بیارە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-12


لاپەڕەی 522

ناوچەی گەشتیاری

کەوتووەتە دۆڵێکی سەوزی پڕ لە باخ و دارستان و چەمی ئاوی بیارەی بەناودا تێپەڕدەبێت. باکور و باشوری خۆرهەڵاتی چیایە. باخەکانی تێکەڵی باخەکانی (هانە گەرمەڵە) بوون و چەمی ئاویی هاوبەشیان هەیە و تەنها جۆگەیەک سنوری ڕامیاری هەردوو وڵاتی ئێران (هەورامانی خۆرهەڵات) و عێراق (هەورامانی خۆرئاوا) لەیەکتری جیاکردووەتەوە. لە هاویندا ئاوهەوایەکی فێنکی هەیە و بە درێژای ساڵ گەشتیارێکی زۆر سەردانیدەکەن، چەندین خزمەتگوزاریی گەشتیاری هەیە. یەکێکە لەو ناوچە گەشتیارییانەی لەسەر ئاستی عێراق دەستنیشانکراوە بۆ وەرگرتنی نازناوی گوندی گەشتیاری، کە لەلایەن دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری عێراقەوه، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ‌گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجەوە سەرپەرشتیدەکرێت.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنى ئامادەکار لەگەڵ (مامۆستا حەمەئەمین بیارەیی)، لەدایکبوو: ١٩٤٩، پیشە: مامۆستای خانەنشین، بڕوانامە: پەیمانگا، لە ٢٥ى ٢ى ٢٠٢٣.
  2. بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).

ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

چاوگ و گوڵان

کەوتووەتە گوندی چاوگ و لەناو دۆڵێکدا هەڵکەوتووە و بەیەکێک لە سەیرانگا دڵڕفێنەکانی نزیک هەڵەبجە دادەنرێت. ئاوی کانیاوەکانی لەشاخەکانی چاوگەوە هەڵدەقوڵێت و پاش ئەوەی دێنە ناو حەوزێکەوە، کە چەندین شوێنی دانیشتنی خێزانی تێدایە. بوەتە سەرچاوەیەکی گرنگی گەشتیاریی ناوچەکە. کافتریا و چایخانە و چێشتخانە و کەبابخانە و پرۆژەی گەشتیاری و شارێکی یاریی مامناوەندی تێدایە. هەرچەند ڕووبەرەکەی نزیکەی ١١ هێکتار زیاترە. بەڵام بەهۆی گرنگیی بەشداریکردنی لە کەرتی گەشتیاریی، ساڵانە باخە هەنارەکانی لەلایەن باخەوانەکانەوە دەکرێنە کەپر و شوێنی گەشتیاری. لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزارەوه،‌ پرۆژەی یاریی منداڵان و سەوزایی و کۆشکی لە چاوگ بە بڕی ٩٢٥٠٠٠٠٠٠ ملیۆن جێبەجێکردووە.

زیاتر بزانە
ناوچەی گەشتیاری

خورماڵ

بەهۆی بوونی قەڵاو شورای کۆنی خورماڵ و سەرچاوەی ئاوی گەنجان و گەڕاوی خورماڵ(کە چارەسەرێکی سروشتی نەخۆشییەکانە)، مزگەوتی گەورەی دێرینی خورماڵ(کە بۆ سەدەی یەکەمی کۆچی و خولەفای ڕاشیدی دەگەڕێتەوە)، هەموو ئەم هۆکارانە وایانکردووه، کە‌ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجەوە سنوری‌ شارۆچکەی خورماڵ بە ناوچەیەکی گەشتیاری بژمێررێت. بێجگە لەمانەش شاخەکانی دەوروبەری شوێنی سەوزبوونی دەیان جۆری گیای سروشتین و دەهێنرێنە بازاڕەکەی و خواستێکی زۆریان لەسەرە. بە هەزاران هاوڵاتی لە وەرزی بەهاردا ڕووی لێ دەکەن و سەردانیدەکەن.

زیاتر بزانە
ناوچەی گەشتیاری

عەبابەیلێ

کەوتووەتە بەردەم گوندی (عەبابەیلێ) و سێ کیلۆمەتر لە هەڵەبجەوە دوورە. دارستانی چڕوپڕ و گۆرستانی کۆن و مەرقەدی عەبابەیلێ و گۆڕی ناودارانی وەک جافرسان و عادیلەخان و ئەحمەد موختار و تاهر بەگی جاف و چەندین مەلاو ناوداری تری تیدایە. لەبەرئەوە گەشتیاری زۆر ڕووی لێدەکەن و لەبەر نزیکیی ناوچەکە لە هەڵەبجەوە، خەڵکی لە زۆربەی وەرزەکاندا ڕووی لێدەکەن. چەند ساڵێک مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لەوێ کراوەتەوە و سێ ڤێستیڤاڵی جەماوەری بە ناونیشانی (مەیلێ بۆ عەواوەیلێ)ی تێدا سازدراوە.

زیاتر بزانە
ناوچەی گەشتیاری

دەریاچەی سیروان

بەشێکی گرنگی ناوچەی گەشتاریی ئاوییە لە پارێزگای هەڵەبجە. بەشەکەی خۆرهەڵاتی دەریاچەی دەربەندیخان دەگرێتەوە و بە سیروان ناسراوە. ١٠کم لە خۆرئاوای شاری هەڵەبجەیە. بەهۆی بوونی بەلەم و ماتۆڕێکی زۆری گەشتیارییەوە لە بەهار و هاویندا خەڵکی ڕووی تێدەکەن و چێژ لە گەشتی نێو ئاو و بینینی دیمەنی باڵدار و مەلەکانی دەوروبەری وەردەگرن. بەو هۆیەوە لە ڕێبەری گەشتوگوزاریی هەڵەبجەدا بە ناوچەی گەشتیاری ژمێرراوە.

زیاتر بزانە
ناوچەی گەشتیاری

نەورۆڵی

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای شاری هەڵەبجە، ناوچەیەکی فراوانە و کۆمەڵیک گوندی لەسەرە. بە چەند چیایەکی وەک (باڵامبۆ، نوەر) دەورەدراوە. شوێنی ژیانکردنی چەندین ناوداری وەک مەولەوی و کاک ئەحمەدی پریس و زانایانی مەدرەسەی نێرگزەجاڕ و پریس بووە. چەندین شوێنەواری مێژوویی دەکەونە ناوچەکەوە، وەک گردی بەکراوا، قەڵای گوندە. چەندین ڕوداوی گرنگ تێیدا ئاڕاستەکراون، وەک پەلاماری عومەر پاشای سەردار بۆ چەک داماڵینی حەمەپاشای جاف و سوتانی چرۆستانە. ئیدمۆندز پێیوتووە دۆڵی خۆشبەختەکان. لە بەهاراندا سەردانیکەری زۆرە و لەم ساڵانەدا لەڕێگەی سازدانی ڤیستیڤألی هونەری و کلتوریی نەورۆڵییەوە، زیاتر دەرکەوتووە و ئەگەر چەند خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی گەشتیاری تێدا ئەنجامبدرێت، گەشتیاری زۆرتر ڕووی لێدەکەن.

زیاتر بزانە
ناوچەی گەشتیاری

هەوارگەی گەشتیاری ئەحمەدئاوا

پڕۆژەیەکی گەشتیاریی حکومییە، کەوتووەتە سەر ڕێگەی دووەمی ئەحمەدئاوا و زەڵم لە نزیک گوندی ئەحمەدئاوا. دیوارەکەی بە بەردێکی جوان دروستکراوە و سەقفیان شیش و کۆنکرێتە. ساڵانە بە ئیجار دەدرێتە کەرتی تایبەت. لە ١٢ کابینەی گەشتیاری پێکهاتوە، هەرکابینەیەک برتییە لە دوو ژووری نووستن و هۆڵ و ناندین و گەرماو خزمەتگوزارییەکانی تری لە ئاو و کارەبای بەردەوامی هەیە، چوار دەوری کابینەکان بە دیوارێک لە خانوەکانی هاوڵاتیان جیاکراوەتەوە. شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و چەند یارییەکی منداڵانی تیدایە، لە دەرگای چوونە ژوورەوەیدا پرسگەیەکی بۆ پێشوازی لە هاوڵاتیان هەیە. چوار وەرزە کراوەیە، کرێی هەر کابینەیەک لە شەو و ڕۆژدا ١٠٠-١٥٠ هەزار دینارە.

زیاتر بزانە
ناوچەی گەشتیاری