شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

173 بابەت

دێکۆن

‌کەوتووەتە سەرەتاکانى دەشتى شارەزوور و سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە. نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە باشورى خۆرئاواى سەنتەرى شارۆچکەکەوه دوورە‌. به ‌گشتى لەنێوان (٥٧٠ بۆ ٦٧٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندى (تازەدێ و تەکيە) لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانى (گۆمەلار و خێڵی حەمە) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (ئاواییی ڕۆستەم بەگ و ئەحمەدئاوا) و له ‌باشورى خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى خارگێڵان هاوسنورە. لە دەوروبەرى ساڵى ١٩١٠دا (حاجى کوێخا ئەحمەد شەريف) تاقە ماڵێک لەم گوزەرەدا دروستدەکات، ئەمە دەبێتە هەوێنى دروستبوونى ئەم گوندە، لە باشورى خۆرئاواى ئەم تاقە ماڵە نوێيەدا بە ئاڕاستەى (گوندى گۆمەلار) گوندێکى بەجێماو و کۆن هەبووە، خەڵکى ناوچەکە زانيويانە ئەوە پاشماوەى گوندێکى کۆنە، ناويان نەزانيوە و هەربە (دێ کۆنەکە) ناسراوە، ئيتر هەر بە ناوى ئەو دێ کۆنەوه،‌ ناوى گوندە نوێکەش نراوە و بووە بە(دێکۆن). دانيشتوانەکەى سەر بە عەشيرەتى (نەورۆڵى)ن و چەند عەشيرەتێکى ترى تێدايە. (گردى حاجى خدر) و زەوى (گەلەگورگى)و (بەردە خوێکان)و (کەنە قووڵ) و (جۆگەى دەلێن) و گۆڕى (سەید عەبدوڵا) و ئاشى(حمەعلى سەى وەيس) له ‌ديارترين ناوە جوگرافيیەکانى گوندەکەن. بەشى بەردەلێنى، سەر بە کەرتى کشتوکاڵیى ژمارە ٢٨ى (دەلێنە) و پشت دەلێنيشى سەر به ‌کەرتى کشتوکاڵیى ژمارە ٢٩ى (خارگێڵانە). سەرچاوە ئاوييەکانى لە ڕابردوودا تەنها ئاوى (چەمى بيارە) بووە، بەڵام پاش ڕاکێشانى جۆگەى دەلێن لە ئەحمەدئاواوە بۆ گوندەکانى دێکۆن و خێڵى حەمە و تەپەکوڕه ‌و قشڵاخەڕووتە و تادەگات بە دەلێن و بەکراوا، گوندەکە گواستراوەتەوە نزيک ئەم جۆگەيە و بەدرێژايى جۆگەکە گوندێکى درێژکۆلەييان بونيادناوه. لە ئێستادا بۆ ئاودێرى پشت بە بيرە قوڵ و مامناوەندەکان دەبەستن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٦ کەس بووە و له ‌ئێستادا ٢٧٧ کەسە. بەگشتى بە کشتوکاڵ و باخدارى و ئاژەڵ بەخێوکردنەوە خەريکن و بەشێکيشيان مووچەخۆرى حکومين، خزمەتگوزارييەکانى قوتابخانە و بنکەى تەندروستى و مزگەوت و ڕێگەى قير و هۆڵى پرسەو کارەباى نيشتمانى لە گوندەکەدا هەيە.

دێکۆنی جەلیلە

کەوتووەتە دیوی پشتەوەی گوندی (جەلیلە). لەنێو دۆڵێکی تەنگی چیای شنروێدایە. دێیەکی زۆر کۆن و بەناوبانگ بووە. قەڵا و شوراکەی ماوە. کانییەکی تێدایە. مێژووەکەی بۆ پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە. مردوویان لەناو گۆزە ناشتووە. لە ئێستادا لەبەردەم کانییەکە کۆمەڵێک باخ و باخاتی تێدایە. کوپەی زۆری تێدا دۆزراوەتەوە، کە خەڵوزی تێدابووە.

دێگە

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە) لە سارای (سۆڵێ) لەنێوان خەرپانی و بەڵخە. لە ئێستادا بە (وەر وەزەن) یان (بەڵخەی خواروو)ش ناودەبرێت. شوێنەواری دێیەکی کۆنە. لە ئێستادا وادیارە ئەم کۆنە گوندە لەژێر دەسەڵاتی (عوسمانییەکان)دا بووە. لە ترسی زەبروزۆریان، خەڵکی بەرەو (دەرەنەجات) لەژێر دەسەڵاتی (سەفەوییەکان) لە سەرووی بەڵخەی ئێستەوە هەڵهاتووە. دانیشتوانی ئەم دوو شوێنە لە گوندی (بەڵخە)ی ئێستە نیشتەجێبوون.

دێی حسەین

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەکەوە دوورە. له ‌باکورەوە لەسەر کەناری دەریاچەی دەربەندیخان و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی دوانزەئیمامی خواروو و شارۆچکەی سیروان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی زەردیان و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی ئیمامی زامن هاوسنورە. بەناوی (حسینی حەسەن)، کە ساڵی ١٩٢٠ لە قەدپاڵی گردەکەدا بونیادیناوە، ناونراوە. دواتر چەند کەسایەتییەکی تر چونەتە گوندەکە و دانیشتوانەکەی زیادیکردووە بەناوەکانی (حاجی حەمەعەلی کەلهوڕ، حەمەسدیق، مامە ساڵح کەریم). گونجاویی ئاو و خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری سەرنجی خەڵکی ئەوکاتەی بۆ نیشتەجێبوون تیایدا، ڕاکێشاوە، بۆیە هەتا کاتی دروستکردنی بەنداوی دەربەندیخان گوندێکی قەرەباڵخ بووە، بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکە لەسەرەتای شەستەکاندا زۆربەی زەوییەکانیان ژێرئاو کەوتوون، بەناچاری زۆربەیان لە سیروان نیشتەجێدەبن و هەندێکیشیان دەچن بۆ گوندەکانی دەورووبەر. خاوەنی ٥٨٠ دۆنم زەویی بەراوە و هیچ زەوییەکی دێمی نییە، جگە ئەو کانیەی لەبنکی گردەکەدایە، کە پێشووتر دانیشتوانی گوندەکە بۆ خواردنەوە بەکاریانهێناوە. پشت بە جۆگەی ئاودێری چەمی حەسەن بەگ و جۆگەیەک لە چەمی دوانزەئیمام دەبەستێت، دانیشتوانی بەشێکی زۆریان لەشارەکانی کوردستان فەرمانبەری میرین و بەشێکی تریشی بە کشتوکاڵەوە خەریکن، لەعەشیرەتی هاروونی و نەورۆڵی و عەمەڵە و کەلهوڕ پێکهاتوون، هەروەها هیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە.

ڕیشێن

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لەگەڵ گوندەکانی (میریسوور، عاموورە، بانیشار، شیرەمەڕ گوڵەخانە، گردە گڕێ، گردی سێتەپان، دەرە گوڵان و کانی ئاسکان، مەلاوەیسە، قەدەفەری، عەلیاوا، قوڵخورد، قاینەیجە و گردەنازێ) هاوسنورە. ئاوی خواردنەوەی گوندەکە لەسەرچاوەی ئاوی ڕیشێن وەرگیراوە و بە بۆری گەیەنراوەتە ماڵەکان. دانیشتوانەکەی چەند لێکدانەوەیەکیان بۆناوی گوندەکە هەیە: هەندێک بۆ (ڕێوشوێنی گونجاو‌ بۆ ئاوەدانکردنەوە)ی دەگەڕێننەوە و بۆچوونێکی تر بە وشەیەکی تورکی دەزانن، کە بە واتای (سەرچاوەی ئاو) دێت. مێژووی دروستکردنى گوندەکەشیان بۆ ساڵی ١٦١٢ دەگەڕێننەوە، کە لە نزیک سەرچاوەی ئاوی ڕیشێندا ئاوەدانکراوەتەوە و ساڵی ١٨١٧ شوێنەکەی گوازراوەتەوە بۆ ئەم شوێنەی ئێستا. خەڵکەکەی بەزۆری کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەکەن. مزگەوت و پڕۆژەی ئاو، ڕێگەی قیر، کارەبای نیشتیمانی، قوتابخانە، بنکەی تەندروستی و هۆڵی بۆنە و پرسەی هەیە. بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧ ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٠٠ کەس بووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١١٢ کەس بووە و لە ئێستادا ٣٨٠ کەسە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٣ی ڕیشێنە.

ڕێشاو

بە دووریی نزیکەی (١٥کم) کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە و سەر به ‌ناحيەى (سيروان)ـە. بە شاخەکانی: شنروێ، جۆجاڕ، سازان دەورەدراوە. سەبارەت بەناوی گوندەکە دوو بۆچوون هەیە، یەکەمیان: لە (ڕێی شا)وە هاتووە و دووەمیان (ڕێیەکی شیاو) بەتێپەربوونی کات بووە بە ڕێشاو. سەربە عەشیرەتی زەردۆیین. گوندی ڕێشاو هەتاوەکو ساڵانی ١٩٧٨، کە لادێکان بارکراون نزیکەی حەفتا ماڵ بووە، بەڵام لەپاش ڕاگواستنی لادێ، چەند ماڵێکی کەم تیایدا ماونەتەوە و نیشتەجێبوون، کە زیاتر پشتیان بە باخداری بەستووە، لەئێستادا هیچ ماڵێکی تیادانییە. شوێنەواری هەیە لەوانە شوێنەواری (قەورسانان و کەپرێ)، بەهۆی ئەوەی، کە باخداری و ئاژەڵداری دوو سەرچاوەی لاوازی داهاتن لەگوندەکەدا، بۆیە لەئێستادا زۆرینەی هاوڵاتیانی گوندەکە موچەخۆر و کاسبن لەهەڵەبجە و شارە جیاوازەکانی هەرێمدا. ڕووبەری باخ لەگوندەکەدا نزیکەی ٢٥ دۆنمە، کە بۆ ئاودێری پشت بەکانییەکانی دەبەسترێت و تائێستا هیچ بیرێکی تێدا لێنەدراوە. هەتاوەکو ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەک لە گوندەکەدا دابیننەکراوە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٦١ی ڕیشاوە‌.

زەردەهاڵ

بە دووریی نزیکەی چوار کیلۆمەتر و نیو کەوتووەتە شارۆچکەی (بیارە)وە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی بنجەیدڕە و لە باشورەوە لەگەڵ دەرەقەیسەر و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی خارگێڵان هاوسنورە. سەرەتای نیشتەجێبوون لەم شوێنەی بۆ کۆتایی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. پێشتر لە شوێنێک بوون بەناوی (دەرەقوڵ). (٨٧٠م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دوو بۆچوون دەربارەی ناوەکەی هەیە. بۆچوونی بەهێز بریتییە لە هەڵاتنی تیشکی خۆری بەیانیان، کە تاکو دەمەوئێوارە بەردەوامی هەیە و زەردەهاڵ ئەو واتایە دەگەیەنێت. دووەمیان پێیوایە بەهۆی بوونی خاکێکی زەردەوەیە، کە لە گوندەکەدا هەیە. تا کۆتایی نەوەدەکان ئاشی ئاو لەگوندەکە بەکارهاتووە، بەهۆی ئەوەی کاروان سەرایەک بووە لە پێش حەفتاکاندا دووکان و کەبابخانە و چایخانەی تێدابووە بە تایبەت چاخانەکەی (لالۆ عارف) ناوبانگی هەبووە. پەیوەندی بەهێزی کۆمەڵایەتی وایکردووە دانیشتوانی دەرەقەیسەر تێکەڵ بە زەردەهاڵ بوون و پێکەوە دەژین. بە گشتی دانیشتوانەکەی بە کشتوکاڵکردن و ئاژەڵداریەوە سەرقاڵن. قوتابخانە و بەنزینخانە و مزگەوت و هۆڵی پرسەی تێداکراوەتەوە. یەکەمین گوندی هەورامانە، کە پڕۆژەی ئاوەڕۆی بۆ کرابێت. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٢ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٩ی پشت جۆگەی بنجۆیدڕییە.‌

زەردیان

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى ناحیەی (سيروان) و بە دووریی نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحییەکەوە دوورە. لە باکورەوە لەگەڵ سەرکەناری دەریاچەی دەربەندیخان و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی حاجی ڕەقە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی لامەرکەزی و تەپەگوڵاوی و لە خۆرئاواوە لەگەل گوندی دێی حسێن هاوسنورە. ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن (شێخ مەحموودی کوڕی کاکە شێخی بیارە)وە ئاوەدانکراوەتەوە. بەناوی کانی زەردیانەوە ناونراوه. هاوسنور بووە لەگەڵ گوندەکانى (بانى بەياخ) و (قۆرتاس). (٤٧٤م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزبووە‌. خاوەنی ٤٥٠ دۆنم زەویی بەراوە. جگە کانی ناو گوندەکە، پشت بە جۆگەی ئاودێری چەمی حاجی ڕەقە و جۆگەیەک لە چەمی زەڵم دەبەستێت، خەڵکەکەی سەر بە عەشیرەتی هارونی و نەورۆڵی و عەمەڵەن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٦ی زەردیانه لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٦٠ کەس بووە. ‌هەتا کاتی دروستکردنی بەنداوی دەربەندیخان گوندێکی قەرەباڵخ بووە، دواتر زەوییەکانیان ژێر ئاو کەوتووە و ناچار گوندەکەیان چۆڵ کردووە. لەوکاتەوە هەتا ئێستا هیچ ماڵێک لە گوندەکەدا نییە.

زەلەکێ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) لە بناری شاخی شنروێ و لە نێوان گوندەکانی (عەبابەیلێ و دەڵەمەڕ). بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٠٤ لەلایەن (هەیاس محەممەد) ناوێکەوە بونیادنراوە و یەکەم کەس بووە ماڵەکەی بردوەتە ئەوێ. بەهۆی ئەوەی لە چواردەوری کانییەکی نزیک گوندەکە، قامیشی زەلى لێبووە، ئەو ناوەی لێنراوە. هەتا ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ ئاوەدانبووە و شەش ماڵی لێبووە. ڕووبەری گوندەکە ٩٠ دۆنمە. دوای ڕاپەڕین ئاوەدانکراوەتەوە و لە ئێستادا شەش ماڵی لێ نیشتەجێیە و زۆرتر بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵکردنەوە سەرقاڵن. (مەجید سادق) ئەنجومەنی گوندەکەیە.

زەڵم

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ)‌. لە باشورییەوە لەگەڵ گوندی (ئەحمەدئاوا) له ‌خۆرهەڵاتە‌وه لەگەڵ گوندی دەرەیمەڕ و لە خۆرئاوا‌وە لەگەڵ گوندەکانی (هانەی قوڵ و یاڵانپێ) هاوسنورە. ‌لە دامێنی چیای (داڵانی)دایە، پشتەوەی لوتکەی زەڵمە و دۆڵی کەڕجاڵ لە ڕۆژهەڵات و وشکەناو لە ڕۆژئاویدا هەن. (١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنی گەشتیاری و مێژووییە. ناوەکەی لە زێی لم، یان شوێنی زاڵم، یان گیای دەنکە زەڵمەوە هاتووە، کە سەرچاوە کۆنەکان باسیان لەو گیایە کردووە. زەڵم وەک ناو بۆ پرد و شاخ و دۆڵ و ڕوبار و قەڵاو گوند و هاوینەهەوار هاتووە. سەرچاوەی گەورەی زەڵم و قەڵای خان ئەحمەدخانی لێیە. چەندین کەسایەتی لێ هەڵکەوتووە وەک مستەفا زەڵمی، لە سەرچاوە مێژوویەکاندا ناوی هاتووە و عوسمانی و سەفەوی بایەخیان پێداوە. ساڵی ١١٦٩ز بابا ئەردەڵان هەوڵی دروستکردنی قەڵای زەڵمی داوە. خان ئەحمەدخان دەیخاتە ژێر دەسەڵاتی سەفەییەکانەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥٠١ کەس بووە و لە ئێستادا ٥٨ کەسە. خاوەنی دەستڕەنگینیەکی زۆرن، بە تایبەت لە بواری تەلارسازی و بیناسازی. لەبەرئەوەی ناوچەکە چیاییە، خانووەکانی لەسەریەک دروستکراون. گۆپەخڵەی گۆڕی پاشاکانی ماد و چەندین ئەشکەوت و ئاسەواری دێی کۆن و زۆرترین ئاشی لێ بووە. دانیشتوانەکەی بە زۆری خەریکی کاری ئاژەڵداریی و کشتوکاڵن. ئێستا بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری و پڕۆژەی ئوتێل و باڵەخانە و دوکان و بازاڕی لێکراوەتەوە و هاوینان زۆرترین گەشتیار سەردانیدەکەن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٤١ی زەڵمە.

زەمەقیی خواروو

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) لە نێوان سەنتەرى شارى هەڵەبجه ‌و شارۆچکەی سيروان. بە دووریی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەرى شارى هەڵەبجه ‌و بە دووریی نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە سەنتەرى شارۆچکەی سيروانەوە دووره. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى بياوێڵە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندى زەمەقیی ژووروو و له ‌خۆرئاواوە لەگەڵ گوندى بەکراوا و لە باکور و باکورى خۆرهەڵاتيشەوە لەگەڵ گوندەکانى (تەپەکوڕه، قشڵاخەڕووته)‌ هاوسنورە‌. (٥٥٠ بۆ ٥٩٠م) لە ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە‌. بەشێک لە دانيشتوانەکەى موچەخۆرى حکومين بەشێکى تريان به ‌کشتوکاڵ و باخدارى و کێڵگەى پەلەوەرييەوە خەريکن، هەتا ساڵى ١٩٩٥ (کارێزى زەمەقى) (کانى سپى) سەرچاوەى سەرەکیى ئاودێرى بوون‌، بەڵام لە ئێستادا بەگشتى پشت بە بيرە قوڵ و مامناوەندەکان دەبەسترێت‌. بۆچونى باو ئەوەيە ناوەکەی ‌لە (زاموا +کى)يەوە هاتبێت، کە بەواتاى شوێن يان سەرزەمينى (زاموا)کان، يان لە (گوڵى زەمبەق)ەوە هاتبێت، کە کاتى خۆى لەم جۆرە گوڵه لە گوندەکەدا زۆر بووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٠٤ کەس بووە و لە ئێستادا ١٢٠ کەسە. بە يەکێک لە گوندەکانى (نەوڕۆڵى) دادەنرێت، بەڵام دانيشتوانەکەى بەسەر عەشرەتەکانى (نەورۆڵى، عەمەڵە، هارونى) دابەشبوون، خزمەتگوزارييەکانى (مزگەوت، قوتابخانه، ڕێگەى قير، بنکەى تەندروستى و تۆڕى ئاوى ماڵان، کارەباى نيشتمانى) هەيە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢ی زەمەقییە.

زەمەقیی ژووروو

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سيروان) لە نێوان سەنتەرى شارى هەڵەبجه ‌و شارۆچکەی سيروان. دوو کیلۆمەتر لە سەنتەرى شارى هەڵەبجه ‌و به ‌دووریی نزیکەی شەش کیلۆمەتر لە سەنتەرى شارۆچکەی سيروانەوە دوورە، لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ هەردوو گوندى (عەنەب و بياوێڵه)‌ و لە باشور و باشورى خۆرئاواوە‌ لەگەڵ سەنتەرى شارى هەڵەبجە و گوندى (هەسەنئاوا و بەکراوا)، لە باکوريشەوە گوندى (زەمەقیی خواروو) هاوسنورە‌، گوندێکى هەتا ڕادەيەک تەخته. (٥٨٠ بۆ ٦٣٠م) لەئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. بەشێک لە دانيشتوانەکەى موچەخۆرى حکومين بەشێکى تريان بە کشتوکاڵ و باخداريیەوە خەريکن بەتايبەت بە کشتوکاڵى سەوزە به ‌هەموو جۆرەکانيەوە بەناوبانگە‌. بۆچونى باو ئەوەيە، که ‌لە (زاموا +کى)يەوە هاتبێت، کە بەواتاى شوێن يان سەرزەمينى (زاموا)کان دێت، بەڵام دانيشتوانى گوندەکە پێيانوايە لە (زۆنگ و بۆق)ەوە هاتووە لەبەرئەوەى ناوچەيەکى شێدار و ئاودار لەهەمانکات گەرم بووە، بۆق و هاڵاوى شێ و گەرماى هەبووە‌، له ‌ئێستادا سێ ماڵ نيشتەجێى گوندەکەن بەشێوەى هەميشەيى و ‌سەر بە عەشرەتەکانى (نەورۆڵى، تاوگۆزى، هارونى)ن، جگە لە کارەباى نيشتمانى، هيچ خزمەتگوزاريیەکى دیکە لەم گوندەدا‌ بوونى نیيە، سەرچاوە ئاوييەکانى بريتيیە لە (کارێزى زەمەقیی ژووروو) و (کانى سپى، کانى ڕەش، کانى بنگرد) و لەهەمان کات هەرسێ چەمى (خڕى خەزێنە، چەمى کانى سپى، حەمەوغان)ن، دەشتاييەکانى (بانەبۆر، گردەکەى مام سەعا، بەر گرد، بەر کارێز، شەلە سوور) لە سيما جوگرافیيەکانى گوندەکەن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٨٢ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢ی زەمەقییە.

زێڕوون

ئاوایییەکی دێرینی بناری چیای سورێن بووە لە‌ سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی نەوێ و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی دەرەگۆلان و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی قاینجە هاوسنورە. دانیشتوانی لە کۆتایی ساڵانی ١٩٣٠ هاتوونەتە بناری قەڵاکان و لەشوێنی ئێستەی گوندی کانی ئاسکان نیشتەجێبوون، کە کانییەکی تێدابووە و ئاسکی تێدابینراوە. حاجی تۆفیق بەگ کەسایەتیی دیاری گوندەکە ناوی ناوە کانی ئاسکان. زێڕوون جگە لەوەی ناوی ناوچەیەکی دیاری بناری سورێنە، دانیشتوانی ناوچەکەش وەک نازناوی خۆیان بەکاریدەهێنن. دەربارەی ناوی زێڕوون، دەڵێن بەهۆی بوونی ئاوێکی ڕوونەوە ئەو ناوەی لێ نراوە بە واتای زێیەک، کە ئاوەکەی ڕوون بێت. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٢٩ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٢ی زێڕۆنە‌.

سازان

سەر بە ‌ناحيەى (سيروان)ە. (١١کم) لە‌ باشورى خۆرهەڵاتى شارى هەڵەبجەوە و دوورە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانى (کۆساوا و ڕێشاو) و لە خۆرئاوا‌وە لەگەڵ گوندەکانی (لمە و تلەوەرێ و نەيجەڵە) و لەباکورەوە لەگەڵ گوندەکانى (عەبابەيلێ و بامۆک) هاوسنورە. لەنێوان چەند زنجیرە چیا و دۆڵ و دەشت هەڵکەوتووە. بەناوبانگترینیان زنجیرە چیاکانی (سەرکەورگ، ملە هومڵە، شنروێ) و شاخەکانى (قەڵای سازان، جۆجاڕ، باوە خەمان، کەمەرەسور، سەرهەنار) و دۆڵەکانى (چەمی ملە، چەمی دۆڵان، چاوگ، چەمی دەراش، چەمی خوارباخ، چەمی تەپە خەزێنە، چەمی دۆڵی کەورگ، چەمی کەمەرسور) و (دەشتی سازان)، کە بە (دەشتێ) ناسراوە دەشتێکی بەپیتە و بەراوە. سەرەتا لە ناوچەی سازان چەند بنەماڵەیەک لە کوردستانی ئێرانەوە هاتوون و لە (باسکی کەلاران) نیشتەجێبوون. پاش ئەوەی (شێخ موئمن ) لە ناوچەی (وەزەنێى بەڵخە)ی هەورامان نیشتەجێبووە لەگەڵ دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە نەگونجاوە و بەجێیهێشتووە و لە ناوچەی سازان نیشتەجێبووە و مزگەوتێکی تیادا دروستکردووە، پاشان (تفەنگ چیەکان) و چەند بنەماڵەیەکی (لۆراوبەگی) هاتوون نیشتەجێبوون، مێژوی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی سێ سەدە بەر لەئێستا‌، سەبارەت بە ناوى (سازان) دوو بۆچون هەیە، يەکەميان پێیوایە‌ (سازان) لە ناوی (ساسان)ەوە هاتووە، لەناوچەی سازان پاشماوە و ئاسەوارێکی زۆری ساسانییەکانی تێدايە، (ساسان) گۆڕاوە بۆ (سازان)، بۆچونى دووەم ئەوەیە کاتێک (شێخ موئمن)، کە لادێکەی دروستکردووە گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ناوچەیەی لێی هاتبوو، پرسیاریان لێکردووە چیت کردووە؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت "شوێنیکم بۆ خۆم سازان". پێکهاتەی دانیشتوانی سازان بەگشتى سێ بەشن، بەشى يەکەميان، کە دوو لەسەر سێى دانيشتوانەکەى پێکدەهێنن بريتين لە شێخ و سەييدەکان، کە هەندێکیان لە سەیدەکانى (سەڵوەتاوا (سەڵوەتاباد)ی کوردستانی ئێران و هەندێکیشیان لە سەیدەکانی (عەبابەیلێ)ن بەشی دووەميان لە ناوچەی (لۆراوبەگی) لە کوردستانی ئێرانەوە هاتوون و لەپاڵ شێخەکاندا نیشتەجێبوون، هەرچى بەشى سێهەمە لە خێلی (تفەنگچییەکان)ن، ئەمانەش هەر لە ئێرانەوە هاتوون. لەڕابردوودا (٨٣)ماڵ بووە، بەڵام لە ئێستادا خەڵکى گوندەکە تەنها لەکاتى وەرزى کشتوکاڵ و ئاودێرى دەگەڕێنەوە گوندەکەيان. کانییەکانی سازان بریتین لە: چاوگی سازان، سەروەزەن کانی بەروەزەن، کانی سوڵتان، کانی شێخ عەلی، کانی مزگەوت، کانی دەراش، هەروەها بەشێک لە سنورەکەی کەوتووەتە سەر (ڕووباری سیروان)، کە سروشتێکی جوانی بەخشیوە بە ناوچەکە، لەڕابردودا چەند ئاشێکی ئاويی تێدا بووە و تەنانەت خەڵکی گوندەکانی هاوسنوريشى باراشیان بۆ هێناون و لەو ئاشانەدا هاڕیویانە، لە ئێستادا دانیشتوانی سازان بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریيەوە خەریکن، هەروەها لە دۆڵی چاوگی سازان و بەردەم (کانی سەروەزەن) باخێکی زۆری هەنار هەیە، کە زیاتر لە سەد دۆنم دەبێت و چەند جۆرێک هەنار بەرهەمدەهێنن وەک (هەناری ساڵە خانی) و (لا ڕەشە)، بەهۆى باشى و بەرزیى کواليتیى هەنارەکەى، ناو و ناوبانگێکی باشی هەیە. لەسەردەمی حکومەتی پاشایەتی و کۆماریدا خزمەتگوزارييەکانى (قوتابخانە و نەخۆشخانە و مزگەوت و تۆڕى ئاو و ڕێگەى خاکى) بۆ دروستکراوە، کە پێش ڕاگواستنی گوندە سنورييەکان منداڵەکانی گوندەکانى دەوروبەر لە قوتابخانەکەی سازان خویندوویانە. لەسەردەمى حکومەتی هەرێمدا تەنها پڕۆژەی کارەبای نيشتيمانى بۆ ڕاکێشراوە. سەیرانگای (پشت قەڵا) کەوتووەتە سنوری ئەم گوندەوە. زەوییەکانی لەسەر کەرتی ژمارە ٣٢ی سازانە.

سەراو

کەوتووەتە ناوچەی نەورۆڵی و بە دووریی نزیکەی هەشت کیلۆمەتر لە باشوری خۆرئاوای شاری هەڵەبجەوە دوورە. سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی هانەسوورە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (هانەژاڵە و گوندە) و لە باشورەوە لەگەڵ هەردوو شاخی (سماقان و باڵامبۆ) و لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانى (بێ لەنگە و چرۆسانە) هاوسنورە. ڕووبەری گوندەکە ١٠٢٥ دۆنمە. لە ڕابردوودا لە بەشی خوارەوەی شوێنی ئێستای گوندەکە بووە و ساڵی ١٩١٤ دانیشتوانەکەی هاتوونەتە ئەم شوێنەی ئێستای. ساڵی ١٩٧٤ بۆردومانکراوە، ساڵی ١٩٧٨ ڕاگوێزراوە، پێش ئەو ڕێکەوتە نزیکەی ٩٢ ماڵی تێدابووە، کە قەرەباڵغترین گوندی ناوچەی نەوڕۆڵی بووە، لەئێستادا شەش ماڵ بۆ ئاژەڵ بەخێوکردن و ئاودانی باخ سەردانی گوندەکە دەکەن. گرنگترین شوێنەکانی: قەبرسانی میران بەگ، کونە سوچەڕ، کوڕێی باڵامبۆ، شاور، کانگە بەردان، دارمازگان، بانە ساراتین، دۆڵی بەڵالوکان، ڕێگەی پیرغەوی، سەردەرە، تەپەسەوز، دۆڵە دووگەران، قەبرسانی چریکەکان، بەنەسیری، تووی سەیلێ). کانییەکانی(کانی سەرچاوگە، کانی قوڵقووڵە، کانی پلوورگ، قشڵاغان، کارێزی مامۆ حسین، کارێزی فەتاح ساڵح، کارێزی مامۆ ئەمین، کانی مەلا ئەحمەد، هسێر). لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٤٣ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٣٠ی گوندە و سەراوە‌.

سەرگەت

بە دووریی (١٥کم) کەوتووەتە باکوری ناحیەی (بیارە) لە بناری چیاکانی هەورامان. لە باکور لەگەڵ گوندی دەرەیمەڕ و لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (باخەکۆن، گەچێنە و گوڵپ) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی ھانەودنی و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (ئەحمەدئاوا و زەڵم) ھاوسنورە. (١٠٣٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوەکەی: لە وشەی (سەرگورد)ەوە هاتووە، کە گوایە فەرماندەیەکی سەربازیی کۆن بووە. یان لە(سەرگاتیا)وە، کە گوایە سروتێکی کۆنی ئایینی بووە. بۆچوونی باو پێیوایە لە(سەرخەتە)ەوە هاتووە، بەو پێیەی لەکاتی دەسەڵاتی (عوسمانی و سەفەوی)دا سنوری جیاکەرەوەی هەردوو دەسەڵات بووە. ئەشکەوتی گاوران و قەڵای سەرگەت دوو شوێنەواری کۆنی گوندەکەن. پێش ڕاگواستنی گوندەکان ساڵی ١٩٧٨ زیاتر لە ١٢٠ ماڵی تێدا بووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی نیشتوانەکەی ٢٠٩ کەس بووە. لە ئێستادا نزیکەی ٦٠ ماڵی لێیە. مەولانا خالد ساڵی ١٨٠٥-١٨٠٩ سەردانیکردووە. ساڵی ١٩٤٩ خوێندنگەی نەهێشتنی نەخوێندەواری و ساڵی ١٩٥٠ قوتابخانەی سەرەتایی بۆکراوەتەوە. سێ مزگەوت و پڕۆژەی ئاوی (هەمەشوانە) و جادەی قیر و هێڵی کارەبای نیشتیمانی هەیە. کانی(هەمەشوانە، قاڵاوڵێ، شێراو، چەندین کانی دیکە)ی هەیە. سەر بە کەرتی کشتوکاڵی ٤٦، باخەکانی ڕووبەریان لە دۆنمێک و چەند ئۆلکێک تێپەڕ ناکات. باخ و باخاتی لێیە. دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاوی سازگار وەک کانیاوەکانی هەمەشوانە و کلکەی ئەسپ، بنکەی تەندروستی تێدایە، ئەفراسیاوبەگ کردویەتییە سەنتەری دەسەڵاتداری خۆیی، کە ئەدمۆنز سەردانیکردووە و ڕادیۆی بە دیاری بۆ هێناوە. دانیشتوانەکەی بە باخداری و کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکن، چەندین شوێنەوار و ئاشکەوتی تێدایە وەکو ئەشکەوتی گاوران و باواناوس. زهۆرە، گۆڕستانێکی کۆنیشی تێدایە بەناوی گۆڕی (غەریبان). کۆڵانی باخچەکە لە مەیدانی گوندی سەرگەتەوە بە ئاراستەی مزگەوتی چنار دەڕوات، کە یەکێکە لە کۆڵانە بەناوبانگەکان و دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی هەیە و خەڵکی وێنەی لێدەگرن. چەندین مەزار و کەسایەتیی بەناوبانگی لە کۆن و ئێستادا هەیە و بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری.

سەعداوا

بە دووریی نزیکەی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (گڵێجاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بەمۆ). ساڵی ١٩٥٦ لە لایەن بەشێک لە ماڵەکانی گڵێجاڵەوە دامەزراوە. زەوییەکانی گوندەکە تێکەڵە لەگەڵ زەوییەکانی گڵێجاڵ. باس لەوە دەکرێت کە ناوەکەی (سەعداوا) ئاماژەیە بۆ دڵخۆشی و سەعادەت (لە زمانی عەرەبی). گوندەکە لەدامێنی بەرزیدایە، بەشی خوارەوەی هەتا ڕادەیەک تەختاییە، سەرچاوەی ئاو و لەوەڕی پێویستی هەبووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧ ژمارەی دانیشتوانەکەی ٧٤ کەس بووە. بەڵام لەکاتی ئێستادا گوندێکی چۆڵە و هیچ ماڵێکی تێدانییە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٤٦ی گڵێجاڵە.

سۆسەکان

کەوتووەتە قەدپاڵی چیای (کەمەر کەنۆڵە) لەبەردەم لوتکەی (تۆپخانە) و شاخی (هەوارەبەرزە). لە گەڵ شارەدێی تەوێڵە و گوندی شوشمێ لە دیوی ئێران و لە خۆرئاواوە بەڵخە و لە باشورەوە لەگەڵ پاڵانیان هاوسنورە. (١٤٢٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەربارەی ناوەکەی سێ بۆچوون هەن، کە ئەمانەن: یەکەمیان پێیوایە لە (سوێسکە)ەوە هاتووە چونکە لە هەورامیدا پێیدەوترێت (سوس)، گوایە ئەم باڵندەیەی زۆربووە. دووەمیان پێیوایە لە(سێ سەکوان)ەوە هاتووە، چونکە لە سێ گەڕەکی بەناوەکانی (کەلارا) کە کۆنترینە، (دەگا) ناوەڕاستی گوندە و (منارا) لەلای خۆرهەڵاتیەوە) پێکهاتووە. سێیەمیش پێیوایە لە (سۆسەن خان)ەوە هاتووە. مێژووی دروستبوونی ١٥٠ ساڵێک زیاتر نییە، (قەڵای شاتر، قەڵای قرتە، قەڵای تەوەن چەخماخ، قەڵای باجگیرا و تۆپخانە)ی لێیە، کە ساڵی ١٩١٢ عوسمانییەکان دروستیانکردووە. هۆکاری دروستبوونی ئەم قەڵایانەش بۆ ململانێی عوسمانی و سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە، چونکە گوندەکە لەسەر سنوری هەردوولا بووە. دانیشتوانی پێش جەنگی جیهانی یەکەم تەنها ٢٠ ماڵ بووە. لە سەرژمێریی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٤ خێزان و ٢٢٣ کەس بووە. لە ٢٠٠٣ زیاتر لە ٢٠٠ خێزان بووە و بەشێکی کەمیان لە گوندەکە نیشتەجێبوون. جگە لە کاری باخداری، بەشێکیان بە بازرگانی لەنێوان هەردوو دیودا سەرقاڵن. ساڵی ١٩٥٧ قوتابخانە و لە ١٩٦٩ بنکەی تەندروستی و لەسەردەمی پاشایەتیدا مەخفەری پۆلیسی تێداکراوەتەوە و ئێستا هێزی پێشمەرگەی تێدایە. گەناوڵێ، گەڕەکێکی دیاری گوندەکەیه. ناوەکەی بە واتای ئاوی (گەنیو) یان (پیس) دێت، چونکە لە پێشتردا کانییەک بووە، ئاوەکەی کەم بووە، (سوور پیاز و زەردەواڵە)ی زۆری تیابووە. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان، ژمارەیەک لە سۆسەکانەییەکان تێیدا نیشتەجێبوون. وەک گەڕەکێکی گوندەکە لە ئێستادا هەژماردەکرێت. (گەناوڵێ و مێشلە)ی بەڵخە لە چەند سەرچاوەیەکدا وەک گوند ناوهێنراون. بەڵام لە ڕاستیدا و لە بنەڕەتدا هەوارگە یان سەیرانگە بوون. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٦ی سۆسەکانە‌‌.

شاوەیس و باوەیس

یەکێکە لە گوندە شوێنەوارییەکانی دەشتی شارەزوور، لە نزیک گوندی تەپەتۆڵەکە هەڵکەوتووە. دوو برا ئاوەدانیانکردووەتەوە و خەڵکێکی زۆر لە چواردەوریدا لە شوێنە جیاوازەکانەوە کۆبونەتەوە. هەتا چەندساڵێک پێش ئێستە شوێنەواری گوندەکە مابوو. بەهۆی کێڵانی زەویوزارەکانی ناوچەکە وردەوردە شوێنەوارەکەی تێکچووە. گۆڕستانێکی گەورەی هەبووە و هەر بەهەمان ناو، ناودەبرێت. کانی شاوەیس و باوەیس یەکێکە لە کانیە بەناوبانگەکانی گوندەکە و ئاوی ئەم کانیە لە دووریی (٢٠٠م) دەڕواتەوە سەر چەمی زەڵم. حەوزێکی بۆ کراوە. لەبەر زۆریی ئاوەکەی، ئاشی لەسەر دروستکراوە. ئاشەوانەکانی دوو کەس بوون بەناوی حەمەمیرزا، کە ئێرانی بووە و حەمەی تۆفیق، کە خەڵکی گوندی تەپەسەرقوڵە بووە. لە ساڵی ١٩٥٤ ئاشەکە بووەتە موڵکی حاجی حەمەعەلی ئەولقادر تەپەتۆڵەکەیی. دانیشتوانی گوندی تەپەتۆڵەکەی ئێستە بە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو گوندە دادەنرێن و هاتونەتە شوێنی ئێستەی گوندەکە بۆ ژیانکردن.

شەشکی خواروو

بە دووریی نزیکەی (١٠کم) لە سەنتەری ناحیەی (خورماڵ)ـەوە دوورە. لە باکورەوە لەگەڵ تەپی سەفای سەروو و لە باشورەوە لەگەڵ شەشکی سەروو و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گۆمەلار و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی شەکرالی هاوسنورە. (٥٤٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەرەتای دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٨٠٠ و‌ لە لایەن (شێخ محەممەد شێخ حەمە‌وەیس)ەوه ئاوەدانکراوەتەوه. سەبارەت بە ناوی گوندەکە هەندێک دەڵێن لە (شەش شک) هاتووه، کە شەش برا بوون هەریەکەیان (شک)(گومان)ێکیان هەبووە‌ لەو ناوچەیە چونکە ئەو ناوچەیە بێشە و چەمى زۆر بووه، دانیشتوانەکەی بە کشتوکاڵەوە خەریکن، لەعەشیرەتی (نەورۆڵی)ن، باخی (هەنار) لە گوندەدا هەیە، زەوی پشتاو (دێم)ی ٣١٠ دۆنمە و بەراویش ٣٢٠ دۆنمە، حەوت جۆگەی ئاودێری هەیە بەناوی جۆگەی (شاوڵاخی سەروو، شاوڵاخی خواروو، شێخ ڕەش، کانی قوڵقوڵە، کانی باخ، بەری ئاواییی، گردی گەورە). سەرچاوەی ئاوی ئەم جۆگانە هەمووی ئاوی کانیاوە، چەند کانیەکی هەیە لەوانە کانی(بەیی، قوڵقوڵە، بەری ئاوایی، باخ، گردی گەورە)، که وەک سەرچاوە بۆ مەبەستی ئاو خواردنەوە و ئاودێری بەکاریدەهێنن.‌ ژمارەیەکی زۆر داری(توو)لەم گوندەدا هەیه، ژمارەی دانیشتوانی ٢٥ کەسە و ٣ خێزانی لێ دەژی، نۆ خانو لەم گوندەدا هەیە، هەریەکە لە (مزگەوت، بنکەی تەندروستی، کارەبای نیشتمانی)هەیە، ڕێگەی بەستنەوەی بە شارۆچکەی (خورماڵ) ڕێگەیەکی (قیرە). لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ناوی گوندەکە بە(شەشەکی شێخ عیسا) تۆمارکراوە و ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥٣ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٦ی شەشک و شابڵاخە.

پێشتر 1
...
4 5 6
...
9 دواتر