بەرگی یەکەم
شوێنی سروشتی
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.
بەرگی یەکەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.
کەوتووەتە دامێنی چیای گەچێنە و هەمزەی و بە ئاڕاستەی باکور هەڵکەوتووە و (١٤٢١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوچەیەکی نسرم و زۆر سەختە و بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و دەڕوانێتە سەر ناوچەی هەمزەی. لە باشورەوە شوێنەواری دەرەو کۆرێ و گردی کۆسەو بەبەڵەی و لە باکورەوە لاپاڵی خۆرەتاوی مەرەوێ و لە خۆرهەڵاتەوە چیای شرام و سێخڕان و دۆڵی هەمزەی و لە خۆرئاواوە لاپاڵی خۆرەتاوی چیای کەمەر خەپلە و بانی هێڵە گەمە دەورەیانداوە.
ئەشکەوتێکە کەوتووەتە گوندی ڕێشاو لەبەرانبەر قەڵای چەمی گەچ. لە دامێنیدا هەنار ڕواوە و بەوناوە ناونراوە.
کەوتووەتە چیای سورێن لە باکوری گوندی (عامووره)ی سەر به ناحیەی (خورماڵ). ئاوی تێدایە. خەڵکی بۆ حەوانەوە لەکاتی بەهاران بەکاریدەهێنن. بەهۆی سەختی و بوونی گژوگیا لە ناوچەکەدا، ئەم ئەشکەوتە بووەتە شوێنی پوورە هەنگی سروشتی و هەرلەبەر ئەوەشە ئەو ناوەی لێنراوە.
ئەشکەوتێکی سروشتییە. کەوتووەتە سەر شاخی (سورێن) لە باکوری گوندی (عاموورە)ی سەر به ناحیەی (خورماڵ). دانیشتوانی ناوچەکە بۆ ئاژەڵەکانیان سوودیلێدەبینن. ڕووى لە شارەزوورە، لە کۆندا هەورامییەکان حکومى ئەوناوچەیان کردوە و هەربۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.
کەوتووەتە سەر لوتکەی شاخی هەییان لە زنجیرە شاخی سورێن لە باکوری گوندی (میری سوور)ی سەر به ناحیەی (خورماڵ). به دووریی ١٠ کیلۆمەتر لە گوندەکەوە دووره. ڕووبەرەکەی نزیکەی (٣٠ بە ٣٠م) دەبێت. لە کاتی شۆڕشدا پەناگەی پێشمەرگه بووە. لە بەشی ناوەوە کانییەکی تێدایە و بە هەمان ناو ناودەبرێت.
کۆمەڵێک ئەشکەوتن کەوتوونەتە چیای هەیان لە سنوری گوندەکانی کانی ئاسکان و چنارەی زێڕوون. بەزۆری ڕاوچی بەکاریهێناون. بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە ئاژەڵە کێوییەکان کەڵەلانی خۆیان تێدا دروستکردووە و لەوێ خۆیان حەشاردەدەن. بەناوبانگترینیان دوو ئەشکەوتن بەناوی هەیانی تەڕ و هەیانی وشک.
ئەشکەوتێکە کەوتووەتە بەرزاییەکانی گوندی چنارەی زێروون لە بناری چیای سورێن لە شارۆچکەی (خورماڵ). بەشی ناوەوەی فراوانە. بەڵام شوێنەکەی سەختە و بەهۆی بەرزیەکەیەوە، کە داڵی پێوە نیشتووە و هێلانەیان کردووە، ئەو ناوەی لێنراوە.
کەوتووەتە (سەربەڵخ)، بە ئەشکەوتی حەزرەتی (زەردەشت) بە ناوبانگە. کانییەکی لە تەنیشتە پێیدەڵێن (وەرمەڕ). لە نووسراوی (زازاکان) و (زەردەشتیەکان)دا بەهەمان ناو هاتووە و بە ئەشکەوتی (زەردەشت) ناونراوە.
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی یاڵانپێ لە شارۆچکەی (خورماڵ). (١٣٦٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای سوتنەجەڕ و بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا هەڵکەوتووە. لە باکورەوە لوتکەی سوتنەجەڕ و دۆڵە قوڵە و گڵوەو چنوری و هەزار دۆڵاوی و لوتکەی حاجی تایب و ڕاپانەو غازی و ڕەنگینی بچوک و کەلەوێ و دۆڵی سماقان و ڕاگا پاڵنگ و خۆرهەڵاتەوە دۆڵی وشکەناوی سەروو و دۆڵی شەوگە و ڕاو ولێ و دۆڵی ڕەنگین و کانی خاڵۆسان و کانی ڕەنگین و خەوگە چیا و مەیدانی یەڵانپەیان، لە باشورەوە باسکە دۆڵ و دۆڵی لاو مرۆیی و لوتکەی کەلی زەرد و ملەگاو دۆڵاوی، لە خۆرئاواوە ئەشکەوتی ولەدەر و دەرە ونکەرە و دەرەو زەردابی و بانی کونە سەرد، دەورەیانداوە. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی چواردەوری لە گوندی یاڵانپێ و بانیشار و بناری چیای سورێن و دەشتی شارەزوور. ٢٣٠ مەتر لە ڕێگای مەرزی مڵەخوردەوە دوورە و خەڵکی دێ بە تایبەتی بەهاران سەردانیدەکەن، جگەلەوەی پەناگەیەکە بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی ناوچەکە.
کەوتووەتە شاخی شنروێ لە پشت گوندی (بۆین). دەرگاکەی تەسکە، بەڵام لەناوەوە زۆر فراوانە. دەڵێن لە سەردەمێکدا کەسێک هەڵهاتووە، لە تینوێتی و برسێتیدا بەمەبەستی ڕاوکردن کەوتووەتە دوای ئاژەڵێکی کێوی، کاتێک ئاژەڵەکە چوەتە نێو ئەم ئەشکەوتەوە، چاوەڕێی کردووە بێتە دەرەوە بەڵام لەکاتی هاتنە دەرەوەی سەیردەکات، کە نێچیرەکەی تەڕە. ئیتر نەیکوشتووە و چووەتە ناو ئەشکەوتەکە و تینوێتی شکاوە. ئاوەکەی لە ناوەوە کراوەتە حەوزێکی بچوک و وشکناکات و تا ئێستاش شوێنەواری ماوە.
گوندی (زەڵم) و (ئەحمەدئاوا) بە دووریی نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی (خورماڵ) و (٢١کم) لە شاری هەڵەبجەوە دوورن. کەوتوونەتە دۆڵێکی سەوز و جوان. دار و درەختی جۆراوجۆر ناوچەکەی داپۆشیوە. سەرچاوەکەی ئاوی (زەڵم)ـە، کە لە شێوەی تاڤگە دێتە خوارەوه. دیمەنێکی سەرسوڕهێنەری پێداوە. لە هەموولایەکەوە بەشاخ دەورەدراوە، ڕووپۆشێکی سەوزایی زۆری هەیە، وەک (دارستانی سروشتی و دەستکرد). خاوەنی چەندین خزمەتگوزاری گەشتیارییە وەکو مۆتێل و کابینەی گەشتیاری و کەپر و خانوی گەشتیاری و فرۆشگا و خواردنگە و گەراج... هد. ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە کوردستان و پارێزگاکانی عێراق و دەرەوە ڕووی لێدەکەن. لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجەوە، لەقەڵای خان ئەحمەد خانەوە، چەندین قادرمە دروستکراوه، بۆ ئەوەی گەشتیاران ئاسانتر بتوانن بچنە ناو قەڵاکەوە و سەربکەون، هەروەها دەروازە و کۆشکێک بۆ قەڵاکە کراوە.
هەم شوێنێکی ئایینییە، چونکە مەرقەد و خانەقای (شێخ حیسامەدینی نەقشبەندی) لێیە، هەم ناوچەیەکی گەشتوگوزاریی هەورامانە، چونکە چەندین توانستی سروشتی وەک دارستانی سروشتی و چیا و کانیاوی زۆر و شوێنەواری دێرین و ئەشکەوت و باخی چڕ و ئاوهەوای مامناوەندی هەیە. کەوتووەتە نێوان چیاکانی (ساڤا و نەیجەکۆڵە و دەرەوکێڵا و کەمەرەسور). چەندین شوێنەواری وەک (قەڵای میران غاڵ و ماڵی کەنعان) و ئەشکەوتی (شاباز و هەلاجان) ی تێدایە، ناوچەیەکی نسرم و فێنکە لە هاوینان و لە زستاندا بەفرێکی زۆری لێدەبارێت، گەشتیاری ئایینی و خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە و دەوروبەری بەزۆری لە وەرزی بەهاردا سەردانیدەکەن.
بە بەرزاییەکانی سەر دۆڵی نزارە ڕەش دەوترێت باسک و هاوینەهەواری هاوینەی گوندی (چنار) بووە. لە مانگی پێنج تا مانگی دە لەوێ ماونەتەوە و ناوچەیەکی بێ ئاو بووە بەڵام فێنک بووە و ژنان بە زۆری لە کانیەکانی گەچینە و کانیە کوێر و کانی چنار و چاوگەوە ئاویان بە کونە بۆ بردووە. ڕێگەی هاتنی خەڵکی گوندەکان بووە بۆ هەڵەبجە و بە بارخاسکەرەیش ناودەبرێت، چونکە ئەگەر خەڵکی گوندەکان بەرەو هەڵەبجە ڕۆشتبن یان بەپێچەوانەوە لە هەڵەبجەوە گەڕابنەوە، کاتێک گەیشتوونەتە باسک، لەوێ بارەکانیان چاککردووە.
یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەورامان. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بەڵخە) و لە دامێنی چیای هەوارەبەرزە و تەوەنێ هەڵکەوتووە. شوێنێکی پڕ کانیاوی سروشتی و باخی چڕ و دارستانی سروشتییە و ئاوهەوایەکی فێنک لە هاوین و بەفرێکی زۆر لە زستان، شوناسی بەڵخە و مێشلەن، ڕێگاوبانی قیرتاوکراو و چەندین خزمەتگوزاریی گەشتوگوزاری تێدایە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (کانی گوێز) لە نێوان کانی هاڵی و چیای بانەبەرزە. گەرمیان و کوێستانی ئاژەڵدارانی ڕێشاو بووە. بەهۆی بوونی لەوەڕگای زۆرەوە، لە پێش هاتنی هاوین دەوار و کەپریان تێدا هەڵداوە. لە کۆتایی زستاندا لەچاو بەرزاییەکانی دەوروبەری بەفری زۆر نەیگرتووە. بۆیە ئاژەڵداران تێیدا ماونەتەوە.
کەوتووەتە دۆڵێکی سەوزی پڕ لە باخ و دارستان و چەمی ئاوی بیارەی بەناودا تێپەڕدەبێت. باکور و باشوری خۆرهەڵاتی چیایە. باخەکانی تێکەڵی باخەکانی (هانە گەرمەڵە) بوون و چەمی ئاویی هاوبەشیان هەیە و تەنها جۆگەیەک سنوری ڕامیاری هەردوو وڵاتی ئێران (هەورامانی خۆرهەڵات) و عێراق (هەورامانی خۆرئاوا) لەیەکتری جیاکردووەتەوە. لە هاویندا ئاوهەوایەکی فێنکی هەیە و بە درێژای ساڵ گەشتیارێکی زۆر سەردانیدەکەن، چەندین خزمەتگوزاریی گەشتیاری هەیە. یەکێکە لەو ناوچە گەشتیارییانەی لەسەر ئاستی عێراق دەستنیشانکراوە بۆ وەرگرتنی نازناوی گوندی گەشتیاری، کە لەلایەن دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری عێراقەوه، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجەوە سەرپەرشتیدەکرێت.
هاوینەهەوارێکی گوندی ڕێشاوە. لە نێوان کانی گوێز و کەسرەتە هەڵکەوتووە. ئاژەڵدارانی ڕێشاو گەرمیان و کوێستانیان بۆ کردووە. ئاوی کانی ڕەسوڵی هەیە. شوێنێکی تەختە. ژنانی دێهات پەژمی جاجم و بەڕەیان تێدا دروستکردووە و بۆیە بەو ناوەوە ناونراوە.
سەيرانگايەکى دڵڕفێن و ڕەنگينە کەوتووەتە گوندى (غوڵامى)ی سەر بە ناحيەى سيروان. جيا لەوەى بە بەردەوامى خەڵکى بۆ وەرگرتنى پشوو سەيران سەردانیدەکەن، دانيشتوانى گوندەکە ساڵانە تەواوى خزمان و خەڵکى گوندى غوڵامى بەهارە گەشت و سەيرانێکى بەکۆمەڵ و گشتگير لەم شوێنەدا ڕێکدەخەن، ئەمەیش لەپێناو بەهێزکردنى خزمايەتى و تێکەڵى و يەکترناسين و خۆشەويستى و تەبايى نێوانيان.
کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (قەڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بەمۆ) و قەدپاڵی چیای خۆشک. لە ڕابردوودا خەڵکی گوندی (قەڵپ) هاوینان بۆ خۆدوورگرتن لە گەرمای گوندەکان، ڕوویانکردووەتە هاوینەهەوارەکە و تا پایز لێی ماونەتەوە. شوێنەکە ناوبانگی سنورەکەی بڕیوە هەر بەو بۆنەشەوە چەند جارێک شێخ عەلادینی بیارە، لەگەڵ مورید و مەنسوبانیدا، وەرزی هاوینی تێدا بەسەربردووە.
کەوتووەتە سەر سێڕیانی (هەڵەبجە - خورماڵ - سەیدسادق) و بە دووریی نزیکەی نۆ کیلۆمەتر لە شاری هەڵەبجە و پێنج کیلۆمەتر لە خۆرئاوای ناحیەی (خورماڵ)ـەوە دوورە. شوێنێکی ستراتیژیییە و ئاوی زەڵم بە ژێریدا دەڕوات و دەشتی شارەزوور و شاخەکانی هەورامانی لێوە دیارن و پێگەی مێژوویی هەیە. چەندین ڕوداوی وەک داستانی پردی زەڵم و شاڵاوی زەعیم سدیق و گرتن و زیندەبەچاڵکردنی گیراوانی ١٩٨٧ و گرتنی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ی پێوە گرێدراوە. خەڵکی بە تایبەت سەردانیدەکەن و ساڵانەش ئەو گەشتیارانەی دەچنە هەڵەبجە و هەورامان، لێرەش لادەدەن. لە ماستەرپلانی گەشتیاریی ناوچەکەدا بە شوێنێکی گەشتیاری دیاریکراوە.