کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

886 بابەت

ساڵح سلێمان حسەین

سەرۆکی عەشیرەتی (قوبادی)ـە. ناوی (ساڵح سلێمان حسەین تەیمەز)ە. ساڵی ١٩٤٢ لە گوندی (تووەوشکێ)ی شارۆچکەی بەمۆ لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٨٠ەوە تا کۆچیدواییکردووە لە ساڵی ٢٠٢٠دا، سەرۆکی عەشیرەتی قوبادی بووە.

زیاتر بزانە
سەرۆکی عەشیرەت

عەلى بەگى مەحموود پاشاى جاف

بەگزادە و سەرۆک عەشرەتی جافە. ناوی (عەلى بەگ کوڕى مەحموود پاشا کوڕى محەممەد پاشا کوڕى کەيخەسرەو بەگى جاف)ـە، لە سەرۆک و بەگزادە ديارەکانى عەشيرەتى جافە، ساڵی ١٨٧٨ لەدایکبووه. دووەمين کوڕى مەحموود پاشاى جافه.‌ خوێنداوارى باشى هەبووە، خەتيشى زۆرجوان بووە. لە ئەستەنبوڵ دۆستايەتى لەگەڵ دەروێش پاشا پەيدا دەکات، دەروێش پاشا خزمايەتى و ژن و ژنخوازى لەگەڵ سوڵتاندا هەبووە، ڕۆژێک مەحموود پاشا دەبێتە ميوانى دەروێش پاشا، دەروێش پاشا و لە کێشەکەى ئاگادارى دەکاتەوە، دەروێش پاشا لەلاى سوڵتان تکاى بۆ دەکات و ئەويش لە مەحموود پاشا خۆشدەبێت. سوڵتان پلەى پاشا (بيگلەربەگ)ى بە مەحموود پاشا دەدات. دواى مردنى مەحموود پاشا لە ساڵى ١٩٢١، عەلى بەگ دەبێتە سەرۆکى عەشيرەتى جاف، بەڵام دواى ماوەيەک جێگرى حاکمى سياسى ئينگليز (ليز) لە هەڵەبجە ئەو پۆستە لە عەلى بەگ وەردەگرێتەوە و دەيدات بە کەريم بەگى فەتاح بەگى ئامۆزاى. ئەوکارەش بەگزادەکانى جاف لە هەڵەبجە و عاديلەخانم نيگەران دەکات. مەحموود پاشا لە ژيانى خۆيدا موڵکێکى زۆرى بەخشیبوو بە عەلى بەگى کوڕى، لەوانە: قەرەتەپە، شەمێران، بەشارەت، تويلەجو، شێخ موسا، عالان و حاسڵ، شەکمەيدان، جانجان، سەرشاتەى خواروو، سەرشاتەى ژووروو. عەلى بەگ لە دێى قشڵاخەڕووتە دادەنيشت. عەلى بەگ لە تەمەنى (٤٥)ساڵيدا و لە ساڵى ١٩٢٣ بە نەخۆشى گرانەتا لە هەڵەبجە کۆچیدوايیدەکات و لە خانەقاى بيارە لە تەنيشت مەجيد بەگى عوسمان پاشاى ئامۆزايى و شێخانى بيارەوە بەخاکدەسپێردێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و تەنها يەک منداڵيان ‌بووە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

کەیخەسرەو فەتاح مستەفا

کەسایەتی و دانای ناو هاوارییەکانە. دادپەروەر و خۆشەویست بووە و هەمیشە بە گەورە هەڵبژێردراوە و قسەی ڕەتنەکراوەتەوە. ساڵی ١٨٥٤ لە هاوار لەدایکبووە. ٢٣ ساڵ کوێخا و خەمخۆری هاوارییەکان بووە. هەوڵی چاکسازی زۆری داوە و هەمیشە لەگەڵ کارئاسانیدا بووە. لەکاتی نەخۆشیدا وەسیەتی کردووە، کە ئەو شێوازی پرسە و زیادەڕەوییەی بۆ نەکرێت، کە بە زیانی مادی خاوەن پرسە تەواودەبێت. بەمردنەکەی بە نیاز بووە ئەو دەستوورە هەڵبگیرێت. ساڵی ١٩٤٥ کۆچیدواییکردووە و لەهاوار بەخاکسپێرراوە.

کوێخا مستەفا باوا خدر

بە مچە هاواری ناسراوە. خاوەن ڕاوتەگبیر و تفەنگچی بووە. ساڵی ١٨٤٠ لە هاوار لەدایکبووە. هەر بەمنداڵی چاونەترس و دەستڕاست بووە و ڕاوچییەکی لێهاتوو بووە. لە شارەزایانی دروستکردنی دەرمان و تەقەمەنی ئەو کاتەی چەکەکان بووە. جێی سەرنجی سانەکانی هەورامان بووە و لە شەڕ و ململانێکاندا بە قازانجی سانەکان ڕۆڵی بینیووە. لەوانە شەڕی تەپی تلەوەر، شەڕی وەکێل و جافرسان، جافرسان و حەمەرەشید بەگ. لە ڕاوێژکردن و پرسەکاندا بەرانبەر جافرسان بەڕاشکاوی قسەی کردووە و ڕەخنەشی لێگرتووە. زیاتر تاکتیکی ئاشتیانەی بەکارهێناوە و زۆر ناکۆکی چارەسەرکردووە. بەشداری ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئینگلیزی کردووە و لە شەڕی ئەشکەوڵ ١٩١٩دا خۆینەداوەبەدەستەوە. لەسەر داوای جافرسان خۆی تەسلیمدەکات و دەیخەنە ڕیزی دیلە هاوارییەکانەوە.

مەحموودی حەمەی سان ئەحمەد شەمێرانی

ناوی (مەحموود محەممەد سان ئەحمەد)ە. ‌ساڵی ١٩٠١ لە گوندی (کانی کەوە)ی شەمێران لەدایکبووە. لە حوجرە خوێندویەتی. باوکی سەرکردە و فەرماندەی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید بووە و سەرۆک عەشیرەتی شەمێران بووە. لەلایەن باوکیەوە وەک نیازپاکی نێرراوە بۆ لای ئینگلیزەکان بۆ هەڵەبجە، بەڵام دەستگیریانکردووە و دواتر لەلایەن باوکیەوە ئازادکراوە. ساڵی ١٩٥٢ لەپاش کۆچیدوایی باوکی، بووە بە سەرۆک عەشیرەتی شەمێران. پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییەکانی ناوچەکەدا‌ هەبووە. لەگەڵ ئامۆزای خۆیدا ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی نۆ منداڵە. ‌ساڵی ١٩٧٤ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی کڵاوسوور لە گوندی کانی کەوەی شەمێران بەخاکسپێراوە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

مەلا تاهیر یاروەیسی

کەسایەتیی کۆمەڵایەتیی ناوچەکانی هەورامان و شارەزوورە. ناوی (محەممەد تایر عوسمان عومەر مەحموود)ە. ساڵی ١٩٣٥ لە گوندی تەپی سەفا لەدایکبووە، سەرەتا لای باوکی خوێندویەتی. ساڵی ١٩٤٧ لە هەڵەبجە چووتە قوتابخانە و تا پۆلی دووی سەرەتایی خوێندووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵی ١٩٧٣ بووە‌ بە سەرۆکی (جەمعیەیی تەعاونی). دوای ڕاپەڕین تا ساڵی ٢٠٠٦ بووە بە سەرۆکی ڕێکخراوی (یەکێتی جوتیارانی کوردستان - لقی هەڵەبجە). هاوکاری شۆڕشەکانی کوردی کردووە. ساڵی ٢٠٢٢ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی شێخ جونەید بەخاکسپێرراوە. ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن (سەرحەد یونس)ـەوە بیرەوەرییەکانی بەناوی (دیرۆکی هەشتاو پێج ساڵ تەمەن) لە کتێبێکدا بە چاپ گەیشتووە.

زیاتر بزانە
سەرۆکی تەعاونی

مەلا حەسەن حەمەئەمین عەبدوڵا

کەسایەتییەکی دیاری گوندی کانی ئاسکانە. لە لای مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز خوێندویەتی، بەڵام ئیجازەی وەرنەگرتووە. ڕۆڵی پیاوماقوڵ و کەسایەتییەکی دیار دەبینێت و سەرۆکی عەشیرەتی جافە. لە هێنانی پڕۆژەی ئاوەدانی بۆ گوندەکە ڕۆڵی هەبووە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

محەممەد سان ئەحمەد شەمێرانی

ناوی (محەممەد سان ئەحمەد میر ئەحمەدی وەسمان خاڵه)‌یە و بە (‌محەممەد سان ئەحمەدی شەمێرانی) ناسراوە. ‌ساڵی ١٨٧٠ لە گوندی (کانی کەوە)ی ناوچەی شەمێران لەدایکبووە. لە ‌حوجرە خوێندویەتی. پاش کۆچیدوایی سان ئەحمەدی باوکی لە ساڵی ١٩٠٠ بووەتە سەرۆک عەشیرەتی شەمێران. دۆستی نزیکی شێخ مەحموودی حەفید بووه و دژی ئینگلیز شەڕی کردووە. چوار جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. پەیوەندیی لەگەڵ زۆربەی سەرۆک عەشیرەتەکان و بەگزادە جافەکان هەبووە. ‌ساڵی ١٩٥٢ لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچیدواییکردووە لە گۆڕستانی کڵاوسوور لە گوندی کانی کەوەی شەمێران بە خاکسپێراوە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

محەممە‌د عەلى سان ئەحمەد

ئاوەدانکەرەوەی گوند. بە (لالە حەمەى ئەلى سان ئەحمەد) ناسراوه. ساڵى ١٩٠٠ لەدایکبووە. لە تەمەنى حەوت ساڵيدا لاى مامۆستايانى ئايينى فێرى نوسين و خوێندنەوە بووە و قورئانى خەتمکردووە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوه. ساڵى ١٩٤٦ لەگەڵ حاجى ئەحمەدى برای و چەند بنەماڵەيەکى تر‌دا گوندى (شەکرالی)یان ئاوەدانکردووەتەوە. لەگەڵ حاجى ئەحمەدى عەلی سان ئەحمەدی برایدا، کە پیاوێکی دیوەخاندار و کۆمەڵایەتی و قسە ڕۆشتوو و بە شەهامەت و بەسەلیقە بووە، پێکەوە سەرپەر‌شتى زياتر لە ٥٠٠ دۆنم لە موڵکەکانى حەسەن بەگى جافیان کردووە و خۆشيان خاوەن زەویوزاری زۆر و چاوگى گوندەکەبوون. ساڵی ١٩٨٧ لە شارۆچکەی سيروان کۆچیدواییکردووە.

ميرزا حەسەن نەورۆڵى

کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و سەرۆک هۆزی نەورۆڵییە‌. ناوی (ميرزا حەسن محەممەد عەبدولمحەممەد)ە. ساڵى ١٩٢٠ لە گوندى (خێڵى حەمە) لە شارەزوور لەدايکبووە. خوێندنى لە (حجرە) خوێندووە و لەبەر زيرەکى لە لايەن شێخانى بيارەوە نازناوى (ميرزا)ى پێدراوە. پێنج جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی نۆ منداڵە. جگە زمانى دايک، عەرەبى و فارسى زانيوە. لە تافى لاويدا کراوە بە سەرۆ‌ک هۆزى نەورۆڵى و لە خەمى هەژاراندا بووە. لە چارەسەرکردنى زۆربەى کێشەکانى شارەزوور و سلێمانى و گەرمياندا ڕۆڵی هەبووە. کەسێکی قسەخۆش و خانەدان بووە. بەهۆى هەڵوێستەکانى چەندجار توشى گرفت بووە و ماڵى وێران کراوە و سێ جار لە ساڵەکانى (١٩٦٣، ١٩٦٤، ١٩٨٧) ئاوارەى ئێران بووە. لەتەمەنى ٦٩ ساڵيدا لە ‌وڵاتى ئێران کۆچیدواییکردووە لەسەر وەسيەتى خۆى لە گۆڕستانى (وەيسى قەرەنى) بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
سەرۆک هۆز

ئەحمەدی جاف

کەسایەتیی ئاینیی یارسانە. ناوى (ئەحمەد کوڕی فەتاحی جاف)ـە. لە سەرەتای سەدی پێنجەمی کۆچی لە (تەپی سەفای خواروو) لە شارەزوور لەدایکبووە. بە لاوی چووەتە سەرگەت و دەستی بە خوێندن کردووە. ژيانى هاوسەریی پێکهێناوە. کە بابای کوڕی ڕەوش و ڕەوشتی یاری دامەزراندووە، ئەميش چووەتە سەر ڕێ و ڕەوشتی یاری. کەڵام و هۆنراوەکانی لە (کەڵام دەورەی بابا ناووس) لە سەرئەنجامدا کۆکراونەتەوە. لە کۆتايى سەدەی پێنجەمدا کۆچیدواییکردووە و لە سەرگەت بەخاکسپێرراوە.

ئەوڕەنگ

‌شاعیرێکی یارسانییە. ناوی (مەسعوود کوڕی عەبدوڵا)یە. لە شارەزوور لەدایکبووە. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە منداڵییەوە چووتە حوجرە. هێشتا لاو بووە چووەتە شێخان و لای سان سەهاک ماوەتەوه.‌ لە دەوروبەری ساڵی ١٣٧٩ کۆچیدواییکردووە. نازناوی (ئەوڕەنگ)ـە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

بابا غەیبی هاواری

کەسایەتیی ئایینیی یارسانە. یەکێکە لە حەفتا و دوو پیر و یارانی سان سەهاکی بەرزنجی. لە سەدەی حەوتەمی کۆچی لە گوندى (هاوار)ى نزيک هەڵەبجە لەدایکبووە. بۆ ڕێنوێنی چووەتە شارەزوور و پاشان لە (سەرگەت) گیرساوەتەوە. لە (سەرئەنجام)دا لە کەڵامی بارگەبارگەدا هۆنراوەی تۆمارکراوە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا، کۆچیدواییکردووە و مەزارەکەی لە گوندی سەرگەتە.

بابە قەیسەری هەورامی

شاعیر و تەمبورژەنێکی یارسانییە. له ‌سەرەتای سەدەی چوارەمی کۆچی لە هەورامان لەدایکبووە و لە کۆتایی سەدە هەر لەوێ کۆچیدواییکردووە. لە شارەدێی (تەوێڵە) و (دەودان) خوێندویەتی. موردید و دەروێشی بابەسەرهەنگ بووە و خەرقەی لێ وەرگرتووە. لە جەمخانەدا تەمبوری ژەنیوە و هۆنراوەی بۆ ئاینی یارسان هۆنیوەتەوە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

بابا ناوسی جاف

شاعیر و تەمبوورژەنێکی یارسانییە. ناوی (ئیبراهیم کوڕی ئەحمەد)ە. لە دەوروبەری ساڵی ١٠٨٤ لە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە (بیارە) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی خوێندووە و کەوتووەتە سەوداسەری دەروێشی بۆیە لەلای خەڵکانێک بە (بلە شێت) ناوبانگی ڕۆیشتووە. یەکێکە لە پیرانی یارسان و بە (بابا ناوسی جاف) ناسراوە. ناوەڕۆکی هۆنراوەکانی ئامۆژگاریی و پەند و داناییە. هۆنراوەکانی هێشتا کۆنەکراونەتەوە و لە کتێبێکدا ‌چاپ نەکراون‌. لە دەوروبەری ساڵی ١١٦١ کۆچیدواییکردووە. ‌

باوا سەرهەنگی دەودانی

یەکێکە لە ڕابەرانى ئایينى یارسان. ساڵی ٩٣٥ لە دەوروبەری کێوی شاهۆ لەدایکبووە. سەرەتا بە دەروێشی ژیاوە، پاشان بووەتە پیری ڕێی خوایی و خەڵکی بۆ وەرگرتنی ڕەوشتەکەی هانداوە. ژمارەیەکی زۆر مرید و شوێنکەوتووی لە دەور کۆبووەتەوه، لەوانە(باوا قەیسەری هەورامی، باوا سەرنجی کەلاتی، باواگەرچەکی هەوامی، دایە تەورێزی هەورامی). لە سەردەمی باوا سەرهەنگدا سەردەمی دەرکەوتنی ژن و کاریگەریی ژن بووە لە چالاکییە دینییەکاندا. هۆنراوەکانی خۆی و هەندێک لە یارانی(دەورەی بابا سەرهەنگ) لە (سەرئەنجام)دا نوسراون. لە کۆتایی سەدەی چوارەمی کۆچیدا لە شارۆچکەی (تەوێڵە) کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە. دەوروبەری مەزارگەکەی بووە بە گۆڕستانی تەوێڵەییەکان و بە گۆڕستانی (باوا سەرهەنگ) بەناوبانگە.

پیر ئەحمەدی بەرساهی

شاعیرێکی ئایینی ‌یارسانییە. له کۆتاییەکانی ‌سەدەی حەوتەم لە شارەزوور لەدایکبووە. بە منداڵی نراوەتە بەر خوێندن و دواتر لە بەغداد خوێندنی و گەڕاوەتەوە شارەزوور و خەریکی وانەوتنەوە بووە. چووتە شێخان و بۆ ماوەیەک لەلای سان سەهاک بووە ودمی پیریی لێ وەرگرتووە. گەڕاوەتەوە مەڵبەندی خۆی و لە دەوروبەری ساڵی ١٣٥٢ کۆچیدواییکردووە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

پیر ئیسماعیلەییەکان

کەسایەتیی ئایینیی سەر بە هاوارییەکانن. بنەچەیان دەچێتەوە سەر پیرسمایلی کەولانی لە بازنەی ٧٢ پیرەی سەردەمی پردێوەر. لەسەردەمی عوسمانی و لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی عێراقیشدا، کوێخایان داناوە، بۆیە بە (کوێخا)ش ناسراون. چەندین بەرەو بەرەبابیان لێ کەوتوونەتەوە، لەوانە (بەرەی مستەفا، خواکەرەم، وەلی، فەتاح، باوا، ئیبراهیم).

پیر بابا غەیبی هاواری

شاعیرێکی ئایینی ‌یارسانییە. له ‌سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. لە‌ شارەزوور لەدایکبووە. یەکێکە لە ٧٢ پیر و یارانی سان سەهاک. چەند هۆنراوەیەکی لە سەرئەنجامدا بە یادگاری ماوەتەوە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

پیر تەقی شاهۆیی

شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرە و یارانی سان سەهاکە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. لە دەوروبەری شاهۆ لەدایکبووە. دەچێتە هەورامان و ماوەیەک لای سان سەهاک بووە و خەرقەی لێ وەرگرتووە. لە شارەزوور کۆچیدواییکردووە. هۆنراوەکانی لە سەرئەنجامدا تۆمارن.

پێشتر 1
...
12 13 14
...
45 دواتر