سەید عارفی بێلەنگەیی چۆری
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
مامۆستا و مودەڕیسی مزگەوتی گەورەی (خورماڵ)ـە. ناوی (عارف کوڕی سیدئەبوبەکری کوڕی سەید تەهایە. ڕشتەیان دەچێتەوە سەر مەلا ئەبوبەکری موسەنیفی چۆڕی. ساڵی ١٩١٠ لە گوندی بێلەنگەی شارەزوور لەدایکبووە. سەرەتا لای خاتو حەلیمەی دایکی خوێندوویەتی. قورئانی پیرۆز و کتێبە سەرەتاییەکانی لای مامەکانی خوێندووە. بۆ خوێندن چووەتە لای مامۆستا (سەید نەجمەدینی سەرگەتی و مەلا عەزیزی پریسی و شێخ حەیدەر و شێخ ڕەسوڵی تەکیەو بابەڕەسوڵی بێدەنی مەلا ساڵح و مەلا حسێن و مەلا عەبدولکەریمی مودەریس)، لای شێخ عومەری قەرەداغی ئیجازەی وەرگرتووە. جارێکی تریش لای شێخ بابا ڕەسوڵی بێدەنی ئیجازە وەردەگرێت. لەسەر داوای شێخ حسامەدینی نەقشبەندی دەبێتە مامۆستای مزگەوتی گەورەی خورماڵ و ساڵی ١٩٣٤ خوێندنگەیەک دەکاتەوە. ژمارەیەک لە فەقێکانی دەبنە زانا و مەلای باش. لەوانە (مستەفا زەڵمی، شێخ سدیق سەرگەتی، شێخ محەممەد بەرزنجی، ئەحمەدی موفتی زادە، مەلا ئەحمەدی قازی، مەلا سەعیدی زمناکۆیی، ماۆستا سەید نەجمەدنی هەڵەبجە و...هتد). ژمارەیەک لە فەقێکانی فارس بوون، بۆیە مامۆستا بە کوردی و فارسی و عەرەب تەدریسی کردوە. تا ساڵی ١٩٤٧ بە فەرمانی شاهانەی عێراق دەبێتە پێشنوێژ و مودەرس و وتارخوێنی مزگەوتی خورماڵ، تا ناوەراستی پەنجاکان لەوێ دەمێنێتەوە. کۆمەڵێک حاشیەو دانراوی هەیە. لە ناو مامۆستایاندا بە (سیبەوەی)ی کوردستان ناسراوە. پاشان بەماڵەوە دەگوازێتەوە بۆ سلێمانی و لە مزگەوتی سەیدنوری نقیب و خومخانە دەرس دەڵێتەوە و دەبێتە مامۆستای پەیمانگای ئیسلامی لە سلێمانی. بەشداری کۆنگرەی ١٩٦٥ی زانایانی عێراقی کردووەو ٢ى ١٢ى ١٩٧٥ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.
سەرچاوەکان:
- مێژووی مزگەوتی گەورەی خورماڵ. لێکۆڵیەوەی مێژووی. د. ئاراس محمد صالح، چاپی یەکەم، ناوەندی سارا، سلێمانی، ٢٠٢١، ل١٠٩-١١٠.
- کاروانی ژیانم، دکتۆر مستەفا ئیبراهیم زەڵمی، پێداچوونەوەی: مەسعود مستەفازەڵمی، ڕێدار ئەحمەد، چاپی یەکەم، ٢٠١٤، ل٣٩-٤٤.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم