عەلى بەگى مەحموود پاشاى جاف
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
بەگزادە و سەرۆک عەشرەتی جافە. ناوی (عەلى بەگ کوڕى مەحموود پاشا کوڕى محەممەد پاشا کوڕى کەيخەسرەو بەگى جاف)ـە، لە سەرۆک و بەگزادە ديارەکانى عەشيرەتى جافە، ساڵی ١٨٧٨ لەدایکبووه. دووەمين کوڕى مەحموود پاشاى جافه. خوێنداوارى باشى هەبووە، خەتيشى زۆرجوان بووە. لە ئەستەنبوڵ دۆستايەتى لەگەڵ دەروێش پاشا پەيدا دەکات، دەروێش پاشا خزمايەتى و ژن و ژنخوازى لەگەڵ سوڵتاندا هەبووە، ڕۆژێک مەحموود پاشا دەبێتە ميوانى دەروێش پاشا، دەروێش پاشا و لە کێشەکەى ئاگادارى دەکاتەوە، دەروێش پاشا لەلاى سوڵتان تکاى بۆ دەکات و ئەويش لە مەحموود پاشا خۆشدەبێت. سوڵتان پلەى پاشا (بيگلەربەگ)ى بە مەحموود پاشا دەدات. دواى مردنى مەحموود پاشا لە ساڵى ١٩٢١، عەلى بەگ دەبێتە سەرۆکى عەشيرەتى جاف، بەڵام دواى ماوەيەک جێگرى حاکمى سياسى ئينگليز (ليز) لە هەڵەبجە ئەو پۆستە لە عەلى بەگ وەردەگرێتەوە و دەيدات بە کەريم بەگى فەتاح بەگى ئامۆزاى. ئەوکارەش بەگزادەکانى جاف لە هەڵەبجە و عاديلەخانم نيگەران دەکات. مەحموود پاشا لە ژيانى خۆيدا موڵکێکى زۆرى بەخشیبوو بە عەلى بەگى کوڕى، لەوانە: قەرەتەپە، شەمێران، بەشارەت، تويلەجو، شێخ موسا، عالان و حاسڵ، شەکمەيدان، جانجان، سەرشاتەى خواروو، سەرشاتەى ژووروو. عەلى بەگ لە دێى قشڵاخەڕووتە دادەنيشت. عەلى بەگ لە تەمەنى (٤٥)ساڵيدا و لە ساڵى ١٩٢٣ بە نەخۆشى گرانەتا لە هەڵەبجە کۆچیدوايیدەکات و لە خانەقاى بيارە لە تەنيشت مەجيد بەگى عوسمان پاشاى ئامۆزايى و شێخانى بيارەوە بەخاکدەسپێردێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و تەنها يەک منداڵيان بووە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (هۆشمەند حەسەن فەهمى بەگى جاف) لە، ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٢، لە هەولێر.
- نامەیەکی (هۆشمەند جاف) لەبارەى (عەلى بەگى مەحموود پاشاى جاف)ەوە بۆ ئامادەکار، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- کورد تورک عەرەب، سيسيل جۆن ئيدمۆندز، وەگێڕانى: حاميد گەوهەرى، چ٣، ناوەندى ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ساڵى چاپ ؟، ل٢٠١.
ئامادەکردنی: عەفان ئەحمەد عەلی