مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

944 بابەت

خۆپیشاندان لە نەمسا بۆ هەڵەبجە

خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی کوردانی دانیشتوی وڵاتی نەمسایە تایبەت بە کیمیابارانی هەڵەبجە. ٦٤ کەس لە کوردانی دانیشتووی ڤییەنا لە بەردەم سەفارەتی عێراقدا کۆبوونەتەوە و ئیدانەی ئەو تاوانەیان کردووە.

دابەشکردنی موچە بەتمەن

دوای هەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلوول و بەتایبەتی ساڵی ١٩٦٣ حکومەتی عێراق گەمارۆی خستووەتە سەر ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی شۆڕش و بارودۆخی ئابوریی ناوچەکە خراپبووە. لە مانگی نیسانی ١٩٧٤ حکومەت شایستەی دارایی و موچەی فەرمانبەرانی بڕیوە و شۆڕش ناچار بووە لە ناوچە ڕزگارکراوەکانی هەوراماندا مووچە بە تمەن دابەشبکات، بەڵام هەندێک لە فەرمانبەرەکان وەرگرتنی موچەکانیان ڕەتکردووەتەوە.

داستانی پردی زەڵم

لەپاش دوو ساڵ لە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول، پێشمەرگە دەسەڵاتی لە زۆربەی ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوورر و هەوراماندا هەبوو. بۆ لاوازکردنی ئەم دەسەڵاتە، حکومەت سوپایەکی زۆری ناردووەتە‌‌ سەر ئەم ناوچانە. ڕۆژی ١٢ی ئابی ١٩٦٣ کاتێک هێزەکە گەیشتوونەتە سەر پردی زەڵم، پێشمەرگە ڕووبەڕوویان بووەتەوە و شەڕ دەستیپێکردووە. لە ئەنجامی سێ ڕۆژ بەرەنگاربوونەوە و نابەرانبەرییەکی زۆری چەک و ژمارەی سەرباز، پێشمەرگە ١٢ شەهیدیان داوە و بەرەو خورماڵ و بیارە پاشەکشەیاکردووە. سوپاکەی زەعیم سدیقیش بەرەو شاری هەڵەبجە ڕۆیشتووە و دەسەڵاتیان لە ناوچەکەدا پەیداکردووەتەوە. لەو داستانەدا حەمە گوڵپی (محەممەد ئەحمەد حەملە کەریم ١٩٢٨-١٩٦٣، هەڵدەکوتێتە سەر دەبابە و شەهیددەکرێت. بۆ چاوترسێنی خەڵکی، تەرمەکەی بە دوای دەبابەیەکدا ڕادەکێشن. (قادر کۆکۆیی ١٩٤٠ - ١٩٩٥) ڕۆڵـی بەرچـاوی هەبـووە لـەم داستانەدا.

داستانی شیرەمەڕ

شەڕێکی نێوان هێزی پێشمەرگە و حکومەت بوو. ڕۆژی ٧ی ١٠ی ١٩٨٣ لە گوندی شیرەمەڕ ڕوویداوە. لەئەنجامدا دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەبوون و زۆربەی خانوەکانی سوتاوە. شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و ژمارەیەکیش لە سەربازەکانی حکومەت کوژراو و برینداربوون. ئەم ڕووداوە بەسەر زاری خەڵکەکەوە بە داستان ناودەبرێت.

دەستگیرکردنی چەند کەسێک لە دانیشتووانی گوندەکانی بانی بۆڵان و گمە

ڕۆژی ٢٥ی ٣ی ١٩٧٧ لەلایەن ژمارەیەک پێشمەرگە بەسەرپەرشتی (قادر حەمەساڵح) لەگوندی بانی بۆڵان هاوسنوری گوندی گمە پەلاماری هێزێکی سەربازی عێراق، کە سەر بەهەواڵگری لیوای دیالە بوون، دراوە و ژمارەیەکیان لێ کوشتوون. بۆ ڕۆژی دواتر هێزەکانی سوپای عێراق دەستیانکردووە بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە خەڵکی گوندەکانی بانی بۆڵان و گمە و دەیانگوێزنەوە بۆ سەربازگەیەک لە خێڵی یاقو، ئەمەیش بە بیانووی ئەوەی هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە، ئازاردەدرێن. دوای شەو و ڕۆژێک ئازاد دەکرێن و دەگەڕێنەوە بۆ گوندی گمە.

دەستگیرکردنی چەند کەسێک لە دانیشتوانی گوندی گمە

چەند ڕۆژێک پێش ڕاگواستنی گوندی (گمە) لە ساڵی ١٩٧٨ و لە کاتێکدا دانیشتوانی گوندەکە دەغڵودانیان بردووە بۆ سنوری ئێران بۆ فرۆشتن، لەکاتی گەڕانەوەیاندا ژمارەیەکیان لەلایەن حکومەتەوە لێ دەستگیرکراوه،‌ کە بریتیبوون لە (فەتاح حەمەساڵح محەممەد، محەممەد مەجید عەبدوڵا، محەممەد حەمەساڵح ڕەحمان، عێزەت قادر، عەبدوڵا حسێن مەحموود، سالار قادر). بە کۆپتەری سەربازی براون بۆ سەربازگەی بامۆک و لەوێ لەپاش ئەشکەنجەدانیان، بێتاوان دەرچوون و دوای ڕۆژێک ئازادکراون و هێنراونەتەوە بۆ گوندی گمە.

دەستگیرکردنی سۆفی لالۆ سالە

لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان بنەماڵەی مەحموودخانی دزڵی و ماڵەشێخان لەسەر هەندێک زەویوزاری ئەحمەدئاوا، دوای کڕین و فرۆشتنەوەی نێوانیان، بەتایبەتی لەسەردەمی عەبدوڵاخاندا، سۆفی سالە نیوەکار و پیاوی شێخان لە ئەحمەدئاوا وەڵامی زبری خان دەداتەوە، پاش ماوەیەک پیاوەکانی عەبدوڵاخان دێنە ئەحمەدئاوا و سۆفی سالە دەگرن و ڕاپێچی دزڵی دەکەن و زیندانیدەکەن، پاش دوو ڕۆژ، کە خان لەسەفەرێک دەگەڕێتەوە، یەکێک لە تفەنگچیە متمانەپێکراوەکانی خزمی لالۆ سالە دەبێت، تکای بەردانی لە خان دەکات و خان لەبەر ئەو و ڕاستگۆییەی لالۆسالە، خۆی ئازادی دەکات، پاش گەڕانەوەی بۆ ئەحمەدئاوا دەچێتە لای شێخ عەلائەدین و پێشنیازی خوازبێنی خوشکی خان بۆ شێخ ئەمین دەکات، بەوەش ناکۆکییەکان بۆ ئاشتەوایی دەگۆڕێت. ئەم گرتنە دەبێتە هۆی هاوسەرگیریی نێوان نەجیبەخانی مەحمودخانی دزڵی و شێخ ئەمینی شێخ عەلادین لە ساڵی ١٩٥١دا.

دەستگیرکردنی مامۆستا مەلا عەلی عبدالعزیز

ڕۆژی ٢ی ئابی ٢٠٠٣ هێزێکی سەربازیی ئەمریکا بە پاڵپشتی هەلیکۆپتەر و دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی، گەڕەکی پاشای هەڵەبجە و چواردەوری ماڵی مامۆستا مەلا عەلی عەبدولعەزیز (ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی) دەتەنن و دەچنەسەر ماڵەکەی و بە زەبری چەک پاش تێکدان و پشکنین، مامۆستا مەلا عەلی و مامۆستا مەلا عومەری براگەورەی و پۆلێک لە پاسەوان و پێشمەرگە تایبەتییەکانی سکرتاریەتی ڕابەری گشتی، دەستبەسەردەکەن و دەیانگوازنەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ئەم ڕوداوە لەو قۆناغەدا بە گرنگترین ڕوداو دانرا و هەرزوو کاردانەوەی ناوخۆیی لێکەوتەوە. ئەمە لە کاتێکدا ڕوودەدات، کە لە بزووتنەوەی ئیسلامیدا چەندین، گروپ و حیزب جیابوونەتەوە و لەلایەن ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بە ئامانجگیراون. پاش لێکۆڵینەوە و مامەڵەی جیاواز لەگەڵیان، هیچ مەلەفێکی خیانەت و پێشێلی مافی مرۆڤ و توندڕەوییان بەسەردا ساغنابێتەوە و لە گەڵ ڕاگەیاندنی بە هەڵەی هەڵمەتەکە، ئازاددەکرێن.

دوورخستنەوەی (مامەڕەزا) بۆ هەڵەبجه

مامەڕەزا، برای شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە و سەرۆکی کۆمەڵەی ھەقەکانە. ساڵی ١٩٠٥ لە (شەدەڵە) لەدایکبووە. پیاوێکی گەنمڕەنگ، سەنگین، لەسەرخۆ، قسەخۆش و ڕوناکبیر بووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسیشی زانیوە. شارەزای مێژووی گەلەکەی و ئەدەبیاتی کوردی و فارسی بووە. ژیانی ھاوسەرگیری پێکھێناوە و چوار کوڕ (شێخ مستەفا، شێخ حەمید و شێخ محەممەد و شێخ تەھا)ی ھەبووە. پاش کۆچیدوایی شێخ عەبدولکەریم، مامەڕەزا جێگەی گرتووەتەوە و کۆمەڵێکک بنەمای بۆ هەقایەتی داڕشتووە. ساڵی ١٩٤٤ ئینگلیزەکان دەستگیریانکردووە و سەدان مورید و شوێنکەوتەی، بۆ ئازادبوونی بەپێ بەرەو کەرکووک بەڕێکەوتوون و داوای ئازادکردنیان کردووە. ئینگلیزەکان بەو مەرجەی لە هەڵەبجە دابنیشێت، ئازادیانکردووە. ئەو کاتەی لە هەڵەبجە بووە، دەیان لایەنگر و ڕۆشنبیری وەک (کەریم زەند) و (جەمال بابان) سەردانیانکردووە. ساڵی ١٩٦١ کۆچیدواییکردووە و لە زێدی خۆی بەخاکسپێرراوە.

ڕاپەڕینی ئێناخییەکان

لە سەرەتای هاتنی پەهلەویدا ڕوویداوە. لە ئەنجامی دەستگیرکردنی ١٤ کەس و لە سێدارەدانی بەکر غەفار بەگ، عەلی ڕۆستەم بەگ لە نەوسوود و حەسەن فەتاح بەگ لە تاران لە ساڵی ١٩٢٩، بە سەرکرایەتی ئاغەبەگی ئێناخی، کە بە ئاغەشەڕ ناسراوە، دژی حکومەتی ڕەزاشا، ڕاپەڕیون. سەرهەنگ ئەحمەدخانی زەهاوی سەر بە گاردی تایبەتی شا، لە هیروێ دەکوژێت و دەبێتە مایەی ڕاپەڕینی خێڵەکوردەکانی پاوە، جوانڕۆ، هەورامانی لهۆن و تەخت، لە چەند ڕوبەڕووبوونەوەدا هێرشەکانی حکومەت تێکدەشکێنن و ٧٥ ئەفسەری پلەدار دەکوژن. حکومەت لەڕێی سیخوڕەکانییەوە، لە هەوڵی دەسگیرکردن و کوشتنی ڕابەری ڕاپەڕینەکەدا دەبێت. بە سیخوڕەکان دەزانێت و چەند دانەیەکیان لێدەکوژێت. ڕاپەڕینەکە لە ئەنجامی دانوستان و غافڵگیری ڕابەرەکەیدا بە ئەنجامناگات و دادەمرکێتەوە.

ڕاپەڕينى ١٣ی ٥ی ١٩٨٧ى هەڵەبجە

پاش ئەوەی حکومەت ئاگاداری ئەو گوندانەی شارەزووری کردەوه،‌ کە هەتا مانگی مایسی ١٩٨٧ ئەو کاتانە ڕانەگوێزرابوون، لە ڕۆژی ١٠ی ٥ی ١٩٨٧ هێزێکی سەربازی و جاشی لە سەربازگەکانی: هەڵەبجە، سەیدسادق‌ و سیروان کۆکردەوە‌ و بۆ ڕۆژی دواتر پەلاماری گوندەکانی دەشتی شارەزووری دا‌. ٥٢ گوند بەرەو هەڵەبجە‌ و سەیدسادق ڕاگوێزران‌ و خانو، ڕەز‌ و باخ ‌و کانیاوەکان لەدەست خاوەنەکانیان دەرهێنراوە. دانیشتوانی شاری هەڵەبجە ڕووی لە زیادبوون کردووە، کە بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧، کۆی گشتیی دانیشتوان ٩١٩٣٩ کەس بوون، بەڵام بەپێی سەرژمێریی ١٩٨٧ ڕێژەکەی بوو بە ١١٥٢٩٩ کەس. بەپێی بڕیارێکی (عەلی حەسەن مەجید)یش ئەوەی لەو سەرژمێرییەدا ناوی تۆمارنەکرابێت، مافی هاوڵاتیبوونی لەدەستداوە. شەوی ١٢و١٣ی ٥ی ١٩٨٧ دەستەیەک لە پێشمەرگه به ‌سوودوەرگرتن لە بڵندگۆی مزگەوتی گەورە (جاميعە)ی شار، بانگەوازی ئەوەیان بڵاوکردەوه،‌ کە بۆ بەیانی خۆپیشاندان‌ و مانگرتن سازبکەن. خۆپیشاندان لە گەڕەکەکانى (کانيیەقوڵکه)‌ و (کانیعاشقان)ەوە دەستیپێکرد و ژمارەیەک لە چەکداری سەر بە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تێکەڵ بە خۆپیشاندانەکە بوون‌. هەمان ڕۆژ دانیشتوانی (سیروان‌، خورماڵ ‌و سەیدسادق)یش ڕاپەڕین. ڕژێم بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزايەتیى خۆپیشاندانەکان، هێزێکی زۆری ڕەوانەی ناوچەکە کردووە و گەڕەکەکانی (گوڵان‌، کانیعاشقان‌، مۆردانە)ی بۆردومانکردووه،‌ بە‌و هۆیەوە ٥٢ هاوڵاتی شەهيد ‌و برینداربوون. زۆربەى بریندارەکان لە نەخۆشخانەى عەنەب دەستبەسەرکران، ڕۆژی دواتر لە پشت گوندی (بامۆک)ی نزیک هەڵەبجە، شەهیدکران. هەمانکات لە هەڵمەتێکی ڕەشبگیری دەستیپێکرد‌. ڕۆژی ١٤ی ٥ی ١٩٨٧ هەر لەسەر فەرمانی عەلی حەسەن مەجید هەردوو گەڕەکی کانیعاشقان و مۆردانە خاپورکراون، بەوهۆيەوە هەزاران کەس لە دانیشتوانی سنوری هەڵەبجە، ئاوارەی ئێران بوون.

ڕاگواستنی گوندى ڕووداو

لە بەرەبەیانی ڕۆژێکی مانگی ٩ی ساڵی ١٩٨٥دا، جاش و جەیشی عێراقی بە چوار زرێپۆش و ئەفسەرێکی پلەباڵاوە، ئاگاداری گوند دەکەن و ٤ ڕۆژ مۆڵەت دەدەنە خەڵکەکە بۆ گواستنەوەیان بۆ خورماڵ. دوای چۆڵکردنی، فەوجێکی سەربازی جێگیردەکەن و ماڵەکان تەختدەکەن. شوێنەکەش کرایە ناوچەی قەدەغەکراو. ئەو کاتە گوندەکە ١٨٠ ماڵ بووە.

زیاتر بزانە
ئەحمەدئاوا

ڕاگواستنى گوندەکانى بنارى سورێن

لە پایيزی ساڵی ١٩٧٨ گوندەکانی (بنارى سورێن) لە سنورى (شارۆچکەى خورماڵ) لەلایەن حکومەتەوە و لە چوارچێوەی ڕاگواستنی گوندە سنورییەکانی ناوچەکەدا، کەوتنە بەر هەڵمەتی ڕاگواستن بۆ سیروان و خورماڵ و سیدساق. مزگەوت و بینا و زۆربەی ماڵەکان تەقێنرانەوه و شوێنەکەش کرایە ناوچەی قەدەغەکراو: ١- گوندى بانیشار: ئەو کات ١٢٥ ماڵ بووە، خەڵکەکەیان بەرەو ئۆردوگاى (شانەدەرى) لە نزیک (سەیدسادق) ڕاگواست. ٢- گوندی عامووره: ئەوکات نزیکەی ٦٠ ماڵ بووە، بەرەو هەردوو ئۆردوگای زۆرەملێی (خورماڵ و شانەدەری) ڕاگوێزراون‌. ٣- گوندی میریسوور: لە ٢٩ی ٩ی ١٩٧٨ بەرەو ئۆردوگای (شانەدەری) ڕاگوێزراوە. ٤- گوندی دەرەگوڵان: ئەوکات ٣٧ ماڵ بووە، بەرەو ئۆردوگای (شانەدەری) ڕاگوێزراوە. ٥- گوندی ڕیشێن: خەڵکەکەی بەرەو ئۆردوگای (شانەدەری) ڕاگوێزراوە. ٦- گوندی گوڵەخانە: ئەو کات ٤٥ ماڵ بووە، بەرەو ئۆردوگای (شانەدەری) و شارۆچکەی (سیروان) ڕاگوێزراوە. ٧- گوندەکانى (عەلیاوا و قوڵخورد)، کە هەریەکەیان ١٢ ماڵ بووە، نەچوونەتە ئۆردوگا و لە شارۆچکەی (سەیدسادق) نیشتەجێبوون. ٨- گوندى بانیبنۆک: ئەو کات ٧٠ ماڵ بووە، بەرە و ئۆردوگای (شانەدەری) ڕاگوێزراوە. ٩- گوندی بەردەبەل: ئەو کات ٣٠ ماڵ بووە، لە ٢٨ی ١٠ی ١٩٧٨ ڕاگوێزراوە. ١٠- گوندی نەوێ: ئەو کات ١٢٠ ماڵ بووە، لە ٢٩ی ١٠ی ١٩٧٨ بەرەو ئۆردوگای (شانەدەری) ڕاگوێزراوە. ١١- گوندی تازەدێى سەروو: ئەوکات ١٦ ماڵ بووه، بەرەو ئۆردوگاى زۆرەملێى (شانەدەرى) ڕاگوێزراوە‌. ١٢- گوندی کانى ئاسکان: ئەوکات ٣٠ ماڵ بووه، بەرەو ئۆردوگاى زۆرەملێى (شانەدەرى) ڕاگوێزراوە‌. ١٣- گوندی قەڵبەزە: ئەوکات ١٨ ماڵ بووە، لە ٣ی ١١ی ١٩٧٨ بەرەو ئۆردوگاى زۆرەملێى (شانەدەرى) ڕاگوێزراوە‌.

ڕاگواستنى گوندەکانى ڕووداو

لە ١٣ی ٥ى ١٩٨٧ گوندەکانى (تەپەزێڕینە، قەدەفەرى، قاجر، تەپەسەرەقوڵە، کشەیەرى) لە دژی ڕاگواستنی گوندەکانیان خۆپیشاندانیانکردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە و لە لایەن حکومەتەوە و لە چوارچێوەی ڕاگواستنی گوندەکانی شارەزووردا، به ‌بیانوی شەڕ لەگەڵ پێشمەرگە و نزیکییان لە سنورەوه،‌‌ کەوتنەبەر هەڵمەتی ڕاگواستن و مزگەوت و بینا و زۆربەی ماڵەکان تەقێنرانەوه و شوێنەکەش کرایە ناوچەی قەدەغەکراو: ١- گوندى تەپەزێڕینە: لەوکاتەدا ٦٠ ماڵ بووە. ٢- گوندى قەدەفەرى: لەوکاتەدا ٨٠ ماڵ بووە. ٣- گوندى قاجر: کە لەوکاتەدا ٣٢ ماڵ بووه. ٤- گوندى تەپەسەرەقوڵە: لەوکاتەدا ٤٥ ماڵ بووە. ٥- گوندى کشەیەرى: لەوکاتەدا ٤٠ ماڵ بووە.

زیاتر بزانە
تەپەزێڕینە، قەدەفەرى، قاجر، تەپەسەرەقوڵە، کشەیەرى

ڕاگواستنى گوندەکانى ڕووداو

لە سەرەتای مانگی ٩ی ١٩٧٨ گوندەکانی (دەرەشیشى سەروو و دەرەشیشى خواروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) لە لایەن حکومەتەوە و لە چوارچێوەی ڕاگواستنی گوندە سنورییەکاندا کەوتوونەتە‌ بەر هەڵمەتی ڕاگواستن و مزگەوت و بینا و زۆربەی ماڵەکانیان تەقێنرانەوه و شوێنەکەش کرایە ناوچەی قەدەغەکراو: ١- گوندى دەرەشیشى سەروو: لەوکاتەدا ٨٠ ماڵ بووە، بەرەو ئۆردوگاى (زەمەقى) ڕاگوێزراوە و هەندێکیشیان بۆ ناوشارى (هەڵەبجە) و گوندى (عەنەب) ڕۆیشتوون. ٢- گوندى دەرەشیشى خواروو: لەوکاتەدا ٣٠ ماڵ بووە، بەرەو ئۆردوگاى (زەمەقى) ڕاگوێزراوە و هەندێکیشیان بۆ ناوشارى (هەڵەبجە) و گوندى (عەنەب) ڕۆیشتوون.

زیاتر بزانە
دەرەشیشى سەروو، دەرەشیشى خواروو

ڕاگواستنى گوندەکانى ( هانەیدن، سەرگەت، دەریمەڕ) ڕووداو

‌ساڵی ١٩٧٨ گوندەکانى (هانەیدن و سەرگەت)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لە لایەن حکومەتەوە و لە چوارچێوەی پڕۆسەی ڕاگواستنی گوندە سنورییەکاندا کەوتوونەتە بەر هەڵمەتی ڕاگواستن و مزگەوت و بینا و زۆربەی ماڵەکانیان تەقێنراوەتە‌وه و شوێنەکەش کرایە ناوچەی قەدەغەکراو: ١- گوندى سەرگەت: ئەوکات ١٦٥ ماڵ بووە، لە ١٦ى ٩ ١٩٧٨ ڕاگوێزراوە. ٢- گوندى هانەیدن: ئەوکات ١٢٠ ماڵ بووە، لە ٢٠ی ٩ی ١٩٧٨ ڕاگوێزراوە.

ڕاگواستنی گوندەکانى (یاڵانپێ، تەکییه) (ڕووداو)‌

‌لە مانگی ئەیلولی ١٩٧٨ گوندەکانى (یاڵانپێ و تەکییە)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ) لە لایەن حکومەتەوە و لە چوارچێوەی ڕاگواستنی گوندە سنورییەکاندا کەوتوونەتە بەر هەڵمەتی ڕاگواستن و مزگەوت و بینا و زۆربەی ماڵەکان تەقێنرانەوه و شوێنەکەش کرایە ناوچەی قەدەغەکراو: ١- گوندى تەکیـە: ئەو‌کـات ١٢ مـاڵ بووە، بـەرەو ئۆردوگـای (خورمـاڵ) ڕاگوێزراوە. ٢- گوندى یاڵانپێ: ئـەوکات ٢٢٠ مـاڵ بـووە، بەرەو ئۆردوگای (خورماڵ) ڕاگوێزراوە.

ڕاگواستنى گوندى ئاوایی ڕۆستەم بەگ

ڕۆژی‌ ٧ی ١ی ١٩٨٥ خەڵکى گوندی ئاوایی ڕۆستەم بەگ لە لایەن حکومەتى ئەو کاتەى عێراق بۆ خورماڵ و هەڵەبجە و چەند شوێنێکی تر ڕاگوێزران، کە ئەوکاتە ٥٤ ماڵ بوون و خانوەکانیان ڕووخێنران، دواى ساڵێک لە ئاوارەیی، گەڕانەوە گوندەکە. لەگەڵ ئەم گوندە گوندەکانی (ئەحمەدئاوا و شیرەمەڕ) ڕاگوێزران.

ڕاگواستنی گوندی بەڵخە

داگرتن و ڕاگواستنی زۆرەملێی گوندی بەڵخەیە، لە درێژەی شاڵاوی ڕاگواستنی گوندەکانی سەرسنور لەلایەن ڕژیمی بەعسەوە جێبەجێکراوە. ڕۆژی ٢٩ی ٨ی ١٩٧٨ زیل و ئیڤاکانی ڕژێم بە سەربازەکانیانەوە دەوری گوندی بەڵخەیان داوە و خەڵکەکەیان بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێکانی عەنەب و زەمەقی و سیروان گواستەوە و خانوبەرە و بیناکانی گوندەکەیان ڕوخاندووە و ناوچەکەیان کراوەتە خاکی قەدەغەکراو، بە تایبەتی لە دوای ساڵی ١٩٨١.

ڕاگواستنی گوندی بنجۆی دڕە

لە ٢٥ی ٨ی ١٩٧٨ لە درێژەی ڕاگواستنی گوندەکانی سەرسنور‌ لە لایەن حکومەتەوه،‌ بە شەش مودەرەعە، دوو شۆڤڵ و هەشت ئیڤا و لیژنەیەکی سەربازی، لە سەیدسادقەوە هاتوون، خەڵکی گوندەکەیان ڕاگواستووە.

پێشتر 1 2 3 4
...
48 دواتر