بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
لە کۆتایی مانگی ئابی ساڵی ١٩٧٤ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گوندی گمە بۆردومانکراوە. لەوکاتەدا دانیشتوانی گوندەکە لە هاوینەهەواری (زریسکی) لەژێر کەپردا بوون. لە ئەنجامدا (حەیات محەممەد کاکەوەیس، عایشە عەباس کاکەوەیس، پەروین ئەحمەد محەممەد) شەهیدبوون و دوو براو خوشکێکیش برینداربوون و بۆ چارەسەر براون بۆ شاری کرماشان لە ئێران. دوای بۆردومانەکە دانیشتوانی گوندەکە ڕوویان لە خۆرهەڵاتی کوردستان کردووە و ئاوارەی گوندەکانی (شێخ سێڵە، دڕێمی، ئەشکێ، ڕەجەوی و ...هتد) بوون.
بەهۆی ئەوەی بارەگای پێشمەرگەکانی شۆڕش لە قەڵای سەنگی سیاو بووە و لەوێوە تەقە لە فڕۆکەکانی حکومەت کراوە، لە مانگی حوزەیرانی ١٩٦٣ ژمارەیەک فڕۆکە بۆردومانی گوندەکەیان کردووە و سێ ژن بە ناوەکانی (ماما خاسێ، خاوەر "خێزانی حەمەی ڕەحیم" و ئایشێی حاجی عارف) شەهیدبوون و ژمارەیەکی زۆرتریش برینداربوون و بۆ چارەسەر ڕەوانەی خۆرهەڵاتی کوردستان کراون. خەڵکی گوندەکە بۆ خۆحەشاردان چوونەتە ئەشکەوتەکان.
ساڵی ١٩٦١ لەکاتی هێرشی ڕژێمی (عەبدولکەریم قاسم) بۆ سەر کوردستان، بە فڕۆکە گوندی (هانەیدن)ی سەر به شارۆچکەی (بیارە) بۆردومانکراوە و هاوڵاتییەک بریندار بووە و ژمارەیەکیش لە کەپر و ماڵی دانیشتوانەکەی گوندەکە سوتاون و خەڵکەکەشی بۆ ماوەی چەند مانگێک ئاوارەی گوندەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بوون.
ساڵی ١٩٦٢ بە پاساوی بوونی پێشمەرگه لەناو گوندەکەدا، حکومەت بە فڕۆکە هێرشیکردووەتە سەر گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)؛ لەئەنجامدا (محەممەد فەتاح سەیدە، مەولوود ڕۆستەم مەحموود، ڕەمەزان ڕۆستەم مەحموود، فاتمە مەولوود ڕۆستەم، پەریزاد سەیدە بەگ) شەهیدبوون و دوو کەسیش برینداربوون و دانیشتوانی گوندەکەش بۆ ماوەی چەند مانگێک گوندەکەیان چۆڵکردووەوە و ڕوویان لە خۆرهەڵاتی کوردستان کردووە.
ساڵی ١٩٦٣ لە کاتی هێرشی لیوای بیستی سوپای عێراق بە فەرماندەیی (زەعیم سدیق) بۆ سەر شارەزوور و هەڵەبجە و هەورامان، گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) بۆردومانکراوە و لە ئەنجامدا حەوت ماڵ سوتاوە و دانیشتوانەکەشی ئاوارەی شاخی مڵەخورد بوون.
لە کۆتای ساڵی ١٩١٩ پاش شەڕەکەی گوندی (ئاوایی ڕۆستەم بەگی)ی نزیک شارۆچکەی (خورماڵ) و کوشتنی کاپتن (فیتزگيبۆن)، وەڵەدبەگییەکانی گوندی ئاوایی ڕۆستەم بەگ لە ترسی هێرشی ئاسمانیی ئینگلیز بۆ سەر گوندەکەیان پەنایان بۆ گوندەکانی دزڵی و زەڵم و یاڵانپی بردووە. بەو هۆیەوە گوندی یاڵانپێ بەر هێرشی فرۆکەی ئینگلیز کەوتووە و ئافرەتێک بەناوی (نازارێ) و کچێکی (حەمەی کەریم) و پیاوێکی ڕووسی بەناوی (عەلی گەڕووسی) و دوو هاوڵاتی تریش شەهیدبوون.
ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق)ی ئامر لیوای بیستی سوپای حکومەت، هێرشیکردووەتە سەر شارەزوور و هەڵەبجه و هەورامان. سەرەتا گوندی (یاڵانپێ) بەر هێرش نەکەوتووە و بە هەوڵی پیاوماقوڵانی گوند و بە ناوبژیوانی (شێخ ئەحمەدی شێخ محەممەدی شێخ حیسامەدین نەقشبەندی)، کە ناسراوە بە شێخ ئەحمەدی هەڵەبجه، ڕێکەوتن کراوە، بەڵام دواتر بەر هێرش کەوتووە و دانیشتوانی گوندەکە بۆ ماوەی چوار مانگ ئاوارەی شاخەکانی خۆرنەوزان و هەورامان بوون.
ساڵی ٢٠٠٣ لەکاتی پڕۆسەی ئازادکردنی ناوچەی (هەورامان) بەهۆی ئەوەی بارەگای گروپی (جوندلئیسلام) لە گوندی (هانەیدن)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە)بووە، بە فڕۆکەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بۆردومانکراوە. بەو هۆیەشەوە دانیشتوانەکەی بۆ ماوەی ساڵێک ئاوارەی خورماڵ و هەڵەبجە بوون.
دواى شکستی گفتوگۆی نێوان بزووتنەوەى ڕزگاريخوازى کورد و حکومەتى عێراقى لە ساڵى ١٩٧٤ شەڕ دەستیپێکردەوە. حکومەت لە (هەڵەبجه) پاشەکشەیکرد و شارەکە کەوتە دەست هێزی پێشمەرگە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئاوارەی شوێنەکانی تر، ڕوویانتێکرد. ڕۆژی ٢٦ی ٤ی ئەو ساڵە کاتژمێر چوار و نیوی پاشنیوەڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی حکومەت، بە هەردوو بۆمبی هێشوویی و ناپاڵم، بۆردومانی هەڵەبجەیان کرد، بەو هۆیەوە ٥٢ هاوڵاتی شەهید و دەیانی تریش برینداربوون. هاوکات، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانیش ئاوارەبوون و بەشێکیشیان چوونە ئێران. چەند ڕۆژێک دواتر گوندی (سەراو)ی ناوچەی نەوڕۆڵیش بە فڕۆکه هێرشیکرایەسەر و هەشت هاوڵاتی شەهید و سێ کەسیش برینداربوون. نزیکەی ساڵێک زۆربەی خەڵکی لە ترسی دووبارەبوونەوەی بۆردومان نەگەڕانەوە بۆ شارەکە.
کارەساتێکی سەردەمی جەنگی نێوان (ئێران - عێراق)ـە. ڕۆژی ٦ی ٨ی ١٩٨٦ ئێران شارۆچکەی (سیروان)ی بۆردومانکرد. یەکێک لە تۆپەکان بەر بینایەکی گەورەی دوو نھۆمی کەوت، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی گوندەکانی دەوروبەری خورماڵی تێدا دەژیان، جگە لە دانیشتوانەکەی ناوی، ژمارەیەک لە خەڵکانی دەوروپشتی بۆ خۆپاراستن پەنایان بۆ بردبوو. ئەوەشی، کە کارەساتەکەی زۆرتر کرد، گڕگرتنی ئەو بەرمیلە نەوتەبوو، کە پارچەی بەرکەوتبوو. لە ئەنجامدا ٧٤ هاوڵاتی گیانیانلەدەستدا و ١٤٠ کەسیش برینداربوون و تەواوی بیناکە سوتا. ئەم کارەساتە لەلایەن عێراقەوە بە دۆکۆمێنت ڕادەستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرا.
ئەو هاوڵاتییانەن، کە لە کیمیابارانکردنی ساڵی ١٩٨٨ی هەڵەبجەدا، تەواوی کەسوکارەکانیان لە دەستداوە و بە تەنیا ماونەتەوە: ١- ئاراس عابد ئەکرەم: ساڵی ١٩٦٦ لەدایکبووە. ١٢ ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، دایک و باوک و چوار برا و شەش خوشک. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ٢- ئەکرەم محەممەد مەحموود: ساڵی ١٩٧٧ لەدایکبووە. پیشەی فەرمانبەرە، دانیشتووی شاری ھەڵەبجەیە. پێنج کەسی خێزانەکەی شەھید بوون، دایک و باوک و سێ برا. ژیانی ھاوسەریی پێکنەهێناوە. ٣- ئیکرام کەریم حەمەئەمین: ساڵی ١٩٦٥ لەدایکبووە. دانیشتووی سلێمانییە. چوار ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون. دایک و دوو برا و خوشکێکی شەھید بوون. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ٤- زەمزەم عەبدولکەریم حامید: ساڵی ١٩٨٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. نیشتەجێی شارۆچکەی دەربەندیخانە. چوار ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، دایک و باوک و خوشک و برایەک. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ٥- خەرمان ئیسماعیل: ساڵی ١٩٨٧ لەدایکبووە. ئێستە فەرمانبەرە، دانیشتووی خانەقینە. چوار ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و خوشکێک و دوو برا. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. ٦- ئالان توفیق: ساڵی ١٩٨٧ لەدایکبووە. پیشەی کاسبە و دانیشتووی ھەڵەبجەیە. حەوت ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و پێنج خوشک و برا. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە. ٧- ئیدریس عەبدولقادر مستەفا: ساڵی ١٩٧٢ لەدایکبووە. پیشەی ئەفسەرە. دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە. هەشت ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و پێنج خوشک و برایەک. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ٨- سوعاد حەسەن محەممەد: ساڵی ١٩٥٣ لەدایکبووە. کابانی ماڵە، ئێستە نیشتەجێی سلێمانین، گەڕەکی سەرچنار، پێنج ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و دوو خوشک و برایەک. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. ٩- تاھیر کەریم عەلی: ساڵی ١٩٦٤ لەدایکبووە. پیشەی کاسبە، پێشتر و ئیستاش دانیشتووی شاری ھەڵەبجەیە. هەشت ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و سێ برا و سێ خوشک. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. ١٠- مزەفەر ئەسکەندەر عەبدوڵا: ساڵی ١٩٧٨ لەدایکبووە. کاسبە، ئێستە دانیشتووی ناحیەی خورماڵە. شەش ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و دوو خوشک و دوو برا. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ١١- شایستە نەریمان مستەفا: ساڵی ١٩٨٣ لەدایکبووە. مامۆستایە و دانیشتووی شاری ھەڵەبجەیە. پێنج ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و خوشکێک و دوو برا. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ١٢- بەیان حەسەن حسێن: ساڵی ١٩٧٩ لەدایکبووە. کابانی ماڵە. دانیشتووی شاری ھەڵەبجەیە. پێنج ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و دوو برا و خوشکێک. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. ١٣- سەروەر جەمال ڕەشید: ساڵی ١٩٦٩ لەدایکبووە. پیشەی کاسبە و دانیشتووی گەڕەکی جوولەکان بووە. ئێستا نیشتەجێی شاری سلێمانییە. دە ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و پێنج برا و سێ خوشک، ساڵی ٢٠٠٥ ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. ١٤- کامەران نەورۆز حەیدەر: ساڵی ١٩٧٦ لەدایکبووە. دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایە. حەوت ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و چوار برا و خوشکێک، ساڵی ٢٠٠٢ ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ١٥- سەبیحە مەحموود سەعید: ساڵی ١٩٥٠ لەدایکبووە. کابانی ماڵە، ئێستە دانیشتووی شاری کەرکوکە. سێ ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و خوشکێک. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ھەشت منداڵە. ١٦- نەسرین عەبدولقادر عەبدوڵا: ساڵی ١٩٦٤ لەدایکبووە. پیشەی کابانی ماڵە، دانیشتووی ھەڵەبجەیە. پێنج ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و دوو برا و خوشکێک. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ١٧- یادگار سەعید: ساڵی ١٩٧٠ لەدایکبووە. کاسبە، دانیشتووی ھەڵەبجە- شەھیدانە، نۆ ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و شەش برا و خوشکێک. ١٩٩١ ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ١٨- نیھایەت محەممەد ئەمین: ساڵی ١٩٥٣ لەدایکبووە. کابانی ماڵە، دانیشتووی سلێمانییە. چوار ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، دایک و خوشکێک و دوو برا. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ١٩- ھونەر محەممەد ڕەشید: ساڵی ١٩٨٠ لەدایکبووە. ئاسایشە، دانیشتووی ھەڵەبجەیە. شەش ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و دوو خوشک و دوو برا. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ٢٠- خانم ئەحمەد محەممەد: ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە. فەرمانبەرە و دانیشتووە ھەڵەبجەیە لە گەڕەکی کیمیاباران. حەوت ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و چوار خوشک و برایەک. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ٢١- زینە حەیدەر عومەر: ساڵی ١٩٥١ لەدایکبووە. کابانی ماڵە و دانیشتووی شاری ھەڵەبجەیە. دوو ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوکی و خوشکی. ساڵی ١٩٦٩ ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دە منداڵە. ٢٢- ئەکرەم بارام تۆفیق: ساڵی ١٩٨٠ لەدایکبووە. ڕاگەیاندکارە و دانیشتووی شاری ھەڵەبجە- فەرمانبەرانە. دوو ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک. ژیانی ھاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ٢٣- تەلیعە محەممەد فەرەج: ساڵی ١٩٥٤ لەدایکبووە. کابانی ماڵە و دانیشتووی گوندی (مەلاوەیس)ی سەر بە شارۆچکەی خورماڵە. حەوت ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و سێ برا و دوو خوشک، ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵن. ٢٤- ڕەنجدەر عەلی سەعید: ساڵی ١٩٨٥ لەدایکبووە. پیشەی کاسبە و دانیشتووی ھەڵەبجەیە. حەوت ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و چوار خوشک و برایەک. سەڵتە و ھاوسەرگیریی نەکردووە. ٢٥- دڵشاد محێدین محەممەد: ساڵی ١٩٦٥ لەدایکبووە. پیشەی کاسبە و ئێستە دانیشتووی وڵاتی سویدە. چوار ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و دوو خوشک، ساڵی ١٩٨٧ ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ٢٦- شادان ھیوا محەممەد: ساڵی ١٩٧٨ لەدایکبووە. پیشەی مامۆستایە و دانیشتووی وڵاتی نەرویجە. پێنج ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و دوو براو خوشکێک، ساڵی ١٩٩٩ ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ٢٧- ئیسماعیل ئیبراھیم مەجید: ساڵی ١٩٧٣ لەدایکبووە. پیشەی کاسبە و دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایە. حەوت ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، باوک و دایک و دوو خوشک و سێ برا، ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵن. ٢٨- فەریدە حەمەسەعید محەممەد: ساڵی ١٩٦٤ لەدایکبووە. کابانی ماڵە و دانیشتووی سلێمانییە. پێنج ئەندامی خێزانەکەی شەھید بوون، ساڵی ١٩٨٠ ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ٢٩- محەممەد عەلی محەممەد ئەمین: ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە. پیشەی کاسبە و دانیشتووی دەربەندیخانە. چوار ئەندامی خێزانەکەی ئەنفال کراون، باوک و خوشک و دوو برا، ساڵی ١٩٩٥ ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵن. ٣٠- عومەر سڵێمان قادر: ساڵی ١٩٧٩ لەدایکبووە. پیشەی فەرمانبەرە و دانیشتووی ھەڵەبجەیە. نۆ ئەندامی خێزانەکەی ئەنفال کراون، باوک و دایک و دوو خوشک و پێنج برا، ساڵی ٢٠٠٦ ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. ٣١- فەرید عەبدوڵا عەزیز: ساڵی ١٩٦٤ لەدایکبووە. پیشەی کاسبە و دانیشتووی ھەڵەبجەیە. ١٢ ئەندامی خێزانەکەی ئەنفال کراون، باوک و دایک و چوار خوشک و شەش برا، ساڵی ١٩٨٥ ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە.
کەوتووەتە شارەدێی (تەوێڵە)، موڵکی شۆڕش بووە و وەک گەنجینە و فرۆشگا بەکارهێنراوە. لە کاتی نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، فرۆشگای شۆڕش لە شارەدێی تەوێڵە، دەرگای خراوەتەسەرپشت بو ئەوەی هەرچی تێدا بووه، بە تاڵان ببرێت و نەکەوێتە دەستی حکومەت. کۆگاکە کەوتووەتە گەراجی هاوبەشی حاجی ئەڵڵاکەرەم و ئەوڕەحمانی موڵکی. (هیوای جەلال حەمدی سلێمانەیی) لێپرسراوی بووە. لەبەر کردنەوەی مەرزی شۆشمێ لەو کاتەدا، سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بووە بۆ شۆڕش. بەسەدان تەن پێداویستی و خواردن و ٤٠ هەزار دیناری سویسری و سێ هەزار کارتۆن جگەرە و خۆراک و پۆشاک و ڕادیۆ و شـتی بـەنرخی تێدابووە.
بردنی هەموو ئەو چەک و کەلوپەلە سەربازییانەی ڕژێمە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە، ئەمەیش لە دوای داگیرکردنی هەڵەبجە لە ڕۆژی ١٥ی ٣ی ١٩٨٨دا، هەتا ڕێکەوتی کشانەوەی وەک دەستکەوتی جەنگ دەستیبەسەرداگرتن. لە پاڵ ئەوەشدا تەواوی کەلوپەل و ئامێرە خزمەتگوزارییەکانی فەرمانگە حکومییەکانی هەڵەبجە و دەوروبەری بران بۆ ئێران، لەوانە: کارگەی پوختەکردنی توتن بە کەلوپەل و ئامێر و توتنی عەمبارکراوەوە، کەلوپەل و ئامێر و ئۆتۆمبێلی ١١ فەرمانگەی مەدەنی وەک نەخۆشخانەکان، بەرید و گواستنەوە، کارەبا، کشتوکاڵ و شارەوانی و وێستگەی سەرەکیی کارەبای هەڵەبجە و کتێبخانەی گشتیی هەڵەبجە ... هتد
شەڕێکە لە نێوان خانەکانی دزڵی و شامیان و سانەکانی لهۆن. لەسەر حوکمداری و وەرگرتنی باج و خەراج و کۆمەڵێکک شاخی ژێردەستیان. لە سنوری هەورامانی بەشی باشور دوو دەسەڵاتی جیاواز بوونیان هەبووە، (سانەکانی لهۆن) و (خانەکانی دزڵی و شامیان). ئاوی زەڵمی جۆگەی دەلێن، سنوری جیاکردنەوەی دەسەڵاتیان بووە. خۆرهەڵاتی زەڵم بۆ سانەکان بووە و خۆرئاوای بۆ خانەکان. سەرەتای ناکۆکییەکە لەوەوە دەستپێدەکات، عوسمان پاشای جاف، عەبدوڵا ئاغای تەوێڵە بۆ کۆکردنەوەی باج و خەراج بۆ ناوچەکانی بەرزنجە دەنێرێت، بە هەمان دەستور مەحموود خانیش (مەجید بەگی ئامۆزای - وەرگەبۆر) بۆ هەمان مەبەست دەنێرێت. لە نێوانیاندا دەمەقاڵێ ڕوودەدات و بەشەڕە تەقە دەگات و هەشت کەس دەکوژرێت و نوێنەری خان بۆ دزڵی دەگەڕێتەوە. لەشکرێکی گەورە بۆ سەر هەورامانی لهۆن ڕێکدەخات. لهۆنییەکانیش بە سەرکردایەتیی جافر سان و عوسمان پاشای جاف، بۆ بەرگریکردن، لەشکرێک ئامادەدەکەن. لە نزیک (تەپی تلەوەر)ی لای گوڵپ شەڕ ڕوودەدات و لە هەردوولا خەڵکێکی زۆر دەکوژرێن و لەشکری خان بەرەو دزڵی دەگەڕێتەوە. جارێکی تر خۆیان ڕێکدەخەنەوە و لە ڕێگەی هانەگەرمڵەوە پەلاماری قوڵایی لهۆن دەدەن. لهۆنییەکان لە سەنگەردا کەمینیان بۆ دادەنێن و ژمارەیەک دەکوژرێن لەوانە: مەجید بەگی ئامۆزای مەحموودخانی دزڵی، کە تەرمەکەی دێننەوە سەر حەوزی خانەقای بیارە.
ڕووداوێکی سروشتییە. بارینی تەرزەیەکی زۆری پێشبینینەکراو بووە. لە شەوی پێنجشەممەی ٧ی ٩ی ١٩٦٥، کە ترس و نیگەرانی لێکەوتووەتەوە و زیانی لە هەندێک بەروبووم داوە. مەلا حەمەمین ناسراو بە حاجی مامۆستا لە بەرگی قورئانە دێرینەکەی مزگەوتی باساکا، بارینەکەی تۆمار کردووە و بووەتە مێژووی بۆ ناسینەوە و ناونیشان لای خەڵکی.
ڕوداوێکە بەسەر زمانی خەڵکی ناوچەی خورماڵ و هەورامانەوە، لەگەرمەی حوکمڕانی سوڵتان عبدالحمیدی دووەم(١٨٤٨-١٩١٨) و زیادکردنی باجوسەرانە بۆ بەرهەمەکانی باخ و بەخێوکردنی ماڵات و تەنانەت هەندێک پیشەی سادەش، سێ کەسی زمانزان (فەقێ قادری بەڵخەیی و حەمەیوسف تەوێڵەیی و کەسی سێیەم، کە ناوی نەزانراوە)، پێشتر لە سوپای عوسمانیدا فێری تورکی بوون، سەفەردەکەن. پاش ڕەنجیکی زۆر، دەتوانن سوڵتان ببینن. مریشکێک دەکڕن و بە زیندوویی پەڕیان کەندووە و لەبەردەم سوڵتان دەریانهێناوە، وتویانە ئەمە خەڵکی وڵاتی گوڵعەنبەری بە پیت و بەرەکەتە، ئێمە بە دەست ستەمی کاربەدەستانی ئێوەوە وەک ئەم مریشکە ئاوەڕووتکراوین. سوڵتان فەرمانی گۆڕنی کاربەدەستانی گوڵعەنبەر دەدات. سەفەرەکەیان ساڵێکی خایاندووە.
دوای چالاکییەکی سەرکەوتووی هێزی پێشمەرگە لە سنوری خورماڵ ساڵی ١٩٦٤، هێزێکی سوپای عێراق بە سەرۆکایەتیی زەعیم سدیق بەمەبەستی تۆڵەکردنەوه، دەڕۆنە ناوچەکە، خەڵکەکە بەرەو گوندی (هانەگەرمڵە) دەڕۆن و هەندێکیشیان ڕوو لە بەرزاییەکانی نارنجڵە دەکەن.
ساڵی ١٩٨٦ به بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگە، حکومەت زۆربەی خانوەکانی هەردوو گوندى (تەپى سەفاى خواروو، تەپى سەفاى سەروو) ڕووخاندووە و خەڵکەکەی ناچارکردووە، کە بچنە سەر کێڵگەکانیان بمێننەوە.
لە مانگی تەمموزی ساڵى ١٩٨٢ لەکاتێکدا دوو هێليکۆپتەری سەربازی بە ئاسمانى گوندى (ئيمامى زامن)دا تێپەڕیون، يەکێک لە گوندنشينان بەناوى (محەممەد حەسەن شوکر)ی ناسراو بە (حەمەشوتە)، بە چەکى ئاربيکە (RBK)، تەقەی لێکردوون، لە ئەنجامدا يەکێکيانی پێکاوە و لە چەمى کاگردەڵ، کە گوندێکى نزيکى ئيمامى زامنه، کەوتووەتە خوارەوە. ناوبراو لەبەر پاراستنى خەڵکى گوندەکە، گوندەکە جێدەهێڵێت و دەچێتە (توونى حاجى عەلى)، کە لەوبەرى دەرياچەى دەربەنديخانەوەيە. دەوترێت دوای ماوەيەک مانەوەى لەو جێگايەش، جارێکى ديکە فڕۆکەيەکى ديکە دەخاتە خوارەوە و خۆشى بريندار دەبێت، پاشان هەڵدێت بۆ وڵاتى ئێران و لە شارى جوانڕۆ نيشتەجێدەبێت و هەر بەو هۆيەوە لەو وڵاتە ڕێزى لێنراوە و وەک پاڵەوانى جەنگ ناسراوە. دواتر هەر لەوێ کۆچیدواییکردووە و بەخاکسپێرراوە.
خۆپیشاندانێکی ڕامیارییە. بەمەبەستی یادکردنەوەی بۆردومانەکەی ڕۆژی ٢٤ی ٤ی ١٩٧٤ و دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە حکومەت و بۆ پشتیوانی لە شارەکانی تری کوردستان، شەوی ٢٦ لەسەر٢٧ی ٤ی ١٩٨٢ لە ڕێگەی بڵندگۆی مزگەوتی گەورەی شارەکەوه، ڕێکخستنەکانی ناو شاری (ی. ن. ک)، هانی جەماوەریان داوە بۆ ڕاپەڕین. خۆپیشاندانەکە، نزیکەی یەک هەفتە بەردەوامبووە و خوێندکاران ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە. دوکان و بازاڕ و خوێندنگاکان داخران و زۆربەی چین و توێژە جیاوازەکان بەشدارییان تێدا کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر بارەگا حزبییەکان و دروشمی نەتەوەییان وتووەتەوە. سەرەنجام ١٢ کەس برینداربوون و دەیان کەسیان لێ دەستگیرکراوە. بۆ کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان، حکومەت فەوجێکی تایبەتیشی بە ناو شاردا بڵاوکردووەتەوە. ڕۆژی ١ی ٥ ی ١٩٨٢ سەدان کەس هاتوونەتە سەر شەقامەکانی شار، کرێکارانی کارگەی توتنی شارەکه، مانیانگرتووە و ژمارەیەک سەرباز چوونەتە ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە. بۆ زیاتر تەشەنەنەکردنی ناڕەزایەتییەکان، ڕژێم ناچاربووە هێزی تایبەتی و جاش لە سیروان و سەیدسادقەوە ڕەوانەی هەڵەبجە بکات.