ئەحمەدی جاف
کەسایەتیی ئاینیی یارسانە. ناوى (ئەحمەد کوڕی فەتاحی جاف)ـە. لە سەرەتای سەدی پێنجەمی کۆچی لە (تەپی سەفای خواروو) لە شارەزوور لەدایکبووە. بە لاوی چووەتە سەرگەت و دەستی بە خوێندن کردووە. ژيانى هاوسەریی پێکهێناوە. کە بابای کوڕی ڕەوش و ڕەوشتی یاری دامەزراندووە، ئەميش چووەتە سەر ڕێ و ڕەوشتی یاری. کەڵام و هۆنراوەکانی لە (کەڵام دەورەی بابا ناووس) لە سەرئەنجامدا کۆکراونەتەوە. لە کۆتايى سەدەی پێنجەمدا کۆچیدواییکردووە و لە سەرگەت بەخاکسپێرراوە.
بابا غەیبی هاواری
کەسایەتیی ئایینیی یارسانە. یەکێکە لە حەفتا و دوو پیر و یارانی سان سەهاکی بەرزنجی. لە سەدەی حەوتەمی کۆچی لە گوندى (هاوار)ى نزيک هەڵەبجە لەدایکبووە. بۆ ڕێنوێنی چووەتە شارەزوور و پاشان لە (سەرگەت) گیرساوەتەوە. لە (سەرئەنجام)دا لە کەڵامی بارگەبارگەدا هۆنراوەی تۆمارکراوە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا، کۆچیدواییکردووە و مەزارەکەی لە گوندی سەرگەتە.
باوا سەرهەنگی دەودانی
یەکێکە لە ڕابەرانى ئایينى یارسان. ساڵی ٩٣٥ لە دەوروبەری کێوی شاهۆ لەدایکبووە. سەرەتا بە دەروێشی ژیاوە، پاشان بووەتە پیری ڕێی خوایی و خەڵکی بۆ وەرگرتنی ڕەوشتەکەی هانداوە. ژمارەیەکی زۆر مرید و شوێنکەوتووی لە دەور کۆبووەتەوه، لەوانە(باوا قەیسەری هەورامی، باوا سەرنجی کەلاتی، باواگەرچەکی هەوامی، دایە تەورێزی هەورامی). لە سەردەمی باوا سەرهەنگدا سەردەمی دەرکەوتنی ژن و کاریگەریی ژن بووە لە چالاکییە دینییەکاندا. هۆنراوەکانی خۆی و هەندێک لە یارانی(دەورەی بابا سەرهەنگ) لە (سەرئەنجام)دا نوسراون. لە کۆتایی سەدەی چوارەمی کۆچیدا لە شارۆچکەی (تەوێڵە) کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە. دەوروبەری مەزارگەکەی بووە بە گۆڕستانی تەوێڵەییەکان و بە گۆڕستانی (باوا سەرهەنگ) بەناوبانگە.
پیر ئەحمەدی بەرساهی
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. له کۆتاییەکانی سەدەی حەوتەم لە شارەزوور لەدایکبووە. بە منداڵی نراوەتە بەر خوێندن و دواتر لە بەغداد خوێندنی و گەڕاوەتەوە شارەزوور و خەریکی وانەوتنەوە بووە. چووتە شێخان و بۆ ماوەیەک لەلای سان سەهاک بووە ودمی پیریی لێ وەرگرتووە. گەڕاوەتەوە مەڵبەندی خۆی و لە دەوروبەری ساڵی ١٣٥٢ کۆچیدواییکردووە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.
پیر بابا غەیبی هاواری
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. له سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. لە شارەزوور لەدایکبووە. یەکێکە لە ٧٢ پیر و یارانی سان سەهاک. چەند هۆنراوەیەکی لە سەرئەنجامدا بە یادگاری ماوەتەوە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.
پیر تەقی شاهۆیی
شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. لە حەفتا و دوو پیرە و یارانی سان سەهاکە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە. لە دەوروبەری شاهۆ لەدایکبووە. دەچێتە هەورامان و ماوەیەک لای سان سەهاک بووە و خەرقەی لێ وەرگرتووە. لە شارەزوور کۆچیدواییکردووە. هۆنراوەکانی لە سەرئەنجامدا تۆمارن.