زیندانی زوحاک
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09
بە دووریی نزیکەی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە بەشی باکوری گوندی (نەوێ). بە ناوی (زوحاک)ی پاشای گەورەی مادەوە ناونراوە. بۆ سەردەمی ئیمپرتۆریەتی میدیا (٧٠٠-٥٥٠پ. ز) دەگەڕێتەوە. لە سەردەمی (ئەژدەهاک یان زوحاک) پادشای مادەکان ساڵی ٥٥٩ پ. ز پایتەختی دەوڵەتەکەیان لە (ئەکبەتان)ـەوە دەگوازێتەوە بۆ ئەم ناوچەیە و شارێکی نوێ لە بناری شاخی (سورێن)ـدا دروستدەکات و دەیکاتە پایەختی نوێی ئیمپراتۆریەتەکەی و بەناوی کوڕەکەیەوە ناوی دەنێت (زوور). ڕووبەری شارەکە بەجۆرێک گەورە و فراوان بووە، کە لە (نەوێ)وە گەیشتووەتە (گوڵعەنبەر) و خورماڵی ئێستا. بوونی قەڵای زوحاک و زیندانی زوحاک لە گوندەکەدا، سەلمێنەری ئەوەن ئەم شوێنە مێژوویەکی دێرینی هەیە. تایبەتمەندیی بیناسازیی ماددەکانی هەیە و بریتییە لە تاوێرە بەردێکی گەورە، کە ناوەکەی هەڵکۆڵراوە، لە لایەکیەوە لەئاستی زەوییەکەدایە و لەلاکەی تریەوە (واتە لەلای دەرگاکەیەوە) بەرزەترە، ئەگەر لە دیوی سەرەوەی سەرنج بدەین لاکێشەییە و نزیکەی سێ مەتر پانی و شەش مەتر درێژی و دوو مەتر بەرزییەکەیەتی. سەرەتا بۆچوونە ناو شوێنەکە، دەرگای سەرەکی دەبینرێت، کە شێوەیەکی ئەندازەیی هەیە و پێوانەکەی (٦٠سم) پانی و (١١٠سم) بەرزییەکەیەتی. لە تەنیشت دەرگاکەیدا شکانێک هەیە نوێیە و پەیوەندی بەکاتی دروستکردنی شوێنەوارەکەوە نییە، کە تاڕادەیەک شێوازە ئەندازەییەکەی دەرگاکەی شێواندووە. دەرگاکەی بەشێوەیەک داتاشراوە، کە بەئاسانی هەست بەوەدەکرێت، بەردێکی تری داتاشراو هەبووبێت بۆ داخستنی دەرگای شوێنەکە. بەشی ناوەوەی بریتییە لە ژورێکی هەڵکۆڵراوی شێوە چوارگۆشە بەپێوانەی دوو مەتر پانی و دوو مەتر درێژی و دوو مەتر بەرزی)، بەشێوەیەکی ڕێک و هونەری داتاشراوە، لەبەرزاییی لاکانیدا لەشێوەی تاقی چوارگۆشەدا بە پێوانەی (٥٠سم) پانی و (٥٠سم) درێژی و (٥٠سم) بەرزیی، هەڵکۆڵینێکی ئەندازەیی بەرچاودەکەوێت، کە دەشێت بۆ دانانی ئاگر بەکارهاتبێت. بەشی خوارەوەی شوێنەوارەکە، بە قەبارەی چەند کەسێک لەسەری دابنیشن، لەشێوەی کورسیی دانیشتندا ڕێکخراوە و داتاشراوە. هەموو ئەمانەش پێکەوە دەرخەری ئەوەن ئەم شوێنە لەشوێنێکی ئاینی و پەرستش دەچێت، کە پیر و موغەکانی زەردەشتی تێیدا مابێتنەوە و پەرستشیان ئەنجامدابێت، هەرچەندە لەدێر زەمانەوە خۆی بە (زیندانی زوحاک) ناوی هێنراوە، بەڵام ئەوەندەی لە شوێنیکی ئاینییەوە نزیکە، کەمتر لە زیندان دەچێت. تائێستا هچ کنەوپشکنینی زانستی بۆ ئەم شوێنەوارە ئەنجامنەدراوە و زۆر پیسکراوە و شێوێنراوە و بەشەکانی ڕووی سەرەوە و لاتەنیشتی دەرگاکانی شکێنراوە و بەرەو لەناوچوون دەچێت.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، بەرواری ٢ی ٦ی ٢٠٢١.
- خورماڵ لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆ ئەنثرۆپۆلۆجی، ئیبراهیم حاجی زەڵمی، بەرگی یەکەم، ٢٠٠٨، ل٢٣.
- پەیامی هەورامان، هادی ڕەشید بەهمەنی، چاپی دووەم، بەدرخان، سلێمانی، ٢٠٠٣، ل١١-١٢.
- چەردەیەک لەمیژووی گەلی کورد، کەیوان ئازاد ئەنوەر، چاپی حەوتەم، چوارچرا، سلێمانی، ٢٠١٢، ل٤٥-٤٦.
- هەوارگەی شارەزوور، تالب دەرباز، چاپی یەکەم، چوارچرا، سلێمانی، ٢٠٠٦، ل٧١.
- هەگبەوهەوارگە، ئەیوب ڕۆستەم، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٠٣، ل١٩٣.
- هەڵەبجە لە ئامێزی میژوودا، حەکیم مەلاصاڵح، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٤، ل٩٣- ١٠٢.
ئامادەکردنی: یوسف باقی عەبدولقادر