کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

886 بابەت

ئافتاوخان

بە خانمی هەورامان ناسراوە. ژنێکی خوێندەوار و هۆشیاربووە. کچی غەفاربەگی جافرسان و هاوسەری عیزەت بەگی کەریم سانە. دوای دەستگیرکردنی هاوسەرەکەی و کۆمەڵێک لە پیاوە ناودارەکانی هەورامان لە لایەن حەمەڕەزاشاوە، ڕۆڵێکی دیاری لە فەرمانڕەواییکردنی هەوراماندا گێڕاوە و ماوەی چوارساڵ سەرپەرشتی کاروباری کارگێڕی و کۆمەڵایەتی کردووە. خەڵک گوێڕایەڵیی فەرمانەکانی بوون. حەزی لە ئاوەدانی و خوێندەواری و ئاشتی بووە. لە چارەسەری کێشە و ناکۆکیدا کارامە بووە.

ئەحمەد بەگى مەحموود پاشاى جاف

سەرۆک عەشرەتی جافە. ناوى (ئەحمەد بەگ کوڕى مەحموود پاشا کوڕى محەممەد پاشا کوڕى کەيخەسرەوبەگى جاف)ـه، دايکى ناوى (ئامينەخانى کچى يارئەحمەدبەگى وەڵەدبەگ)ـە. ساڵی ١٨٨٤ لەدایکبووە. لە سەرۆک و بەگزادەکانی عەشيرەتى جافە. کوڕە بچووکى مەحموودپاشا بووە. هاوسەرەکەى ناوى (بەهيەخانى کچى فەتاح بەگى محەممەد پاشاى جاف) بووه و یەک کوڕی هەبووە. مەحموود پاشا موڵکێکى زۆرى داوە بە ئەحمەد بەگى کوڕى، لەوانە لە گەرميان: قەرەبڵاغ، ڕەحيم وەرەقە، بەکر بايەف، شێخ تەويل، لە شارەزووريش سەراوى سوبحان ئاغا. بە گەنجى کۆچیدواییکردووە و لە مزگەوتی مەحموود پاشاى باوکى لە قزرابات بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

ئەحمەد خەسرەو کوڵکنی

ناوی (ئەحمەد خەسرەو مستەفا ڕەمەزان)ـە و بە (ئەحمەدی خەسرەوی کوڵکنی) ناسراوە. ‌ساڵی ١٩٢٧ لەدایکبووە. بە کاری کشتوکاڵییەوە سەرقاڵبووە. هاوکاریی شۆڕشی کورد و پێشمەرگەی کردووە. پاش ڕاپەڕین بووە بە سەرۆکی عەشیرەتی سەدانی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. ‌ساڵی ٢٠٠٥ لەگوندی کوڵکنیی ئیسماعیلی خەسره ‌و کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوندی شیرەمەڕ‌ بەخاکسپێراوە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

ئەحمەدی فەقێ کەرەم کوڵکنی

یەکێکە لە کەسایەتییەکانی عەشیرەتی سەدانی. ساڵی ١٨٩٥ لەدایکبووه. ساڵی ١٩٤٥ گوندی (کوڵکنی) ئاوەدانکردووەتەوە هەر بەناوی خۆیشیەوە‌ ناسراوە. ساڵی ١٩٦٣ شەهیدبووە.

تەحسين ميرزا حەسەن

سەرۆک عەشيرەتى نەورۆڵییە. ساڵى ١٩٦٣ لە گوندى (خێڵى حەمە) لەدايکبووه. کوڕى بچوکى (ميرزا حەسەن)ی سەرۆک هۆزى پێشووترى (نەورۆڵى)يە. خوێندنى سەرەتايى لە (خێڵى حەمە) ناوەندى و دواناوەندى لە‌ هەڵەبجە تەواوکردووە. بەهۆى ئاوارەيى لەخوێندن دابڕاوه. ساڵى (١٩٨٧ تا ساڵى ١٩٩١) ئاوارەى وڵاتی ئێران بووە و پاشان گەڕاوەتەوە زێدى خۆى. دووجار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی نۆ منداڵە. ئێستا له شاری ‌هەڵەبجە دەژى.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

جەمال ساڵح سلێمان

سەرۆکی عەشیرەتی (قوبادی)یە. ناوی (جەمال ساڵح سڵێمان حسەین)ـە. ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی (تووەوشکێ)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ لەدایکبووە. لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە سەرۆکی عەشیرەتی (قوبادی)یە.

زیاتر بزانە
سەرۆکی عەشیرەت

حاجی ئەمین هاواری

قسەزان و نوکتەزان، دەنگخۆش بووە و ئارەزووی لە گۆرانی بووە. ناوی ئەمین نادر ئیبراهیمە و لە هۆزی پیر ئیسماعیلییەکانە. ساڵی ١٨٨٠ لە گوندی هاوار لەدایکبووە. لەڕیزی سوپای تورکدا چووەتە حیجاز، لەکاتی داڕمانی تورک بە دەستی ئینگلیز لەگەڵ جافر عەسکەریدا دیلدەکرێن و ئینگلیزەکان دەیانبەنە حیجاز و حەوت ساڵ بێسەروشوێن دەبێت. لەو ماوەیەدا چەندجارێک سەردانی کەعبە دەکات و بە حاجی دەناسرێت. لەگەڵ دروستبوونی عێراقدا هاوڕێکەی دەبێتە ڕاوێژکار و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و موچەی بۆ حاجی بڕیوەتەوە. ساڵی ١٩٣٣ داوای قوتابخانە کردووە بۆ هاوار، کە دواتر مام براخاس لە ئەرشیفدا دەیدۆزێتەوە. هەر ئەمیش تاپۆی گوندی هاواری لە تورکییەوە کردووە بە عەرەبی و لە ڕۆژنامەی وقائع (العراقیە)دا بڵاوی کردووەتەوە. لە حەشاردانی جافرسان لە هاوارەکۆن و گەیاندنی کێشەکەی بە جافر پاشا و مەلیکی عێراق و بەخشین و نیشتەجێبوونی سان لە کەرکوک، ڕۆڵی هەبووە. سەرنجی حکومەت و دامودەزگاکانی بۆ لای هاوار ڕاکێشاوە و یەکەم کەس بووە لە بیستەکاندا تۆوی تەماتەی کازم پاشایی و سەعاتی بردوەتە هاوار. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. ساڵی ١٩٥٢ کۆچیدواییکردووە و لە هاوار بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
قسەخۆش، یان یەکەمینەکان

حاجی تاهیر بەگى ميرەدێ

کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و ئەندامی ئەنجومەنى شارەوانیى هەڵەبجەيە. ناوی (تاهیر بەگی کوڕى قادر بەگی کوڕى محەممەد بەگی کوڕى عەباس بەگی کوڕى ڕۆستەم بەگی میرەدێ)يه. لە بنەماڵەی خدربەگییەکانی میرەدێ و قلیجەیە لە وارماوا. ساڵى ١٩٢٤ لەدایکبووه. له ‌کۆتايى چلەکانى سەدەى ڕابردوو لەگەڵ براکانيدا (حاجی حەمەو بەگ و ئەحمەد بەگ) هاتوونەتە هەڵەبجە و بە کاری بازرگانییەوە سەرقاڵبوون و مەکینەی تراکتۆری (تایە تەور)يان هێناوەتە ناوچەکەوە. بەهۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەگەڵ خەڵکی هەڵەبجە و ناوچەکە بووە بە ئەندامی ئەنجومەنى شارەوانیى هەڵەبجە و ئەندامی لیژنەی ئاشتیی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٦٣ بە ماڵەوە چووەتە سلێمانی و بازرگانیی قوماشی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە خاوەنی ١١ منداڵە. ساڵی ١٩٨٩ کۆچیدواییکردووە و لە (گردی سەلیم) و لە تەنیشتى ئامۆزاکەیەوە لە سلێمانی بەخاک سپێرراوە.

زیاتر بزانە
ئەنجومەنی شارەوانی

حاجی حەمەڕەحیمی خەرپانی

حیکایەتخوانە. ناوی (محەممەد حەمەڕەحیم شەمسەدین)ـە. ساڵی ١٩١٩ لە گوندی خەرپانی لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. حیکایەتخوانێکی بەناوبانگ بووە، گەنجینەی زانیاری و ڕووداوە مێژووییەکانی هەورامان و هەڵەبجە و ناوچەکەی لابووە، ساڵی ١٩٧٢ تا کۆچیدواییکردووە بەردەوام ڕۆژژمێری هەبووە و تیایدا جگە لە یادگاریی خۆی، ڕووداوە گرنگە کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسی و ئابورییەکانی تۆمارکردووە. ڕۆژژمێرەکانی بۆ لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی سوودیانلێوەرگیراوە. ساڵی ١٩٤٨ بەشداری شەڕی فەڵەستین و جولەکەی کردووە. شێخ مەحموودی مەلیکی کوردستان و جەنەڕاڵ حەمەڕەشید خانی بانەیی بە گەنجی بینیوە. خەڵکێکی زۆر بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی باخ و میرات و دیاریکردنی سنور سەردانیانکردووە، بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بۆ زۆر ناوچەی کوردستان ڕۆشتووە. ساڵی ٢٠٢٢ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
حکایەتخوان

حاجى حەمەزەمان

کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و کوێخای گوندی ئێڵانپێ بووە‌. ناوى (حەمەزەمان محەممەد بارام)ـە. ساڵى ١٨٧٠ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى شەش منداڵە. ماوەى چەند ساڵێک کوێخاى گوندی (یاڵانپێ) بووە. پیاوێکى کۆمەڵایەتى و خاوەن دیوەخان بووە. دەستی هەبووە لە ئاوەدانکردنەوەى گوندەکەی و دروستکردنى مزگەوت تێیدا. ساڵى ١٩٥٠ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوندی (یاڵانپێ) بەخاکسپێرراوە.

حاجی حەمەعەلی لامەرکەزی

پیاوماقوڵ و سەرۆک عەشیرەتی کەڵور بووە، لە ساڵی ٢٠١٩ کۆچیدواییکردووە. جەڕاحێکی بەناوبانگیش بووە. هەر لە گوندی لامەرکەزی دانیشتووە. شارەزای مێژوو و بنەماڵەکانی ناوچەکە بووە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

حسێن بەگى مەحموود پاشاى جاف

بەگزادە و سەرۆک عەشیرەتی جافه. ناوی (حسێن بەگ کوڕى مەحموود پاشا کوڕى محەممەد پاشا کوڕى کەيخەسرەوبەگى جاف)ـە. دايکى ناوى (حەبيبە)یە. سێيەم کوڕى مەحموود پاشاى جافه. ساڵى ١٨٨١ لەدایکبووە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوه.‌ موڵکی لە: زەڕايەن، سەيدسادق (باوەکوژراو)، عەنەب، بياوێڵە هەبووە. ساڵى ١٩٣٦ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى (عەبابەيلێ) بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

حەمەئەمین بەگی عەباس بەگ

ناوی (حەمەئەمین بەگی عەباس بەگی یارئەحمەدبەگ‌)ـە. ‌ساڵی ١٩١٣ لە گوندی (ئاواییی ڕۆستەم بەگ)ى نزیک شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. پاش کۆچیدوایی (ئەحمەد بەگ)ی (ڕیشێن) و (حەمەسەعید بەگ)ی (دەرەشیش)، بووەتە سەرۆک عەشیرەتی (وەڵەدبەگی). خاوەن دیوەخان بووە، پەیوەندی لەگەڵ هەموو بەگزادە جافەکان و سەرۆک عەشیرەتەکان کەسایەتییەکانی سنورەکەدا هەبووه. ‌ساڵی ١٩٦١ بەشداری کۆبوونەوە فراوانەکەی گوندی (تەپی سەفا) بووە. ساڵی ٢٠٠٣ لەشاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

حەمەسەعید مەحموود سان ئەحمەد شەمێرانی

ناوی (حەمەسەعید مەحموود سان ئەحمەد)ە. ‌ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی (کانی کەوه)‌ی ناوچەی شەمێران لەدایکبووە. لە حوجره خوێندویەتی. ‌پاش کۆچیدوایی باوکی لە ساڵی ١٩٧٤ بووە بە‌ سەرۆک عەشیرەتی شەمێران. ‌ساڵی ١٩٦٥ پەیوەندیکردووە بە شۆڕشی ئەیلولەوە و تا ١٩٧٤ پێشمەرگە بووە و پلەی سەرلق بووە. له ‌پاش ڕاپەڕین‌ ئامر هێزی شەمێران بووە. ‌ساڵی ١٩٩٧ لەگەڵ ڕیشسپیانی عەشیرەتی شەمێرانی پێشنیازی دروستکردنی سندوقی عەشیرەتی شەمێرانیان کردووە و سەرکەوتوبوون لە بەدەمەوچوونی پرسه ‌و کێشەکاندا. لەگەڵ ئامۆزای خۆی ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. تا ئێستاش سەرۆک عەشیرەتی شەمێرانه ‌و کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و کاریگەرە لە چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدارە و ڕۆڵی هەیە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

حەمەی مرواری

ئاوەدانکەرەوەی گوند. ناوی (محەممەد ئەحمەد شاوەیش)ـە و بە (حەمەی مرواری) ناسراوە. ‌ساڵی ١٩٠٣ لە گوندی (شیرەمەڕ) لەدایکبووه. ‌ساڵی ١٩٤٦ گوندی (ئاواییی حەمەی مرواری) ئاوەدانکردووەتەوە و هەر بەناوی خۆیشیەوە‌ ناسراوە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ساڵی ١٩٦٣ کۆچیدواییکردووە.

حەمەی هەواس ئێناخی

ناوی (حاجی محەممەد عەباس ئەحمەد)ە. ‌ساڵی ١٩١٤ لە گوندی (لمە)ی ناوچەی ئێناخینشینی خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. بە کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵەوە خەریکبووە. ‌ساڵی ١٩٤٥ بۆ ماوەی چەند مانگێک دەسەڵاتداری شاری پاوە بووە. ساڵی ١٩٦١ بەشداری کۆبوونەوه فراوانەکەی گوندی تەپی سەفای کردووە. لە شۆڕشی ئەیلولدا یەکێک بووە لە ‌سەرپەلەکانی داستانی پردی زەڵمی ساڵی ١٩٦٣. ‌ساڵی ١٩٧٦ لەلایەن حکومەتەوه ‌بۆ ماوەی ٦ مانگ دەستگیرکراوە. ‌ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن خزمانی عەشیرەتی ئێناخییەوە وەک سەرۆک عەشیرەتی ئێناخی هەڵبژێرراوە. لەکاتی کیمیابارانی ١٩٨٨ی هەڵەبجه،‌ ئاواری ئێران بووە. ساڵی ١٩٩٣ له ‌شاری هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

خەسرەو مستەفا سەدانی

ناوی (خەسرەوى مستەفا ڕەمەزان)ـە و بە (خەسرەوی مچە) یان (خەسرەو مستەفا سەدانی) ناسراوە. ‌ساڵی ١٨٧٠ لەدایکبووه. سەرۆک عەشرەتى سەدانی بووە. ساڵی ١٩١٦ ‌بەشداری غەزای ڕووسی کردووە. پەیوەندی باشی لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفیددا هەبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. لەسەردەمی ئەودا وازیان لە ژیانى کۆچەری هێناوە و لە گوێ چەمى زەڵم نزیک شارۆچکەی خورماڵ ساڵی ١٩٣٧ بەناوی ئیسماعیلی کوڕیەوە گوندی (کوڵکنیى ئیسماعیلی خەسرەو)یان ئاوەدانکردووەتەوە، کە ئێستا بە (کوڵکنیی ئیسماعیلی خەسرەو) ناسراوه. ‌ساڵی ١٩٣٣ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوندی شیرەمەڕ بەخاکسپێراوە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

ڕۆستەم هاواری

پیاوی زیرەک و ناوداری هاوار بووە، تاپۆی ڕەشی عوسمانی بۆ هاوار هێناوەتەوە. لە هۆزی کاک ئەحمەدی هاوارییە. لەکاتی عوسمانییەکاندا داوای تاپۆی زەوی بەراو و دێم و باخ و گوندەکەیانی کردووە، لەپاش نەمانی عوسمانییەکان لە عێراق و کوردستان بە پێ و بەنهێنی خۆی گەیاندووەتە ئەستەنبوڵ و تاپۆی گوندەکەیانی هێناوەتەوە. ئەو کاتە پێیانوتووە (تاپۆی ڕەشی عوسمانی). حاجی ئەمین نادر هاواری لە تورکییەوە کردویەتی بە عەرەبی و لە ڕۆژنامەی (وقائع العراقیە) بڵاوکراوەتەوە.

سەید مراد فەتاح مستەفا

کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و دیاری هاوارییەکانە. تفەنگچی و نیشانەشکێن و میواندۆست بووە. ساڵی ١٨٨٠ لە خێزانێکی کاکەیی و لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. بەڕاووشکارەوە خەریکبووە. یەکێک بووە لە جەنگاوەرە بەشداربووەکانی شەڕی ئەشکەوڵ لە دژی ئینگلیز. حەزی بە نوکتە و قسەی خۆش بووە و چەندین بەسەرهاتی لێ دەگێڕنەوە. ساڵی ١٩٦٠ لە هاوار کۆچیدواییکردووە.

سەید نەجیبی هانەسوورە

شێخی تەریقەت. ناوى (نەجيب سەيد عەبدولڕەحيم سەيد عەبدولڕەحمان سەيد نەسروڵڵا سەيد محەممەد)ە. بە (سەيد نەجيب) ناسراوە. لە سەيدەکانى گوندى (هانەسووره)‌ى ناوچەى نەورۆڵینشينه. باپيرە گەو‌رەی لە گوندى (خانەگا)ى نزيک (پاوه)وە بۆ خوێندن ڕووی لە باشورى کوردستان کردووە. ساڵى ١٩٣٢ لە (هانەسووره)‌ لەدایکبووه. ‌لاى باوکى و مامۆستاى گوندەکه خوێندوويەتى. سێ جار ژيانى هاوسەرگيرى پێکهێناوە. يەکێکە لە پياوە ناسراو و گەورە و ڕيشسپييەکانى نەورۆڵى و تەواوى سنوری هەڵەبجە، ڕۆڵێکى بەرچاوى بينيوە لە چارەسەرکردنى کێشە کۆمەڵايەتى و هەندێک جاريش سياسييەکانى ناچەکەدا. سەرپەرشتی تەکیەی هانەسوورەی کردووە. ساڵى ١٩٧٨ دوای ڕاگواستنی گوندەکان چووەتە هەڵەبجە و لەو کاتەوە‌ ‌تا ئێستا لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت
پێشتر 1
...
11 12 13
...
45 دواتر