زيندانی تۆپزاوا
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
سەربازگەیەکی عێراقییە. بە نەخشەی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران، لە باشوری خۆرئاوای کەرکوک، ڕژێمی بەعس دوای نسکۆ زەوییەکانی لە گوندنشینە کوردەکان سەندوەتەوە خستوویەتیە سەر وەزارەتی بەرگری عێراقی و دوای دەستپێکردنی شەڕی عێراق و ئێران بڕیاری دروستکردنی داوە و ساڵی ١٩٨٢ تەواوبووە. ٦٠کم لە خۆراوای شاری کەرکوکەوە دوورە. لەسەر ڕێگەی کەرکوک - حەویجەدایە. دوو دەرگای گەورە و چوونەژوور و هاتنەدەری هەیە. بە سایدی قیرتاوکراو و شۆستەوە، لە چەند هۆڵێکی گەورە و چەندین هۆڵی بچووک پێکهاتووە. ژوور و ئۆفیسی ئیداری و چێشتخانە و شوێنی مانەوەی فەرماندە سەربازییەکانی و مەیدانی مەشقی هەیە. دوای کیمیابارانی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال، دەستبەسەر و گیراوەکانی بۆ سەرژمێری و دیاریکردنی چارەنوسیان و جیاکرنەوەی کچی گەنج و ژن و پیر و منداڵ تێداکۆدەکرایەوە. چەندین خێزانی هەڵەبجەیی دوای لێکۆڵینەوەیان لە بەڕێوەبەرێتیی ئەمنی سلێمانی، ڕەوانەی ئێرە کراون و لێرەوە گواستراونەتەوە بۆ بیابانی سەماوە بۆ زیندەبەچاڵکردن و هەندێکیشیان بۆ نوگرەسەلمان و چارەنوسی هەندێکیان هێشتا نادیارە. لە بیرەوەریی هەڵەبجەییەکاندا شوێنی گرتووە و چەندین شایەتحاڵ باسیان لەم زیدانە کردووە و بە دەروازەی دۆزەخ ناویانبردووە. ڕزگاربوانی ئەنفال و چالاکوانان و نوسەرانی جینۆساید داواد دەکەن بکرێتە مۆنۆمێنێت.
سەرچاوەکان:
- ڕۆمەڵخەزای هەڵەبجە، هاودەنگ محەممەد فەرەج، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی چوار چرا، سلێمانی، ٢٠١٥، ل٩٢، ٩٦.
- نوگرەسەلمان قەڵای مەرگ و پاکتاوی نەژادی، سمکۆ سابیر، چاپی یەکەم، چاپخانە ؟، تاران، ٢٠٢٣، ل٢٠٠، ٢٩٦.
- گەشتەکانی ئەنفالستان، عومەر محەممەد، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی سەردەم، سلێمانی، ٢٠٢١، ل٨٧٧-٨٧٨.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (سەلمان ئەڵڵاکەرەم سەید ئەحمەد)ی ئەندامی کۆمەڵەی ئەنفالکراوانی هەڵەبجە، لەدایکبوو: ١٩٦٥، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، لە ٣ی ٤ی ٢٠٢٣، لە هەڵەبجە.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم