کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

886 بابەت

سەڵاحی حەمەنوری

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ھەڵەبجەیە. ناوی (سەڵاحەدین حەمەنوری ئەمین حسێن)ـە. ساڵی ١٩٤٥ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی لە شاری ھەڵەبجە خوێندووە. ساڵی ١٩٦٩ ئامادەیی کشتوکاڵ لە سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و شەش منداڵی هەیە. پەیمانگای ھەرەوەزیی و ڕێنمایی کشتوکاڵی (معھد التعاون و الارشاد الزراعی) لە ئەبوغرێب تەواوکردووە بووە بە فەرمانبەر. ساڵی ١٩٧٧ بووە بە سەرپەرشتیاریی کۆمەڵە ھەرەوەزییە کشتوکاڵییەکان لە لقی کشتوکاڵی ھەڵەبجە. لە دەربەندیخان لێپرسراوی ھۆبەی کشتوکاڵی بووە. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ ھەڵەبجە و تا ساڵی ٢٠٠٦ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ھەڵەبجە بووە. ساڵی ٢٠٠٧ خانەنشین بووە و ٢٠١٩ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (گوڵانی خواروو) لە ھەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

ستار مەحموود ساڵح

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٧٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی کشتوکاڵ بەشی بەروبوومی کێڵگەیی لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لەبواری کشتوکاڵی لەشاری هەڵەبجە چەند بەرپرسیارێتییەکی وەرگرتووە: سەرۆکی لقی کشتوکاڵی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرێتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەیە و تا ئێستا لەم پۆستەیاندا‌ بەردەوامە. سەرپەرشتیاری چەند پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی لە ناوچەکەدا کردووە، لە دیارترینیان: (دروستکردنی دارستانی عەبابەیلێ لەسەر ڕووبەری ١٠٠ دۆنم، پڕۆژەی بەدارستان_کردنی ڕێگای سەرەکیی هەڵەبجە -سیروان بەدرێژایی چوار کیلۆمەتر، دروستکردنی کێڵگەی ڕێنمایی هەڵەبجە، باخێکی زەیتون، تاقیگەی کشتوکاڵی لە هەڵەبجە لە ساڵی ٢٠٠٨، کە تا ئەوکاتە، یەکەم تاقیگەی کشتوکاڵی بووە لە کوردستاندا. ڕێکخستنی هەفتەبازاڕی کشتوکاڵی هەڵەبجە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکشتوکاڵییەکانی ناوچەکە، ڕێکخستنی ڤیستیڤاڵی ساڵانەی هەنار لە هەڵەبجە بە هاوکاری تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ڕێکخراوی جوتیارانی گەنج، سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵ و لە ئێستادا بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەیە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەری گشتی

سۆران عومەر مستەفا ئیسماعیل

بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى هەڵەبجەیه. ساڵی ١٩٧٦ لە گوندى (عەنەب) لەدایکبووه. بڕوانامەى بەکالۆريۆسى لە زانستى جوگرافيا لە زانکۆى سلێمانى بەدەستهێناوە. ژيانى هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى سێ منداڵە. لەساڵى ٢٠٠٧ کراوە بە بەڕێوەبەرى فێرکردنى گەورەى (ب. گ. پ هەڵەبجەی ئەوکات). لەکۆتايى هەمان ساڵدا ڕاژەکەى گواستراوەتەوە بۆ دیوانی بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی هەڵەبجە و وەک لێپرسراوی خۆیی فەرمانبەران دەستبەکاربووە، پاشان لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٧ گواستراوەتەوە بۆ دیوانی بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی هەڵەبجە و بووە بە لێپرسراوی خۆیی فەرمانبەران، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٨ بووە بە لێپرسراوی خۆیەتی لە دیوانی بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی هەڵەبجە. پاشان لە ساڵى ٢٠١٤دا وەک بەرێوەبەری پەروەردەی هەڵەبجە دەستبەکاربووە و ساڵی ٢٠١٥ بووە بە بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى هەڵەبجە (بەوەکالەت) و تا ئێستا بەردەوامه. ٢٨ ڕێز و سوپاسى ئاڕاستە‌کراوە. ڕێکخراوی هەڵوێست بەهاوکاری ڕێکخراوی (net)ی ئەمریکی له چوارچێوەی‌ پڕۆژەیەکی چوار ساڵەیی بۆ هەڵسەنگاندنی فەرمانگه ‌و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگاى هەڵەبجە لە بواری کارگێڕی و دارایی و شەفافيیەتدا ئەنجامداوە و لەو هەڵسەنگاندنەدا وەک باشترین (بەرێوەبەرایەتیی گشتی) له ‌سنوری پارێزگای هەڵەبجەدا دیاریکراوە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەرى گشتى

سیروان فەرەج محەممەد سەعید

بەڕێوبەرى بەڕێوەبەرایەتیى باجى دەرامەتى هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٨٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی کوردى لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١١ لە بەڕێوەبەرایەتیى باجى دەرامەتى گەرمیان دامەزراوە. دامەزرێنەر و یەکەمین بەڕێوبەرى بەڕێوبەرایەتیى باجى دەرامەتى هەڵەبجەیە. لە ساڵی ٢٠٢١ەوە تا ئێستا بەڕێوبەری باجى دەرامەتى هەڵەبجەیە. لە ئێستاشدا خوێندکارى بەشى بازرگانى نێودەوڵەتییە لە زانکۆى هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

عوسمان باقی محەممەد

بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی هەڵەبجەیە. بە (عوسمانی حاجی باقی عەبابەیلێی) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٣ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، بەشی پاراستنی ڕووەکی لە پەیمانگای تەکنیکی کشتوکاڵی بەغداد بەپلەی ناياب تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٥ لە فەرمانگەی کشتوکاڵی دەربەنديخان دامەزراوە. ساڵی ١٩٧٧ سەرپەرشتیاری تیمی قەڵاچۆکردنی مێرووە زیانبەخشەکان بووە لە دەشتی شارەزوور و هەڵەبجە و هەورامان و لەسەر داوای حکومەت دوو فڕۆکەی تایبەتی کشتوکاڵی خراوەتە خزمەت تيمەکە و هەر لەو ساڵەدا و بۆيەکەمين جار فڕۆکەی هێلیکۆپتەری کشتوکاڵی هێناوەتە شاری هەڵەبجە. ساڵی ١٩٩٢ تا ساڵی ١٩٩٥ بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی هەڵەبجە بووە. لەنێوان ساڵانی ١٩٩٨ -٢٠٠٣ سەرپەرشتیاری پێشەکەوتوو بووە لە ڕێکخراوی جيهانی (فاو). لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠١٤ بەڕێوەبەری بەشی ڕێنمايی کشتوکاڵی بووە لە فەرمانگەی کشتوکاڵی هەڵەبجە. ساڵی ٢٠١٤ خانەنشين بووە. نوسینگەی کشتوکاڵی لەشار هەڵەبجە کردووەتەوە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

عوسمان محەممەد سەید ئەحمەد مرادوەیس

بەڕێوەبەری مەڵبەندی ڕۆشنبیری و لاوانی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٥٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی کارگێڕی و ئابوریی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. لە کارگەی چیمەنتۆی سلێمانی وەک فەرمانبەر دامەزراوە. ماوەیەک بەڕێوەبەری ئۆرزدیی هەڵەبجە بووە. ١٩٨٢ تا ١٩٨٧ بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە بووە و بە بڕیاری حیزبی بەعس فەسڵکراوە. سێ جار ئاوارەی ئێران بووە. ساڵی ١٩٩٢ کراوەتەوە بە بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و لاوانی هەڵەبجە. ماوەی ساڵێک بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە بووە و دواتریش بووە بە بەرێوەبەری ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە تا خانەنشین بووە. ساڵی ٢٠٢١ بە نەخۆشی کۆرۆنا کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی بامۆک بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

عومەر محەممەد عەبدولڕەحمان

ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی قۆناغی ئامادەییە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە بە وەکالەت لێپرسراوی کتێبخانەی گشتیی حاجی محەممەدی بامۆکی بووە و لە ١٣ی ٩ی ٢٠١٥ـەوە بووە بە بەڕێوەبەر لە بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەڵەبجە و تا ئێستا بەردەوامە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

غەریب ئەحمەد حەمەحسەین

بەڕێوەبەری گشتییە. بە مامۆستا (غەریب گریانەیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٩ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵی ٢٠٠٥ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆمەڵناسیدا بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٦ بە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی سلێمانی دامەزراوە. ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠٢١ بەڕێوەبەری (قوتابخانەی هیوای بنەڕەتی) بووە لە شارۆچکەی (سیروان). ماوەی چوار ساڵ لێپرسراوی نوێنەرایەتیی هەڵەبجەی (کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز) بووە. ماوەی دوو ساڵ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزار بووە لە هەڵەبجە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەری گشتی

فاروق مەعروف نادر

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجەيە. ناوی (فاروق مەعروف دەروێش نادر حەمەخان)ـه. عەقیدی مافپەروەرە، خەڵکی گوندی (بۆین)ـە. ساڵی ١٩٧٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا و سەربازیدا هەیە. ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٥ بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجە بووە، دواتر بووەتە بەڕێوەبەری هاتوچۆی سەیدسادق و تا ساڵی ٢٠٠٧ بەردوامبووە. ٢٠٠٧ تا ٢٠١٣ بەڕێوەبەری هاتوچۆی خورماڵ و هەورامان بووە. دواتر بووە بە بەڕێوەبەری نوسینگەی کارتی زانیاریی خورماڵ و تا ساڵی ٢٠١٩ بەردەوامبووە. لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ کرانەوەی پاسپۆرتی هەڵەبجە گەڕاوەتەوە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە و لێپرسراوی نوسینگەی یەکی پاسپۆڕت و بەشی یاسايی بەڕێوەبەرایەتییەکە بووە. لە ٧ی ١١ی ٢٠٢٣ بووەتە بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای هەڵەبجە و تا ئێستا بەردەوامە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

فازیل حەمەئەمین مەعروف

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٥٧ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. خاوەن بڕوانامەی ئامادەییە، لە بواری کاری پۆلیسی و پۆلیسی هاتوچۆدا خزمەتیکردووە. خاوەن پلەی سەربازیی مقدمی هاتوچۆیە. یەکەم بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجەیە و لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠١٩ لە پۆستەکەی بەردەوامبووە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

کامەران مستەفا عەبدوڵا

بەڕێوەبەری گشتییە. ساڵی ١٩٧٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەى بەکالۆریۆسی لە پسپۆڕیی زانستی سیاسیدا هەیە. لە ئێستادا ٢٦ ساڵ خزمەتی کارگێڕیی هەیە و لە ماوەی خزمەتی فەرمانبەریدا چەندین ئەرکی پێسپێرراوە، لەوانە یاریدەدەر و دواتر بەڕێوەبەری قوتابخانە، ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠١٧ بەرێوەبەری گەنجینە (تەجھیزات) بووە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە. ساڵی ٢٠١٧ەوە تا ئێستا وەک بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە بەردەوامە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەری گشتی

کەمال تاماس

بەرپرسی ئاسایشە. ناوی (کەمال عەبدوڵا تاماس)ـە. ساڵی ١٩٥٩ لە گوندی (بەردەلێن)ی سەر بە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە. خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩٣ بە پلەی نەقیب وەک بەرپرسی ئاسایشی پێنجوێن دادەمەزراوە. لە نێوان ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٧ بەڕێوبەری ئاسایشی قەزاکانی پارێزگای سلێمانی بووە. ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠٢١ بەرپرسی ئیدارەی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی بووە. لە ژیانی پێشمەرگایەتی و ئیداریدا بەشداریی لە ١٣ خولى سیاسی، سەربازی و کارگێڕی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمدا کردووە. بە پلەی لیوا خانەنشین بووە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

ماکوان جەمیل مستەفا

بەرێوەبەرى بانکى هەرێمە. ساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە زانستى ئابورى لە زانکۆى سەڵاحەدین و دواتر ماستەر لە زانستى دارایى لە زانکۆى KDIى وڵاتى کۆریاى باشور بەدەستهێناوە. دواتر دووەم بڕوانامەى ماستەرى لە زانکۆى نیشتیمانى مالیزیا لە بوارى کاغەزى دارایى و بڕوانامەى دکتۆراى لەبوارى کاغەزى دارایى لە زانکۆى زانستیى مالیزیا بەدەستهێناوە. جگە لە زمانى کوردى، عەرەبى، فارسى، ئینگلیزى و مالاویى کۆریاى باشور دەزانێت. چەندین پۆستى حکومى وەک: بەڕێوەبەرى کارگێڕیى نەخۆشخانەکانى هەڵەبجە، جێگرى بەرێوەبەرى بانکى هەڵەبجە، بەڕێوەبەرى باجى خانوبەرەى هەڵەبجەی هەبووە. ئەندامى دامەزرێنەرى بانکى هەڵەبجە، ئەندامى دامەزرێنەرى بانکى خانوبەرە، دامەزرێنەرى باجى خانوبەرە و ئەندامى دامەزرێنەرى خەزێنەى هەڵەبجە بووە. لە زانکۆکانى گەشەپێدانى مرۆیى، ئیشک، کۆلێژى بازرگانیى زانکۆى سلێمانى مامۆستا بووە. لە ئێستاشدا بەڕێوەبەرى بانکى هەرێمە لە سلێمانى.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

مامۆستا شەوکەت هەڵەبجەیی

ناوی (شەوکەت محەممەد ئەحمەد نادر)ە و بە (مامۆستا شەوکەت هەڵەبجەیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی (تازەدێ)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندى لە (خورماڵ) و ئامادەیی لە ھەڵەبجە تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی بیرکاری لە ‌زانکۆی موسڵ بەدەستهێناوە. پاش ڕاپەڕین لە فەوجی گومرگ دامەزراوە. ‌ساڵی ٢٠٠٠ بووەتە لێپرسراوی بازرگانیی سلێمانی و ‌ساڵی ٢٠١٢ بووە بە بەڕێوبەری گشتیی بەڕێوبەرایەتیی بازرگانیی خۆراکی سلێمانی و تا ئێستاش بەردەوامە. خاوەنی چەندین خەڵات و ڕێزلێنانە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.

زیاتر بزانە
بەڕێوبەری گشتی

مەریوان جەمیل مستەفا نادر

بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتىی نشینگەى هەڵەبجەى شەهیدە. ساڵی ١٩٧٩ لە شارى هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی بنەڕەتى و ئامادەیى لە هەڵەبجە و بەشى یاساى لە زانکۆى سلێمانى تەواوکردووە. ئەکادیمیاى هێزەکانى ئاسایشى لە سلێمانى تەواوکردووە. دبلۆمى باڵاى لە یاسا لە زانکۆى ئەسکەندەرییەى لە وڵاتى میسر بەدەستهێناوە. دواتر بڕوانامەی لە ماستەر لە یاسا لە هەمان زانکۆدا بەدەستهێناوە. ماوەیەک وەک ئەفسەرى یاسایى لە بەڕێوەبەرایەتیى نشینگەى سلێمانى و لێپرسراوى هەریەکە لە بەشەکانى کارگێڕى و مانەوە، کاریکردووە. بۆ ماوەی چوار ساڵ سەرپەرشتیارى مەرزى تەوێڵە بووە. لە ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا وەک بەڕێوەبەرى بەرێوەبەرایەتیى نشینگە دەستبەکارە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

مەهدى عەبدولکەریم عارف محەممەد

بەڕێوەبەرى ڕێگاوبانى هەڵەبجەى شەهیدە. ساڵی ١٩٥٦ لە شارى هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشى ئەندازیاریى شارستانیى لە زانکۆى سلێمانى تەواوکردووە. ساڵى ١٩٨٣ بە دامەزراندنى مەرکەزى لە خەتى سەریع لە ناوچەى ڕوتبە دامەزراوە و سەرپەرشتیکردنى ئەو ڕێگە سەرەکییانەى کردووه،‌ کە لە بەغدادى پایتەختەوە دەچنەوە سەر هەموو پارێزگاکانى تری عێراق. دواتر بۆ خەتى سەریع لە ناسرییە و دواتریش لەسەر داواى خۆى بۆ وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەى هەرێمى کوردستان گواستراوەتەوە و لەلایەن وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەوە وەک بەڕێوەبەرى ڕێگاوبانى شارى هەڵەبجەى شەهید دەستبەکاربووە. لە گرنگترین پڕۆژەکانی سەردەمی دەستبەکاربوونی: دروستکردنى ڕێگەى نێوان (هەڵەبجەى شەهید - سەیدسادق) بووە. ساڵی ٢٠٢٠ خانەنشین بووە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

موحسین ئەدیب

بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی سلێمانییە. ناوی (موحسین حەسەن بارام)ـە. ساڵی ١٩٧٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە مێژوو لە زانکۆی سەڵاحەدین و لە یاسا لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. ماستەری لە یاسا لە زانکۆی بەیروت و دواتریش دکتۆرای بەدەستهێناوە. ئەندامی دەستەی نوسەرانی: ڕۆژنامەی هەڵەبجە، گۆڤاری هەڵەبجە، ڕۆژنامەی دەنگ، ماڵپەڕی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە. وەک: سەرنوسەری هەواڵی ڕادیۆی نەوا، بەرپرسی بەشی بیروڕای ڕۆژنامەی ڕۆژنامە، سەرپەرشتیاری چاپی لەندەنی هاوڵاتی، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەپرسی ڕاگەیاندنی لقی بەیروتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕاوێژکاری یاسایی ڕێکخراوی پەیمانگای کورد بۆ هەڵبژاردن، بنکەی ئەدەبیی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ کورد، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی کاریکردووە و لە ئێستادا بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانییە. خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوە، لەوانە: (پاش ڕاپەڕین و پرسەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕاپۆرتی ئاسک بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، ڕێبەری ڕۆژنامەنوسان، تورکیا لە ئەتاتورکەوە بۆ ئەردۆغان دادگاییکردنی جەلاد... دادگاییکردنی عەدالەت). چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، دیارترینیان: یەکەمی شیعر لە ڤێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ ساڵی ٢٠٠٢. جگە لە زمانی دایکی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزییش دەزانێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەری گشتی

نورەدین غەریب کەرەموەیس

بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ئاوى هەڵەبجەیە. ساڵى ١٩٧٥ لە شارى هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیى لە هەڵەبجە و کۆلێژى ئەندازیارى بەشى میکانیکى لە زانکۆى سەڵاحەدین لە هەولێر تەواوکردووە و لە بەڕێوەبەرایەتیى ئاوەدانکردنەوە و ڕێگەوبانى سلێمانى دادەمەزراوە. دواى ماوەیەک کارکردن لەو بەڕێوبەرایەتییە، دەگەڕێتەوە بۆ شارى هەڵەبجە و لە سەرۆکایەتیى شارەوانیى هەڵەبجە دەستبەکاربووە. ساڵى ٢٠٠١ تا ٢٠١٣ بەرێوبەرى فەرمانگەى ئاوى هەڵەبجە بووە. ساڵى ٢٠١٤ وەک بەڕێوبەرى بەڕێوەبەرایەتیى هونەرى چاککردنەوەى زانکۆى هەڵەبجە دەستبەکاربووە. ساڵانى ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٣ بەرێوەبەرى ئەندازە و پڕۆژەکانى زانکۆى هەڵەبجە بووە. لە ئێستادا لە زانکۆى هەڵەبجە فەرمانبەرە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

وریا فەرەج محەممەد

بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتیی گوومرگی سلێمانییە. ناوی (وریا فەرج محەممەد حسێن)ـە و بە (وریای حاجی فەرەجی زەڕە) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. پەیمانگای تەکنەلۆجی لە هەولێر تەواوکردووە. وەک فەرمانبەر لە شاری ڕومادییە دامەزراوە. ساڵی ١٩٩٣ لە هۆبەی ئابوریی ئاسایشی سلێمانی دامەزراوە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ شاری هەڵەبجە و بووە بە نوێنەری مامجەلال تاڵەبانی. ساڵی ٢٠١٩ بووە بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گوومرگی سلێمانی و تا خانەنشینبوونی لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەردەوامبووە.

زیاتر بزانە
بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی

ئاغەبەگی ئێناخی

کەسایەتی و سەردارێکی ئێناخییە. ناوی (ئاغەبەگی کوڕی مەحموود بەگی سەلیم بەگی حەمەجان بەگ)ـە. بە (ئاغەشەڕ)یش ناسراوە. ساڵی ١٨٨٥ لەدایکبووە. ساڵی ١٩٢٩ سەرکردایەتی ڕاپەڕینی ئێناخییەکانی کردووە لە دژی حکومەتی ڕەزاشا و سەرهەنگ سوڵتان عیساخان و سەرهەنگ حسێن خان و سەرهەنگ ئەحمەدخانی زەهاوی، کوشتووە. سێ لە سیخوڕەکانی ڕەزاشا لە گوندەکانی وارانچێ و بێوڵێ و باینگان دەکوژێت. وێنەی کەسایەتیی میللیی حەمە تاڵی بانە، خولەپیزەی هەبووە. گەرچی بەچەتە و جەردە ناوی دەبرێت، بەڵام ئەو ئازاری هەژارانی نەداوە. ساڵی ١٩٣١ بەشداری ڕاپەڕینی جەوهەر سوڵتانی لە دژی ڕەزاشا کردووە. ساڵی ١٩٣٥ لە کاتی وتوێژ لەگەڵ نوێنەرانی شادا لە شاری پاوە دەستگیردەکرێت و بە درێژایی تەمەنی ڕژێمی پەهلەوی تا ساڵی ١٩٧٨ لە زیندان دەمێنیتەوە، بەڵام بە گوێرەی یاسای باشبوونی ڕەفتار لە نزیک زیندان زەوی پێدراوە. ژنێکی بەندەری مارەکردووە، بەڵام هەر لەژێر چاودێریدا بووە. پاشان بە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامییەوە لە ئێران ئازاددەبێت. ماوەیەک دێتەوە ناو ئێناخییەکان لە هەڵەبجە. لە ٢٨ی ٧ی ١٩٩٩ کۆچیدواییکردووە.

پێشتر 1
...
10 11 12
...
45 دواتر