی کردووە و بە ڕەنجی شانی خۆی ژیاوە، دەیان هەتیو و بێسەرپەرشتیاری بەخێوکردووە، چاکەخوازێکی گەورەی کۆمەڵایەتی بووە. چوار جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. ساڵی ١٩١٥ لە گوندی ئەحمەد بڕندە کۆچیدواییکردووە.
ناوی (شێخ مەحموود کوڕی شێخ عەبدوڵای خەرپانی)یە، لە دەوربەری ساڵی ١٨٣٤ لەدایکبووه. کە چوار ساڵ بووە، باوکی کۆچیدواییکردووە. لای براکانی خوێندویەتی. بۆ درێژەدان بە خوێندن چەند شار و ناوچەیەک ڕۆیشتووە. لە شاری کەرکوک مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە لەو شارەدا ماوەتەوە و سەرقاڵی تەدریسی بووه. گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و بووە بە پێشنوێژ و وتاربێژ و مودەڕیس لە مزگەوتی گەورە (جامیعە). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و دوو کوڕی هەبووە. کاربەدەستانی عوسمانی زۆر ڕێزیان لێگرتووه و موفتی ناوچەکەش بووە. یەکێک لەو کەسایەتییانەیە، کە ئاشنایەتییەکی زۆری لەگەڵ شێخ مەحمووددا هەبووه. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٠١ کۆچیدواییکردووە.
ناوی (محەممەد نەجیب حەسەن)ـە، ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی (سەرگەت)ی هەورامان لەدایکبووە، لە حوجرەکانەوە دەستی بە خوێندن کردووه، تا ئیجازەی دوازدە عیلمی وەرگرتووە، پاشان خوێندنی زانکۆشی لە بەغدا تەواوکردووە. لە کۆمەڵێک شار و شارۆچکە پێشنوێژی و وتاربێژ بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ کۆمەڵێک زانا و هاوڕێیدا ڕێکخراوێکی سیاسی ئیسلامی (رابیتەی زانایانی ئیسلامی کوردستان)یان دامەزراندووە، کە لە ساڵی ١٩٨٤ وەک ڕێکخراوێکی چەکداری شێخ محەممەد دەبێتە ڕابەری، ساڵی ١٩٨٧ ناوەکەی دەگۆڕدرێت بۆ بزووتنەوەی ئیسلامی. ناوبراو دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوە و پاشان مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی بووە. پێشەوای کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بووە. ساڵی ٢٠١٤ کۆچیدواییکردووە.