بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
ناوی (شێخ محەممەد شێخ عەبدوللەتیف)ـە. ساڵی لەدایکبوون و کۆچیدوایی نەزانراوە. لەسەر خواستی وەسمان پاشای جاف لە قەرەداغەوە ھاتووەتە ھەڵەبجە و بووە بە ئیمام و خەتیبی مزگەوتی پاشا. دامەزرێنەری مەدرەسەی پاشا بووە لە مزگەوتەکەدا. وەسمان پاشا هێندەی خۆشویستووە حەنیفە خانی خوشکی کردووە بە ھاوسەری و سێ کوڕ و کچێکیان بووە، کە یەکێک لە کوڕەکان شێخ عومەری باوکی هونەرمەندان (ئەنوەر قەرەداغی و ئەسعەد قەرەداغی)یە.
ناوی (شێخ محەممەد شێخ عومەر شێخ محەممەد شێخ عەبدوللەتیف)ـە. ساڵی ١٩٢٨ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. پاش کۆچیدوایی باوکی، جێگەی گرتووەتەوە و کاروبارەکانی تەدریس و پێشنوێژیی و وتاربێژی مزگەوتی گەورەی پێدراوە. ساڵی ١٩٥٤ لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕوویان لە شاری سلێمانی کردووە. شارەزایی لە زمانی عەرەبی و فارسیدا ھەبووە. بەشداری زۆر لە بۆنە و کۆبوونەوەی ئیسلامی ناوخۆیی و جیھانییەکانی کردووە. ساڵانێکی زۆر وتاربێژی مزگەوتی گەورە بووە لە شاری سلێمانی. ساڵی ١٩٩٦ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە.
ناوی تەواوی نەجمەدین جەمیل موستەفا مەحمودی کوڕی شێخ عەبدوڵای خەرپانییە. ساڵی ١٩٤٨ لە بنەماڵەیەکی ئایینی دایکبووە. لەسەیدەکانی تەکیەی قەرەداغن. شێخ محەمەدە کۆسەی باپیریان ساڵانی ١٧٧٠ز هاتووەتە ناوچەکە. بە مناڵی لە مزگەوتی گەورەی هەڵەبجە لای باوکی و مامەکانی خوێندوویەتی، پاشان چووەتە خزمەت مامۆستایان، مەلاساڵحی گەورە، مامۆستا مەلا عوسمان، مەلامحەمەدی دارالاحسان..هتد. لای شێخ محەمەدی شێخ ڕەسوڵی تەکیەیی لە مزگەوتی خانم لە هەڵەبجە ئیجازەی وەرگرتووە، خوێندنی پەیمانگای ئیسلامی هەڵەبجە ساڵی ١٩٧٣ تەواو دەکات و پاشان دەچێتە کولیەی ئیمام ئەعزەم و تەواویدەکات. ١٩٨٣-١٩٨٤ دەبێتە ئیمام و خەتیبی مزگەوتی پیرەمەگرون لە گردی جۆگە، پاشان سەلیم بەگ. وتاری لەزۆرێک لە مزگەوتەکاندا هەبووە، وەک مزگەوتی گەورەی سەرچنار ١٦ساڵ، دارۆغا چوارسال، مزگەوتی گەورەی سلێمانی ٤ساڵ، مزگەوتی خانەقا و حاجی فەرەجی سوسێ. لە مەدرەسەکانی مزگەوتی گەورەی سلێمانی، ئیمامی شافیع، قەرەداغ وانەی بەفەقێکان وتوەتەوە. خێزاندارەو خانەنشینە، لە سلێمانی نیشتەجێیە.
ناوی (نەسیم کوڕی شێخ محەممەد سەعیدی کوڕی شێخ ئەحمەدی کوڕی شێخ مەحمودی کوڕی شێخ ئەحمەدی کوڕی زانای بەناوبانگ شێخ مستەفای تەختە)یە. ساڵی ١٨٠٨ لەسنە لەدایکبووە. هاوچەرخی مەولەوی بووە. لای شێخ عەبدولقادری موهاجری برای ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. لەسەر کێشەی مەزهەبی و فشاری دەوڵەتی ئێران و فراوانکردنی بازنەی تەشەیوع، لەگەڵ چەند کەس لە بنەماڵەی مەردۆخیان لە ساڵی ١٨٧٤ کۆچیانکردووە بۆ سلێمانی. دوای مانەوەیەکی کەم و حەوانەوە، هەمان ساڵ بە مامۆستا و پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی خورماڵ دامەزراوە. پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی گەورەی خورماڵ بووە. گرنگی زۆری بە پەروەردە و ئاکاری بەرز و فێربوونی فەقێیان داوە. ساڵی ١٨٩٧ لە خورماڵ کۆچیدواییکردووە و لەوێ بەخاکسپێردراوە. دوو کوڕی بەناوەکانی (شێخ عەبدول لەتیف و شێخ یەحیا) لە پاش بەجێماوە.
بە د. عارف غەفور ناسراوە. لە ساڵى ١٩٧٢ لە شارى هەڵەبجە لەدایکبووە. کۆلێژى شەریعەى لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە.. لە ساڵى٢٠٠٧ و لە زانکۆى بەغداد خوێندنى ماستەر و ٢٠١٢ لە زانکۆى بەغداد پلەى دکتۆرا بەدەستدەهێنێت. لە ساڵى ٢٠١١ەوە تاوەکو ئێستا لە بەشى شەریعەى زانکۆى هەڵەبجە وانە دەڵێتەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانشدا لە چەندین شوێن و مزگەوت وتاربێژى کردووە، لەوانە لە مزگەوتى بنات الحداد، الحرییە الثلثە، ساحب البراق و العباس لە شارى بەغداد و لە شارى سلێمانیش لە مزگەوتەکانى ئەحمەدى حاجى عەلى و حاجى سەلیم قامیشى و ... وتارى داوە. لە شارى سلێمانى نیشتەجێیە.
ساڵی ١٩٦٢ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە خوێندووە و دواناوەندیی لە مەعهەدی ئیسلامی تەواوکردووە.ه بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشى دیراساتی ئیسلامی لە زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە. ماوەى چوار ساڵ لە مزگەوتی (إبن بنیة) لە بەغداد و دواتریش لە چەند مزگەوتێکی پێشنوێژی و وتاربێژ بووە. لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە تا ئێستا لە مزگەوتی تەکیە پێشنوێژ و وتارخوێنە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
پێشنوێژ و وتاربێژە. ساڵی ١٩٧٣ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بەکالۆریۆسی لە شەریعەی ئیسلامی هەیە. بەشى زانستە ئیسلامییەکانی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە. لە مەدرەسەى ئوسامە و گەیلانی و لە کامياران خوێندوویەتی. لە ئێستادا بەرپرسی لقی زانایانی هەڵەبجەى شەهیدە و لە مەدرەسەى ئوسامە وەک مامۆستا زانستە شەرعییەکان دەڵێتەوە و پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی (گەیلانی)یە لە هەڵەبجە. وەرزشەوان بووە و لە تیپەکانی، یەکگرتوو، هەڵۆ، یانەی وەرزشیی پەیام یاریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسییش دەزانێـت.
بە (عەبدولڕەحمان بامۆکى) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغى سەرەتایی لە بامۆک و ئامادەیى لە هەڵەبجە تەواوکردووە. مۆڵەتی مەلایەتى وەرگرتووە. لە چەند مزگەوتێک پێشنوێژ و وتاربێژ بووە و لە ئێستادا لە مزگەوتى گوڵان لە هەڵەبجە بەردەوامه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
پێشنوێژ و وتاربێژ، وەرزشەوانی دێرینە. ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە هەورامان لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە خورماڵ و خوێندنی دیراساتی ئیسلامی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە ئەوقاف وەکو پێشنوێژی مزگەوتی گوندی (هانەیدن) دامەزراوە. پەیمانگای وتاربێژان و دواتریش بەشی زانستی ئیسلامی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە. ساڵی ٢٠٠٤ بڕوانامەی مەلایەتی وەرگرتووە. وەک پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی (عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف) لە خورماڵ کاریکردووە و دواتر لە مزگەوتی (ئیمام موسلیم) تا ئێستا بەردەوامە. ماوەی چوارساڵ ئەندامی لیژنەی فتوا بووە لە خورماڵ. بەشداری دەیان خول و وۆرکشۆپی کردووە، کە تایبەت بوون بە توانایی مرۆییەکان و چۆنیەتی و ئەدای وتاربێژان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. یەکێک بووە لە وەرزشەوانە دیارەکانی سنورەکە و تا ئێستاش بەردەوامە.
پێشنوێژ و وتاربێژە. ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. پەیمانگای ئیسلامی بۆ وتاربێژی لە سلێمانی و کۆلێژی شەریعەی لە زانکۆی هەڵەبجە تەواوکردووە. لە ڕابردوودا وەرزشکار بووە و لەم تیپە وەرزشییانە وەک یاریزانی گۆڵپارێز یاریکردووە: (خۆگر، کۆمار، لاوانی یانەی وەرزشی هەڵەبجە، کوردستان، یانەی وەرزشیی هەڵەبجە). لە ئێستادا وتاربێژە لە مزگەوتی بیلالی حەبەشی لە هەڵەبجە.
ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و سلێمانی تەواوکردووه و ماوەیەکیش لە وڵاتی ئێران زانستە شەرعییەکانی خوێندووە. بڕوانامەی پەیمانگاى مامۆستایان و پەیمانگاى خەتابەی بەدەستهێناوە و بەشى دیراساتی ئیسلامی لە سلێمانی تەواوکردووە. لە ئێستادا لە مزگەوتى گوندی عەبابەیلێ وتاربێژە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
ساڵی ١٩٧٢ لە گڵێجاڵ لەدایکبووە. سەرپەرشتیاری مزگەوتی دەروازەیە لە زەرایەن. خاوەنی دەیان بڕوانامەی زانستی شەرعییە. سەرپەرشتیاری دواناوەندی ابن سلاحی شارەزووری دەکات بۆ لەبەر کردنی قورئانی پیرۆز. لە کاری خێرخوازی شتن و کفن و نوێژ و بەڕێکردنی مردوودا ڕۆڵی بەرچاوی هەیە و ناسراوە. خێزاندارە و خاوەنی منداڵە، لە زەڕایەن نیشتەجێیە.
بە مەلا عزەت ناسراوە. لە ساڵى ١٩٥٦ لە گوندى (کەوتە) لەدایکبووە، هاوسەرگیرى کردووە و خاوەنى ٥ منداڵە، بە مەبەستى خوێندن چەند شوێنێ گەڕاوە، لەوانە: هەڵەبجە و بیارە و سلێمانى، تاکو لە ساڵى ١٩٧٩ لە هەڵەبجە خوێندن تەواودەکات و ئیجازەى مەلایەتى وەردەگرێت. ساڵى ١٩٨٠ دامەزراوە بە ئیمام و خەتیب لە مزگەوتى (سەڵاحەدین) لە شارۆچکەى سیروان. لە ساڵى ١٩٩٩ دواى گەڕانەوەى لە ئاوارەیى، بووەتە وتارخوێن لە مزگەوتى گوندى (خێڵى حەمە). بۆ ماوەى ١٢ ساڵ لەو مزگەوتە خزمەتى کردوە. ٢ ساڵێش لە مزگەوتى گەورەى هەڵەبجە دەبێتە وتارخوێن. لەئیستادا بەهۆى تەمەن و نەخۆشیەوە لە ماڵەوەیە، لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.
پێشنوێژ و وتاربێژە و نوسەرە. بە (مەلا عوسمان) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی (دێکۆن)ی سەر بە ناحیەی خورماڵ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لە چەندین مزگەوت پێشنوێژ و وتاربێژ بووە و لە ئێستادا لە مزگەوتى (حاجی حەسەنی لۆکە) لە سلێمانی. بەردەوامە. دامەزرێنەری (بنکەی نەوڕەسی)یە بۆ خوێندن و لەبەرکردنی قورئان. لە چەند دامەزراوەیەکی ڕاگەیاندن کاریکردووە و خاوەنی چەند کتێبێکی نوسین و وەرگێڕانە لەوانە: (بەخشین، سیماى دۆستان، چەند وانەیێک لە ژیانى پێغەمبەر، فەزڵ و گەورەیى شەو و یادى خودا، نوێژکردن بۆ منداڵان).
ناوی (عومەر عوسمان عەلی محەممەد ئەمین)ـە. ساڵی ١٩٧٥ لە گوندی (شەکرالی) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە لامەرکەزی و ناوەندی لە باریکە خوێندووە. ئامادەیی دیراسەی ئیسلامی و زانستە ئیسلامییەکانی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. خوێندنی ئیسلامی لای چەندین مامۆستای ناوچەکە خوێندووە. ساڵی ١٩٩٣ بووە بە ئیمامی مزگەوتی شەکرالی، ٢٠٠٨ لە شارۆچکەی سیروان بۆ ماوەی شەش ساڵ لە مزگەوتی فردەوس بووە، وەک خۆبەخش ئیمامی مزگەوتی مەولەوی بووە. وتاری هەینی لەچەند مزگەوتی سیروان و گوندەکانی دەوروبەریدا پێشکەشکردووە. ١٥ ساڵە پێشنوێژی مزگەوتی مەولەوییە و لە مزگەوتی گوندی بەشارەتی خواروو وتاربێژە. بەڕێوەبەری بنکەی سیروانی (اقرا)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە.
پێشنوێژ و وتاربێژ و نوسەرە. بە مامۆستا شێخ عومەری شێخ نورەدینی موفتی ناسراوە. ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە زانکۆی بەغداد، بەشى زانستە ئیسلامییەکانی تەواوکردووە. لای باوکی ئیجازەى مەلایەتیی وەرگرتووە. لە مزگەوتی ئوسامە و کێلەسپی لە شارۆچکەی سیروان وتاری داوە. لە ئێستادا بەڕێوەبەری مەدرەسەى نەقشبەندییە. لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە تا ئێستا پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی دارالسلامە لە گەڕەکی بەنزینخانە. ١٢ سأڵ بەرپرسی لیژنەى فتواى سەیدسادق بووە و چوار ساڵیش ئەندامی مەجلیسی عیلمیی وەزارەتی ئەوقاف بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. خاوەنی ١٦ کتێبی چاپکراوە، لەوانە: (تەرجەمە و ئیعرابی عەوامیلی جورجانی، شەرحی عەوامیلی بەرکەوی، شەرحی مەتنی عەقیدەى نەسەفی، کورتەیەک لە ژیانی مەدرەسەى دارالسلام، شەرحی ڕەحەبی لە عیلمی فەرائیزدا، شەرحی فتح القریب بەکوردی، حەقیقەتی تەسەووف، ..هتد).
ساڵی ١٩٨٤ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە خورماڵ تەواوکردووە. لە حوجرەی ئیبن سلاحی شارەزوری لە مزگەوتی گەورەی قەزای شارەزوور خوێندوویەتی. لە زانکۆی هەڵەبجە بەشی بنەماکانی ئاینی تەواوکردووە و وەک وتاربێژی مزگەوتی گوندی (دەگاشێخان)، لە شارەدێی (بیارە) دامەزراوە و لە مزگەوتی (دارولئیحسان) پێشنوێژە. لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا لە مزگەوتی بەهەشت لە هەڵەبجە وەک وتاربێژ بەردەوامە. ئەندامی ڕێکخراوی (اقرا)ـە، کارگێڕی یەکێتیی زانایانی کوردستان/لقی هەڵەبجەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا وتاربێژی مزگەوتی (بەهەشت)ـە.
ساڵی ١٩٧٧ لە فەلوجە لەدایکبووە. چونکە خیزانەکەیان گوازراونەتەوە بۆ باشور و لەبەر ئەوەش ناوی نراوە غریب. سەرەتایی و ناوەندی لە زەڕایەن و دواناوەنی ئیسلامی لە هەڵەبجەی تازە خوێندووە. دبلۆم و بەکالۆریۆسی لە زانستە ئیسلامییەکان بە دەستهێناوە. لای مامۆستایان شێخ ئیبراهیم شەمێرانی، عبدالرحیم تاوگۆزی، وانەی خویندووە و لای مەلا مەحمودی ئازادی، مۆڵەتی وەرگرتووە. لەنەسر و بەردەکەڕ، وتاربێژی کردووە. لە چەند ڕادیۆ تەلەفزیۆنێک بەرنامەی ئامادە و پێشکەشکردووە. لەوانە: بانگەواز، ڕادیۆی سونەت، دەنگی ئیسلام. وەک نوسەر و وەرگێڕیش چەند بەرهەمی چاپکردووە و سەرپەرشتیاری بڵاوکراوەی ڕێبەر بووە. خێزاندارەو خاوەنی شەش منداڵە. پێشنوێژ و وتار خوینی مزگەوتی مەلاونا خالدە لە قەرەگۆل.
ساڵی ١٩٥١ لە گوندی قەڵب لەدایکبووە. لای باوکی خوێندوویەتی، ساڵی ١٩٦١ بۆ خوێندن ڕوو لە حوجرە و مەدرەسەکانی هەڵەبجە دەکات. ساڵی ١٩٧٦ کۆلیژی ئیمام ئەعزەمی لە بەغداد تەواوکردووە و بڕوانامەی پێشنوێژ و وتاربێژی وەرگرتووە و لە مزگەوتی شێخ مەعروفی کەرخی دامەزراوە. پاشان لە مزگەوتەکانی زەرایەن، بانی خێڵان، دەربەندیخان، بەرکێو لە سلێمانی پێشنوێژی کردووە. خێزاندەرە و خاوەنی هەشت منداڵە و خانەنشینە.
ساڵی ١٩٧٠ لە بەڕوێنی ناحیەی بەمۆ لەدایکبووە. خویندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. خێزاندارە و خاوەنی حەوت منداڵە. پێشنوێژ و وتاربێژە لە مزگەوتی کانی رەشی زەڕایەنی کۆن.