سەید نەجیبی هانەسوورە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-14


لاپەڕەی 173

شێخی تەریقەت

شێخی تەریقەت. ناوى (نەجيب سەيد عەبدولڕەحيم سەيد عەبدولڕەحمان سەيد نەسروڵڵا سەيد محەممەد)ە. بە (سەيد نەجيب) ناسراوە. لە سەيدەکانى گوندى (هانەسووره)‌ى ناوچەى نەورۆڵینشينه. باپيرە گەو‌رەی لە گوندى (خانەگا)ى نزيک (پاوه)وە بۆ خوێندن ڕووی لە باشورى کوردستان کردووە. ساڵى ١٩٣٢ لە (هانەسووره)‌ لەدایکبووه. ‌لاى باوکى و مامۆستاى گوندەکه خوێندوويەتى. سێ جار ژيانى هاوسەرگيرى پێکهێناوە. يەکێکە لە پياوە ناسراو و گەورە و ڕيشسپييەکانى نەورۆڵى و تەواوى سنوری هەڵەبجە، ڕۆڵێکى بەرچاوى بينيوە لە چارەسەرکردنى کێشە کۆمەڵايەتى و هەندێک جاريش سياسييەکانى ناچەکەدا. سەرپەرشتی تەکیەی هانەسوورەی کردووە. ساڵى ١٩٧٨ دوای ڕاگواستنی گوندەکان چووەتە هەڵەبجە و لەو کاتەوە‌ ‌تا ئێستا لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (سەيد نەجيب)، لە ١١ی ٧ی ٢٠١٨، لە هەڵەبجە.

ئامادەکردنی: د.عادل سدیق عەلی

6

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

شێخ مارفی نێرگسەجاڕ

ناوی (مەعروف عەبدولڕەحمان عەبدولقادر)ە. ساڵی ١٨٦٦ لە گوندی (نێرگسەجاڕ) لەدایکبووە. بە مەبەستی خوێندن زۆر لە ناوچەکانی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان گەڕاوە، لای شێخ مەحموودی موفتی مزگەوتی گەورەی هەڵەبجە ئیجازەی دوازدە عیلمی وەرگرتووە، هەر لەوێش دە ساڵ لەسەریەک پێشنوێژی کردووە و دەرسی وتووەتەوە. پاشان مەدرەسەی نێرگسەجاڕی نوێکردووەتەوە و لە گوندی ئەحمەد بڕندەش مزگەوت و حوجرەی دامەزراندووە، لە گوندی وازۆڵیش حوجرەیەکی کردووەتەوە، بەڵام بۆ خۆی جوتیاریی کردووە و بە ڕەنجی شانی خۆی ژیاوە، دەیان هەتیو و بێسەرپەرشتیاری بەخێوکردووە، چاکەخوازێکی گەورەی کۆمەڵایەتی بووە. چوار جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. ساڵی ١٩١٥ لە گوندی ئەحمەد بڕندە کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

حاجی شێخ ئەحمەد شەمسەدینی نەقشبەندی

عارف و زانابووە. کوڕی شێخ عوسمانی سراجەدینی تەوێڵەیە. دایکی ناوی خاتوو نووربەخشە، لە میراودەلییەکانی پشدەر. ساڵی ١٨٤٩ لە بیارە لەدایکبووە. لای مەلا حامدی بێسارانی (کاتب) و مەلا ئەحمەدی نۆدشی و مەولەوی خوێندوویەتی. حاشیەی لەسەر (العقيدة المرضية)ی مەولەوی نوسیووە. لە سەردەستی باوکی و شێخ بەهادینی برایدا تەریقەتی وەرگرتووە. لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا گوندی ئەحمەدئاوا ئاوەداندەکاتەوە. گوندەکە بە ناوی ئەوەوە ناونراوە. بچوکترین کوڕی شێخ عوسمانە. پاش مردنی شێخ بەهای برای، دەچێتە ئەستەنبوڵ و لەوێ خەریکی ئیرشاد دەبێت. سوڵتان (عبدالحمید) ڕێزێکی زۆری لێدەگرێت و لە گەڕانەوەیدا یەک بەرگ قورئانی ڕازاوە و گرانبەها و چەند تاڵە مووی ڕیشی پێغەمبەری پێ دەبەخشێت. ساڵی ١٨٨٩ لە ئەحمەدئاوا کۆچیدواییدەکات و لە کەناری چەمی تەوێڵە بەرامبەر ئارامگای باوکی بەخاکدەسپێردرێت.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ ساحێب

لە بنەماڵەی شێخانی نەقشبەندییە. پزیشکی میللییە. ناوی (ساحێب نەجمەدین عومەر عوسمان نەقشبەندی)یە و بە (شێخ ساحێب) ناسراوە. ساڵی ١٩١٠ لە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. لە حوجرەدا خوێندویەتی، دواتر بۆ کاری تەریقەت و ئیرشادی ڕووی لە باکوری ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان کردووە. ساڵی ١٩٥٢ بۆ ئیرشادی چووەتە گوندی (پشتە)ی سنوری شارۆچکەی بەمۆ و خانەقاکەی نۆژەنکردووەتەوە. کاری ئیرشادی پزیشکیی میللی تێدا کردووە. یەکەم کەس بووە لە ساڵی ١٩٦٧ ئاشی بردووەتە بناری بەمۆ و گوندی (پشتە)، کە بە گازوایل کاریکردووە. پاش ڕاگواستنی گوندەکانی بناری بەمۆ، لە شارۆچکەی زەڕایەن نیشتەجێبووە و دووبارە خانەقایەکی بەناوی خانەقای (شێخ ساحێب نەقشبەندی) دروستکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵی ١٩٨١ لە شارۆچکەی زەڕایەن کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێ بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ سدیقی شێخ مارفی نێرگسەجاڕ

کەسایەتیی ئاینی، ناوی سدیق مەعروف نێرگسەجاڕیە، لە گوندی نێرگسەجاڕ لەدایکبووە، ساڵی لەدایکبوونی دیارنییە، بەهۆی کۆچیدوایی باوکی (شێخ مارفی نێرگسەجاڕ)ەوە خوێندنی بۆ تەواونەکراوە و سەرقاڵی ئیدارەدانی قوتابخانە و مزگەوتی نێرگسەجاڕ بووە و پشتیوانی زانا و قوتابیانی مەدرەسەکە بووە و وەک باوکی، کۆمەڵێک هەتیوی لە تەکیەکەیدا هێشتوەتەوە و بەخێویکردوون، ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە ئاشتەواییە کۆمەڵایەتیەکانی ناوچەکەدا، گرنگیەکی تایبەتی بە پیشەسازی و دەستڕەنگینی داوه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ١٣٦١ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ عەبدولڕەحمان کوڕی شێخ عوسمانی سیراجودین

‌له ‌دەوروبەری ساڵی ١٨٣٨ لەدایکبووە. لە خانەقای بیارە خوێندویەتی و لەسەر دەستی باوکی تەریقەتی وەرگرتووه و لە گوندی (گوڵپ) ژیاوە. دەستی هۆنراوە و پەخشاننوسینی هەبووە و نازناوی (بوولوەفا) بووە. جگە لە زمانی کوردی، فاسیشی زانیوە و هۆنراوە و نامەی پێ نوسیوە. ‌مامۆستا مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس لە کتێبی (یادی مەردان/ بەرگی دووەم)ی ژمارەیەکی زۆر لە هۆنراوە و چەند نامەیەکی کۆکردووەتەوە. سەردانی شارەکانی سنە و بەغدادی کردووه.‌ پاش گەڕانەوەی لە حەج نەخۆش کەوتووە و ‌لە دەوروبەری ساڵی ١٨٧٠ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (غەزالی) بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ عەلائەدین: محەممەد عەلائەدین

مورشی، پیر و جێنشینی تەریقەتی نەقشبەندیە. ناوی (عەلائەدینی کوڕی شێخ عومەر زیائودینی کوڕی شێخ عوسمانی سراجەدین)ـە. ساڵی ١٨٦٣ لە (بیارە) لەدایکبووە. لەلای مەلا حامیدی بێسارانی قورئان و فیقهـ و نەحو سەرف دەخوێنێ. لە خزمەتی شێخ بهادینی مامیدا لەگەڵ شێخ نەجمەدینی برایدا قۆناغەکانی سەیر و سلوک دەبڕێت و تەریقەت وەردەگرێت. دوای مردنی شێخ بەهادینی مامیان ١٨٨٠ دەگەڕێتەوە بیارە و لە خزمەت شێخ عومەری باوکیدا دەبێت. ساڵی ١٨٩٢ هاوسەرگیری دەکات و هەمان ساڵ لە خزمەت باوکیاندا مۆڵەتی تەریقەت و ئیرشاد وەردەگرێت. دوای کۆچیدوایی شێخ عومەری باوکی و جێگیربوونی شێخ نەجمەدینی برای لەسەر بەرماڵی ئیرشاد، چووەتە گوندی (سەوڵاوا) لە خۆرهەڵاتی کوردستان و خانەقا و خوێندنگەی دووڕۆی پێدەسپێرن. گەڕاوەتەوە بیارە و دەستیکردووە بە بوژانەوەی مەدرسە و خانەقا لە ڕووی مەعنەوی و زانیارییەوە، چەندین مەلا و زانا و شاعیر هاتوچۆی بیارەیان کردووە. لەسەردەمی ئەمدا مەلا بەها ئیمام و سەرحەڵقەی خەتم و سەید مەزهەری کاتب و مەلا تاهیری مەلا حسێن خادیمی مەرقەد و سەید نیزام موعتەمید و میرزا ئەحمەد بەردەستی شێخ و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس مامۆستا و وتاربێژی جومعە بووە. ساڵی ١٩٥٤ لە شارۆچکەی بیارە کۆچیدواییکردووە و لە مەرقەدەکەدا بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت