مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

944 بابەت

ڕاگواستنی گوندی پاڵانیا

ڕۆژی ٤ی ٩ی ١٩٧٨ سەربازەکانی سوپای عێراق چواردەوری گوندی (پاڵانیا)یان داوە و دانیشتوانەکەیان ڕاگواستووه،‌ کە نزیکەی ٤٠ ماڵ بوون و خانوەکانی گوندەکەیان تەقاندووەتەوە. بەشێکیان براونەتە کۆمەڵگەی زۆرەملێی عەنەب و هەندێکیشیان چوونەتە ئۆردوگای زەمەقی، کە هێشتا خانوی ئۆردوگاکان هەیکەلی سـەرنەگیراو بووە.

ڕاگواستنی گوندی تاوێرە

ڕۆژی ١٠ی١٠ی ١٩٧٨ لیژنە ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەت چواردەوری گوندی (تاوێرە)یان داوە و خەڵکەکەیان ڕەوانەی کۆمەڵگای زۆرەملێی عەنەب کردووە، بەڵام چەند ماڵێکیان چوونەتە شارۆچکەی سیروان. خانوەکانیان تەقاندووەتەوە و سامان و ماڵیان لەناوچووە. هەتا دوای ڕاپەڕین گوندەکە ئاوەداننەکراوەتەوە.

ڕاگواستنی گوندی خارگێڵان

لە ٢٥ی ٩ی ١٩٧٨ حکومەت گوندی (خارگێڵان) ڕادەگوێزێت و خەڵکەکەی دەگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی زۆرەملێی زەمەقی و خانوەکان تێکدەدەن. ڕێگەیاننەداوە بەرهەمی ئەو ساڵە کۆبکەنەوە. هەتا دوای ڕاپەڕین دەگەڕێنەوە سەر زەوی و شوێنی خۆیان.

ڕاگواستنی گوندى دەرەشیشی سەروو

‌ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی زەعیم سدیق بۆ سەر ناوچەکانی شارەزوور و هەڵەبجه،‌ گوندی (دەرە‌شیشی سەروو) بۆردومانکراوە، چەند قوربانییەکی لێکەوتووەتە‌وە، دانیشتوانی گوندەکە بۆ ماوەی چەند مانگێک ئاوارەی ناوچەی هەورامان بوون، زیانی بە باخ و ماڵ و ئاژەڵی هاوڵاتیان گەیاندووە.

ڕاگواستنی گوندی دەرەیمەڕ

‌لە درێژەی جێبەجێکردنی ڕاگواستنی گوندە سەرسنورییەکاندا، لە ٢٨ی ٩ی ١٩٧٨ حکومەت گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ی بەرەو ئۆردوگای زۆرەملێی خورماڵ ڕاگواست و بە ‌بەرچاوی خۆیانەوە کانی و کارێز باخ و ئەشکەوت و ماڵەکانیانی بە تی ئێن تی تەقاندەوە، ‌لەوکاتەدا نزیکەی ١٦٠ ماڵ دەبوون.

ڕاگواستنی گوندی دەرۆکیێ

لە درێژەی بڕیاری ڕاگواستنی لادێکانی سنور لەلایەن حکومەتەوه،‌ لە ٢ی ٩ی ١٩٧٨ خەڵکی گوندەکە ڕاگوێزراوە و بەرەو کۆمەڵگەی زۆرەملێی زەمەقی لە هەڵەبجە براون.

ڕاگواستنی گوندی دەگاشێخان

داگرتن و ڕاگواستنی زۆرەملێی گوندەکەیە بە بەرنامە و پلانی ڕژێمی بەعس لە چوارچێوەی داگرتنی گوندە سنورییەکاندا. لە ١٥ی ١٠ی ١٩٧٨ خەڵکەکە، کە نزیکەی ٩٥ خێزان و ٥٥٠ کەس دەبوون، بۆ کۆمەڵگەی زۆرەملێی سیروان و چەند خێزانێکی کەمیان بۆ کۆمەڵگەی عەنەب ڕاگوێزران و خانوبەرە و بیناکانی گوندەکەیان ڕووخاندووە و ناوچەکەیان کردووە بە خاکی قەدەغەکراو.

ڕاگواستنی گوندی زەڵم

لە چوارچێوەی سیاسەتی پشتێنەی ئەمنی و ڕاگواستنی گوندە سەر سنورییەکانی نێوان (عێراق –ئیران)دا له ٢٠ی ٩ی ١٩٧٨، کەوتووەتە‌ بەر ‌شاڵاوی ڕژێمی بەعس و خەڵکەکەشی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکانی (سیروان و خورماڵ) ڕاگوێزران. لەوکاتەدا گوندی زەڵم دەوروبەری ١٠٠ ماڵی تێدابووە. پاشان خانوەکانی تەختکراوە. دووبارە و لە ساڵی ١٩٨٧دا، جارێکی تر خەڵکەکەی بە بیانوی ڕاگواستنی گوندەکانی شارەزوور لە خورماڵیش ڕاگوێزراون.

ڕاگواستنی گوندی سۆسەکان

ڕاگواستنی ماڵەکان و چۆڵکردنی گوندی (سۆسەکان)ـه،‌ کە لە چوارچێوەی ڕاگواستنی گوندەکانی سەرسنور، کە حکومەت بڕیاری لەسەر بوو. لە ١٩ی ٩ی ١٩٧٨ خەڵکەکە لەم بەرنامەیە ئاگادارکراونەتەوە، ٣٠ ماڵیان چوونەتە شارەدێی تەوێڵە و بەر شاڵاوەکە نەکەوتوون. لە ٢٦ی ٩ی ١٩٧٨ بە سەیارەی جۆری ئێڤای سەربازی، ٥٦ ماڵی تریان گوازراوەتەوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکەی سیروان، خانوەکانیان تەقێنراوەتەوە.

ڕاگواستنی گوندی شیرەمەڕ ١٩٧٨

‌گەرچی ساڵی ١٩٧٨ لەچوارچێوەی هەڵمەتی ڕاگواستنی گوندە سنورییەکاندا، حکومەت گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ) ی ڕانەگوێزراوه،‌ بەڵام هەتا ‌هاوینی ساڵی ١٩٨٥ و دوای چەند شەڕێک، کە لە نێوان هێزی پێشمەرگه ‌و حکومەت ڕوویانداوە. گوندەکە کە لەوکاتەدا نزیکەی ١١٠ ماڵ بووە و خەڵکەکەی ئاوارەی گوندەکانی (گردیگۆ، کوڵکونی، تەپەڕێزینە، گردی قازی) بوون.

ڕاگواستنی گوندی گەچێنەی زێڕوون

لەچوارچێوەی هەڵمەتی ڕاگواستنی گوندەکانی سەر سنور لەلایەن حکومەتەوە، ساڵی ١٩٧٨ گوندی (گەچێنەی زێڕوون) وەک یەکەم گوندی بناری سورێن لە (قەزای خورماڵ) بەرەو ئۆردوگای زۆرەملێی (شانەدەری) ڕاگوێزراوە. چەند خێزانێکیش ‌نەچوونەتە ئۆردوگاکەوە و لە شارۆچکەی (سەیدسادق) نیشتەجێبوون. لەو کاتەدا گوندەکە لە شەش ماڵ پێکهاتووە.

ڕاگواستنی گوندی گوڵپ

لە ١٨ی ٩ی ١٩٧٨دا حکومەت گوندی (گوڵپ) ڕادەگوێزێت و خەڵکەکەی دەگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی زۆرەملێ لە خورماڵ. دواتریش خانوەکانیان تەقێنراوەتەوە و هەتا پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بە چۆڵی ماوەتەوە.

ڕاگواستنی گوندی گێڵەک

‌ساڵی ١٩٨٦ گوندەکە لەکاتی شەڕی (ئێران و عێراق)دا بەیەکجاری ڕاگوێزراوە بۆ گوندە ڕانەگوێزراوەکانی تر و ئۆردوگا زۆرەملێکان و شارەکانی (هەڵەبجه ‌و سەیدسادق و سیروان). وەکو زۆرێک لە گوندەکانى تر و زیانى زۆریان پێگەشتووە. لەو کاتەدا ٢٥ ماڵ بووە.

ڕاگواستنی گوندی گریانە

لە ١٥ی ٨ی ١٩٧٨ لەلایەن حکومەتەوە گوندی (گریانە) بەرەوە کۆمەڵگەی زۆرەملێی عەنەب ڕاگوێزراوە. مزگەوت و خانوەکانیش تەقێنراونەتەوە و ڕێگەیاننەداوە جوتیارەکان بەرووبوومی ئەو ساڵە کۆبکەنەوە.

ڕاگواستنی گوندى هانەى قوڵ

لە ٢٠ی ٩ ساڵی ١٩٧٨ لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕاگواستنی گوندەکانی سەرسنور‌، حکومەت گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) بەرەو ئۆردوگای زۆرملێی (خورماڵ) ڕاگواستووە و کانی و کارێز و باخ ماڵەکانیانی تەقاندووەتەوە. ‌لەوکاتەدا گوندەکە نزیکەی ١٠٠ ماڵ ‌بووە.

ڕاگواستنی گوندی هاوار

لە ٤ی ٩ی ١٩٧٨ لە لایەن ڕژیمی بەعسەوە گوندی هاوار ڕاگوێزراوە و تەواوی خانوەکانی تەقاندووەتەوه،‌ کە زیاتر لە ١٥٠ خانو بوون.

ڕاگواستنی گوندی مەلاوەیسە

ساڵی ١٩٧٨ ڕژێمی بەعس بڕیاری چۆڵکردنی گوندەکانی سەر سنوری داو گواستنیەوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێ دروستکراوەکان. ڕۆژی ٢٢ی ئەیلولی ١٩٧٨ گوندی (مەلاوەیسە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ی ڕاگواستووە بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی شانەدەری، که ‌لەوکاتەدا لە نزیکەی ٦٠ ماڵ پێکهاتبوو، بەڵام دانیشتوانی گوندەکه زۆربەیان نەچوون بۆ ئۆردوگاکە و بەره ‌و سەیدسادق و هەڵەبجە و خورماڵ ڕۆیشتن.

پەلاماری گوندی میریسوور

‌ساڵی ١٩٧٦ له ‌کاتی چالاکییەکی هێزی پێشمەرگەدا‌، کە تراکتۆرەکانی سەیدسادقیان ھێناوە بۆ گوندەکە، ڕژێم بە هێزێکی زۆرەوە پەلاماری گوندی (میریسوور)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ) ی داوە و شەڕ دروستبووە. لە ئەنجامدا چەند سەربازێک کوژراون‌ و دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی چیاکانی سورێن بوون و بۆماوەی مانگێک نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ گوندەکەیان.

ڕەوکردنی گوندی هاوار

لە ٣ی ٥ی ١٩٢٧ تۆفیق بەگ بەهۆی بیانوگرتن لە کاکەوەیس هاواری، کە بەبێ پرسی ئەو ڕاویکردوە، سەد تمەنی تارانی جەزای دەخات. خەڵکی هاوار بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەحمەدموختار جاف، کە بۆ گەشت چووەتە ناوچەی شنروێ، بڕیاریانداوە بە خاوو خێزان و ماڵاتەکانیانەوە ڕەوبکەن بەرەو چاوگی دەڵەمەڕ. شێخەکانی عەبابەیلێ و خەڵکی ناوچەکە ڕێزیانلێگرتوون و قەدەغەی کەژەکانیان بۆ کردونەتەوە، تا کەپر بۆ خۆیان و کۆزە بۆ ماڵاتەکەیان ببەستن. پاش چەند ڕۆژێک ئەفراسیاو بەگی برای تۆفیق بەگ دێتە لای هاوارییەکان و داوای لێبوردنیان لێ کردوون‌ و لەگەڵ تۆفیق بەگ ئاشتی کردوونەتەوه.‌ لە ٤ی ٦ی ١٩٢٧ خەڵکی هاوار گەڕاونەتەوە هەوارگەکانیان لە سپی تل لە چیای شنروێ.

زستانی ڕەش

پەلامار و لەشکرکێشی ڕەزا شایە، کە لە ساڵی ١٩٣١ بۆ سەر هەورامان. دوای ڕازینەبوونی جافر سان بە چەکدانان و چوونە ژێرباری دەوڵەتەوە، کە لەڕێی نامەکانی مەردۆخەوە داوای چەکدانانیان لێکردووە. لەشکر لە قۆڵی سنەوە بۆ ڕەزاو و هەورامانی تەخت و لە قۆڵی کرماشانەوە بۆ هەورامانی لهۆن و قەڵەمڕەوی جافرسان هاتووە، کە لەوکاتەدا لە خۆرهەڵاتی هەڵەبجەوە بۆ پاڵنگان و جوانڕۆی گرتووەتەوە. بەهۆی ئەو هێرشەوە سەدان کەس بەدیل دەستگیرکراون و کوژراون. لەناو هەوراماندا ئەو زستانە بە زستانی ڕەش ناسراوە. شەڕی سان و شا یەک مانگی خایاندووە. دواجار هەورامان گیراوە و جافرسان و چووەتە نەوسود پاشان تەوێڵە و لەوێ ماوەیەک ماوەتەوە. نامەی دووەمی تەسلیمبوونی لە لایەن مەردۆخەوە بۆ دێت. قایلنابێت و وەک پەنابەر لەگەڵ ژمارەیەک لە پیاوەکانی ئاوارەی دیوی عێراق دەبن و لە ڕومادی و بەسرەو موسڵ و بەغداد نیشتەجێدەکرێن. ڕەزا شا لەگەڵ عێراق لە هەوڵی ڕادەستکردنەوەیدا بووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. بۆیە ٣٠٠ کەس لە خزم و دۆستانی لە هەورامان و جوانڕۆ و ڕەوانسەر و ئێناخی و کەمانگەر و قوبادی گرتووە و بۆ ماوەی ١٠ساڵ خستونییەتە زیندانەوە.

پێشتر 1
...
3 4 5
...
48 دواتر