شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

مەڕدێوەکان: مەڕدێیەکان

دوو ئەشکەوتن. بە دووریی چوار کیلۆمەتر کەوتوونەتە خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لەسەروویانەوە بانەکانی (بانەو مەڕێ، بانە گەورێ) هەن‌. مەڕدێوەکان، بە هەورامی واتە (ئەشکەوتی دێو) گوایە لە کۆندا دێو و دڕندەی تێدابووه. لەسەردەمی شۆڕشەکانی کورددا وەک پەناگەی پێشمەرگە بەکارهاتووە. (١١٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕێگایەکی خۆڵ لە گوندەکەوە دەڕواتە ئەشکەوتەکە و خەڵکی دێ بە تایبەتی بەهاران سەردانیدەکەن. پەناگەیەکە بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی ناوچەکە و ناوبەناو ئاژەڵداران دەچنەنێوی.

مەڕشێخان

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل)ی بناری چیای سورێنی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)‌. لە چیایەکی بەرزی باکوری گوندەکەدایە. بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵداری سوودیلێبینراوە و تا ئێستاش هەر بۆ هەمان مەبەست بەکاردێت.

مەڕگولان

چەند ئەشکەوتێکن‌. دەکەونە‌ باشوری گوندی بانیشاری کۆن و باکورى بانيشارى ئێستا. ڕووبەرێکی فراوانیان هەیە. دانیشتوانی گوندەکە وەک پەناگەیەک لەکاتی هێرش و تۆپبارانکردنى ناوچەکەدا سوودیانلێبینیوە. هەروەها ‌ساڵی ١٩٧٢ وەک قوتابخانەش بەکارهاتووه، کە نزیکەی ٥٠ قوتابیی سەرەتای لەو ئەشکەوتانەدا خوێندیانە. ناوی ئەشکەوتەکە بە هەورامی بەواتای (ئەشکەوتى بچوک) یان ئەشکەوتە بچوکەکان دێت. ئەم ئەشکەوتانە ڕووبەرەکەیان جیاوازە، هەیانە سێ بە چوار مەتر دەبێت و هەشیان بچوکترە.

مەڕگۆزەڵ

کەوتووەتە سنورى گوندی (میری سوور) و قوڵای چیای سورێنەوە. شوێنی حەوانەوەی گەشتیار و شاخەوان و ڕاوچییە لە وەرزی ڕاوکردندا. لەساڵەکانی ١٩٨٠ بارەگای شۆڕشی کوردی بووە. دەڕوانێت بەسەر چەمێکدا پێیدەوترێت چەمی (هەورامی)، کە لە قەدپاڵی چیای سورێن درێژدەبێتەوە و بە بنارەکەیدا تێپەڕدەبێت.

مەڕنیان

کەوتووەتە سنوری گوندی (بانیشار)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە. لە شێوەزاری هەورامیدا (مەڕە) بە واتای ئەشکەوت دێت و (مەڕە نیان) بەواتای (ئەشکەوتی نیان) دێت. نزیکەی (١٠٠٠م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرێکی فراوان و دوورودرێژی هەیە. لەکاتی شۆڕشدا شوێنی پێشمەرگە بووە، شوانەکانیش کەڵکیان لێبینیوە.

مەڕەومیرزالەی

به ‌دووریی چوار کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرئاوی گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی (٢٥م) دەبێت. بەناوى کەسێک ناونراوە، کە ناوى (میرزا)بووە. وەک پەناگە و زۆرکاتیش بۆ بەخێوکردنى ئاژەڵ سوودیلێوەرگیراوە.

مەڕۆ تەڵانا

کەوتووەتە بەردەم گوندی (زەڵم). زووتر وەک ساردکەرەوەیەکی گەورە بۆ هەڵگرتنی هەنار و هەندێ میوەی تر بەکاربراوە، هەناریان تێدا کۆکردووەتەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵیانگرتووە.

مەڕیاوەکە

کەوتووەتە سنورى گوندی (میری سوور). لەسەروی بان قەڵایە و ڕووی لە ئەشکەوت و چیای سورێنە و ڕاوچی و کاروانی و شوان سوودیلێدەبینن. ژێر ئەشکەوتەکە ئاوی تێدایە. ناوەکەی بۆ وشەی (مەڕ)ی هەورامی، کە بە واتای (ئەشکەوت) دێت، دەگەڕێتەوە. بەهۆی بوونی ئاو تێیدا، بۆتە مەڕیاو واتە ئەشکەوتی ئاو.

مەڕی نەوێ

کەوتووەتە باشوری گوندی نەوێ لە بناری چیای سورێن. لەسەردەمانی کۆندا چەند کەسێک لە پەیڕەوانی یارسان و کاکەییەکان لەوێ خەڵوەتیان کێشاوە. تا ئێستاش لەلایەن ئەوانەوە بە پیرۆز سەیردەکرێت.

مەلیک

کەوتووەتە سنوری گوندی بانیبنۆک و لە چیای تاشڵی سەر بە زنجیرە چیاکانی سورێن هەڵکەوتووە. بەهۆی نیشتەجێبوونی شێخ مەحمودی مەلیکی کوردستان، ئەو ناوەی لێنراوە. چاپخانەی لێ بووە و تا ماوەیەکی دوورودرێژ شوێنەوارەکەی هەر ماوەتەوە. لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی مەلیک مەحموود لەسەر دەستی ئینگلیزەکان، خەڵکی ناوچەکە بەدوای چاپخانەکەدا گەڕاون بەڵام هیچ پاشماوەیەکیان نەدۆزیوەتەوە.

مقەڕ

لە قەدپاڵی چیای (بەڕوودار)ە لە گوندی (گریانە). لە شۆڕشی (ئەیلول)دا مامۆستا شێخ حەمەئەمین شێخ عەبدوڵای عەبابەیلێ، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی دیکە بەناوەکانی (جەمال بابان، ڕەشەی ساڵحە، شەهید عەلی شیعە، حەمە نەزیف ئێناخی) گەورەیان کردووە و خۆیان تێدا حەشارداوە. زیاتر لە ٥٠٠ کەس دەگرێت. ئیتر پێیوتراوە(کەورگی مقەڕ). دەرگاکەی گەورەیە و لە ناوەوە درێژە. لە سەردەمی شۆڕشی(نوێ)شدا کراوەتە بارەگا و شۆڕش.

ملەو ئەسحاب

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای ناحیەی (بەمۆ) و لە گوندی قەڵب و لە چیای خوشک. (١٢٨٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

میرزا ئۆلقادری

کەوتووەتە سەر ڕێگەی ئاوێسەر نزیک بە باخەکانی دەرەتفێ لە شاخی مالێدەر لە سنوری شارەدێی تەوێڵە. شاعیر و حەکیمی ناودار (میرزا عەبدولقادر تەوێڵەیی) خاوەنی بووە، بەڵام لە ئێستادا شوێنەکەی بووەتە باخ و خانو. (بەرزانی مامۆ ڕەشە) خاوەنیەتی.

ناوچاڵ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی بانیبنۆک لە بناری چیای سورێن. لە تەختایی ناوچاڵدایە. قەبارەکەی مامناوەندە. بەهۆی فێنیکیی ئەشکەوتەکەوە لە کۆندا، کراوەتە شوێنی عەمبارکردنی دانەوێڵە.

نەردەوان

ئەشکەوتێکی گەورەیە لە نزیک چەمی چنارەی زێڕوون لە بناری چیای سورێن هەڵکەوتووە. خەڵکی ناوچەکەی تێدا ماوەتەوە هەروەها بۆ هەڵگرتنی گژوگیا بۆ ئاژەڵەکان بەکارهاتووە.

نوەر

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای شارۆچکەی سیروان و گوندی نوەر و لەخۆرهەڵاتی چیای نوەر هەڵکەوتووه. (‌٦٩٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

هەرمێڵە

کەوتووەتە سنوری گوندی کانی ئاسکان. لە دامێنی زنجیرە چیای سورێن هەڵکەوتووە. ڕووبەرەکەی تاڕادەیەک مامناوەندە. لە جوگرافیایەکی گونجاو هەڵکەوتووە. گەشتیارێکی زۆر ساڵانە بۆ ئەم ئەشکەوتە و شاخە سـەردانی دەکـەن.

هەرێز

زیاتر لە ١٥ ئەشکەوتن. دەکەونە ئەمبەروئەوبەری چەمی هەرێز لە بەشی خۆرهەڵاتی‌ گوندی بانیبنۆک. بەهۆی بوونی ئاو و شێداریی ناو ئەشکەوتەکەوە، هەرێزی تێدا سەوز دەبێت. هەر بۆیەش بەو ناوە ناونراون. بە زستاندا ئاژەڵدارەکان وەک شوێنی حەوانەی ئاژەڵ بەکاریاندەهێنن.

هەزارپەز

کەوتووەتە بەرانبەر گوندی (بەلەبزان) و (شێخان)یش لێیەوە نزیکە و بە قەدپاڵی چیایەکی بەرزەوەیە. لە گریانەوە تولەڕێیەکی بۆ دەڕوات. دەربارەی ناوەکەی (پەز) بە واتای (ئاژەڵی وردە یان مەڕ) دێت. بەو پێیەی، کە ئەشکەوتەکە گەورەیە، پێیوتراوە (هەزار پەز)، کە بە واتای هەزار مەڕی تێدا جێ دەبێتەوە، دێت.

هەزار سوون

شەش ئەشکەوتن. کەوتوونەتە سنوری گوندی (میری سوور) لەدامێنی (چیای سورێن)ی سەر بە شارۆچکەی(خورماڵ) و یەک ناویان هەیە. نزیکەی (١٠٠٠م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزن. لەکاتی شۆڕشدا شوێنی پێشمەرگە بوون. شوانەکانیش کەڵکیان لێ بینیوە. بەهۆیی بوونی کانی نزیک شاخەکە سەیرانکەران ڕووی لێ دەکەن.

پێشتر 1
...
53 54 55
...
61 دواتر