ئەحمەدی جاف
کەسایەتیی ئاینیی یارسانە. ناوى (ئەحمەد کوڕی فەتاحی جاف)ـە. لە سەرەتای سەدی پێنجەمی کۆچی لە (تەپی سەفای خواروو) لە شارەزوور لەدایکبووە. بە لاوی چووەتە سەرگەت و دەستی بە خوێندن کردووە. ژيانى هاوسەریی پێکهێناوە. کە بابای کوڕی ڕەوش و ڕەوشتی یاری دامەزراندووە، ئەميش چووەتە سەر ڕێ و ڕەوشتی یاری. کەڵام و هۆنراوەکانی لە (کەڵام دەورەی بابا ناووس) لە سەرئەنجامدا کۆکراونەتەوە. لە کۆتايى سەدەی پێنجەمدا کۆچیدواییکردووە و لە سەرگەت بەخاکسپێرراوە.
بابا غەیبی هاواری
کەسایەتیی ئایینیی یارسانە. یەکێکە لە حەفتا و دوو پیر و یارانی سان سەهاکی بەرزنجی. لە سەدەی حەوتەمی کۆچی لە گوندى (هاوار)ى نزيک هەڵەبجە لەدایکبووە. بۆ ڕێنوێنی چووەتە شارەزوور و پاشان لە (سەرگەت) گیرساوەتەوە. لە (سەرئەنجام)دا لە کەڵامی بارگەبارگەدا هۆنراوەی تۆمارکراوە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا، کۆچیدواییکردووە و مەزارەکەی لە گوندی سەرگەتە.
بابا ناوسی جاف
شاعیر و تەمبوورژەنێکی یارسانییە. ناوی (ئیبراهیم کوڕی ئەحمەد)ە. لە دەوروبەری ساڵی ١٠٨٤ لە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە (بیارە) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی خوێندووە و کەوتووەتە سەوداسەری دەروێشی بۆیە لەلای خەڵکانێک بە (بلە شێت) ناوبانگی ڕۆیشتووە. یەکێکە لە پیرانی یارسان و بە (بابا ناوسی جاف) ناسراوە. ناوەڕۆکی هۆنراوەکانی ئامۆژگاریی و پەند و داناییە. هۆنراوەکانی هێشتا کۆنەکراونەتەوە و لە کتێبێکدا چاپ نەکراون. لە دەوروبەری ساڵی ١١٦١ کۆچیدواییکردووە.
باوا سەرهەنگی دەودانی
یەکێکە لە ڕابەرانى ئایينى یارسان. ساڵی ٩٣٥ لە دەوروبەری کێوی شاهۆ لەدایکبووە. سەرەتا بە دەروێشی ژیاوە، پاشان بووەتە پیری ڕێی خوایی و خەڵکی بۆ وەرگرتنی ڕەوشتەکەی هانداوە. ژمارەیەکی زۆر مرید و شوێنکەوتووی لە دەور کۆبووەتەوه، لەوانە(باوا قەیسەری هەورامی، باوا سەرنجی کەلاتی، باواگەرچەکی هەوامی، دایە تەورێزی هەورامی). لە سەردەمی باوا سەرهەنگدا سەردەمی دەرکەوتنی ژن و کاریگەریی ژن بووە لە چالاکییە دینییەکاندا. هۆنراوەکانی خۆی و هەندێک لە یارانی(دەورەی بابا سەرهەنگ) لە (سەرئەنجام)دا نوسراون. لە کۆتایی سەدەی چوارەمی کۆچیدا لە شارۆچکەی (تەوێڵە) کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە. دەوروبەری مەزارگەکەی بووە بە گۆڕستانی تەوێڵەییەکان و بە گۆڕستانی (باوا سەرهەنگ) بەناوبانگە.
پیر بابا غەیبی هاواری
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. له سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. لە شارەزوور لەدایکبووە. یەکێکە لە ٧٢ پیر و یارانی سان سەهاک. چەند هۆنراوەیەکی لە سەرئەنجامدا بە یادگاری ماوەتەوە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.
پیر تەقی شاهۆیی
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرە و یارانی سان سەهاکە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. لە دەوروبەری شاهۆ لەدایکبووە. دەچێتە هەورامان و ماوەیەک لای سان سەهاک بووە و خەرقەی لێ وەرگرتووە. لە شارەزوور کۆچیدواییکردووە. هۆنراوەکانی لە سەرئەنجامدا تۆمارن.