بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
پاشماوەی پردێک بووە لەسەر ڕۆخی چەپی ڕوباری سیروان لە خواروی خۆرئاوای هەڵەبجە. کناچان لەشێوەزاری ماچۆدا بە واتای کچان دێت. لەسەردەمی کۆتایی پارتە ئەشکانییەکان، یان سەرەتای پارسە ساسانییەکاندا دروستکراوە. (مینۆرسکی) پێیوایە هی سەردەمی ساسانییە و بەهۆی قەڵای شەمێرانەوە بەرگریلێکراوە. زۆرینەی دێرینەناسان بەم جۆرە ناساندویانە: (لە ١٠ پایە و چەندین تاق پێکهاتووە. درێژییەکەی ١٦٨م بووە و بە بەرد ڕووکاری سێ پایەیان شارراوەتەوە. پایەکان بە هەویری قسڵ و زیخ دروستکراون و یەک قەبارە و شێوەیان هەیە. پانتایی هەریەکەیان شەش مەتر و نیوە و درێژیی (١٣م) و بنکەی بناغەیان بە شەش مەترە. بە شانێکی گۆشەدار کۆتاییانپێهاتووە. ماوەی نێوان پایەکان جیاوازبووە لە حەوت بۆ دە مەتر بووە. گەر لای خوارووی پردەکەوە دەستپێبکرێت، نێوان پایەکانی پانترە. ئەمەش ئاماژەی هێز و تووشی ڕوبارەکەیە لە بەشی خوارەوەیدا، کە بەهۆی ئاوی دەریاچەی دەربەندیخانەوە داپۆشراوە).
شوێنەوارێکی دێرینە. وەک ئاوەدانی یان گوندێکیش ئاماژەی بۆکراوە. کەوتووەتە ناوەندی گوندی (ئەحمەدئاوا)ی کۆن و قەراغ جۆگەی دەلێن. لە سەرچاوە مێژووییەکاندا ئاماژەی زۆر بۆ ناوەکەی کراوە وەک شاری پیر و دزدان ناوی هاتووە. بەپێی لێکدانەوەکان و بوونی بەردی داتاشراو و شوێنەواری ئاوەدانی، دەکرێت ئەم شوێنە گوندی کۆنی ئەحمەدئاوا بووبێت.
سێ تابلۆ و نوسراوی سەر بەرد و ستوونی خانەقای کۆنی تەوێڵەن، کە سیمایەکی هونەریی شوێنەوارییان هەیە. لە باری مێژوویدا ساڵی دروستکردن و نوسین و ناوی وەستاکانیان لەسەرە. یەکەم: شیعرە لەسەر تابلۆیەکی بەرد نوسراوە. لە سەر دیواری دەرەوەی خانەقا نزیک دەرگای گومەزەکە. ساڵی ١٨٦٧ دیاریدەکات. دووەم: نوسراوێکی چوار بەشییە لەسەر ستوونێکی دارین لە ڕاست و چەپەوە ساڵی کۆچی ١٢٨٥ و لە بەشی سەرەوە و خوارەوەش شیعرێک فارسی، کە هەمان ساڵ دیاریدەکات. سێیەم: لەسەر کۆڵەکەیەکی دارینە و تاجی لەسەرە. کراوە بەچوار بەش: لە بەشی ڕاست و چەپدا ناوی وەستاکە (محەممەد عەلی)ی لەسەر نوسراوە و بەشی سەر بۆ خواریش شیعرێکە ناوی شێخ بەهادینی تێدا هاتووە.
گردێکی شوێنەوارییە و شێوەکەی لاکێشەییە و بەرزیەکەی نزیکەی شەش مەتر لەچاو زەویەکانی دەوروبەریدا بەرزترە، گردێکی دەستکردی مرۆڤە و لە خۆڵ و دروستبووە، تەنیشتەکانی بۆ خوارەوە لێژ بوونەتەوە. بە دووریی سێ کیلۆمەتر، دەکەوێتە باشوری خۆرهەڵاتی شارۆچکەی سیروانەوە. لەخۆرئاوای هەڵەبجەوە لە سنوری جوگرافیی گوندی (تەپە گوڵاوی)دایە، لە خۆرئاوای گوندەکەدایە، ڕوبەرەکەی نزیکەی (٢٠٠م) دەبێت. هەتا ئێستا هیچ کارێکی هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە، بۆ سەردەمی (ساسانیەکان ٢٢٤-٦٥١ز) دەگەڕێتەوە. لەئێستادا بەشێک لەخانوەکانی گوندەکەی لەسەر بونیادنراوە، لەکۆندا قەبارەکەی گەورەتر بووە، بەڵام لەئێستادا شێوەکەی گۆڕاوە و بەهۆی دەستی مرۆڤ و ئیشوکار کردن تێیدا، شێوەکەی بچوکتر بووەتەوە.
گردێکی شوێنەوارییە. شێوەیەکی لاکێشەیی و بەرزی هەیە. نزیکەی (٥٠م) لەچاو زەوییەکانی دەوروبەریدا بەرزترە. گردێکی سروشتییە و لە خۆڵ و بەرد و تاوێر پێکهاتووە، ئەگەر لەلایەکیەوە سەیربکرێت، وەک ئەوە وایە لایەکەی تری سەیرکرابێت، چونکە هەر دوو لاتەنیشتەکانی تاڕادەیەک هاوشێوەی یەکن. لەلایەکیەوە بە شێوەیەکی ئەندازەیی بەردەکان لابراون و وەک ئەوە وایە جادەیەکی ڕێک دروستکراوە. سەبارەت بە ناولێنانەکەی دەوترێت لە وەوە هاتووە: کە سەردەمانێک بە خورماڵ وتراوە (دژانە - دزانە). کەوتووەتە دامێنی گوندی (هانەی قوڵ) و یەک کیلۆمەتر لە شارۆچکەی خورماڵەوە دوورە و دەڕوانێت بەسەر خورماڵ و بەشێک لە دەشتاییەکانی شارەزووردا. هەتا ئێستا هیچ کارێکی هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە، بەڵام لە ساڵانی کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، دانیشتوانی ناوچەکە دەستیاندایە هەڵکۆڵینی لە بەشی باشوری گردەکە بەئاڕاستەی خورماڵ. لەدامێنی گردەکەوە پارچەی شوێنەواری جۆراوجۆریان دۆزییەوە و دۆزینەوەی چەند ژوورێکی بچوک لە شوێنەوارەکەدا، گرنگیی شوێنەکەی زیاتر کرد، کە شێوازی دروستکردنەکەیان بۆ سەردەمی دەورانی ماد دەگەڕێنەوە.
تەپۆڵکەیەکەی شوێنەوارییە. لە باکوری خۆرئاوای گوندی (دەرەشیش)ە. کاتێک تەپی (قادر خانی کەمانگەریی) بووە. شوێنی سوارچاکەکان و ئەسپسوارەکانی بووە. مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئەردەڵانییەکان دەگەڕێتەوە. بەهۆی بوونی پەیوەندیەکی قوڵ لەنێوان کەمانگەری و جافەکاندا، چەند خێزانێکی کەمانگەری تێدا نیشتەجێدەبن و هەتا ئێستەش نەوەکانیان لە گوندەکەدا ماونەتەوە.
بە دووریی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). ڕووبەرەکەی دۆنمێک دەبێت. بەپێی قسەی دانشتیوانی گوندەکە چەند کەرەستەیەکی شوێنەواری لێ دۆزراوەتەوە. ناوەکەی ناوێکی تورکیه و بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ)، دەکەوێتە بەشی خۆرئاوای گوندەکەوە. ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢ دۆنمە، له لایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری عێراق وەک شوێنەواری مێژوویی تۆمارکراوە. ئەم شوێنە لە شێوەی تەپێکدایە و دەگوترێت لە کۆندا شوێنی ژیان بووە، هەربۆیەش ئاسەواری کۆنی تێدا دۆزراوەتەوە وەک پارچە کوپ و شوورا و گۆڕ.
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی شارۆچکەی (بیارە). (١١٨٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێت بەسەر شارۆچکەی (بیارە) و دۆڵی بیارە و هانە گەرمەڵەدا. لە باشورەوە شارۆچکەی (بیارە) و دۆڵی ڕەنگینی بیارەیە و لە باکورەوە چیای ئایشێ و لە خۆرهەڵاتەوە هانە گەرمەڵە و لە خۆرئاواوە قاسمخان دەورەیانداوە. شوێنەوارێکی دێرینە و تاوەکو ئێستاش لە بیرەوەری بە تەمەنەکاندا ماوەتەوە و بەڵام هیچ کنە و پشکنینێکی شوێنەواریی بۆ نەکراوە و کەوتووەتە نێو باخی چڕی گوێز و سنوری جیاکەرەوەی نێوان هەورامانی دیوی ئێران و عێراق پێکدەهێنێت.
شوێنی دامەزراندنی تۆپ و تفاقی بۆردومانی عوسمانییەکانە. کەوتووەتە پشتی بێدەری لە خواروی تەوێڵە بە دەستی چەپدا. دوای جیاکردنەوەی سنور و هێڵی هومایون، تەوێڵە بەر عوسمانییەکان دەکەوێت. لە ساڵی ١٩٠٥ بۆ ١٩١٤ گۆڕانکارییەکان دەسەڵاتی جافرسان کەم دەکەنەوە و سان شەڕی دوو دەوڵەت دەکات. پێش شەڕی یەکەمی جیهانی، جافرسان بە هاوکاری جەماوەر عوسمانییەکان دووردەخاتەوە. دواتر عوسمانی بە هێزێکی زۆرەوە پەلاماری هەورامانی لهۆن دەدەن و دێنە ناو تەوێڵەوە. جافرسان و چەکدارەکانی بۆ نەوسود و دەوروبەری نۆدشە دوور دەخەنەوە. تەوێڵە دەکەنە گۆڕەپانی سەربازی و ئەم تۆپخانەیە دادەمەزرێنن و ئێستاش بەو شوێنە دەوترێت تۆپخانە. لەوێوە بۆردومانی نۆدشە و شۆشمێ و نەوسود دەکەن و دەیسوتێنن. پاش ماوەیەکی کەم جافرسان و جەنگاوەرانی بە سەرکردایەتیی کەریم بەگی جافرسان و جافە گەڵاڵییەکان، پەلاماری عوسمانییەکان دەدەن و دەپەڕێنەوە. قادر بەگی جافرسانیش بە هاوکاری خەڵک دەس بەسەر تەوێڵەدا دەگرنەوە.
شوێنەوارێکی ئایینیی یارسانەکانە. کەوتووەتە نێوان گوندی جاور و گوندی هاوار. بەناوی کاکەی جاورەوە ناونراوە، کە یەکیک بووە لە کەسایەتییە دیارەکانی یارسانی لە ناوچەکەدا.
گۆڕستانێکی دێرینی شوێنەوارییە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (پشتە) ی سەر بە ناحیەی بەمۆ نزیک سنوری خۆرهەڵاتی کۆردستان. باوەڕ وەهایە بۆ سەردەمی پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە.
لە مێژووی شارەدێی تەوێڵە بۆ لادان و حەوانەوەی وڵاخ، چەند خانێک هەبوون، لە گرنگترینیان: ١- لە لایەن شێخ حسامەدینەوە بەرانبەر کانیی ناو بازاڕ پێش ساڵی ١٩٢٠ دروستکراوە و لەسەرەتای پەنجاکانەوە شارەوانی ڕوخاندوویەتی و ساڵی ١٩٧١ لە بەردەم خانووەکەی حامدی لاوە و لە ژێر دوکانەکانی شێخدا دروستکراوەتەوە. هەتا دوای ڕاپەرینیش شوێنەواری ماوە. ٢- دوای ساڵی ١٩٢٠ قادربەگی جافرسان لەژێر قەیسەرییەکەیدا دروستیکردووە و لە خانی یەکەم گەورە تر بووە، لافاوی ساڵی ١٩٣٦ بردوویەتی و دروستنەکراوەتەوە.
لە مێژووی هەڵەبجەدا بەو پێیەی کە ناوەندی هاتوچۆی کاروانچییان و بازرگانانی نێوان عێراق و ئێران بووە، لە هەورامانی لهۆنەوە و بۆ هەڵەبجه و خانەقین و جەلەولاو بە پێچەوانەشەوه، لە ناوەڕاست و خواروی عێراقەوە بۆ هەڵەبجە و هەورامان و کرماشان ڕۆیشتوون. کۆمەڵێک خانی تێدا بووە و هێستر و ماین و ئەسپ و.. هتدیان تێدا حەواندووەتەوە، لەوانە: ١- خانی حاجی عەبدوڵا: لە گەڕەکی پیرمحەممەد بووە. ٢- خانی حەمە حەسەن موانی: لە گەڕەکی کانیعاشقان بووە. ٣-خانی مەحموود شەمەیی: لە گەڕەکی پیرمحەممەد بووە. ٤-خانی حاجی قادر: لە گەڕەکی پیرمحەممەد بووە. ٥- خانی عەلی بامۆکی: باوکی حاجی محەممەدی بامۆکییە. لە گەڕەکی کانی قوڵکە بووە. لەخانەکانی تر گەورەتر بووە و زەوییەکەی لە ئەحمەدموختار جاف کڕیوە.
کەوتووەتە بەشی خۆرئاوای شارەدێی (تەوێڵە). لە شێوەیەکی ھونەریی ڕەسەن و بەرزدا دروستکراوە. لە ١٧ ژوور، مزگەوتێک، ھەیوانێک، چلەخانەیەک و گومەزێک پێکهاتووە. مێژووی بۆ ساڵی ١٧٢٧ دەگەڕێتەوە، کە شێخ عوسمان دروستیکردووە و لە دوای خۆیشی (شێخ محەممەد بەهائەدین) فراوانی کردووە. ڕۆڵێکی گەورەی بنیوە لە پێگەیاندی چەندین زانا و کەسایەتیی بەناوبانگدا، لەوانە (مەولەویی شاعیر و مامۆستا تاهیری سوبحانی)، ھەروەھا سەردەمێک لەم خانەقایە جگە لە زانستە شەرعییەکان زانستەکانی وەکو کیمیا، گەردونناسی و بیرکاری تێدا خوێنراوە. مەڵبەندی کۆبوونەوەی چەندین شاعیر و زانا بووە. لە ئێستادا بەشێوەیەکی سەردەمییانە خەریکی کارکردنن تێیدا.
شوورایەکی کۆنه و لە دیوارێکی لە بەرد هەڵچنراو پێکهاتووە. کەوتووەتە سنورى گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە ملەى قۆنەرەوە لە خۆرهەڵاتی گوندەکەوە دەستپێدەکات، هەتا دەگاتە باکورى گوندەکە و زیاتر لە کیلۆمەترێک درێژدەبێتەوە. مێژووەکەى دیارنییە و لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوەتەوە. لە هەندێک شوێندا بەرزى دیوارەکە دەگاتە مەترێک.
شوورایەکی مێژووییە. کەوتووەتە سنوری گوندی (ناوباخان)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری گوندەکەوە دەستپێدەکات، هەتا شاخی (ملەقۆنەرە) و درێژەکەی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر دەبێت. سەرجەمی بە بەرد دروستکراوە و دیوارێکە پانییەکەی لە نیو مەتر زیاترە و بەرزییەکەی لە هەندێک شوێندا دەگاتە مەتر و نیوێک. مێژووی دروستبوونی بۆ پێش هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە. لە ئێستادا شووراکە شوێنەواری ماوە و لە هەندێک شوێندا داڕماوە. لەناو خەڵکی ناوچەکە بە حەسارەکە ناودەبرێت.
شوێنەواری گۆڕستانێکی دێرینە. کەوتووەتە لای باکوری شاری هەڵەبجە لە نێوان گەڕەکەکانی (سەرا، شەهیدان، کارێزەکەی شەهیدان و لای باخچەی ڕۆشنا). داربەڕوو و دارگۆیژێک لەسەر بەرزاییی گۆڕستانەکەبووە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. لەکاتی لێدانی جادە لە سەراوە بۆ گەڕەکی مامۆستایان چەندین ڕوفات دەرکەوتوون. لە ئێستادا بووەتە شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتوانی دەوروبەری مزگەوتی شەهیدان و گەڕەکی شەهیدان.
گۆڕستانە، کەوتووەتە باشوری ڕۆهەڵاتی گوندی (تووەوشکێ)وە. کێلەکانی بەرزن و لەسەر شێوەی لەشی مرۆڤ داتاشراون. لەسەر کێلی گۆڕەکان نوسین بەزمانی عەرەبی هەڵکۆڵراوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی یازدەی کۆچی.
کەوتووەتە سنوری گوندی بەڵخەی هەورامان. بە دیاریکراوی لە پشتەوەی ڕێگای سەرەکی و (٢٠٠م)ێک لە پشت کەبابخانەکانە. شوێنەواری گوندێکی کۆنە و پاشماوەکانی دیارن. لەژێر دەسەڵاتی سەفەوییەکاندا بووە. خەڵکی لە هەر شوێنێکەوە لەترسی دەسەڵاتی عوسمانییەکان هەڵهاتبێت و گەیشتبێتە ئەم شوێنە، پێیوتراوە ڕزگار یان (نەجات)ت بووە. بۆیە پێیدەوترێت (دەرەنەجات). لەسەرەتای دروستبوونی گوندی (بەڵخە)ەوە، خەڵکی (دەرەنەجات) و (دێگە) هاتوون و لەوێ نیشتەجێبوون.